تورکیا؛ سەنتەرێک بۆ کۆچبەرانی نایاسایی

حکومەتی تورکیا ساڵی2019، نزیکەی 80 هەزار کۆچبەری گرتووە یاخود ڕێگری کردووە لەڕۆشتنیان بۆ سنوری یۆنان

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

کۆچکردنی نائاسایی یان نایاسایی وەک ئەوەی کە بە فەرمی ناوی دەبرێت، هێشتاش کێشەیەکی گەورەیە بۆ حکومەتی تورکیا. ئامارەکان ئەوە نیشان دەدەن گرنگ نییە چ هەوڵێک بدرێت بۆ ڕێگریکردن، کۆچکردنی قاچاغ بەردەوامەو کۆچبەران سوورن لەسەر گەشتنیان بۆ ئەوروپا.

تورکیا گەورەترین کێشەی کۆچبەری نایاسایی هەیە چونکە لە هەموو وڵاتە دروسێکانەوە کۆچبەری نایاسایی خۆیان دەخزێننە وڵاتەکەوە، لەوانە عێراق و سوریا و ئەفغانستان و پاکستان کە کۆچبەرانی دوو ولاتی دوایی لە سنوری ئێرانەوە دزە دەکەنە تورکیا.

ئاماری چوار مانگی سەرەتایی ٢٠١٩ ئەوە دەردەخات کە سەرەڕای هەماهەنگی نێوان یۆنان و تورکیا، ڕێژەی کۆچبەران زیادیکردووە. حکومەتی تورکیا ساڵی ٢٠١٩، نزیکەی ٨٠ هەزار کۆچبەری گرتووە یاخود ڕێگری کردووە لەڕۆشتنیان بۆ سنوری یۆنان. تەنها لەمانگی ئایاردا ٢٧ هەزار کۆچبەر ڕێگریان لێکراوە کە دوو هەزار و ٦٠٥ کەسیان لە دەریادا بەربەستیان بۆ دروستکراوە.

کۆچبەرەکان زیاتر بە دەریای ئیجەدا تێپەڕدەبن چونکە بەماویەکی کەم کەناراوەکانی تورکیا بە دورگەکانی یۆنان دەگەیەنێت.

ساڵی ٢٠١٦ بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کۆچبەران، یەکێتی ئەوروپاو تورکیا رێکەوتنێکیان ئیمزاکرد. رێکەوتنەکە باس لەوە دەکات هەر کۆچبەرێکی نایاسایی لە یۆناندا بگیرێت رادەستی تورکیا دەکرێتەوە و دەبێت وەریبگرێت لەبەرامبەردا یەکێتی ئەوروپا پەنابەرێکی سوری لێ وەردەگرێت و بەیاسایی دەنێردرێت بۆ وڵاتێکی ئەوروپی.

لەئێستادا تورکیا گەورەترین کەمپی پەنابەری سوری تێدایە کە زیاتر لە سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار  پەنابەری لەخۆگرتووە. هەرچەندە ڕێکەوتنەکە لەئاستێکی سەرەتاییدا کاریگەرە، بەڵام کەمکردنەوەکە  باجی خۆی هەیە.

بەپێی ئاماری ئۆفیسی ئاماری ئەوروپا «یۆرۆستات» زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە لە وڵاتە ئەوروپیەکان لە ساڵی ٢٠١٥ و پاشان هەمان ژمارە دووبارە بوتەوە لە ٢٠١٦. ئەو ژمارەیە بووەتە نیوە لە ٢٠١٧دا بەڕێژەی ٦٥٤ هەزار و پاشانیش لە ٢٠١٨ ڕێژەکە کەمتریش بویەوە و بووەتە ٥٨٠ هەزار کەس کە داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە. ساڵی ٢٠١٩ش تا ئێستا شەش هەزار و ٨٦٤ کەس گەشتونەتە ئەوروپا لە تورکیاوە. تائیستاش ئەڵمانیا یەکەم وڵاتە کەزۆرترین پەنابەر لەخۆی بگرێت، دوابەدوای ئەڵمانیاش فەرەنسا و یۆنان دێت. زۆربەی ئەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن لەوڵاتە ئەوروپیەکان خەڵکی سوریا و ئەفغانستان و عێراقن.

ڕێکەوتنەکە رووبەڕووی ڕەخنەی توند بوەتەوە لەلایەن چەندین گروپی بەرگریکردن لەمەفەکانی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی هاوکاری بۆ پەنابەران و بەڕێکەوتنێکی نامرۆڤانە وەسفیان کردووە بەهۆکاری ئەوەی هەزارەها کۆچبەری خستوەتە بارودۆخی مەترسیدارەوە. لە سێیەم ساڵڕۆژی ڕێکەوتنەکەدا نزیکەی ٢٥ ڕێکخراوو گروپی مافەکانی مرۆڤ و تەندروستی نامەیەکی کراوەیان نارد بۆ سەرکردەوە ئەوروپییەکان و داوای گرتنەبەری ڕێکار بۆ «دەستبەجێ کۆتایهێنان بە هێشتنەوەی نادادپەروەرانە و  ناپێویستی کۆچبەرانیان لە کەمپەکان» کرد.

نیگەرانی ڕێکخراوەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لێشاوێکی زۆری پەنابەران لە یۆنان هەن و دیپۆرت ناکرێنەوە بۆ تورکیا بەپێی رێکەوتنەکە و ناشتوانن بچنە وڵاتە ئەوروپییەکانەوە چونکە داوای مافی پەنابەرێتیان لە یۆنان کردووە. لەجیاتی ئەوەی چاوەڕێ بکەن و ئەو وڵاتە ئەوروپیەی خۆیان دەیانەوێت داوای مافی پەنابەرێتی لێ بکەن، ئەوانەی تازە دەگەنە یۆنان دەستبەجێ داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن  کە ئەمەش دیپۆرت کردنەوە بۆ تورکیا دوادەخات و لێشاوێکی زۆری کۆچبەران دروستدەکات لە کەمپەکانی یۆناندا. دورگەی سامۆسی یۆنان زۆرترین قەرەباڵغی تێدا دروست بووە کەنزیکەی چوار هەزار کۆچبەری تێدا نیشتەجێکراوە بەڵام لەڕاستیدا کەمپەکە توانای لەخۆگرتنی ٦٥٠ کەسی هەیە. کەمپی مۆریا کە دەکەوێتە رۆژهەلاتی دەریای ئیجەوە لە دورگەی لێسبۆس، ڕووبەرووی زۆرترین ڕەخنەی توند بوەتەوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت لەلایەن بەرپرسانی ناوخۆشەوە بەهۆی خراپی گوزەرانی کۆچبەرەکان و خراپی بارودۆخی ئەمنیان.

بەرپرسانی یۆنان تێبینی ئەوەیان کردووە  ڕێککەوتنەکەی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا ڕێگەیان پێ نادات کۆچبەرەکان بەکۆمەڵ بگوازنەوە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە دورگەکان نەمینێت. لەجیاتی ئەوە هەوڵیانداوە قەرەباڵغی کەمبکەنەوە بە گواستنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە وەک لاواز یان بێ دەسەڵات دەستنیشانکراون بۆ ناوجەرگەی یۆنان وەکو کەسە بەتەمەنەکان و ئەو خیزانانەی منداڵیان لەگەڵدایە یاخود ئەو باوک یان دایکانەی منداڵیان پێیە.

ئیمانوێل گۆو، لە ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنور دەڵێت: «یۆنان بوەتە خاکێکی زبڵدان بۆ ئەو پیاوو ژن و منداڵانەی یەکێتی ئەوروپا شکستیهێناوە لە پارێزگاری کردن و لەخۆگرتنیان».

گۆو دەشڵێت: «ئەوەی پێشتر بانگەشەی بۆ دەکرا وەک «فریاکەوتنی پەنابەران» ڕێی خۆشکردووە بۆ ئاستێکی مەترسیداری ئازاری پەنابەران لە دورگەکان و شارەکانی یۆنان. وڵاتە ئەوروپیەکان و یۆنان بەردەوامن لە داماڵینی کەرامەت و تەندروستی کەسانی بێ دەرەتان کە دیارە بۆ ئەوەیە نەهێڵن کەسانی تر کۆچ بکەن و چاوترسێن ببن، بۆیە ئەم سیاسەتە بێبەزەیی و نامرۆڤانەیە و دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت».

تەنانەت هەندێکجار کە کۆچبەران دەگەنە یۆنان هێزەکانی پۆلیس بەزۆرو نایاسایی لەکەناراوەکانی تورکیا فڕێیان دەدەن دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر کە ئەمە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکەی تورکیا و یەکێتی ئەوروپایە کە پێویستە لەسەر یۆنان ئەو کۆچبەرانە بهێڵیتەوە کە پێ دەنێنە خاکەکەیەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی، گروپێکی ٤٠ کەسی لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە بەنایاسایی گەڕێنراونەتەوە سنوری تورکیا لە ڕووباری مێریچەوە دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە وێستگەی پۆلیس ماونەتەوە بەبێ ئەوەی خواردنیان بدرێتێ و سەرەڕای ئەوەش بەچەند جۆریکی جیاواز ئەشکەنجە دراون. یەکێک لەو کۆچبەرانەی گەڕێنراوەتەوە ناوی ئیبراهیم خدرە و خەڵکی عێراقە، بە دەیلی سەباحی راگەیاندووە کە پۆلیسی یۆنان کارەبایان لێداوە و گوللەی پلاستیکیان بەسەردا تەقاندووە جگە لە چەندین ئەشکەنجی تریش.

بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەنابەران ٥٠٠ کۆچبەر لەساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ لە دەریای ئیجە خنکاون یاخود ونبوون بەڵام ئاماری دەریای سپی ناوەڕاست کە دەریای ئیجەش بەشێکە لێی زۆر زیاترە و نزیکەی دوو هەزار و ٩١١ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە لەهەوڵی  تێپەڕبوون لە دەریاکە لە ٢٠١٦دا. راپۆرتی ئاژانسی ئەنادۆڵ بۆ ساڵی ٢٠١٩ دەریدەخات کە تا ئێستا نزیکەی ٦٠ کۆچبەر مردوون لەڕێی وشکانی و ئاوی تورکیا.

زۆربەی مردنەکان بەهۆی ئەوەوەیە کە قاچاغچییەکان زیاد لەو توانایەی بۆ بەلەمەکان  دیاریکراوە کۆچبەری تێدەکەن و هەندێکجار بەبێ کەشتیوان رەوانە دەکرێن کە تەنها کۆچبەران ئەمێنێنەوە بەبێ بوونی هێچ ئەزمونێک لە ئاراستەکردنی بەلەمدا. بەپێی ئامارێکی دەیلی سەباح بۆ ٢٠١٩، جەندرمەی تورکی ٦٤٤ قاچاغچیان دەستگیرکردووە.

بەردەوام حکومەتی تورکیا لە هەوڵی پاککردنەوەی تورکیایە بەگشتی و  ئەستەنبوڵ بەتایبەتی لە کۆچبەری نایاسایی کە شارەکەیان کردووەتە سەنتەری خۆیان.

بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بۆ ئەمساڵ، ٢٥ هەزار کۆچبەری نایاسایی گیراون و لەو ژمارەیە ١٣ هەزاریان دیپۆرت کراونەتەوە. مانگی رابردوو سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە هەوڵدان ٥٠ هەزار کۆچبەری نایاسایی ئەستنەبوڵ ڕەوانەی وڵاتەکانیان بکەنەوە. سۆیلۆ ئاماژەی بەوەشدا کە ساڵی رابردوو ١١ هەزار و ٣٠٠ کۆچبەریان لە ئەستەنبوڵەوە دیپۆرت کردوەتەوە لەکۆی ئەو ٢٨٦ هەزارەی بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک داغڵی وڵاتەکە بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار