بایەخی تەنگەبەری هورمزو هەڕەشەکانی ئێران

5 ساڵ لەمەوپێش



 

ئامادەکردنی: ئەکرەم ئەمین

وڵاتی ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەبەری هورمز دەکات ئەگەر بەر بەوە بگیردرێت کە نەوت هەناردە بکات. ئەوەش دوای ئەوە هات کە ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە کە ئاستی فرۆشتنی نەوتی ئێران دەکەن بەسفر.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەبەری هورمز دەکات لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن کە داخستنی تەنگەبەری هورمزکارێکی ئاسان نییە و وەها ئاسان جێبەجێ ناکرێت، لەبەر ئەوەی داخستنی ئەم شاڕێ دەریاییە کاریگەری گەورە دروست دەکات لە سەر بازرگانی نەوت لە جیهان و ناوچەکە بە تایبەتی، هەر لەبەر ئەوەشە واشنتۆن رێگا بەداخستنی نادات.

عصام چەلەبی وەزیری پێشووی نەوتی عێراق لەسەر ئەو باوەڕەیە کەهەڕەشەی داخستنی تەنگەبەری هورمزبە ئاسانی ناچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، لەبەرئەوەی کاریگەری داخستنی ئەم ڕێگایە بۆ هەموانە و رۆژانە لەو دەروازە ستراتیجییەوە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت دەگوازرێتەوەو هەناردەی بازاڕی جیهانی دەکرێت.

ئەو هەروەها دەڵێت «ئەمە بۆیەکەمجار نییە و دواجاریش نابێت  کە ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەبەری هورمزدەکات بە بێ ئەوەی کەجێبەجێی بکات.»

تەنگەبەری هورمزڕێڕەوێکی زیندووی گواستنەوەی نەوتە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بازاڕەکانی ئاسیا و ئەورووپا و ئەمریکای باکوور، لەبەر ئەوە داخستنی بارگرژی ئقلیمی و ناوچەیی لێدەکەوێتەوە.

کۆمپانیای فۆرتیکا بۆ شیکارییە نەوتییەکان ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ١٧،٢ ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە لە ساڵی ٢٠١٧ و ١٧،٤ بەرمیل رۆژانە لە ساڵی ٢٠١٨دا لەو تەنگەبەرەوە گواستراوەتەوە.

چەلەبی هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە لە کاتی داخستنی تەنگەبەری هورمزتەنیا زیان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکەوێت کە بەرهەمهێنەری نەوتن، لەسەرووی هەموویانەوە سعودیە. بەڵکوو زیان بە بەرژەوەندی هەموومان دەگەیەنێت، چونکە تەنها نەوت ناگرێتەوە، بەڵکو غازیش بە هەمانشێوە دەگرێتەوە کە لەو ناوچەیەوە گوزەر دەکات.

تەنگەبەری هورمزلەسەدا ٨٠ بۆ ٩٠ی نەوتی وڵاتانی عێراق و سعودیە و کوێت و ئیماراتی پێدا دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕەکانی چین و ژاپۆن و کۆریای باشوورو هیند و سەنگاپوورە. بۆیە داخستنی ئەم ڕێڕەوەی بازرگانی گەورەترین کاریگەری دەبێت لە سەر بازرگانی نەوتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، بەتایبەت سعودییە کە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەدونیا، لەبەرئەوەی بەو خێراییە رێگایەک نادۆزرێتەوە وەک جێگرەوەی تەنگەبەری هورمز.

هەڕەشەکانی پێشوو:

ساڵی ٢٠٠٨ ئێران لە سەر زاری محەمەد عەلی جەعفەری سەرۆکی سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەوەی کرد کە تەنگەبەری هورمز دادەخەن و بەر بەهاتوچۆی پاپۆڕو کەشتییە نەوتییەکان دەگرن لەم رێ گوزەرەوە.

ساڵی ٢٠١٢ جارێکی تر ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەبەری هورمزکرد، ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا ئێران بخەنە لیستی گەمارۆکانەوە بەشێوەیەک کە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران کەم بێتەوە.

لەجوولای ٢٠١٨و دوای ئەوەی قۆناغی یەکەمی گەمارۆکان لەسەر ئێران کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەبەری هورمزی کرد و رایگەیاند ئەم ڕێڕەوە بازرگانییە دادەخەین ئەگەر ئەمریکا بیهەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر.

لە مانگی مارسدا جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەبەری هورمزی کرد ئەگەر ئەمریکا بیهەوێت فرۆشی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سیفر. لە دوای ئەوەی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەروەی ئەمریکا رایگەیاند لەسەرەتای مانگی ئایارەوە لێخۆشبوونەکان تەواو بووەو ئەو ٨ وڵاتەی کە لێخۆشبوون دەیگرتنەوە، بە پێی بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا ناتوانن لە مانگی ئایارەوە نەوت لەئێران بکڕن، داخستنی تەنگەبەری هورمزجارێکیتر بۆتەوە باسێکی رۆژەڤ و محەمەد جەواد زەریف لەوەڵامی رۆژنامەنووسەکاندا رایگەیاند کە داخستنی تەنگەبەری هورمزئەرکی هێزە سەربازییەکان و لەوانە سوپایە.

رۆژی ٩ی ئاپریل، ئەمریکا بە فەرمی سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە. چەند رۆژ دواتر رایگەیاند کە لەسەرەتای مانگی ئایارەوە فرۆشی نەوتی ئێران دەگەیەنن بە سفر. گەیاندنی فرۆشی نەوتی ئێران بە سفر یەکێکە لە بەڵێنەکانی دۆناڵد ترامپ لە سەردەمی خۆپاڵاوتن بۆ سەرکۆماری ئەمریکا. لەبەرئەوەی ترامپ پەیوەندی وڵاتانی رۆژئاوایی ناسراو بە ٥+١ ی لەگەڵ ئێران بە مامەڵەیەکی خراپ وەسف کرد. لە مانگی ئاپریل ٢٠١٨ لەو رێککەوتننامەیە کە بە (بەرجام) ناسراوە چووە دەرەوەو گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد. لەماوەی کەمتر لە ٦ مانگدا بەهای دراوی ئێرانی ٤ قات دابەزی. تمەنی ئێرانی بووە بە یەکێک لە بێنرخترین دراوەکانی دونیا. ئەمریکا بەوە دەچێت شەڕیکی ئابووری بە ئێران بکات.

دوای ئەوەی راگەیەندرا کە لەسەرەتای مانگی ئایارەوە ئێران بۆی نییە نەوت بفرۆشێت، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی دونیا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. هەر بەرمیلێک نەوت تا نزیک بە ٧٤،٥ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی رایانگەیاندووە کە ئامادەن بۆشایی نەبوونی ئێران لە بازاڕی نەوت پڕبکەنەوە. لە مانگی ئاپریلدا ئێران نزیک بە ٨٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە نەوتی فرۆشتووە. لە بەرامبەردا عەرەبستان ٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. 

ئێران و عەرەبستان وەک دوو رەقیبی سیاسی، ئایدۆلۆژیکی و بازرگانی لە ناوچەکە لە مێژساڵە لە ململانێدان و لەم چەند ساڵەی رابردوودا ئەم ململانێیە تۆختر بۆتەوە. ئێران خۆی بەچەقی جەمسەری شیعە دەزانێت لە ناوچەکە و عەرەبستان خۆی بە نوێنەری جەمسەری سوننە دەزانێت. لەهەمانکاتدا لەم ساڵانەدا عەرەبستان بەردەوام ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە پشتیوانی حوسیەکانی یەمەن دەکات کە گرووپێکی میلیشای شیعەن لە یەمەن و دژ بەعەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە لە جەنگدان.

بەکورتی داخستنی تەنگەبەری هورمز دەتوانێت ببێت بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ناوچەکە لەبەرئەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دونیا دەخاتە مەترسییەوە. ئێران رەنگە بتوانێت بۆ ماوەیەکی کورت و تەنها بۆ کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر ئەم رێڕەوە بازرگانییە دابخات، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دونیا ئیزن نادەن کە ئەم کارە بکات. چین کە بەیەکێک لە هاوپەیمانە ئابوورییەکانی ئێران دەزانرێت و گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە زیاتر لەهەموان داخستنی تەنگەبەری هورمز بەرژەوەندییەکانی دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها لەسەرەتای مانگی ئاپریلەوە مامەڵەی نەوتی ئێران و چین دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. هیندستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بەوەی %٢٥ی پشکی گەورەترین کۆمپانیاکانی نەوتی خۆی بەتایبەت پاڵاوگەی (ریلاینس) کە یەکێکە لەگەورەترین پاڵاوگەکانی نەوت بە بڕی ١٠ بۆ ١٥ میلیار دۆلار بفرۆشێتە عەرەبستان. واتە هیندستان بۆ جێگرەوەیەک دەگەڕێت لە بازاڕی نەوت کە جێگەی ئێران بگرێتەوەو ئەو جێگرەوەیەش پێدەچێت عەرەبستان بێت.

روسیا کە وەک هاوپەیمانێکی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە دەناسرێت، داوای لە عەرەبستان کردووە کە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی زیاد نەکات لەناوچەکە. لەم پەیوەندەدا ڤلادێمێر پۆتین وتی «داوا لە سعودیە دەکەین کە بەرهەمهێنانی نەوت زیاد نەکات بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنان و ڕێگرییەکانی ئەمریکا لەفرۆوشتنی نەوتی ئێران.»

پۆتین هەروەها وتی «تائێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بەپاشگەزبوونەوەی ئەندامانی ئۆپێک کە لە رێکەوتنی (ئۆپێک پلاس) بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت درابوو.

هەروەها رووسیا بەشدارە لەو رێکەوتنە لە بەرئەوەی پێویستی بەو هەماهەنگیە هەیە، بەتایبەت لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار