بنەمای بیرکردنەوەی ئیخوانیانە بریتیە لەگەڕانەوە بۆ ئایین وەک چارەسەرێک بۆ هەموو گرفتەکان

گفتوگۆ لەگەڵ فەتحی بن سەلامە

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ماری لۆمۆنێ

وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

 

ماری لۆمۆنێ: وەک چۆن هەر لەسەردەمی فرۆیدەوە باس لە (بەرزە - من) ی مرۆڤ دەکرێت، تۆیش وەک ئاماژەیەک بەحەز و خولیای هەندێک موسوڵمان بۆ شێوەیەک لەشێوەکانی بازرگانی و کڕین و فرۆشی ئایینی، باسی موسوڵمانی باڵا (بەرزە – موسوڵمان) دەکەیت. بەڵام ئەوە دۆخێکی تایبەت نیەو لەسەرتاپای بناغەی جیهانی ئیسلامیدا کاری خۆی دەکات. چۆن گەیشتیتە داهێنان و خوڵقاندنی ئەم چەمکە؟

فەتحی بن سەلامە: بەدرێژایی ١٥ ساڵ کارکردن لەبواری دەروونناسی کلینیکیدا لە ناوچەی (سین سان دۆنی) ی باکوری خۆرهەڵاتی پاریس، خێوی ئەم (بەرزە موسوڵمانە) بەدوامەوەیە و لێم نابێتەوە. من بەهۆی کارە کلینیکیەکانمەوە بۆم دەرکەوتوە کە چۆن هەندێک لەو موسوڵمانانەی تا ئەو کاتە نەریتئاسا و بە شێوەیەکی ئارام پەیوەندی خۆیان بە ئیسلامەوە ژیاون، توشی جۆرێک لە دۆخی ئازارو ئەشکەنجەی دەروونی بێکۆتا هاتوون و پێیان وایە بەپێی پێویست موسوڵمان نین (واتە ئەوە نین کە دەبوو ببن)، بەڵکو کەوتونەتە دۆخێکەوە هاوشێوەی لادان و هەڵگەڕانەوە لەئاینەکەیان. ئەوان هەستێکی قوڵ بە گوناه دەژێن، پێیان وایە لەئاست چاوەڕوانیەکانی موسوڵمانی باڵادا نین و ئارەزوویانە ئەو شکۆو حورمەتە شکاوو لەدەستچووەی خۆیان بگەڕێننەوە، هەر بۆیە دەبێت زۆر لەوە زیاتر موسوڵمانتر بن کەئێستا هەن، بەوەی ئەستۆی خۆیان لە گوناه و خراپەی زۆر موسوڵمان نەبوونەکەیان پاکبکەنەوە و داخوازی زیاتریان بۆ دادپەروەریی زیاتر بەرامبەر بە شوناسی موسوڵمانانەیان هەبێت. لە یادمە ئەو کاتە بەردەوام باسمان لە فەندەمێنتالیزمی ئایینی دەکرد، بەڵام دواتر، پاش قوڵبوونەوەی زیاتر لەتوێژینەوەی گوتاری بزوتنەوەی ئیسلامیخوازی و سەرهەڵدانی، چەشنێکی دیکە لەموسوڵمانی بریندارم بۆ دەرکەوت کە بۆ خۆی پەناگەو شوێنێکی گونجاوی بانگەشەکردنە بۆ ریفۆرم (ئەمە گەر هاتوو نەڵێین تۆڵەسەندنەوە) لەڕێی ئایینەوە. هەر ئەم پێکگەیشتنەی نێوان کلینیک و دۆخی کۆمەڵایەتیش بوو وای کرد وێنەی بەرزە موسوڵمانێک لەبەردەممدا قووتبێتەوە کە دەشێت لە شێوەی ئاڕاستەیەک یان لە چەندین شێوەی تری جیاوازدا بەرجەستە ببێت کە خۆنمایشکردن و دەربڕینیەتی لە خۆی بۆ ئەوەی زۆر لەوە زیاتر موسوڵمانتر بێت کە هەیە، تا لەڕێی ئەو کەفوکوڵە ئایینیە زیاد لە پێویستەوە، لەو هەستکردن بە شەرم و گوناهە ڕزگاری ببێت و کەمێک ئاسودەبێت.

ماری لۆمۆنێ: دەتوانین بزانین لەسەر ئاستی مێژوویی، ئیسلامیزم چۆن ئەم وێنەیەی بەرهەمهێناوە؟

فەتحی بن سەلامە: جیهانی ئیسلامی زیاد لە سەدەیەکە لەدۆخی جەنگدایە. بەدرێژایی هەموو ئەو ساڵانە کەوتۆتە بەر پەلاماری سەربازی و لە هەموو پارچەکانیدا بە شاراوەیی بووبێت یا بە ئاشکرا، دوچاری جەنگی ناوخۆ هاتووە.  ئەو بەردەوامیەی جەنگیش ئەو دۆخەی دروستکردووە کەئێستا دەیبینین: ڕستێک کۆمەڵگەی تێکشکاو، لە هەندێک دۆخدا خودکوشندە و خۆوێرانکەر. بەڵام دیمەنی یەکەم و سەرەتای ئیسلامگەرایی دەگەڕێتەوە بۆ هێرشەکەی ناپلیۆن بۆ سەر میسرو شۆکی ئەو بەریەککەوتنە توندوتیژە بەهێزی خۆرئاوایی. هەر خودی ئەو شۆکە ئازاربەخشەیشە کە جەنگێک لەناو خودی ئیسلامدا هەڵدەگیرسێنێت و دەیکات بە دوو بەرەوە، بەرەی ڕۆشنگەرەکان و بەرەی ئەوانەی داگیرکردنەکەی ناپلیۆن بە خاپورکردنی ژیارەکەیان دەزانن. ئەگەر هەندێک ئیلیت و هەڵاوێرد هەوڵیان دەدا هەڵبژاردنی سیاسیانەی ئەوروپی لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا بە گونجاو بزانن و بەکاری بهێنن، بەشێوەیەک کە چ وەک باوەڕ و چ وەک ئاکاریش لەگەڵ ئیسلامی وێناکراودا تەبادێتەوە – کە ئەمەیش لەسەدەی نۆزدەیەمدا دەبێتە مایەی لەدایکبوونی بزوتنەوەی ڕێنیسانسی عەرەبی- ئەوا کاردانەوەی هەندێکی تریان بریتی بوو لەڕەتکردنەوەو دژایەتیکردنی ئەو بزاوتە ڕۆشنگەرانەیە. چرکەساتی یەکاڵاکەرەوەی لەدایکبوونی کەڵکەڵەی ئیسلامگەرایی لەگەڵ داڕمانی ئیمپراتۆریای عوسمانی لە ساڵی 1924 دەستپێدەکات، دۆخێک کەزۆر کەس پێیان وابوو داڕمانی نمونەو ئیدیاڵی ئیسلامییە. خودی هەستکردنەکەیش بە ناپاکی و چەوسانەوە، ئا لێرەوە دێت، هەستێکی ئەوتۆ بە شکان و دۆڕاندن، هاوشێوەی ئەو شکستەی ئەڵمانیا لەجەنگی جیهانی یەکەمدا توشیهات. هەر لەساڵی  1924 یشەوەیە کە ئیسلامگەرایی لە یەکەمین فۆرم و بونیادی سەرەتایی خۆیدا لەڕێی (ئیخوان موسلمین)ەوە دەردەکەوێت و دەکەوێتە دژایەتیکردنی خۆرئاوا وەک داهێنراوێکی سیاسی، واتە ژیانێکی هاوبەش بەبێ دەستتێوەردانی خودا.

بنەمای بیرکردنەوەی ئیخوانیانە بریتیە لەگەڕانەوە بۆ ئایین وەک چارەسەرێک بۆ هەموو گرفتەکان (دروشمەکەی ئیخوان بریتیە لە: ئیسلام چارەسەرە).

خواست و ویستی موسوڵمانانیش بۆ چەمکی (بەرزە موسوڵمان) هەر لێرەوە لەدایک بووە، وەک چۆن هەر لەسەرەتایشەوە ئیسلامگەرایی جۆرێک بوو لەچاکە دژ بەوەی کەسیاسی بووە. ئا لەم ڕوانگەیەوەیە کە من پێم وایە پێناسەکردنی ئیسلامگەرایی وەک ئەوەی کە ئیسلامی سیاسی بێت بۆ خۆی بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە لە ئامانجە سەرەکیەکە، مەبەستم بەرهەمهێنانی هێزێکی بانئایینیە کە دیسانەوە بمانبەستێتەوە بەموقەدەسێکی دێرین و سەرلەنوێ بەخەساربردنەوەی قوربانیەوە. دیارە ئەمانە کۆمەڵێک بۆچونن کە مرۆڤ لەئەوروپا لەیادی کردوون و تەواو فەرامۆشکراون... خۆی سروشتی مەسەلەکەیش هەر وایە، خۆ فەندەمێنتالیزم شتێک نیە بەتەنها تایبەت بێت بەجیهانی ئیسلامی. هەریەک لە (ئولیڤێ روا) و (مارسیل غۆشێ) دەریانخستووە کە ئیسلامی رادیکالی وەک دەرەنجامی خاپورکردنی بونیادە ترادسیۆنالیەکان لەلایەن مۆدێرنەوە، بەتەنها ڕوویەکە لەڕووەکانی ئەو توندڕەویەی کە لەزۆربەی ئایینەکانی جیهاندا هەیە. رەنگە تایبەتمەندێتیەکەی ئیسلام لەوەدا بێت کە بەهۆی جەنگەکانەوە، بەشێک لە فەندەمێنتالیزمەکەی چەکدار بووبێت.

ماری لۆمۆنێ: ئەمە بەبێ ئەوەی ئەوەمان لە یادبچێت کەئیسلامگەرایی گرەوی لەسەر ئەو بیرۆکەیەیە کە گوایە کۆتایی ئیمپراتۆریای خەلافەت واتە جیابوونەوە و نەمانی پەیوەندی موسوڵمان بەو (نەتەوە)یەوە کە وەک دایکێکی ئامێزگەرم و باوەشکەرەوە لەناوچووە و دەبێت دووبارە دروستبکرێتەوە. دیارە ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە و بۆتە مایەی دڵەڕاوکێ و پەشۆکانێکی زۆر بۆ هەوادارانی شوناسی ئیسلامی.

فەتحی بن سەلامە: لەبنەڕەتدا ئەمە ئەو سەرلێشێواندنە گەورەیەی ئیسلامگەراییە لەدروستکردنی ئەو وەهمەدا کە گوایە دەبێت گروپی ئایینی، هاوتاو تەبای ئیمپراتوریا بێت. لە دیدی موسوڵمانانەوە، نەتەوە واتە گروپێکی ڕۆحی، مێژووی جیهانی ئیسلامییش زۆری لەوە بەخۆیەوە بینیوە کە چۆن نەتەوە هاوشان و هاوتای ئیمپراتۆریای ئیسلامی بووە، بەڵام تازە ئیمپراتۆریاکە ڕوخاوە، بونیادنانەوەیشی کارێکی مەحاڵە.

پێویستە موسوڵمانان واز لەو ئایدیایە بهێنن. پێشتر بەلێشاو ئیمپراتۆریا لەمێژوودا هەبوون، ئیمپراتۆریای ڕۆمانی، فەرەنسی یا ئینگلیزی کەخەڵکی پێیان وابووە هەرگیز خۆریان لێ ئاوا نابێت و ناڕمێن... بەڵام نەیشماون و لەناوچوون. لەناوچوونی ئیمپراتۆریای ئینگلیزی نەبووەتە بەربەست لەوەی کەئینگلیز خاوەن ژیارێکی گەورە و مەزن بن. پەیوەندی نێوان ئیمپراتۆریای رۆمانی و کرستیانتی (مەسیحیەت) پچڕا، بەڵام کرستیانتی هەر بەردەوام بوو. بۆ نمونە فەرەنسا خۆی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هێشتا بەدەست تێپەڕاندنی ئەو ڕابردووە ئیمپراتۆریەیەوە دەناڵێنێت کە وەک خێوێک بە دوایەوەیەتی و لێی نابێتەوە، ئەی نابینیت؟ ڕۆژ نیە سیاسیەک نەیەتە سەر شاشە و نەڵێت: ((پێویستە فەرەنسا مەزنی و گەورەییەکەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە)). بەڵام فەرەنسا بۆ ئەوەی مەزن بێت، پێویستی بەوە نیە ئیمپراتۆریا بێت: ژیاری فەرەنسی بوونی هەیەو لەبەرچاوماندایە و دەیبینین، ئەمە جگە لەوەی کەژیارێکی زۆر مەزنەو چ وەک کولتور و چ وەک پێشکەوتنیش، گەورەیە. کەواتە پێویستە موسوڵمانانیش واز لە وەهمی ئیمپراتۆریا بهێنن و دانی پێدابنێن کە ئیمپراتۆریاکەیان ڕوخاو شکستی هێنا. رەنگە دۆڕان و شکستێک بێت زۆر سەربەرزانەتر بێت لە سەرکەوتنێک، ڕەنگە سەرکەوتنێکیش بێت کە لانیکەم هەرچی و پەرچیەکان (ئۆباشەکان) خاوەنی نین.

بانگەشەخوازەکانی ئایین بۆ ئەنجامدانی کارەکەیان  په‌نا دەبەنە بەر هەرزەکاران، لەبەرئەوەی بە سروشتی خۆیان زیاتر جۆرێک لە نەرێنی و دۆخی نێگەتڤ بەرامبەر بە ژیان سەرنجیان دەبات

ماری لۆمۆنێ: لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستیانەیشدا کە تۆ باستکردن، هێشتا هەر کەسانێک دەبینین پێیان باشترە لەپێناوی ئەو (خەلافەتە) فانتازی و خەیاڵیەدا خۆیان بدەن بەکوشت. بەڕای تۆ بۆچی ئەو چەشنە مەرگە (خۆکوژیە، خۆتەقاندنەوەییە) زیاتر لەناو هەرزەکاراندا ئارەزووکراوە (سێ بەشی ئەو خۆکوژانەی کردەوەی خۆتەقاندنەوەکان ئەنجام دەدەن تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵاندایە)، بە تایبەتیش لەناو لاوانی خۆرئاوادا کە وەک پرەنسیپ هیچ گرنگیەک بەو ئایدیاڵە ئیسلامیە بریندارە نادەن و باکیان پێی نیە؟

فەتحی بن سەلامە: مەرگ زۆر لەوە زیاتر ئارەزووکراوترە کە ئێمە دەیزانین و باوەڕمان پێیەتی: لە فەرەنسادا ساڵانە ٢٠٠ هەزار هەوڵی خۆکوشتن هەیە، هەر بەڕاستیش بەهۆی کوشتنەوە، ساڵانە ١٠ هەزار کەس دەمرن، ١٠٠٠ کەس لەو ١٠ هەزار کەسە لاوانن. لەمڕۆدا جۆرێک لە بانگەشە و داخوازی بۆ خودکوژی و شەهیدبوون ئاڕاستەی لاوانی موسوڵمان دەکرێت کە گوتارێکی تر پاڵپشتیەتی و دەیبزوێنێت: ئەویش مەرگە لە پێناوی بەرگریکردن لە مەسەلەیەکی بەرز و پیرۆزدا. کەواتە ئەوە خودی داخوازیەکەیە کەهەوڵدان بۆ خۆکوشتن بەهۆی نائومێدی و شکستی دەروونیەوە دەگۆڕێت بە کردەیەکی پاڵەوانانە. ئەڵبەتە ئێمە کێشەکە بە زاراوەکانی داخوازی یا کڕین و فرۆشی بازرگانیی ناپێوین، بەڵام دواجار بازاڕێکیش هەیە بۆ مەرگی ئارەزوکراو، یا خۆقوربانیکردن.

بانگەشەخوازەکانی ئایین بۆ ئەنجامدانی کارەکەیان  په‌نا دەبەنە بەر هەرزەکاران، لەبەرئەوەی بە سروشتی خۆیان زیاتر جۆرێک لە نەرێنی و دۆخی نێگەتڤ بەرامبەر بە ژیان سەرنجیان دەبات، جگە لەوەی کە هەرزەکاران قۆناغێکی ئاڵۆز لە گۆڕانی خود و خۆدورگرتن لە ئایدیالیزم دەژێن، قۆناغێک کە تیایدا دەستەوسانن بەرامبەر بە ژینکردنیان لە جیهانە ئەرێنی و پۆزەتڤەکەی مناڵییان و لەڕێی سەرلەنوێ خودداڕشتنەوەوە، بە دوای لایەنگیریی بۆ مەسەلە و گروپی نوێدا دەگەڕێن. ئا لێرەدا کە (گەر بە سوکە ئاماژەیەکیش بێت) پێیان دەوترێت دەتوانن لە ڕێگەی گیانفیدایی و خۆقوربانیکردنەوە بگەنە ئەو چێژە ڕەها و پاڵەوانانەیە، هاوکات بیشگەن بە جیهانێکی باشتر لە قیامەتدا. خۆی ئەمەیشە کە مانا دەبەخشێتە مەرگ، یا رەنگە لەوە زیاتریش بڵێین: ئەوە پاشەڕۆژێک دەبەخشێتە مەرگ و قیامەت. ئەمە خۆی مانای ئاواتی ئایینیە. ئەو لاوانە ساویلکە نین وەک هەندێک کەس پێمان دەڵێن، بێگومان لە ناویاندا کەسی ساویلکە و سادە هەن، بەڵام ئارەزوو بۆ مەرگ شتێکە بوونی هەیە، شتێکی بێمانا و هەروا بە خۆڕایی نیە، هەر بۆیە دەبێت بەهەند وەری بگرین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار