ئەنقەرەو دیمەشق لەسەر پەرتکردنی شکێنەرانی داعش کۆکن

تورکیاو سوریا ناکۆکى دەخەنە ناو ریزەکانی هەسەدەوە لەڕێگەی فەرماندەو سەرۆک هۆزە عەرەبەکانەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هێمن حەسەن

حکومەتى سوریا لەڕێى فەرماندە عەرەبەکانی ناو هەسەدەوە، دەیەوێت ناکۆکى بخاتە ناو ئەو هێزەوەو هۆزە عەرەبەکانیش لە دژى ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان هان دەدات. بەرپرسانى هەسەدەو ئیدارەى رۆژئاواش رایدەگەیەنن رژێمى سوریا دەیەوێ شەڕى کوردو عەرەب هەڵگیرسێنێ.

هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) کە زۆرینەى فەرماندەو چەکدارەکانی کوردن، نزیکەى پێنج هەزار شەڕڤانیان هەیە کە عەرەبن. جیا لەوەش ناوچەیەکى فراوانى جوگرافى کە زیاتر لە میلۆنێک هاوڵاتى عەرەبى تێدایەو لەژێر کۆنترۆڵى ئیدارەى کوردیدایە، بەڵام لەئێستا حکومەتى سوریا بە دوو رێگا دەیەوێت ناکۆکى بخاتە ناو ریزەکانى هەسەدەو رۆژئاواى کوردستانەوە.

لەلایەک حکومەتى سوریا فەرماندەکانى هەسەدە لەڕێى پارەو پێدانى پۆست و پلەى سەربازى هان دەدات لە هەسەدە بێنە دەرەوە یان هەر لەناو ئەو هێزەدا شەڕو ناکۆکى لەنێوان پێکهاتەکان دروست بکەن بەو هۆیەشەوە تائێستا زیاتر لە ١٠ فەرماندەى عەرەب لە هەسەدە جیابوونەتەوەو چوونەتە پاڵ سوپاى سوریا.

رژێمى سوریا لەلایەکى ترەوە هۆزو دانیشتوانە عەرەبەکانى رەقەو دێرەزوورو باغۆزو هەجین و چەندین ناوچەى تر لە دژى دەسەڵاتى ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان بە خۆپیشاندان و دەربڕینى ناڕەزایەتى هان دەدات تا کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و بەتایبەت وڵاتانى عەرەبى تێدەگەیەنێت کە هەسەدە دەیانچەوسێنێتەوە.

دژوار حەلەب، فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە بە  هاوڵاتى راگەیاند «رژێمى بەشار ئەسەد دەیەوێت ناکۆکى بخاتە ناو هەسەدەوەو هانى فەرماندە عەرەبەکان و سەرۆک هۆزەکان دەدات کە لە هەسەدە جیاببنەوەو دژی ئیدارەى خۆسەر بوەستنەوە، بەڵام رێگە بەهیچ ناکۆکى و ئاڵۆزییەک نادەین لەناو هەسەدەدا».

فەرماندەکەى هەسەدە روونیکردەوە بەشێکى زۆر کەم لە عەرەبەکان چوونەتە پاڵ رژێمى سوریاوەو وتی «هیچ کاریگەرییەکیان لەناو هەسەدە دروست نەکردووە، ئەوانەى جیابوونەتەوە نوێنەرایەتى نەتەوەى عەرەب لە ناوەوەو دەرەوەى هەسەدە ناکەن».

ئەوەش لەکاتێکدایە لەناو هەسەدەو ئیدارەى خۆسەریدا پۆستەکان بە سیستمى هاوسەرۆکایەتى دانراون کە ئەگەر یەکێکیان کورد بێت ئەوا ئەوى تریان عەرەبە، بۆیە پێکهاتەى عەرەبەکان لە رووى سەربازى و سیاسى و ئیدارییەوە پێگەیەکى بەهێزیان هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا له رۆژههڵاتی فورات تا ئێستا چەند جارێک لێکترازان لهناو ریزهکانی ههسهده روویداوهو پێکهاتهی عهرهبی دهیهوێت له ههسهده بکشێتهوهو لهگهڵ حکومهتی سوریا رێکبکەون. بۆیە لەماوەى رابردوودا ژمارەیەکیان جیابوونەتەوەو پەیوەندیان بە رژێمى ئەسەدەوە کردووە.

بەپێى راپۆرتێکی رۆژنامهی «الوطن»ی سوری، حمێدی دههام ئهلهادی، سهرۆکی هۆزی شهمهر که سهرپهرشتی هێزهکانی «الصنادید» دهکات لهناو ڕیزهکانی ههسهده، لهگهڵ حکومهتی سوریادا  گفتوگۆى کردووە تاکو بگەڕێنەوە ژێر باڵى دیمەشق یان هێزو ناوچەى تایبەت بەخۆیان هەبێت.

ژمارەیەک لە هۆزە عەرەبەکانى دێرەزوور، کە ئێستا ناوچهکانیان کهوتووهته ژێر کۆنترۆڵی  ههسهده، لە پهیوهندیدان لهگهڵ دهسهڵاتدارانی دیمهشق و دهیانهوێت رێککهوتنی ژێربهژێری تاکلایهنه لهگهڵ رژێمی سوریادا بکهن تا جارێکى تر سوپاو دامەزراوەکانى حکومەت بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە.

هەریەکە لە هۆزەکانى (ئهلبوبهنا، حهناده، ئهلبوسوڵتان) له شارۆچکەى منبج لە رۆژهەڵاتى فورات چاویان بە نوێنەرى بەشار ئەسەد کەوتووەو دەیانەوێت بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى سوریاو سوپا لەجیاتى هەسەدە حوکمیان بکات.

عەبدولکەریم عومەر، ئەندامى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات (مەسەدە) جەخت لەوە دەکاتەوە «هەوڵێکى تێکدەرانە» لە بەشێک لە ناوچەکانى باکوورى سوریا هەیە کە هانى پێکهاتەى عەرەب دەدات لە دژى ئیدارەى خۆسەر بوەسێتەوە کە ئەوە رژێمى سوریاو تورکیایان لەپشتە.

عەبدولکەریم عومەر، بە هاوڵاتى راگەیاند «هەڵگرتنى چەک و دروستکردنى شەڕ لە دژى هەسەدە بە واتاى تێکدانى ئاسایش و ئارامییە، ئێمە دەزانین دیمەشق و ئەنقەرە دەیانەوێت برا عەرەبەکانمان لێ هان بدەن و شەڕی کوردو عەرەب دروست بکەن، بەڵام ئێمە هەرگیز رێگە بەوە نادەین».

لەماوەى چوار مانگى ئەمساڵ ژمارەیەک فەرماندەى عەرەب لە هێزەکانى هەسەدە چوونەتە دەرەوەو لەئێستادا پشتیوانى لە رژێمى سوریا دەکەن، بەڵام ئەو جیابوونەوانە کاریگەرییان نەکردووەتە سەر ریزەکانى هەسەدەو بەشێوەیەکى تۆکمەو رێکخراو ماونەتەوە، ژمارەی ئەوانەشى جیابوونەتەوە زۆر کەمن و زۆرینەى عەرەبەکان لە ئەرکەکانیان بەردەوامن.

رژێمى سوریا چەند جارێک کەسوکارى فەرماندە عەرەبەکانى هەسەدەیان تیرۆر کردووەو دواتر دەنگۆى ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە فەرماندە کوردەکانى هەسەدە ئەو کارەیان کردووەو هاوڵاتیانى عەرەب تیرۆر دەکەن تەنیا بۆ ئەوەى ناکۆکى بخەنە ریزەکانی هەسەدەوە.

هاوکات تورکیاش بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدایە عەرەبەکانى ناو هەسەدە لە ریزەکانى ئەو هێزە دووربخاتەوە بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەى رابردوودا لەڕێی دەزگاى هەواڵگرى میتەوە، چەند رێگایەکى بەکارهێناوە، بۆ نموونە بڵاوکردنەوەى کوشتن و ئەشکەنجەدانى کەسوکارى نزیک لە فەرماندە عەرەبەکان بەجلى شەڕڤانانى کوردەوە تا فەرەماندە عەرەبەکان لەدژى کورد هان بدات.

هەروەها یەکێکى تر لەو رێگایانەی حکومەتى تورکیا بەکاری دەهێنێ، لەرێی هەڕەشەکردن لە کەسوکارى ئەو فەرماندە عەرەبانەى لەناو هەسەدەدان لە کەمپەکانى تورکیا بەنموونە وەک ئەوەى بەرامبەر تەلال سلۆ وتەبێژى فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە کردى و دواتر وازى لە هەسەدە هێنا.

تورکیا بەلایەوە گرنگ نییە عەرەبەکانى هەسەدە دەچنە بەرەى بەشار ئەسەدەوە یان لە ماڵەوە دادەنیشن، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ناکۆکى بخاتە ریزەکانى هەسەدەو شەڕو ئاڵۆزى لەنێوان فەرماندە کوردو عەرەبەکان دروست بکات. ئەمە بەپێی قسەی بەرپرسانی کوردی رۆژئاوای کوردستان.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار