هەوڵى تێپەڕاندنى یاسا پڕ لەمشتومڕەکە دەدرێت
ئەگەر یاسای نەوت و گاز پەسەند بکرێت کێشمەکێشی قوڵی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر کەرتی وزە کەم دەبێتەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پەرلەمانى عێراق دەیەوێت لەماوەى ئەم خولەیدا یاساى نەوت و غاز پەسەند بکات، کە پرسێکى جێگەى مشتومڕ و ناکۆکى نێوان هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدایە و بەو هۆیەشەوە تا ئێستا نەتوانراوە یاساکە دەربکرێت. بەتێپەڕاندنی ئەم یاسایە کێشەکانی نیوان هەرێم و بەغدا لەسەر نەوت کاڵ دەبنەوە بەتایبەتی ئەگەر بە تەوافوقی لایەنەکان تێپەڕێنرێت.
ئێستا سێ پڕۆژەیاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراقن، یەکەم لە ساڵی 2007 پێشکەش کرا بەڵام لەبەرنەبوونی تەوافوقی سیاسیی ئەو پڕۆژەیاسایە بە هەڵواسراوی مایەوە، پڕۆژەی دووەم لە ساڵی 2011 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان. پڕۆژەی سێیەمیش لەساڵی 2012 لەلایەن لێژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانەوە پێشکەش کراوە.
پەرلەمانى عێراق لە سێ خولى رابردوویدا نەیتوانى ئەو پڕۆژەیە تێپەرێنێت و گرێی ناکۆکییەکان بکاتەوە. لەساڵى 2007 یەکەم رەشنوسى پرۆژەى تایبەت بە یاساى نەوت و غاز خرایە بەردەم پەرلەمان، بەڵام پاش تێبینى زۆرى کورد تێپەڕاندنى شکستى هێنا.
رەشنوسەکە دەسەڵاتى دابووە سەرۆکایەتى وەزیران بۆ دانانى سیاسیەتى گشتى نەوت لەناویاندا دەرهێنان و بەرهەمهێنان و گواستنەوە تەنها لەرێگەى کۆمپانیاى سۆمۆى نیشتیمانییەوە، ئەوەش لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە رەتکرایەوە و بە پێشێلى دەستور ناویبرد.
ماددەى 112ى دەستورى عێراق تایبەتە بە دیاریکردنى دەسەڵاتى هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت بۆ دانانى سیاسەتى نەوت و گەشەپێدانى ئەو کەرتە، هەریەکە لە هەرێم و بەغدا بەشێوەى جیاواز شیکردنەوە بۆ ئەو ماددانەى دەستور دەکەن کە تایبەتن بەو پرسە.
غالب محەمەد ئەندامى لیژنەى نەوت و وزه لە پەرلەمانى عێراق (گۆڕان) بە هاوڵاتى راگەیاند، یاساى نەوت و غاز بەهۆى ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغداوە تا ئێستا نەتوانراوە تێپەڕێنرێت، چونکە یەکێک بووە لە چەقى ناکۆکییەکانى نێوانیان.
وتیشى «لەئێستادا هەوڵ هەیە بۆ ئەوەى یاساکە لەم خولەى پەرلەماندا تێپەڕێنرێت، بەڵام تا ئێستا شتێکى کرداریی نەکراوە لەو بارەیەوە و تێپەڕاندنى بەندە بە رێککەوتنى هەرێم و بەغداوە».
بەوتەى غالب محەمەد ئەگەر رێککەوتن لەسەر یاساکە بکرێت، بەشێکى سەرەکى کێشەکانى هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت چارەسەر دەبێت، چونکە یاساکە دەسەڵاتى دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنى نەوت رێکدەخات کە هەرێم و بەغدا ناکۆکن لەسەرى.
بەهۆى دواکەوتن و نەبوونى یاساى نەوت و غازى عێراق، پەرلەمانى کوردستان لەساڵى 2007 یاساى نەوت و غازى هەرێمى پەسەند کرد، بە پشت بەستن بە دەستورى هەمیشەیی عێراق، بەڵام ئەوە نەبووە هۆى ئەوەى عێراق دان بە سیاسەتى نەوتى هەرێمدا بنێت.
ناکۆکییەکانى نێوان هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا لەسەر زۆرێک لە بڕگە و ماددەکانى یاساى نەوت و غاز، بوونە هۆى پەکخستنى لە خولى یەکەمى پەرلەماندا، ئەوەش حکومەتى ئەوکاتەى عێراقى بەسەرۆکایەتى نورى مالیکى ناچارکرد لەساڵى 2011 رەشنوسى دووەمى یاساکە ئامادە بکات و رەوانەى پەرلەمانى بکات.
رەشنوسەکەى دووەم لەلایەن هاوپەیمانى نیشتیمانیەوە رەتکرایەوە و بەهۆیەوە دانیشتنى ئەوکاتى پەرلەمانى بەجێهێشت کە تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەرى، دواتریش رەشنوسى سێیەم ئامادەکرا بەڵام ئەویش لەلایەن چەند لایەنێکەوە رەتکرایەوە.
لە ئێستادا هەرێم و بەغدا چەند لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان، لەناویاندا دۆسیەى نەوت، کە بەشێکى بەهۆى نەبوونى یاساى نەوت و غازەوە بە هەڵواسراوى ماونەتەوە.
هەردوولا لیژنەى هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ دۆزینەوەى میکانیزمى چارەسەرکردنى کێشەکان و کەشەکە بەئەرێنى ناودەبەن بۆ چارەسەرى کێشەکان، دواى چەند ساڵێکى درێژ لە ناکۆکى لەو بارەیەوە.
دانا جەزا ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى بە هاوڵاتى راگەیاند، هەوڵ لە ئارادایە بۆ ئەوەى یاساى نەوت و غاز لەم خولەى پەرلەماندا تێپەڕێنرێت، کە یاسایەکى گرنگە و بەشێک لە کێشەکانى هەرێم و بەغدا چارەسەر دەکات.
وتیشى «هەردوولا نیەت پاکیان پیشانداوە بۆ چارەسەرى کێشەکان و چەند رەشنوسێکیش هەیە بۆ یاساکە، تا پەرلەمان پەسەندى بکات».
دانا جەزا پێیوایە، پەسەندکردنى یاساکە پەیوەندى بەبەرەوپێشچوونى گفتوگۆکانى هەولێر و بەغداوە هەیە لەسەر کێشە هەڵپەسێرداوەکان، لەناویاندا دۆسیەى نەوت، ئەگەر لەسەر ئەوە بگەنە رێککەوتن ئەو یاسایەش پەسەند دەکرێت.
یەکێک لە دیارترین کێشەکان لەسەر یاساى نەوت و غاز، پەیوەندى بە چۆنیەتى پێکهێنانى ئەنجومەنى فیدراڵییە نەوت و دەسەڵاتەکانییەوە هەیە، لەگەڵ دەسەڵاتى خەرجکردنى داهاتەکەى، دەسەڵاتى پارێزگا و هەرێمەکان بۆ بەرێوەبردنى دامەزراوەى نەوتیى.
تا ئێستا هەرێم و بەغدا چەندین جار هەوڵیانداوە بۆ گەیشتن بەرێککەوتن لەسەر ئەو یاسایە، بەڵام سەرجەمیان بێ ئەنجام بوون.
ساڵى ٢٠١٢ پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکى بچوککراوەى بۆ تاوتوێکردنى خاڵە ناکۆکەکان لەسەر یاساکە و دانانى رەشنوسێکى نوێ پێکهێنا، بە ئەندامێتى عەبدولکەریم لوعێبى وەزیرى ئەوکاتەى نەوت و ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتییەکان و نوێنەرانى هاوپەیمانى نیشتیمانى و هاوپەیمانى کوردستانى و لیستى عێراقییە.
لیژنەکە رێککەوتن لەسەر تیپەڕاندنى رەشنوسى یاساکە، بەپێی تەوافوقى سیاسی، بەڵام رەشنوسەکە هەر لە پەرلەمان مایەوە و پەسەندنەکرا.
بەختیار شاوەیس ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى جەختى لە گرنگى یاساکە کردەوە بۆ رێکخستنى پرسی نەوت و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێم و بەغدا لەو بارەیەوە.
باسى لەوەشکرد، پرسەکە بەشێکى پەیوەستە بەوەى گفتوگۆکانى هەرێم و بەغدا بە چ ئاڕەستەیەکدا دەڕۆن بۆ چارەسەرى کێشەکانیان.
یاساى نەوت و غاز سێ پرسی سەرەکى لەخۆدەگرێت کە بریتین لە پێکهێنانى کۆمپانیاى نەوتى نیشتیمانى، دامەزراندنى ئەنجومەنى باڵاى ئیتیحادى نەوتى، دانانى میکانیزمى دیاریکراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان کە لە عیراق کاردەکەن.
ئەنجومەنى باڵاى ئیتیحادى نەوت لەئەگەرى پێکهێنانیدا دەسەڵاتەکانى زیاتردەبن لە وەزارەتى نەوت و سەرپەرشتى دانانى سیاسەتى نەوتى دەکات بەشێوەیەکى گشتى.
ساڵى 2017 وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، رەشنوسێکى دیکەى یاساى نەوت و غازى ئامادەکردووەو رەوانەى ئەنجومەنى وەزیرانى کردووە، بەڵام هەرێمى کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت بەرەشنوسەکە رازى نەبوون، بەو هۆیەشەوە ئەو هەوڵەش شکستى هێنا و تەنانەت نەتوانرا خوێندنەوەى یەکەمیش بۆ رەشنوسەکە بکرێت.