بازاڕی نەوت لە 2020 ناهاوسەنگ دەبێت
بەرهەمی نەوتی سعودیە لەتەمموزدا رۆژانە322 هەزار بەرمیل کەمی کردووە، بەڵام عێراق 65 هەزار زیادی کردوە
5 ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
هەرچەندە بەهۆی هۆکاری جیاجیاوە بەرهەمی نەوت کەمبوەتەوە بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو بەڵام پێشبینیەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئەوە دەردەخەن کە ناهاوسەنگی ڕوودەدات لەنێوان خواست و خستنەڕوودا و خستنەڕوو بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادەی دەبێت.
دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە کەمی دابینکردنی خەرجی بۆ پرۆژەی نوێ، گەشەی بەرهەمی نەوت دەبوو بەتەواوی دابەزێت چونکە خواست بەشێوەیەکی سەرسوڕهینەر گۆڕانێکی یەکجارەکی بەسەرداهات لە بازاری نەوتدا. زۆرێک لە کڕیارانی بۆرسە، ئەوانەی پشک دەکڕن تا دواتر بە نرخێکی زیاتر بیفرۆشنەوە، پێشبینی ئەوەیان دەکرد ئەگەر نرخی بەرمیلیک بگەڕێتەوە ١٠٠ دۆلار ئەوا ٢٠٢٠ ساڵی ئەو گەڕانەوەیە دەبوو.
بەڵام بەخێرایی ئەو پێشبینییە لەپوکانەوەدایە چونکە یەکەم خەمڵاندنی فەرمی ٢٠٢٠ کە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە دەرچوو لەناوەڕاستی مانگی ڕابردوو پشتراستی ئەو پێشبینییە ناکاتەوە. بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکە دابەزین گەراوەتەوە نێو بازارەکان بەهۆی هەرزانفرۆشکردنی پشکە نەوتییەکان هەر لەبەر ئەمەشە نرخی نەوت لە ٦٠ دۆلاردایە بۆ هەر بەرمیلێک.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی کە پێشبینی کۆمپانیا راوێژیەکان و بازرگانانی نەوتی وەرگرتووە ئەوە نیشان دەدات خستنەرووی زیادە روودەدات، نەک ئەو کورتهێنانەی چاوەڕێ دەکرا رووبدات تا ئەوەی نرخی نەوت بەرز بکاتەوە.
هۆکاری ڕوودانی ئەمە سێ فاکتەری سەرەکین کە بریتین لە زیادبوونی بەرهەمێنانی نەوتی بەردین، سستی ئابوری جیهانی، قووڵبونەوەی جەنگی بازرگانی.
رۆجەر دیوان، چاودێرێکی ڕێکخراوی ئۆپیک لە کۆمپانیای ڕاوێژکاری (ئای ئێچ ئیس مارکێک) دەڵێت، «هاوسەنگی خواست و خستنەروو بۆ ٢٠٢٠ نیگەرانکەرە وە کەمبونەوەی بڕی خواست بەپێی ئەوەی لێکۆڵینەوەمان بۆ کردووە هاوسەنگییەکە دەخاتە پۆلێنێکی خراپەوە».
بەپێی پێشبینیەکان بێت خستنەڕوو زیاتر دەبێت لە خواست بەجیاوازییەکی گەورەوە. بازاڕی نەوت هەر لەئێستاوە ڕەنگدانەوەی لەرادەبەدەری خستنەڕوو نیشان دەدات بۆ ساڵی ٢٠٢٠. هەرچەندە بازاڕی نەوت سستییەکی بەخۆیەوە بینیوە لەم دواییانەدا بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و فەنزوێلا هەروەها کێشەی پیسبوونی بۆری نەوتی دروژبای ڕووسی، کە قەبارەی ملیۆنێک بەرمیل نەوت ڕۆژانە دەگوازێتەوە، نرخی نەوت دابەزی بۆ ٦٠- ٦٦ دۆلار.
ئەم پێشبینیەی کە کراوە بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە کێشە بۆ هاوپەیمانی رێکخراوی ئۆپیک و وڵاتانی بەرهەمهێنی دەرەوەی ئۆپیک. ئەگەر پێشبینیەکە راست دەربچێت ئەوا ئۆپیک ناچارە ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان درێژبکاتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر لەوەی داندراوە. لەدواین هەنگاویدا، ڕێکخراوەکە لە سەرەتایی ئەم مانگەوە ڕێککەوتنەکەی بۆ نۆ مانگی تر، واتە تا مارسی ٢٠٢٠ درێژکردەوە کە تێیدا هەموو وڵاتانی ئۆپیک و دەرەوەی ئۆپیک وەک رووسیا و کازاغستان و هتد. یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کەمدەکەنەوە لە بەرهەمهێناندا ئەمەش بەمەبەستی نەهێشتنی ئەگەری ڕوودانی خستنەڕووی زیادە لە سەرمایەی نەوتی جیهانیدا و هاوسەنگکردنی نرخی نەوت و دوورخستنەوەی مەترسی لە دابەزینی زیاتری.
ڕێککەوتنەکە داوا لە وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپیک دەکات بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە بەڵام هەندێک وڵات ئاستی بەرهەمهێنانیان زیاتر کردووە و هەندێکی تریش گەشتونەتە ئەو ڕێژەیەی بۆیان دیاریکراوە یان زیاد لەو ڕیژەیە کەمیان کردوەتەوە. ڕووسیا ، سعودیە، کوەیت، ئەنگۆلا، جەزائیر، عەمان، مەکسیک، بەحرەین، ئازربایجان لەو وڵاتانەن کە بەڵینی خۆیان جێبەجێکردووە یاخود بەزیادەوە تێیانپەڕاندووە لەکاتێکدا عێراق، کازاغستان، مالیزیا، نێجیریا، ئیکوادۆر، ئیمارات، کۆنگۆ، گابۆن لەو وڵاتانەن بەڵێنەکەیان نەبردوەتە سەر و ڕێژەی بەرهەمهێنانیان نەگەیاندوەتە ئاستی دیاریکراو.
لەمانگی تەمموزدا ئاستی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە گەشتە ٨٢٠ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا ئەمەش زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە لە ڕێککەوتنەکەدا بەڵێنیداوە کەمی بکاتەوە، ئەویش ٣٢٢ هەزار بەرمیلە لەڕۆژێکدا. بەڵام عێراق بەپێچەوانەوە نەک هەر نەگەشتوەتە ئەو ڕێژەیەی بەڵینی داوە بەڵکو ئاستی بەرهەمهێنانی زیاتر کردووە. لە ڕێککەوتنەکەدا عێراق بەڵێیداوە ١٤١ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا کەمبکاتەوە بەڵام لەمانگی تەمووزدا ئاستی بەرهەمهێنانی گەشتوەتە چوار ملیۆن و ٧١٨ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە چوار ملیۆن و ٦٥٣ هەزار بەرمیل ڕۆژانەوە.
گەشەی خستنەڕوو سستی بەخۆیە بینیوە بەهۆی پچرانی بەرهەمهێنانی بۆری نەوتی دروژبای رووسی کە ١%ی تێکرای نەوتی خاوی جیهان پێکدێنێت، لەگەڵ کەمبونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە ساڵی ٢٠١٨ دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا، جگە لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لەلایەن ئۆپیکەوە. هەرچەندە ئەمانە کاریگەریان هەبووە بەڵام پیشەسازی نەوتی بەردینی ئەمریکی بەردەوامە لە هەڵگەڕانەوەی سستی بەرهەمهێنان بۆ زیادە بەرهەمهێنان. بێن ڤان بوردن، بەڕێوبەری کۆمپانیای «دەچ شێڵی» هۆڵەندی دەڵێت، « جموجۆڵی بازار بەهۆی نەوتی بەردی شێڵەوە گۆڕاوە».
نەوتی شێڵ جۆرە نەوتێکی جیاوازە کە لە جۆرە بەردێک دەردەهێنرێت بەناوی شێڵەوە و دواتر لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا دەگۆڕدرێت بۆ نەوت و گازی دەستکرد. لەئێستادا ئەمریکا باڵادەستی خۆی نواندووە لە بەرهەمهێنانی نەوتی شێڵدا کە ١٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دەهێنێ لە ڕۆژێکدا، بەم پێیەش دەبێتە یەکەمین وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت و پێشی هەریەک لە رووسیا و سعودیە دەداتەوە. بەڕێوبەرایەتی زانیاری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوە دەکات لەساڵی ٢٠٢٠ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی شێڵی ئەمریکی بگاتە ١٣ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
ئەوەی کڕیارانی پشک خوێندنەوەیان بۆ نەکردبێت سیاسەتە نامۆکانی دۆنالد ترەمپە کە بەرد لەدوای بەرد هەڵدەداتە گۆمی ئابوری جیهانییەوە. لەسەرەتای مانگی ڕابردوەوە سندوقی دراوی نیودەوڵەتی بەهۆی سیاسەتە نامۆکانی ترەمپەوە پێشبینیەکەی خۆی بۆ گەشەی ئابوری چین کەمکردەوە بۆ ٦% بۆ ساڵی داهاتوو کە ئەمەش کەمترین ڕێژەیە لەساڵی ١٩٩٠ەوە و کەمترە لە نیوەی گەشەی ئابووری ١٤،٢%ی ٢٠٠٧ی چین.
مارتین راتس، شیکەرەوەی کەرتی نەوت لە کۆمپانیا و بانکی وەبەرهێنانی مۆرگان ستانلی دەڵێت، «بەڵگەی کەڵەکەبوو هەیە لەسەر سستی و کەمبونەوەی خواست، کەمتر لەوەی پێشبینیکراوە». لە سەرتاسەری کۆمپانیا بەکاربەرەکانی نەوتی جیهانیدا، گەشەی بەکارهێنانی ساڵانە سستی بەخۆیەوە بینی و لە مارسی ئەمساڵدا دابەزی و مانگەکانی تریش بەرزبونەوەیەکی بەرچاویان دەرنەخستووە.
هەموو پێشبینیەکانی راوێژکارانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان هاوئاهەنگن لەسەر ئەوەی خستنەروو زیاد دەبێت لەساڵی ٢٠٢٠دا. زیادەی بەرهەمهێنان پێویستی بە هەڵوێستە لەسەرکردن هەیە چونکە چاوەڕێی ئەوە ناکرێ ئێران و فەنزوێلا بگەڕێنەوە بۆ دۆخی جارانی بەرهەمهێنایان. ئاستی بەرهەمهێنانی هەردوو وڵات لەساڵی رابردوودا دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دابەزیەوە ئەمەش یەکسانە بەو رێژەیەی ئەڵمانیا بەکاریدەهێنێت.
کۆمپانیای ڕاوێژکاری «ئێس ئەند پی گلۆبال پلاتس» زیادەی ساڵی داهاتوو بە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێنێت ئەمەش لە راپۆرتێکدا کە مانگی ئایار بڵاویکردەوە. بەڕێوبەرایەتی زانیاری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوە دەکات ١٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە زیادە هەبێت. کۆمپانیای راوێژکاری «ئینێرجی ئەسپێکتس» زیادەکە بە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا دەخەمڵینێت. هەروەها کۆمپانیای «ئای ئێچ ئێس مارکێت» پێشبینی دەکات ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زیادە بێت لە ساڵی داهاتوودا.
لەگەڵ ئەمەشدا، زیادەی خستنەڕووەکە جیاوازییەک دروست دەکات لە بازاڕی نەوتدا چونکە زۆربەی کۆمپانیا راوێژکارییەکان پێیانوایە بارەکە دەکەوێتە سەر بەرهەمی پاڵاوتە نەک نەوتی خاو.
بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، تەنها لەحاڵەتێکدا گەشەی ئابوری جیهانی بوژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت ئەگەر کێشە سیاسییە نێودەولەتییەکان و کێشەی جەنگی بازرگانی چارەسەر بکرێن لەگەڵ گەڕانەوەی متمانە بۆ نێو بازاڕ، ئەمەش مانای ئەوەیە بەپێی پێشبینیەکان خواست لەسەر نەوت لە یەک ملیۆن ٢٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە دەگاتە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئەگەر سەقامگیری نێودەوڵەتی دروست ببێت.