یاسای پارەکە بلۆککردنەکان بەرپرسانی عێراقیشی گرتەوە
بەرپرسی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات لەفراوانی سزاکانی واشنتۆن بۆ سەر بەرپرسە عێراقییەکان
5 ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
چەند بەرپرس و لایەنێکی عێراقی، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندی نزیکیان هەیە لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران ترسیان لێنیشتووە لەوەی رووبەڕووی سزا ببنەوە دوای ئەو سزایانەی بەسەر چەند بەرپرسێکی عێراقی و سەرکردەی سەربازی حەشدی شەعبیدا سەپێنران لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە بەهۆکاری ئەنجامدانی گەندەڵی و پیشێلکاری مافی مرۆڤ.
١٨ی تەمموزی ٢٠١٩ وەزارەتی خەزێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای بەسەر چوار بەرپرسی عێراقی سەپاند کە دوانیان پارێزگاری پێشووی نەینەوا و سەلاحەدین بوون و دوانەکەی تریش سەرکردەی حەشدی شەعبین بەهۆی کەیسی گەندەڵی و زەوتکردنی زەوی و سامانی هاوڵاتیانی پارێزگای نەینەوا و چەندین پێشێلکاری مافی مرۆڤ.
سزاکان بەهۆی «یاسای ماگنێتسکی»یەوە سەپێنراوە کە یاسایەکە ڕێدەدات بە حکومەتی ئەمریکی سزا بسەپێنیت بەسەر ئەو کەسایەتییە جیهانیانەی بەرپرسن یان تێوەگلاون لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ و گەندەڵی. سزاکان ئەو سامانانە بە ئامانج دەگرێت کە کەسایەتییەکان هەیانە یان خاوەنی بەشێکن لەو سامان و پشکانە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئەمریکیدابن یاخود لەژێر دەستی قەوارە و کەسایەتی ئەمریکیدا بن. هەروەها سزاکان توانای گەشتکردن و ئەنجامدانی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان سنوردار دەکەن.
هەفتەیەکیش دوای راگەیاندنی بەیاننامەکەی ئیدارەی ترەمپ، بانکی ناوەندی عێراقی هەموو هەژمارەکانی چوار کەسایەتییەکەی هەڵپەسارد و مامەڵەکانیانی ڕاگرت.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات ئەم سزا نوێیانە پەیوەندییان بە کەمپینە فراوانەکەی ئەمریکاوە هەیە بەمەبەستی گۆشەگیرکردنی ئێران. بەپێی راپۆرتەکە، یەکێک لەو چوار کەسایەتییانەی بە ئامانج گیراون پەیوەندی نزیکی هەبووە لەگەڵ چەکدارە میلیشیاکانی ئێران و هاوکاری تەواوەتی کردوون کە لەکاتێکدا بەرپرسی حکومی بووە.
هەیسەم ئەلجبوری، بەرپرسی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات کە ئەم سزایانە سەرەتایەکن بۆ سەپاندنی چەند شەپۆلێکی فراوانتر لە سزا بەسەر بەرپرسە عێراقیەکاندا. پەرلەمانتارەکەی عێراق دەڵێت، «هەندێک سەرچاوە هەن پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دروستکردنی لیستێکی ٦٧ کەسی کە پێکهاتوون لە بەرپرس و کەسایەتییە عێراقییەکان تا ئەوەی سزایان بەسەردا بەسەپێنێت».
بەپێی راپۆرتێکی شەرقولئەوسەت، کە زانیاریەکانی لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە وەرگرتووە بەڵام ناوی نەهێنراوە، ئەوە خراوەتەروو ئەو کەسایەتییە عێراقیانەی نزیکن یان سەر بە ئێرانن دەستیان کردووە بە گواستنەوەی سەروەت و سامانەکانیان لە عێراقەوە بۆ ئێران لە ترسی ئەوەی نەکەونە بەر هێرشی چاوەڕوانکراوی سزاکانی ئەمریکا.
سەرچاوەکە دەشڵێت، «هەستێکی ترس پەیدابووە لەناو ئەو کەسایەتیانەی دڵسۆزی ئێرانن و سامانێکی زەبەلاحیان کۆکردوەتەوە لە عێراقدا لەم چەند ساڵەی دواییدا، هەندێک لەو بەرپرسانە ئاگاداری ئەوەن کە شەپۆلە نوێیەکەی سزاکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە بۆیە بروایان وایە ئێران باشترین وڵاتێکە بۆ پاراستنی سامانەکانیان و ئەمریکا دەستی پێی ناگات».
سەرچاوەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو ئەو بەرپرسە عێراقیانە لەڕێی دەستبەسەرداگرتنی سامانی گشتییەوە لە دامەزراوە حکومیەکان ئەو سامانانەیان پێکەوەناوە، جگە لەوەی سوودیان بینیوە لە قاچاغی نەوت لە پارێزگای نەینەوا و بەسرە.
لەکاتی راگەیاندنی بەیاننامەکەی ئەمریکا، سیگڵ ماندڵکەر سکرتێری دووەمی وەزارەتی خەزێنە بۆ کاروباری هەواڵگری تیرۆریزم و دارایی وتی، «ئێمە بەردەوام دەبین لە دەستنیشانکردنی ئەو تاوانبارانەی تێوەگلاون لە پێشێلکاری جدی مافی مرۆڤ لەنێویاندا کوشتن و بڕینی کەمە نەتەوایەتییەکان، ئەو بەرپرسە گەندەڵانەی پلەکانیان دەقۆزنەوە لە حکومەتدا بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان و زیادکردنی دەسەڵاتیان لەسەر حسابی هاوڵاتیان».
لەو چوار کەسایەتییە عێراقییەی سزایان بەسەردا سەپیوە دوانیان سەرکردەی حەشدی شەعبین، ئەوانیش ڕەیان ئەلکلدانی و وەعد قادۆن. ڕەیان ئەلکلدانی سەرکردایەتی یەکەی ٥٠ عەشدی شەعبی دەکات و وەعد قادۆش فەرماندەی یەکەی ٣٠ی حەشدی شەعبییە.
ڕەیان ئەلکلدانی سەرۆکی بزوتنەوەی بابیلۆنی مەسیحییە کە سەر بە حەشدی شەعبییە. یەکەی ٥٠ی ئەلکلدانی تۆمەتبارکراوە بە دانانی بەربەستی سەرەکی لەڕێی گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق بۆ ماڵ و گوزەرانی خۆیان لە نەینەوا کە بەهۆی داگیرکاری داعشەوە ئاوارەبوو بوون. جگە لەمەش وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بزوتنەوەکەی ئەلکلدانی بە ماڵبڕین و تاڵانکاری سیستیماتیکی شارۆچکەی بەتنایا تۆمەتبار دەکات کە شارۆچکەیەکی ئاشوریە و سەر بە پارێزگای نەینەوایە. سەرەڕای ئەمانەش ئەلکلدانی کیڵگەی کشتوکاڵی فرۆشتتوە کە بەزۆرو داگیرکاری دەستی بەسەرداگرتووە و لەپارچە ڤیدیۆیەکدا کە لە ئایاری ٢٠١٨ بڵاوکرایەوە دەردەکەوێت گوێچکەی زیندانییەکی کەلەپچەکراو دەبڕێت.
هەروەها وەعد قادۆ کەناسراوە بە ئەبو جەعفەر ئەلشەبەکی و سەرکردایەتی یەکەی ٣٠ی شەبەکی حەشدی شەعبی دەکات پێشێلکاری جدی ئەنجامداوە دژی مافەکانی مرۆڤ. وەزارەتی خەزێنە بەوە تۆمەتباری دەکات پارەی نایاسایی کۆکردوەتەوە لەڕێی «دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامان، دەستگیرکردنی نایاسایی، ڕفاندنی هاوڵاتیان»ی شارۆچکەی بەرتلەی نەینەوا. جگە لەمانەش ئەندامانی یەکەی ٣٠ی حەشدی شەعبی تۆقاندن و جەردەیی و دەستدرێژی سێکسیان ئەنجامداوە بۆ سەر هاوڵاتیان.
مایکڵ نایتس، توێژەی واشنتۆن ئینستیتوت بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، کە زۆر سەردانی عێراق دەکات و توێژینەوەی مانگانەی هەیە لەسەر بابەتە گرنگەکان لە راپۆرتی ئەم مانگەیدا دەڵێت: «یەکەی ٣٠ و ٥٠ی حەشدی شەعبی نایانەوێت فەرمان لە سەرۆک وەزیران، عادل عەبدولمەهدی وەربگرن و ناشیانەوێت دەستبەرداری ئەو مامەڵە بازرگانیانە ببن کە پارەی زەبەلاحیان تێیدا دەستدەکەوێت، جگە لەوەی لە ئاستی ناوخۆیدا حەزناکەن دەستبەرداری دەسەڵاتی مافیاییان ببن».
دوو کەسایەتییەکەی تریش نەوفل حەمادی و ئەحمەد ئەلجبورین کە هەردووکیان بەهۆی گەندەڵی لە ئیدارە و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
نەوفل حەمادی پارێزگاری پێشووی نینەوا بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە بەرپرسە لە، یاخود تێوەگلاوە لە «گەندەڵی وەکو خراپ بەکارهێنانی داهاتی حکومی، دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەی ئەهلی بۆ قازانجی تاکەکەسی، ئەو گەندەڵیانەی پەیوەندیان هەیە بە گرێبەستی حکومی و بەرتیل خواردن و دەرهێنانی سەرچاوەی سروشتی». دەستەی نەزاهەی عێراقی لەسەرەتایی ئەمساڵدا رایگەیاند ئەو بەرپرسانەی نزیک بوون لە نەوفل حەمادییەوە بەرپرسن لە دزینی ٦٤ ملیۆن دۆلار لە خەزێنەی گشتی. ئەو پارەیە، کە گومان دەکرێت دوای نقومبوونی کەشتیەکەی موسڵ کە لە ئازاری ئەمساڵدا روویدا دزرابێت، رووداوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٠٠ کەس. لەو ٦٤ ملیۆنە ٤٠ ملیۆن دۆلاری تەرخانکرابوو بۆ نۆژەنکردنەوەی موسڵ.
نەوفل حەمادی دوای بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنە هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و رایگەیاند، «داوا لە وەزارەتی خەزێنە دەکەم بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە، ئەوان پێویستە زیاتر لەو زانیاریانە بکۆڵنەوە کە دەستیان دەکەوێت، ئەم بڕیارەیان نادروست و سیاسییە و لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە دراوە».
ئەحمەد ئەلجبوری کە پارێزگاری پێشووی پارێزگای نەینەوا بوو و لەئێستاشدا پەرلەمانتارە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەلجبوری یەکێکە لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی تەوەرەی نیشتمانی کە پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ یەکلایکردنەوەی پۆست و پلە حکومیەکان. ئەلجبوری بەتۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی سزای بەسەردا سەپێنراوە و پێشتریش بەهۆی رێژەی زۆری گەندەڵیەکانی لە پۆستی پارێزگار دورخرایەوە لە ٢٠١٧دا و سزای زیندانیکردنی بۆ دەرچوو بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و سامانی گشتی و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی . لەکاتی دەرچوونی فەرمانەکەوە ئازادە و بەوە ناسراوە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی دەکات بە پشتگیریکردن و هاوکاری کردنی لایەنگرانی ئێران و میلیشیا ئێرانیەکان کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت کار دەکەن.
دژی بڕیارەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاش چەند خۆپیشاندانیک ئەنجامدرا کە لەلایەن پارێزگاری ئێستایی سەلاحەدین، عەممار جابر ئەلجبوریەوە سازکرابو و خۆپیشاندەران دژی بڕیارەکەی ئەمریکا وەستانەوە و پشتگیری خۆیان بۆ «سەرکردە ئەفسانیییەکەیان» ئەحمەد ئەلجبوری دەربڕی.
لەسەر ئاستی سیاسیشدا، پەرلەمانتاری عێراقی هەیسەم ئەلجبوری داوای بەپەلەی لە پەرلەمانی عێراق کرد تا ئیدانەی کارەکەی ئەمریکا بکات «تا ئەوەی ئەمریکا دەست نەخاتە نێو کاروبار و یاسای عێراقەوە».
هەروەها پەرلەمانتار ئەلیا نسەیف ١٠٢ ئیمزای هاوپیشەکانی کۆکردەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراقی تاوتوێی ئەو بابەتە بکات و ئیدانەی سزاکانی ئەمریکا بکرێت لە پەرلەماندا.