هاوسەرگیریی نێوان خزمان؛ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی یاخود کێشەیەکی تەندروستی؟

5 ساڵ لەمەوپێش



بڕیار دڵشاد

لێرەدا مەبەست لەچەمکی «هاوسەرگیری نێوان خزمان» ئەوەیە کە هەر هاوسەرگیرییەک ڕووبدات لەنێوان دوو کەسدا کە لانی کەم باپیرێک (باوانێک)ی هاوبەشیان هەبێت.

واتا ئەم دوو کەسە لە نەوەی یەک خانەوادەبن، وەکو ئامۆزا، خاڵۆزا یاخود پوورزای یەکتری بن. تەنانەت ئەکرێت ئەم پەیوەندییە دوورتریش بێت و کەسەکان خزمی دوورتریش بن وەکو ئامۆزازا (ئامۆزای دووەم) ئەمەش هەر بەهاوسەرگیری نێوان خزمن دادەنرێت.

ئەم دیاردەیە لەنزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی گۆی زەویدا دەبینرێت کە ئەمەش دەکاتە زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ، هەروەها ئەم دیاردەیە زیاتر بەرچاو دەکەوێت لە ناوچەکانی وەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و ڕۆژئاوای ئاسیادا.

بە هەمان شێوە ئەم دیاردەیە لە نێوان کۆچبەرەکانی ئەم وڵاتانەدا دەبینرێت کە لەوڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا دەژین، بەپێی سەرژمێرییەکان دەردەکەوێت کە هاوسەرگیری نێوان خزمان نزیکەی (20_50) لە سەدی سەرجەم هاوسەرگیرییەکان پێکدەهێنن لەم ناوچانەدا.

ئەوەی لێرەدا بەدیدەکرێت ئەوەیە کە لەم هاوسەرگیرییانەدا ڕێژەی دەرکەوتنی نەخۆشییە بۆماوەییەکان لە منداڵەکانی ئەم خێزانانەدا زیاترن لەچاو خێزانەکانی دیکەدا، هەروەها ئەم ڕێژەیە زیاتریش دەبێت هەرچەندە هاوسەرەکان خزمی نزیکتر لە یەکدی بن.

ئەوەی جێی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕێژەی دەرکەوتنی نەخۆشییە بۆماوەییە بەزیوەکان (نەخۆشییەکە کە پێویستی بەدوو دەلیلی نەخۆشییە کە هەیە تا دەربکەوێت) زۆر زیاترن بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە. هەروەها توێژەران ئەمە دەگێڕنەوە بۆ هاوسەرگیری خزمان، چونکە ئەم هاوسەرگیرییە وا دکات کە ئەگەر نەخۆشییەک لە بۆماوەی خانەوادەکەدا هەبێت ئەوا ئەم نەخۆشییە بەردەوام لە نەوەکانیاندا دەربکەوێت چونکە هەردوو هاوسەرەکە دەکرێت هەمان کێشەیان لە جینەکەیاندا هەڵگرتبێت و بەمەش بیگوازنەوە بۆ نەوەکانیان.

بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی دەرکەوتنی نەخۆشییە بۆماوەییەکان لە جیهاندا (2-3) لە سەدە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لەو خێزانانەدا کەخزمی یەکن، بەرزدەبێتەوە بۆ (٥_٦) لە سەد.

بۆ زیاتر تیشک خستنەسەر ئەم کێشەیە، لە ساڵی 2013 دا زانکۆی (عین شمس) هەستا بەئەنجامدانی چەند توێژینەوەیەک.

کە تێیدا ڕێژەی دەرکەوتنی نەخۆشییە بۆماوەییەکان، لەبارچوونی منداڵ وە لەدایکبوونی منداڵ بەمردوویی بەراورد کرا لەنێوان ئەو هاوسەرانەی کە خزمی یەکن و ئەوانەی تریش کە خزمی یەک نین.

لەتوێژینەوەکەدا 10 هەزار هاوسەری تەندروست بەشداربوون کە ئەمانە هەشت هەزارو 109 منداڵی نەخۆشیان هەبوو.

کە لەم خێزانانەدا ٥٤.٤٪ ی خێزانەکان ئەو خێزانانە بوون کە هاوسەرەکان خزمی یەکترن.

لێرەدا توێژەران نەخۆشییەکانیان دابەشکرد بۆ چوار کۆمەڵە:

کۆمەڵەی یەکەم: ئەو نەخۆشییانەی کە پەیوەندییان بە گۆڕانکاری لە ژمارەی کرۆمۆسۆمەکانی خانەدا هەیە، وەکو نەخۆشی داون (مەغۆلی) و چەند نەخۆشییەکی دیکە، کە ئەم کێشانە بەهۆی کەمبوون یاخود زیادبوونی ژمارەی کرۆمۆسۆمەکانی خانەوە ڕوودەدەن، لێرەدا توێژەران بۆیان دەرکەوت کەخزمایەتی هاوسەرەکان هیچ کاریگەرییەکی نییە لەسەر دەرکەوتنی ئەم نەخۆشییانە.

کۆمەڵەی دووەم: نەخۆشییە جینییەکان: لەم جۆرەدا کێشەکان تەنها لە یەک بەشێکی کرۆمۆسۆمێکدان (واتا کێشەکە لەیەک جینی ناو کرۆمۆسۆمەکەدایە، بەڵام ژمارەی کرۆمۆسۆمەکان کێشەیان نییە) کە ئەم نەخۆشییە جینییانەش دەکرێن بە دوو بەشەوە.

-نەخۆش جینیی بەزیو (واتا ئەم کێشەیە لە جینەکانی هەردوو هاوسەرەکەدا هەبووە، ئەمە وای کردووە کە دایک و باوکەکە هەڵگری نەخۆشییەکە بن و بەمەش منداڵەکانیان نەخۆشییەکەیان بۆ گوازراوەتەوە بەشێوەیەکی بۆماوەیی)، نموونەی ئەم جۆرە نەخۆشییە وەکو نەخۆشی تالاسیمیا: هەروەها توێژەران ئەوەیان خستۆتەڕوو کە دەرکەوتنی ئەم جۆرە نەخۆشییانە لەنێو ئەو خێزانانەدا کە هاوسەرەکان خزمی یەکترن 78.8٪ بووە و ئەو خێزنانەش کە خزم نەبوون 21.2٪ بووە.

واتا ئەگەری تووشبوونی منداڵان بەتالسیمیا چوار هێندە زیاد دەکات لەو خێزانانەدا کەهاوسەرەکان خزمی یەکن.

_نەخۆشییە جینییە زاڵەکان(واتا بە بوونی نەخۆشییەکە لەسەر جینەکانی یەکێک لە هاوسەرەکان ئەکرێت منداڵەکانیان تووشی نەخۆشییەک ببن)، وەکو نەخۆشی مارفان: توێژەران لێرەدا بۆیان دەرکەوت کە خزمایەتی هاوسەرەکان کارناکاتە سەر ڕێژەی دەرکەوتنی ئەم جۆرە نەخۆشییانە.

-نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کرۆمۆسۆمی X کە ئەم نەخۆشییانە لە دایکانەوە تەنها دەگوازرێتەوە بۆ کوڕەکانیان، کەڕێژەی ئەم نەخۆشییانەش پەیوەندی نییە بەهاوسەرگیری نێوان خزمانەوە.

کۆمەڵەی سێیەم: نەخۆشییە فرە هۆکارەکان، وەکو بوورانەوە (صرع) و لاوازیی توانای مێشک، کە ئەم نەخۆشییانە کۆمەڵێک هۆکاری جینی و چەندەها فاکتەری ژینگەیی دەبنە هۆکاری ڕوودانیان.

لێرەدا توێژەران بۆیان دەرکەوت کە 69.8٪ی نەخۆشەکان لەو خێزانانەدا بوون کە هاوسەرەکان خزمی یەکتری بوون، و 2.30٪ لەو خێزانانە بوون کە خزمی یەکتری نەبوون.

لێرەشدا دەردەکەوێت کە هاوسەرگیری نێوان خزمان دوو هێندە ئەگەری تووشبوونی منداڵەکانیان بەبوورانەوەو لاوازی توانای مێشک زیاددەکات.

کۆمەڵەی چوارەم: نەخۆشییەکانی سیستەمی بەرگری و نەخۆشی شەلەل دەماغ، کە لێرەدا توێژەران بۆیان دەرکەوت کە جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لە نێوان هاوسەرە خزمەکان و هاوسەرەکانی دیکەدا.

هەروەها لە هەمان توێژینەوەدا ئەوەش دەرکەوتووە کەڕێژەی لەبارچوونی منداڵ لەهاوسەرگیری نێوان خزماندا نزیکەی سێ هێندە زیاترە بە بەراورد بەو هاوسەرانەی کەخزمی یەک نین.

سەبارەت بەنەخۆشییەکانی وەکو بەرزیی پەستانی خوێن و شەکرە و نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە تاکو پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە کە ئەم نەخۆشییانە زیاتر دەربکەون لەو خێزانانەدا کەهاوسەرەکان خزمی یەکن.

لەکۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەهاوسەرگیری نێوان خزمان تەنها دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو مەترسییەکی تەندروستییە بۆ دەرکەوتنی چەندەها نەخۆشیی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار