کۆنگرەی ئەستانە شکستی هێنا

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

سێ وڵاتە ئەستۆگرەکەی پرۆسەی ئاشتی ئەستانە - رووسیا، ئێران، تورکیا - دوای دوو ڕۆژ لە کۆبونەوە شکستیان هێنا لە گەشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرنامەی کاری خولی سێزدەهەمی پرۆسەی ئاشتی سوریادا هەبوو، جگە لە دژایەتیکردنی کورد و گەشتن بە ئاگربەستێک لە ئیدلیب هیچی تری لی سەوز نەبوو. 
لوتکەکە لە نور سوڵتان (ئەستانە)، پایتەختی کازاغستان بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چەند ولاتێکی عەرەبی وەک عێراق و لوبنان و ئەردەن. 
بەپێی راپۆرتێکی شەرقلئەوسەت گفتوگۆکانی لوتکەکە نەگەشتونەتە هیچ رێککەوتنێک  و دەشڵێت «ئەو سێ وڵاتە نەگەشتوون بەو دەرئەنجامەی کە چاوەڕێیان دەکرد.  هەر سێ وڵات ڕاگەیاندنی دروستکردنی  لیژنەیەکیان دواخست  کە ئەرکی نوسینەوەی دەستوری سوریای پێدەدرێت بۆ سەردەمی دوای جەنگی سوریا، لەجیاتی ئەوە ڕێککەوتن دروستکردنی لیژنەکە لە لوتکەی داهاتوودا کە مانگی داهاتوو لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت ڕابگەیەنن».
لایەنەکانی بەشداربووی لوتکەکە هەر ئەجێندایەکیان ڕەتکردەوە کە دژی ئەجێندای ئەوان بێت و وەزارەتی دەرەوی تورکیا بە ئاماژە بۆ کوردانی سوریا رایگەیاند «بەرنامەی جیاواز کە هەڕەشە دروست بکات بۆ یەکگرتوویی و یەکپارچەیی هەرێمیی سوریا لە لوتکەکەدا ڕەتکراوەتەوە».
هەروەها وەزارەتی دەرەوە راشیگەیاند، «لایەنەکان جەختیان لە نارەزایی خۆیان کردوە بۆ هەر هەوڵیک کە بیەوێت واقیعی نوێ دروست بکات لەژێر ناوی جەنگان دژی تیرۆریزم وەکو هەرێمی خۆ بەڕێوبەری».
لەکۆتایی لوتکەکەشدا لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا هەر سێ وڵات رایانگەیاند دژی هەرێمی سەربەخۆن کە لەلایەن سوپای سوریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە دامەزراوە و ئاماژەیان بەوە کرد  کە دەبنە هەڕەشە بۆ وڵاتە درواسێکان، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ تورکیا کە لە ئێستادا لە هەوڵی دوورخستنەوەی کوردایە لە سوریا. 
لەهەمانکاتدا، وڵاتانی بەشداربوو لە پرۆسەی ئاشتی ئەستانە بۆچونیان جیاوازبوو لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی «سۆتچی» کە لە ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٨ ئیمزاکرا لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوتا رووسیەکەی، ڤلادمیر پۆتین. 
بەپێی ڕێککەوتنەکە هەردوولا گەشتنە ئەو دەرئەنجامەی ناوچەیەکی چەک داماڵراو بەقوڵایی ١٥ بۆ ٢٥ کم  دابمەزرێنن لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا واتە ئیدلیب و هەموو توندوتیژییەک تێیدا بوەستێت. لەئێستادا ئیدلیب دواین پیگەیە کە بەدەست ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە ماوە و ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی دەبێتەوە لەلایەن حکومەتی سوریا و فرۆکەی ڕووسییەوە. 
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئەنقەرە ڕازیبوو هەموو چەکدارە میلیشیاکانی ، لەنێویاندا بەرەی ئازادی نەتەوەیی، دووربخاتەوە لە ئیدلیب یان مانەوەیان بەڵام بەبێ چەکی قورس لەبەرامبەر ڕاگرتنی  هێرشە ئاسمانییەکان. بەڵام بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن هەردوولاوە، هێرشە ئاسمانییەکانی حکومەتی سوریا بەهاوکاری رووسیا زیاتربوو.
زیاتر لە ٥٠٠ کەس تەنها لە تەمموزدا کوژراون بەپێی ئاماری ڕێکخراوی چاودێری سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە تێیدا هاتووە ئەم ژمارەیە زۆرترین ڕێژەیە تا ئێستا لەمساڵدا. نزیکەی ٧١٥ هەزار هاوڵاتی لە ئیدلیب ئاوارەبوون لە ٢ی شوبات تا ٢٩ تەمموز کە ٤٤٠ هەزاریان تەنها لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودایە. 
لە لوتکەی ئەستانەدا ئۆپۆزسیۆنی سوریا رازیبوو بە ئاگربەست لەگەل حکومەتی سوریا. ئاگربەستەکە لەنێوان نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا و وڵاتانی ئەستۆگری پرۆسەی ئاشتی ئیمزا کراوە. 
یرژان موکاش، بەڕێوبەری لقی ئاسیا و ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی کازاغستان  هەیینی ڕابردوو ئەوەی راگەیاند کە «بەپێی قسەی بەشداربووانی ڕێککەوتنەکە، ئاگربەستەکە دەستیپێکردووە». 
ڕێکخراوی چاودێری  سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دوای ڕێککەوتنەکە رایگەیاند ئیدلیب «ئارامی» بەخۆیەوە بینیوە  چونکە فڕۆکە جەنگییەکان نەبینراون لە ئاسمانی ئیدلیبدا. 
هەرچەندە بەپێی وتەی وتەبێژێکی بەرەی ئازادی نەتەوەیی کە تورکیا پشتگیری دەکات، ڕایگەیاندووە بەفەرمی هیچیان پێنەوتراوە دەربارەی ئاگربەست. هەروەها دەشڵێت، «نەمانی هێرشی ئاسمانی مانای ئەوە نییە کە ئارامە، لەئێستادا تۆپهاوێژەکانی رژێم بۆمبارانی چەندین ناوچە دەکەن لە پارێزگای حەما و ئیدلیب، نازانم ئەگەر بەمە بوترێت ئاگربەست ئەگەر تەنها هێرشی ئاسمانی نەمابێت». 
لەلایەکی ترەوە نوێنەری حکومەتی سوریا لە لوتکەی ئەستانە ڕایگەیاند سەرکەوتنی ئاگربەستەکە دەکەوێتەوە سەر تورکیا کە چەکی قورس داماڵێت لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و ناوچەی بەربەست دابمەزرێنێت و جێبەجێی بکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ڕێککەوتنی سۆتچی. 
نوێنەری حکومەتی سوریا، بەشار جەعفەری دژی هەبوونی میلیشیای تورکی بوو لە ئیدلیبدا و داوای لە بەشداربوانی کۆڕبەندەکە کرد گوشار بخەنە سەر تورکیا تا ئەوەی ئەرکەکانی لە ڕێککەوتننامەی سۆتچی جێبەجێ بکات و میلیشیاکانی تورکیاشی بەوە تۆمەتبار کرد کە هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانەی بەدەست حکومەتەوەیە «لەو ناوچانەی ئیدلیبەوە کە بەدەست تورکیاوەیە».
هەروەها وتیشی، «هەرچەندە ئێمە ئارامگرین بەڵام ئەمجارە ئارامیەکەمان سنوردار ئەبێت و لەسەر تورکیا ناوەستین  تا پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات». 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار