«برێگزتی بێ ڕێککەوتن»
5 ساڵ لەمەوپێش
ڕاپۆرتی : فاینانشاڵ تایمز
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسن لەساتی دەستبەکاربونییەوە فەرمانی بە هەموو وەزیر و بەرپرسەکانی کابینەکەی کرد بۆ ئامادەکاری تەواوەتی بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا «بەبێ ڕێککەوتنی» برێگزت، ئەمەش مەترسی دروست کردووە بۆ بازاڕی دراو و بازرگانی.
بەڵینەکەی سەرۆک وەزیرانی نوێ بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا بە گەشتن بە ڕێککەوتنێک یان بێ ڕێککەوتن لە ٣١ی تشرینی یەکەم مانای ئەوەیە هەردوولا بەشێوەیەکی مەترسیدار وەستاون لەنزیک لێواری قەدپاڵێکدا، کە ئەمەش بە کەم سەیرکردنی ئەگەری روودانی کورتهێنانی پێداویستی پزیشکی و پەکخستنی گەشتەکان و قەرەباڵغی بێکۆتایی سەرسنوورەکانە.
برێگزت تا چەند ڕۆژێکیش لەمەوبەر چوار ملیار و ٢٠٠ ملیۆن پاوەندی بۆ تەرخانکرابوو بەڵام لە ١ی ئەم مانگەوە حکومەت دوو ملیار و ١٠٠ ملیۆن پاوەندی خستە سەر بودجەکەی. لەلایەکی تریشەوە کۆمسیۆنی ئەوروپا سوورە لەسەر ئەوەی هیچ پلانێکی جێگرەوەی نەبێت لەحاڵەتی دەرچوونی بەریتانیا پێش ٣١ی تشرینی یەکەم.
«بڕێگزت» کورتکراوەی «بریتیش ئێگزت»ە کە بەمانای دەرچوونی گەلی بەریتانی دێت. بڕێگزت ڕیفراندۆمی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦ بوو کاتێک ڕێژەی ١٧ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگ بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا سەرکەوتن بەسەر دەنگی ١٥ ملیۆن و ١٠٠ هەزار هاوڵاتی بەریتانی کە نەیاندەویست وڵاتەکەیان جیاببێتەوە لە یەکێتییەکە. ڕیککەوتنەکە لە ٣١ی تشرینی یەکەم بەسەردەچێت و دەبێت هەردوولا بگەنە ڕێککەوتنی نوێ یاخود ئەو سیناریۆیەی کە ئەگەری روودانی زۆرە، ئەویش دەرچوونە بەبێ ڕێککەوتن. سەرهەڵدانی برێگزیتی هۆی ئەو لێشاوە زۆرەی پەنابەران بوو لەوکاتەدا و گەلی بەریتانی پێیان باشتربوو جووڵەی ئازادی پەنابەران نەهێڵن لە وڵاتەکەیاندا لەسەر حسابی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا.
لەئەگەری دەرچوونی بەریتانیا لە سێ مانگی داهاتوودا، بەرپرسانی ئەوروپی حسابی ئەوە دەکەن دەرچوونی پێش وەختەی «کارەساتباری» بەریتانیا راستەوخۆ لە ١ی تشرینی دووەم دانوستانکارانی وڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ برۆکسل تا بتوانن بەردەوامی دەستەبەر بکەن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
لێرە لە «زە فاینانشاڵ تایمز» گەورەترین کارگەرییەکانی «برێگزیتی بێ ڕێکەوتن» لێک دەدەینەوە و ئەوە دەخەینەڕوو لەکوێدا زەبری دەبێت.
هاتوچۆی زانیاری
قەبارەیەکی زەبەلاحی زانیاری تایبەتی هاوڵاتیانی بەریتانیا و ئەوروپا ڕۆژانە لەلایەن کەرتی بازرگانی و دامەزراوە حکومیەکانەوە دەگوازرێنەوە. لەژێر «برێگزتی بێ ڕێککەوتن» دا یاسایەتی هاتوچۆی ئەم زانیارانە دەچنە ژێر پرسیارەوە و کاریگەری لەسەر چەند کەرتێک دەبێت، لەوانە کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان، تەندروستی یان هەر کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری تر کە لەگەڵ بەکاربەرانی ئەوروپیدا مامەڵە دەکەن.
ئەگەر ئەمە روووبدات هاوڵاتیانی ئەوروپی کە لە بەریتانیا دەژین، یاخود بە پێچەوانەوە، بێبەش دەبن لەو خزمەتگوزاریانەی پێشتر بەهۆی بیمەوە دەستیان دەکەوت. دانیشتوانی ئەوروپی لە بەریتانیا ژمارەیان سێ ملیۆنە و دانیشتوانی بەریتانیش لە وڵاتە ئەوروپییەکان ژمارەیان یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزارە.
پەکخستنی هاتوچۆی زانیاری دەبێتە بەربەستێکی گەورە بۆ ئاڵوگۆڕ و لە خراپترین حاڵەتیشدا دەگونجێت کۆمپانیا بەریتانییەکان ناچار بکات کارەکانیان لە وڵاتە ئەوروپییەکان رابگرن.
هەرچەندە بەپێی یاسایەکی یەکێتی ئەوروپا، ئەو کۆمپانیایانەی ئەوروپی نین دەتوانن بەردەوامبن لە کرداری گواستنەوەی زانیاری بەمەرجێک پابەندبن بە یاسای ئەوروپییەوە کە ڕەنگە ئەمە ببێتە چارەسەرێک بۆ کۆمپانیا بەریتانییەکان.
چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاحی بەریتانی پێشبینی «برێگزتی بێ ڕێککەوتن»یان کردووە بۆیە ڕەنگە هەوڵی ئەوەیان دابێت خۆیان لەژێر ئەو یاسایەدا بهێڵنەوە. بەڵام زۆربەی کۆمپانیا مامناوەند و بچوکەکان زانیاری تەواویان لەسەر ئەوە نییە ئاخۆ «برێگزتی سەخت» مانی چییە و بژاردەکانیان چی دەبێت.
«بڕیگزتی سەخت» وەک «برێگزتی بێ ڕێککەوتن»ە بەڵام جیاوازیەکەی ئەوەیە کە ڕێککەوتنی بازرگانی تێدایە.
لە مەودای درێژخایەندا، بەریتانیا دەیەوێت ڕێککەوتنێک ئیمزا بکات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەسەر هاتوچۆی زانیاری کە ئەمەش وادەکات بەریتانیا بە وڵاتێکی یەکێتییەکە هەژمار بکرێت لەکاتێکدا دەرچووە لێی. ئەم ڕێککەوتنانە لەنێوان یەکیتی ئەوروپا و وڵاتانی تریشدا هەیە بەڵام بەرپرسانی برۆکسڵ ئەوەیان راگەیاندووە ساڵانێکی زۆری پێدەچێت تا بەتەواوی ئەوە بگاتە ئەنجام و کۆتایی پێ بێت.
حوکم: هەردوولا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا، رووبەڕووی زیانی یەکسان دەبنەوە.
گومرگ
بەریتانیا لەژێر «برێگزتی بێ ڕێککەوتن» دەکرێتە دەرەوەی یەکێتی گومرگی ئەوروپی، بەمانای ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە دەبێت فۆرمی گومرگ پربکەنەوە، زانیارینامەی پێچراو لە بەرهەمی خۆراکی بگۆڕن، پشکنینی تەندروستیان پێ بێت بۆ بەرهەمە هەناردەکان کە بەرهەمی ئاژەڵیان تێدایە.
لەئێستادا کۆمپانیا بەریتانیەکان ڕەخنە لە حکومەت دەگرن لەسەر دەستەبەکردنی کەمی زانیاری دەربارەی ئەو بابەتە. بۆ نمونە نازانن چۆن مامەڵە بکەن لەگەڵ گومرگی نوێ و پڕکردنەوەی فۆرمی گومرگی ئەگەر «بڕێگزتی بێ ڕێکەوتن» ڕوویدا یان «بڕێگزتی سەخت».
سام لو، توێژەری سەنتەری چاکسازی ئەوروپی دەڵێت، «کۆمپانیاکان شکستیانخواردووە لە خۆئامادەکردن چونکە پێیانوانەبووە برێگزتی بێ ڕێککەوتن واقیعی بێت، زۆربەی کۆمپانیاکان خۆیان تۆمارنەکردووە لە ڕێنمایی (ژمارەی هەناردەکاران) کە ڕێدەدات هەناردە و هاوردەیان بەردەوام بێت دوای برێگزت.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی بەریتانیا نوسراوی بۆ ١٤٥ هەزار کۆمپانیا کرد کە لە ئەوروپا مامەڵە دەکەن و پێی راگەیاندن خۆیان تۆمار بکەن لە سیستەمێکدا کە پڕکردنەوەی فۆرمی گومرگ ئاسانتر دەکات و باجدانی هاوردەکردن دوادەخات. بەپێی قسەی رۆبیرت هاردی، شارەزای گومرگ لە کۆمپانیای لۆجیستی «ئۆکلاند ئینڤێکتا»، تەنها دە هەزار کۆمپانیا بۆ ئەو سیستەمەی حکومەت ناویان تۆمارکردووە.
گومرگ تێچووی هەناردەی بەرهەمی بەریتانی بەرز دەکاتەوە ئەوەش زیانی دەبێت بۆ هەناردەکاران چونکە کاڵاکانیان لە ئەوروپادا گران دەبێت. هەندێک لەو زیانە بەر پاوەندیش دەکەوێت و بەهای دادەبەزێت. هەروەها گومرگ نرخی هاوردەش بەرز دەکاتەوە بۆ ناو بەریتانیا. یەک لەسەر سێی خواردنی وڵات لە ئەوروپاوە دێت. لەسەدا ٧٤ گومرگ لەسەر جگەرە و لەسەدا ٢٢ لەسەر شەربەت و لەسەدا ١٠ لەسەر ئۆتومبیل هەیە لە ئیستادا. نرخی بەرزتری کاڵای هاوردە هەڵاوسان دروست دەکات و دەبێتە هۆی نزمکردنەوەی ئاستی ستانداردی ژیان بۆ دانیشتوانی بەریتانیا. سنورری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا مانای ئەوەیە دەبێت هەموو هاوردەکان بە گومرگدا تێپەڕببن، ئەمەش دواکەوتن دروست دەکات و دواکەوتنیش کورتهێنانی خۆراک دروست دەکات چونکە لەئێستادا بەهۆی شەپۆلی گەرما و وشکەساڵییەوە بەرهەمهێنانی خۆراکی ناوخۆیی کەمیکردووە لە بەریتانیا.
حوکم: بەریتانیا بەئاستێکی گەورەتر و بەرچاوتر زیانی بەردەکەوێت وەک لە یەکێتی ئەوروپا
گواستنەوە
کەرتی گواستنەوە هیوابەخشترە بەبەراورد بە کەرتەکانی تر چونکە کۆمپانیاکانی گواستنەوە ئامادەکاریان کردووە بۆ سیناریۆی «برێگزتی بێ ڕێککەوتن» تا ئەوەی پەکخستن کەمبکەنەوە.
هێڵی ئاسمانی دەتوانن بەردەوامبن لە کارەکانیان بەڵام وەک جاران مەبەستی بزنس نابێت. کۆمسیۆنی ئەوروپی دوو یاسای تێپەراند کە ڕێدەدات هێڵە ئاسمانییەکان گەشتی خاڵ بۆ خاڵ ئەنجام بدەن لەنێوان بەریتانیا و شارەکانی ئەوروپا، بەمانای ئەوەی ناتوانن لەشارێکی ئەوروپییەوە بۆ شارێکی تری ئەوروپی گەشتیار هەڵگرن و گەشت بکەن بەڵکو تەنها لە بەریتانیاوە بۆ یەک شاری ئەوروپی و پاشان گەڕانەوە بۆ بەریتانیا. ئەم یاسایە تا مارسی ٢٠٢٠ کاری پێدەکرێت کە ڕێچکەیەکی بچوکی هێشتوەتەوە بۆ هەردوولا تا بگەنە ڕێککەوتنێکی درێژتر. کۆمپانیاکانی وەک «ڕیانئێر» و «ئیزیجێت» و «ئای ئەی جی» کە سەر بە کۆمپانیای «بریتیش ئێروەیس»ن دەبێت ڕێنماییەکانی کۆنترۆڵ و خاوەندارێتی یەکێتی ئەوروپیان تیدا بێت بەمانای ئەوەی خاوەندارێتی ئەو کۆمپانیایانە دەبێت زۆرینەی لەلایەن هاوڵاتیانی ئەوروپییەوە بێت.
خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای «گێتلینک یۆرۆ تەنێڵ» بەردەوام دەبێت کە ساڵانە ٢٠ ملیۆن گەشتیار، دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئۆتومبیل، ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار بارهەڵگر دەگوازێتەوە لەنێوان بەریتانیا و ئەوروپادا. هەروەها کۆمپانیای «یۆرۆستار»یش خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەری بەردەوام دەبێت بەوپێیەی لەگەڵ فەرەنسا و بەلجیکا گەشتوەتە ڕێککەوتن تا ئەوەی کێشە و پەکخستن کەمتر ببێتەوە بۆی.
حوکم: هەردوولا رووبەڕووی پەکخستنی کاتی دەبنەوە.
ڕاوەماسی
دوای «برێگزتی بێ ڕێککەوتن» بەریتانیا لە ڕێنماییەکانی یەکێتی ئەوروپا دەردەچێت بۆ راوەماسی ئەمەش مانای ئەوەیە کەشتییە ئەوروپییەکان ناتوانن داخڵی ئاوەکانی بەریتانیا ببن.
لەبەرئەوەی کەشتییە ئەوروپییەکان ماسی زیاتر دەگرن لەو کەشتییە بەریتانیایانەی کە لە ناوچەی خۆیان دەیگرن، بۆیە راوەماسی یەکێکە لەو کەرتانەی کە یەکێتی ئەوروپا تێیدا زیانی بەردەکەوێت لەحاڵەتی «بێ ڕێککەوتن»دا.
یەکێتی ئەوروپا چالاکی کەشتییە ئەوروپییەکان لە ئاوەکانی بەریتانیادا بە ٥٨٥ ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنێت. بەڵام کەرتی هەناردەی خۆراکی دەریایی بەریتانیا ڕووبەرووی دواکەوتن دەبێتەوە لەسەر سنور کە ئەمەش بۆ ئەو جۆرە خۆراکانە ناگونجێت چونکە پشت دەبەستن بە گەیاندنی خێڕا تا ئەوەی بە تازەیی بگەنە دەستی بەکاربەرانی ئەوروپی. زیاتر لە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن پاوەند لە هەناردەی خۆراکی دەریایی بەریتانیا لە بازارەکانی ئەوروپاوە دەستکەوتووە لەساڵی ٢٠١٧دا.
زۆرێک لە راوچییانی بەریتانی هیوای ئەوەیان هەیە کە سوودی زیاتریان پێ بگات ئەگەر بەریتانیا نەهێڵیت کەشتییە ئەوروپیەکان داخڵ ببن بەڵام کەشتییە بەریتانییەکان بەتەنها توانای ئەوەیان نییە دەستبەجێ ئەو هەلە بقۆزنەوە و بۆشاییەکە پڕبکەنەوە.
لەحاڵەتی روودانی ئەم ئەگەرەدا یەکێتی ئەوروپا پلانی ئەوەی هەیە قەرەبووی ڕاوچییە ئەوروپییەکان بکاتەوە، هەروەها راشیگەیاندووە ڕێ بە کەشتییە بەریتانیەکان دەدات داخڵی ئاوی وڵاتانی ئەوروپی ببن ئەگەر بەریتانیاش هەمان کار بکاتەوە بۆ ماسیگرانی ئەوروپی.
حوکم: یەکێتی ئەوروپا زیاتر لەدەست دەدات بەبەراورد بە بەریتانیا.