شۆفێری وەبەرهێنێک هەوڵی رفاندنی کەسێک دەدات بەسەرخۆشی

5 ساڵ لەمەوپێش



‌هاوڵاتى، ماردین نورەدین

پۆلسیی سلێمانی درەنگانی شەوی یەکشەممەی رابردوو پاسەوانی وەبەرهێنێکی بەسەرخۆشی دەستگیرکرد لەکاتی هەوڵدانی بۆ رفاندنی کەسێک لە شەقامێکی سلێمانی، دوای ئەوەی دەمەقاڵە کەوتبۆ نێوانیانەوە بەهۆی شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بەسەر یەکتردا. هەروەها پۆلیسی سلێمانی داوای پاداشتکردنی پێنج لەکارمەندەکانی دەکات کە لەگرتنی رفێنەرەکەدا بریندارببوون.

پاسەوانی وەبەرهێنەکە کەسێکی تری لەگەڵدا بووەو هەردوکیان دەستگیرکراون، کاتێک بەزەبری چەک هەوڵی رفاندنی شۆفیری ئۆتۆمبێلێکی تریان داوە بەهۆی دەمەقاڵەی نێوانیانەوە.
سەرەتا پۆلیس وای زانیوە رفێنەرەکان مافیان و بەپلان هەوڵی رفاندنەکەیان داوە، بەڵام دواتر دەرکەوتوە بەسەرخۆشی ئەو کارەیان کردوە.

هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن دوای رووداوەکە گەشتونەتە شوێنی، ئەوەش لەکاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی یەکشەممە ڕێکەوتی 3/8/2019 کە دوو تۆمەتبار بە  ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاهۆ هەوڵی رفاندنی کەسێکیان دابوو بەسەرخۆشی نەک بەپلان دانان. 

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ‌هاوڵاتى ڕاگەیاند «تۆمەتبارەکان لەگەڵ ڕفێنراوەکە شەڕیان کردوە، هۆکاری شەڕەکەشیان بەهۆی شکانەوەی ئۆتۆمبێل بوە بەسەر یەکدا»
دواتر پۆلیس دەمەقاڵەکەرەکانی  بەبڵندگۆ ئاگادارکردۆتەوە، بەڵام ئەوان هەر نەوەستاون لەشەڕ و دواتر بەدەم لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەوە بۆ چەند شوێنی جیاواز چون و هەر دەمەقاڵەیان بووە.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی کە دواتر مەفرەزەیەکیان لای چێشتخانەی شکار لەنزیک پردی دوڕیانی سەرچنار بازگەیان بۆ سەرخۆشەکە داناوە بۆ ئەوەی ڕایگرن، بەڵام ئەو نەوەستاوە خۆی کێشاوە بەئۆتۆمبێلەکەی پۆلیسداو پێنج پۆلیسی بریندارکرد.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدۆیی کە لەبەردەستی ‌هاوڵاتى-دایە، سەرخۆشەکە کە ئۆتۆمبێلیکی جۆری تاهۆی پێ بووە خۆی دەکێشێت بەئۆتۆمبێلی پۆلیسدا کە لەسەر شەقامەکە راوەستابون بۆ راگرتنی.

جگە لەشۆفێرەکە کەسێکی تری لەگەڵ بووە، دواتر توانراوە بوەستێندرێن و دەستگیربکرێن لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر بەندن.

به‌پێی زانیاریه‌کانی ‌هاوڵاتى ئه‌و دوو تۆمه‌تباره‌ پێشتر چونه‌ته‌ ئه‌زمه‌ڕو به‌سه‌رخۆشی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناوشارو له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلێکدا پێکیانداداوه‌و بۆته‌ شه‌ڕیان و چه‌ند ده‌ستڕێژێکی گولله‌ کراوه‌ به‌ئاسمانداو یه‌کێک له‌تۆمه‌تباره‌کان شۆفێری ئۆتۆمبێله‌کەی تر‌ به‌زه‌برى ده‌مانچه‌ ده‌رفێنێت و دواتر پۆلیس ده‌ستگیریان ده‌کات.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات دوو تۆمەتبارەکە خەڵکی شاری سلێمانین و پیشەیان کاسبکارە»، بەپێی زانیاریەکانی ‌هاوڵاتى یه‌کێک له‌تۆمه‌تباره‌کان شۆفێرو پاسه‌وانی وه‌به‌رهێنه‌رێکی سلێمانیه‌و چه‌ند سکاڵایه‌کی تری له‌سه‌ر بوه‌و له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ داواکراوبوه‌.

سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد لەکاتی دەستگیرکردنیاندا دەستگیراوە بەسەر دەمانچەیەکدا کەتەقەی پێکردوە، دەمانچەکەش دەستی بەسەراگیراوە، وتی «هەردوو تاوانبارەکە بەندن بەبڕیاری دادگا، هاوڵاتیە ڕفێنراوەکەش سکاڵای یاسای لەسەر هەردوو تۆمەتبارەکە بەرزکردۆتەوە».

لەکاتی دەمەقاڵەو گرژیەکەدا ئۆتۆمبێلی پۆلیس هەوڵی دەستگیرکردنی پەلاماردەرەکانی داوە، بەڵام ئەوان بە ئۆتۆمبێلەکەیان کە تاهۆ بووە بەخێرایی هەوڵی هەڵهاتنیان داوە.

دوو مەفرەزەی پۆلیس بەشداری لەدەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا کردوەو ژمارەیان هەشت پۆلیس بوە، کاتێک مەفرەزەی یەکەم لای دوڕیانی سەرچنار بازگەیان بۆ داناون بۆ ئەوەی دەستگیریان بکەن ڕوبەڕوی هێزەکانی پۆلیس بوونەتەوە، لەم بەریەککەوتنەدا پێنج پۆلیس بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

سەرکەوت ئەحمەد وتی «لەئێستادا بارودۆخی تەندوستی هەر پێنج بریندارەکە جێگیرەو ڕەوانەی ماڵەکانی خۆیان کراونەتەوە».

وتيشى کە لەبەرامبەر هەوڵەکانی ئەو پۆلیسانەدا داوایان کردوە پاداشت بکرێن. بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە 6ی ئاب  لەڕێگەی نوسراوێکەوە داوای لەبەڕێوبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ کردوە پلەی ئەو پۆلیسانە بەرز بکرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار