تورکیا ١٤ هەزار چەکداری سووریی ئامادەکردووە بۆ شەڕ لەگەڵ رۆژاڤای کوردستان
ئەمریکا ئاسمانی ناوچەکەی بە دەستەو دژی هێرشی «تاکلایەنە»ی تورکیایە
چەکدارێکی یەپەگە چاودێریی سنور دەکات لە نزیک تورکیا
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
تورکیا زیاتر لە ١٤ هەزار چەکداری سووری ئامدەکردوە بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کورستان لە سنورەکانی خۆی و هەروەها لەناوخۆی سوریاشەوە، بەڵام بەرپرسانی کورد دەڵێن لە ئامادەباشیدان بۆ روبەرووبوونەوەی ئەو هێرشانە.
لەگەڵ ئەوەی تورکیا سوورە لەسەر ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کانتۆنە کوردییەکان، بەڵام رۆژاڤای کوردستان بەڵێنی بەرگریی دەدات و داوا لە کۆمەلگەی نێودەولەتی دەکات بێدەنگ نەبن. ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمریکا ئاسمانی ناوچەکەی بەدەستەو دژی هێرشی «تاکلایەنە»ی تورکیایە بۆسەر ناوچەکە.
رائد یوسف حەمود وتەبێژی گروپی (سوپای نیشتیمانی سووریی) کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات رایگەیاند ١٤ هەزار چەکداریان ئامادەکردوە لەگەڵ تورکیادا شەڕی رۆژئاوای فورات بکەن دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە زۆرینەی کوردن.
وتەبێژی گروپەکە کاتی شەڕەکەی دەستنیشان نەکرد، بەڵام بەپێی چەند سەرچاوەیەکی تری ناو گروپە چەکدارە نەیارەکانی حکومەتی سوریا کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات بریارە ئەو هیزەکانی لەگەڵ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی تورکیا لەسەر سنوور بەشداری بکەن و هەندێکلیان لەناوخۆی سوریاوە بەشداری شەڕ دەکەن و هەندێک لە تورکیاوە داخل دەبن.
لەگەڵ هەڕەشەکانی تورکیادا رۆژئاواى کوردستان خۆى ئادەکردوە بۆ شەڕى پاراستنى ئەزمونە خۆبەڕێوەبەرییەکەى کە سەرنجی وڵاتانی رۆژئاوای بۆ خۆی راکیشاوە. ئەوان لەساڵى ٢٠١١ و دواى سەرهەڵدانى شەڕى ناوخۆى سوریا ئەزمونەکەیان بنیاتناوە.
ئەو ئیدارەیە کە لەلایەن هێزەکانى سوریاى دیموکراتەوە دەپارێزرێت و خاوەنى یاساى تایبەتى خۆیەتى، پێکهاتووە لەناوچەکانى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا کە روبەرەکەى سێ یەکى روبەرى سوریایە و گەورەترین ناوچەى دەرەوەى ژێر دەسەڵاتى بەشار ئەسەدە.
لەو ناوچانە کورد و عەرەب و سریان و ئێزیدى و تورکمان ئەرمەن و شەرکەسى تیدا دەژین.
مەبەست لە ئیدارەى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا هەرێمەکانى جەزیرە و فوراتە، هەرێمى جەزیرە لە کانتۆنەکانى قامیشلۆ و حەسەکە پێکهاتووە، هەرێمیشى فوراتیش لە کانتۆنەکانى کۆبانى و گرێ سپى پێکهاتووە.
ئەو ناوچە سنورییانەشى کە کەوتونەتە سەر سنوورى سوریا، پێکهاتوون لە کۆبانێ و گرێ سپى و سەرى کانێ و درباسیە و عامودا و قامیشلۆ و ترپەسپى و دیرک.
ئێستا ئەو ئیدارەیە لەبەردەم لەشکرکێشییەکى چاوەڕوانکراوى تورکیادایە، کە بە پاساوى دروستکردنى «ناوچەى ئارام و رێڕەوى ئاشتى» بەنیازە بیکاتە سەر ئەو ناوچانە.
تورکیا داواى دروستکردنى ناوچەیەکى ئارام دەکات لە باکورو رۆژهەڵاتى سوریا بەدرێژایی 32 کیلۆمەتر، هەمان روبەرى ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان، کوردەکانیش بەتوندى ئەوە رەتدەکەنەوە و لەگەڵ دروستکردنى ناوچەیەکدان بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر.
ئامینە عومەر هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات بە هاوڵاتى راگەیاند «ناوچەکەمان ئارامە و پێویستیمان بە دروستکردنى ناوچەى ئارام نییە، بەڵام لایەنى تورکى سورە لەسەر دروستکردنى ناوچەى ئارام بە قوڵایی 32 کیلۆمەتر بەشێوەیەک کە لەژێر کۆنتڕۆڵى خۆیدا بێت و لەلایەن ئەو هێزانەوە بەرێوەببرێت کەسەر بە ئەو وڵاتەن».
تورکیا تا ئێستا چەنیدن جار هەڕەشەى هێرشکردنە سەر رۆژئاواى کوردستانى کردووە، بەتایبەتى دواى بڕیارە کتوپڕەکەى دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی ساڵى رابردوودا بۆ کشانەوەى هێزەکانى لە سوریا، ئەوەش ترسی کوردەکانى لە هێرشى بەرفراوانى تورکیا زیاتر کرد.
بەڵام واشنتۆن جەخت لە پێویستى پاراستنى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) دەکاتەوە کە بەشدارى کاراى هەبووە لەشەڕى دژى داعشدا، لەکاتێکدا ئەنقەرە بەتوندى دژایەتى دەکات و دەڵێت پەیوەندى بەهێزیان لەگەڵ پەکەکە هەیە، بەڵام ئەوان بوونى هەرجۆرە پەیوەندییەک رەتدەکەنەوە.
2019 مارک ئیسپهر، وهزیرى بهرگرى ئهمریکا لهکاتى گهشتکردنى بهرهو ژاپۆن دوێنێ سێشەممە رایگهیاند، «ئێمه بڕوامانوایه ههر کردهیهکى تاکلایهنانه لهلایهن تورکیاوه قبوڵکراو نییه، ئهوهى ئێمه نیازمانه بیکهین ڕاگرتنى هێرشى تاکلایهنانهیه که دهبێته مهترسى بۆ بهرژهوهندى هاوبهش، ئهو بهرژهوهندییانهى ئهمریکا و تورکیا و سوپاى سوریاى دیموکرات هاوبهشن تێیدا له باکورى سوریا».
ههروهها ئیسپهر ئاماژهشى بهوهدا که ئهمریکا هیچ نیازێکى نییه سوپاى سوریاى دیموکرات فهرامۆش بکات بهڵام له ئهگهرى ئۆپهراسیۆنى ئهنقهرهدا گرهنتى پارێزگاریکردنیان ناکات.
ماوهى چوار مانگه تورکیا لهههوڵدایه بۆ دروستکردنى ناوچهیهکى ئارام به درێژایى ٣٠ کم له ناوچهکهدا که مهبهست لێى دهرکردنى هێزهکانى یهپهگهیه بهڵام ههڵمهتهکهى سهرینهگرتووه بههۆى ناڕازیبوونى واشنتۆنهوه.
لهئێستادا نوێنهرانى ههردوولا له ئهنقهره له کۆبونهوهدان بۆ تاوتوێکردنى بابهتهکه و مارک ئیسپهر هیواى خواست که بگهنه ڕێککهوتنێک.
مارک ئیسپهر ئهوهشى خستهڕوو که ئۆپهراسیۆنى تورکیا بۆ سهر ناوچهکه کاریگهرى دهبێت لهسهر تواناى سوپاى سوریاى دیموکرات بۆ کۆنترۆڵکردنى ئهو 10 ههزار دیله داعشهى که دهستبهسهرن لایان.
بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو تا ئێستاش ئەمریکا کە رابەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی داعش دەکات، هەماهەنگی سەربازی بەردەوامی هەبووە لەگەڵ هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە پشتیوانی ئەمریکا ئەو هێزانە سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەستی داعشیان لە سوریا کۆنترۆڵکردەوە.
دوایین پێگەی رێکخراوی داعش لە باغۆزی سوریا بوو، کە هەسەدە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا و بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا توانیان کۆنتڕۆڵی بکەنەوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە تێکەڵەیەکە لە هێزی کوردی و عەرەب و سریانی ساڵی ٢٠١٥ دامەزرێنرا، بەمەبەستی پاراستنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.
ئامینە عومەر باسى لەوەکرد، رۆڵەکانى باکور و رۆژهەلاتى سوریا بەرەنگارى تیرۆر بوونەوە و قوربانییەکى زۆریان داوە، زیاتر لە هەزار کەس شەهیدبوون و 23 هەزار کەسیش بریندار و کەمئەندام بوون، لەپێناو ئازادکردنى ئەم ناوچانە و گەڕانەوەى ئاسایش و سەقامگیرییدا.
وتیشى «داواکەى تورکیا بۆ دامەزراندنى ناوچەى ئارام بۆ داگیرکردنى ناوچەکانى باکور و رۆژهەلاتى سوریا و کۆتایی هێنانە بە پڕۆژەى ئەزمونى خۆبەڕێوەبەرى و لەباربردنى پێکەوەژیانى پێکهاتەکان و لێدان لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە».
ئامینە عومەر جەختیکردەوە، داواکەى تورکیا لەهەموو روویەکەوە جیاوازە لە داواکەى ئەوان، کە داواى دروستکردنى ناوچەیەکى ئارام دەکەن بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر کە لەلایەن هێزە ناوخۆییەکانەوە و لەژێر سەرپەرشتى هێزە نێودەوڵەتییەکاندا بپارێزرێت.
تورکیا بە ئیدارەى خۆبەڕێوەبەریى رۆژئاواى کوردستان رازى نییە، دەترسێت لەسەر سنورەکانى لەگەڵ سوریا ناوچەیەکى خاوەن ئۆتۆنۆمى دروستبێت کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەببرێت، بەتایبەتى کە دواى سەرهەڵدانى شەڕى ناوخۆى سوریا توانیان ببنە خاوەنى هێزى سەربازى و ئەمنى و دامەزراوەى گشتى و قوتابخانەیان دامەزراند کە بەزمانى کوردى تێیدا دەخوێنن.
بەرپرسانى رۆژئاواى کوردستان تا ئێستا چەندین جار داوایان لە تورکیا کردووە کە بەڕێگەى گفتوگۆ ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بەڵام تورکیا وەڵامى داواکانى نەداونەتەوە.
هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات وتى «رێگەچارەى گفتوگۆ بە باش دەزانین بۆ چارەسەرى سەرجەم کێشەکان، ئەوەش باشترین رێگەیە، لەجیاتى پەنابردن بۆ زمانى هەڕەشە و شەڕ، کە جگە لە ماڵوێرانى و ناسەقامگیریی هیچى ترى لێناکەوێتەوە»
لەشکرکێشییە چاوەڕوانکراوەکەى تورکیا، دواى سێ ساڵ دێت لە لەشکرکێشى بۆ سەر کانتۆنى عەفرینى رۆژئاواى کوردستان لەساڵى 2016دا کە دواى بەرگرییەکى سەخت توانیان دەستبەسەر ئەو کانتۆنەدا بگرن و یەپەگە لەو ناوچەیە دەربکەن.
بەڵام پێناچێت ناوچەکانى دیکەى رۆژئاواى کوردستان وەک عەفرین ئامانجێکى ئاسان بێت بۆ تورکیا، بەو پێیەى هێزى هاوپەیمانان لەو ناوچانە جێگیرن و هەسەدەش شەڕى مان و نەمان دەکات.
ئاڵدار خەلیل ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەرى تەڤدەم بە میدیاکانى رۆژئاواى کوردستانى راگەیاندووە، دۆخى ناوچەکانى دیکە وەکو عەفرین نییە، ئاسمانى ئەو ناوچانە بەدەست ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکانەوەیە، ئەگەر ئەوان ئاسمان بۆ ئەنقەرە بکەنەوە، دۆخێکى زۆر جیاواز دێتە کایەوە.
جەختیشیکردووەتەوە، ئەگەر ئەوە رووبدات پێویستە ئەمریکاش ئەو ناوچەیە چۆڵ بکات و چیتر فڕۆکەکانى لەو ناوچانەوە هەڵنەفڕێنێت.