به‌باشى ده‌زانین کۆبوونه‌وه له‌نێوان عه‌لى باپیر‌و مه‌سعود بارزانى ئەنجام بدرێت
عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى کوردستان بۆ هاوڵاتى:
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: ئارا ئیبراهیم
عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند، به باشى ده‌زانین کۆبونه‌وه له‌نێوان مامۆستا عه‌لى باپیر و مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى ئەنجام بدرێت، به‌ڵام له‌ئێستادا هیچ به‌رنامه‌یه‌ک نییه بۆ ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه.
عه‌بدولستار مه‌جید له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى باس له‌وه‌ده‌کات، گفتوگۆى سه‌ره‌تاییان له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له لایه‌نه‌کانى ئۆپۆزسیۆن کردووه بۆ ئه‌وه‌ى چوارچێوه‌ى هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه‌و له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پره‌نسیب رێکبکه‌ون.
هاوڵاتى: وه‌ک لایه‌نێکى ئۆپۆزسیۆن چ ئه‌وله‌ویه‌تێک به گرنگ ده‌زانن که حکومه‌ت ئیشى له‌سه‌ر بکات؟
عه‌بدولستار مه‌جید: ئه‌وه‌ى به‌لاى ئێمه‌وه گرنگ و جێى بایه‌خ بوبێت بریتیه له‌وه‌ى هاوڵاتى هه‌قى خزمه‌تکردنى هه‌یه، واته ئامانج به‌خته‌وه‌رى و خۆشگوزه‌رانى و چاککردنى ژیانى هاوڵاتى بێت، چه‌مکى هاوڵاتى قورسایى و سه‌نگى خۆى پێبدرێت له کۆمه‌ڵگاى کورده‌وارى خۆماندا که تائێستا پێموایه هاوڵاتیبون ده‌ورى نه‌بووه له ته‌ماشاکردن و تێڕوانینى حکومه‌ت و دامه‌زراوه فه‌رمیه‌کانى، چونکه که باسى هه‌ڵبژاردن و حکومه‌ت ده‌که‌ین ده‌ڵێین هى خه‌ڵکه، بۆیه هه‌ر که بینیت ده‌سه‌ڵاتى په‌یداکرد، به‌شى زۆرى، نه خه‌ڵکى له‌بیره و نه ئاگاى له‌خه‌ڵکه و نه خه‌مى خهڵکیهتى، برسی بێت، هه‌ژار بێت، بمرێت، بکوژرێت، به‌لایه‌وه گرنگ نیه، بۆیه به‌ڕاستى ئه‌وه به‌لاى ئێمه‌وه گرنگه، وهبهناو دامه‌زراوه فه‌رمیه‌کانى هه‌مانن بیانکه‌ین به دامه‌زراوه‌ى نیشتیمانى، خه‌ڵک و په‌رله‌مان بتوانن ده‌ورى خۆیان ببین، حکومه‌ت ئه‌رکى ئه‌وه‌یه خزمه‌تى هاوڵاتى بکات، په‌رله‌مان موئهسهسهیهکى ته‌شریعى بێت، بتوانێت له قازانجى خه‌ڵک یاسا ده‌ربکات و بڕیار ده‌ربکات، چاودێرى حکومه‌ت بکات و بودجه شه‌فاف بکات.
هاوڵاتى: ئێستا حکومه‌ت ته‌شکیل کراوه، ئێوه پلانێکتان هه‌یه بۆ چاودێرى کردنى کاره‌کانى حکومه‌ت؟
عه‌بدولستار مه‌جید: ئێمه به سێ شێواز ده‌توانین چاودێرى کاره‌کانى حکومه‌ت بکه‌ین، یه‌که‌م له‌لایه‌ن ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى که به‌سه‌ر لیژنه‌کاندا دابه‌ش بون، که ئێمه حه‌وت په‌رله‌مانتارین، ده‌توانین له 14لیژنه هه‌بین، له‌ڕێگه‌ى هه‌ر ئه‌ندامێکه‌وه که له لیژنه‌یه‌کدا هه‌یه، هه‌وڵده‌ده‌ین چاودێرى کاره‌کانى حکومه‌ت بکه‌ین، له‌و سێکتهرهى که ئهندامهکى ئێمه‌ى تێدایه.
دووه‌م ئێمه ڕاسته‌وخۆ وه‌ک فراکسیۆن یه‌کێک له ئه‌رکه گرنگه‌که‌مان چاودێریکردنى حکومه‌ته، ده‌رباره‌ى ئه‌رکه سه‌ره‌کیه‌کانى حکومه‌ت، بۆیه ئێمه پێمان وابوو ئه‌و بهرنامهیەى حکومه‌ت ته‌نیا خوێندنه‌وه نه‌بێت به‌ڵکو بڕگه بڕگه، وه‌ک چۆن یاسا ده‌رده‌کرێت، تاوتوێ بکرایه، بۆئه‌وه‌ى که حکومه‌ت مولزه‌م بێت به جێبه‌جێکردنى ئه‌و به‌رنامانه‌وه.
سێیه‌م رێگا بۆ چاودێرى کردنى حکومه‌ت، داواکارى و کێشه‌کانى هاوڵاتیانه، له‌و ڕووه‌شه‌وه چاودێرى حکومه‌ت ده‌که‌ین.
هاوڵاتى: لایه‌نه‌کانى ئۆپۆزسیۆن خاوه‌نى 21 کورسین، ئه‌گه‌ر پێکه‌وه بن رۆڵتان زیاتر نابێت وه‌ک له‌وه‌ى ده‌نگ و ره‌نگى جیاوازبن؟
عه‌بدولستار مه‌جید: ئێمه وه‌کو فراکسیۆن له‌نێو خۆماندا قسه‌مان کردووه، گفتوگۆى سه‌ره‌تایمان له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له لایه‌نه‌کانى ئۆپۆزسیۆن کردووه بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه هه‌وڵ بده‌ین بۆ له‌مه‌ودوا پێویستمان به‌وه ده‌بێت چوارچێوه‌ى هاوبه‌ش بدۆزینه‌وه‌و له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پره‌نسیب رێکبکه‌وین وه‌کو لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌کان ئامانجى هاوبه‌ش دیارى بکه‌ین، هه‌نگاوى بۆ بنێین، چونکه چوارچێوه‌ى هاوبه‌شى ئۆپۆزسیۆن خواستى خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ره پێگه‌ى ئۆپۆزسیۆن به‌هێزتر بێت.، 21 کورسى بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک هێزى ده‌بێت و ده‌توانێت شه‌قام بکاته پاڵپشت و پشگیرى خۆى.
هاوڵاتى: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ى نوێ باشتره یان یه‌کگرتوو؟
عه‌بدولستار مه‌جید: مێژوویه‌کى دورودرێژمان له‌گه‌ڵ یه‌کگرتوو هه‌یه به حوکمى ئه‌وه‌ى له‌رابردوو په‌یوه‌ندیمان باش بووه، له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ى نوێ په‌یوه‌ندى باشمان هه‌یه، ئێمه له‌گه‌ڵیاندا کۆبوینه‌ته‌وه هه‌ندێک گرفتیان هه‌بووه‌و پێمانوتون لێنه‌گه‌رێن هیچ که‌سێک درز بخاته نێوانتانه‌وه، له‌کۆتایدا له‌سه‌ر لیستى نه‌وه‌ى نوێ بونه‌ته په‌رله‌مانتار، هیواخوازین هه‌ر پێکه‌وه‌بن، دواجار ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه کارى فه‌رمى ده‌که‌ین که نوێنه‌رایه‌تى نه‌وه‌ى نوێ ده‌که‌ن و هیوادارین هه‌ردوولایان بگه‌نه ئه‌نجامى باش.
هاوڵاتى: حکومه‌تى هه‌رێم به‌رنامه‌ى هه‌یه بۆ رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق، رۆڵى په‌رله‌مان له‌م پرسه‌دا چیه؟
عه‌بدولستار مه‌جید: به‌پێى په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ده‌ڵێت، په‌رله‌مانى کوردستان دامه‌زراوه‌یه‌کى گه‌وره‌یه بۆ یاسادانان و مه‌رجه‌عى سیاسى کوردستانه، ئه‌و گفتوگۆیانه‌ش ده‌چنه بوارى سیاسى، ده‌بێت په‌رله‌مان ئه‌و رێکه‌وتنه په‌سه‌ند بکات که‌له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراقى له ئاینده ده‌کرێت و چاودێریشى ده‌که‌ین، ئومێد ده‌که‌ین وهفدى حکومه‌تى هه‌رێم شتێک نه‌کات له‌گه‌ڵ به‌غدا که دوایى نه‌توانێت جێبه‌جێی بکات.
بێگومان پێویسته په‌رله‌مانى کوردستان سه‌رۆکى حکومه‌ت و وه‌زیره په‌یوه‌ندیداره‌کان بانگێشت بکات بۆ روونکردنه‌وه‌ى ته‌واو له‌سه‌ر هه‌ر رێکه‌وتنێک که حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجامى ده‌دات تا دواتر هاوڵاتیانى هه‌رێم باجه‌که‌ى نه‌ده‌ن.
هاوڵاتى: ئایا ئیسلامییه‌کان شکستیان هێناوه له‌پرۆسه‌ى سیاسى، پاشگرى ئیسلامى ده‌نگه‌کانى کهمکردونهتهوه یان کێشه‌ى ناو حزبهکانتانه؟
عه‌بدولستار مه‌جید: پاشگرى ئیسلامى نه‌بووه‌ته هۆى که‌مکردنه‌وه‌ى ده‌نگى ئیسلامییه‌کان، ئه‌وه په‌یوه‌ندى به هه‌ڵوێست و سیاسه‌ت و راشکاوى و جورئه‌ته‌وه هه‌یه، به سته‌مکار بڵێت سته‌مکارو به گه‌نده‌ڵ بڵێت گه‌نده‌ڵ و به دز بڵێت دز ئێمه نه‌توانین پێشى لێبگرین و باسى بکه‌ین ئیتر خه‌ڵکێک متمانه‌ى نامێنێت.
پاشان ئه‌و ته‌زویره بهلێشاوهى کراوه که باڵانسى ده‌سه‌ڵات به‌رزبۆته‌وه‌و کورسى لایه‌نه ئیسلامیه‌کان هاتۆته خواره‌وه، چونکه لایه‌نى ده‌سه‌ڵات ده‌نگه‌کانى خۆیان زیاد کرد ئه‌مه‌ش رێژه‌ى کورسیه‌کانى ئیسلامییه‌کان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیشى که‌مکرده‌وه.
هه‌روه‌ها ئه‌و خه‌ڵکه نارازیانهى هه‌بووه هى لایه‌نى گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو بووه و ده‌نگیان نه‌داو به‌شدارى هه‌ڵبژاردنیان نه‌کرد که رێژه‌ى ده‌نگدان نهگەشته له‌سه‌دا په‌نجا، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى به‌وه هه‌بووه خه‌ڵکێک لێمان نیگه‌ران بووه‌و شێوازى کارکردن کاریگه‌رى خۆى هه‌بووه
هاوڵاتى: کاتى ئه‌وه نه‌هاتووه له‌په‌رله‌مانه‌وه به‌بریارێک رێگرى له ئۆپه‌راسیۆنى تورکیا بۆ ناو هه‌رێم بهێنن؟
عه‌بدولستار مه‌جید: ئه‌وه زیاتر په‌یوه‌ندى به حکومه‌ته‌وه هه‌یه، به پله‌ى یه‌ک سنوره‌کانى هه‌رێمى کوردستان بپارێزێت و ئه‌وانه‌ى له‌م وڵاته ده‌ژین پارێزگاریان لێ بکات، لایه‌نێکى ده‌سه‌ڵات هه‌ست ده‌که‌ى په‌یوه‌ندیه‌کانى خراپه له‌گه‌ڵ په‌که‌که، جۆرێک له په‌یوه‌ندى و پشتگیرى له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه ئه‌گه‌ر رێکه‌وتنى نوسراوى نه‌بێت زمنى هه‌یه، ئه‌وه‌ى دیکه له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌تى، ئه‌م جۆره دابه‌شبونه هه‌رێمایه‌تیه زیانى زۆرى به ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى هاوڵاتیان گه‌یاندووه واشى کردووه چ ئێران یا تورکیا هاوڵاتى ئێمه بکوژێت به‌بیانوى په‌که‌که یا دیموکرات و پژاک، زه‌ره‌رى له‌هاوڵاتیان و کشتوکاڵ و گه‌شتوگوزارى هه‌رێم داوه، پێویسته پارتى و یه‌کێتى رێک بکه‌ون چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م روداوانه بکه‌ن، بۆ په‌که‌که‌ش و گروپه‌کانى پژاک و دیموکرات و ئه‌وانى دیکه‌ش گرنگه چه‌نده ئێران و تورکیا بێنه پێشه‌وه به گفتوگۆى سیاسى و دبلۆماسى مامه‌ڵه بکه‌ن و خزمه‌ت به خه‌ڵک و وڵاتى خۆیان بکه‌ن، ئێمه‌ش به په‌رله‌مان و حکومه‌ته‌وه هاوکارو پشتیوانى ئاشتى بکه‌ین.
هاوڵاتى: په‌یوه‌ندییه‌کانتان له‌گه‌ڵ پارتى چۆنه؟
عه‌بدوستار مه‌جید: پێش پێکهێنانى حکومه‌ت سێ کۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ براده‌رانى پارتى ئه‌نجامداوه‌و کۆک بووین که په‌یوه‌ندى باشمان هه‌بێت، ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان پێ باشه، له‌مه‌ودوا چاو به په‌یوه‌ندییه‌کان دهخشێنیینهوه له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان و پارتیش باشترى بکه‌ین.
هاوڵاتى: لاتان گرنگه کۆبونه‌وه‌ى عه‌لى باپیر‌و مه‌سعود بارزانى وه‌ک دوو سه‌رۆکى حزب ئه‌نجام بدرێت؟
عه‌بدوستار مه‌جید: ئێمه به باشى ده‌زانین کۆبونه‌وه له‌نێوان مامۆستا عه‌لى باپیر و کاک مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان هه‌بێت، له‌ئێستادا به‌رنامه‌یه‌ک نییه، به‌ڵام زۆر به‌شتێکى باشى ده‌زانین ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه به‌رنامه‌ى بۆ دابنرێت و ئه‌نجام بدرێت.
هاوڵاتى: پێشتر باسى رێکه‌وتنێک له‌نێوان ئێوه‌و یه‌کێتى کراوه، ئه‌وه به‌چى گه‌شتووه؟
عه‌بدوستار مه‌جید: پێشنیارى یه‌کێتى بوو ئه‌م قسه‌یه‌یان لاى ئێمه کرد، ئێمه وتمان ورده ورده په‌یوه‌ندییه‌کان باشتر بکه‌ین، یه‌کێتى ئاماده‌ییان پیشاندا تا رێکه‌وتنى ستراتیژى نێوان هه‌ردوولامان هه‌نگاو بنێین، جارێ هیچ دهستیپێنهکردووهو زۆرمان پێ باشه و له‌گه‌ڵ ئه‌وان و پارتى و لایه‌نه‌کان گفتوگۆ‌و رێکه‌وتنمان هه‌بێت.