بیری توندڕەوی ڕەگ دادەکوتێت لەکەمپە قەرەباڵغەکانی سوریادا
بەرپرسێکی هاوپەیمانان دەڵێت نەوەی داهاتووی داعش بۆمبێکی چێنراون دوای ئەوەی لەناو کەمپێکدا ئاڵای داعشیان هەڵکرد
5 ساڵ لەمەوپێش
ڕاپۆرت: فۆرن پۆلیسی
وەرگێڕان: کاکەلاو عەبدوڵا
لەڕۆژێکی گەرمی ناوەڕاستی تەمموزدا، ئاڵا ڕەشەکەی داعش لەکەمپی ئاوارەکانی ئەلهول هەڵدرا کەدەکەوێتە باکوری ڕۆژهەلاتی سوریا. لەچەند ڤیدیۆیەکدا کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبونەوە، ژن و منداڵ دەبینرێن کە هاوار دەکەن و خۆشی دەردەبڕن بۆ ئاڵا شەکاوەکەی نێو کەمپەکە، ئەو کەمپەی ٧٠ هەزار ئاوارەی ناوخۆیی لەخۆگرتووە بەهۆی جەنگە ناوخۆییە وێرانکەرەکەی سوریاوە.
ئەم جۆرە پەرەسەندنانە ئەلێکس گرینکویچ، جێگری فەرماندەی سوپای هاوپەیمانی بۆ تێکشکانی داعشی نیگەرانکردووە.
«مەترسی راستەقینە نەوەی داهاتووی داعشە کە لێرەدا، لەم کەمپانەدا بەرنامەڕێژ دەکرێن، من ئەمە بەمەترسییەکی دڕێژخایەنی ستراتیجی دەبینم بۆ تێکرای کەمپینە جیهانییەکەی دژی داعش»، ئەمە وتەی ئەلێکس گرینکویچە لە دوایین چاوپێکەوتنیدا.
لەسەرتاسەری ناوچەکەدا، کەزۆربەی لەلایەن هێزی هاوپەیمانی بەسەرکردایەتی ئەمریکا کۆنترۆڵ کراوە لەگەڵ هاوکارەکەی، سوپای سوریای دیموکرات، نزیکەی ١٣٠ هەزار ژن و منداڵ لەکەمپە پانەبەرییە قەرەباڵغەکاندا دەژین وەک کەمپی ئەلهول. لەکاتێکدا زۆربەی تەرکیزەکان لەسەر قەیرانی مرۆیین، بەڵام سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا، لەوانە گرینکویچ قەیرانی ئایدۆلۆژیش دەبینن چونکە کەمپەکان بوونەتە جێگەی گەشەی بیری توندڕەویی تەنانەت لەکاتێکدا کە هێزەکانی ئەمریکا پلانی کشانەوەیان دادەنێنن.
لەوکاتەوەی دوایین پێگەی داعش لە مارسی ئەمساڵدا ئازادکرا، کەشارۆچکەی باغۆز بوو، ڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریادا خراوتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی هەموو هێزەکانیان بکشێنێتەوە جگە لەچەند سەد سەربازیک نەبێت، هەرچەندە تائێستا کاتێکی دیاریکراو دانەنراوە بۆ کشانەوەکە. شارەزایان دەڵێن هەبوونی ئەمریکا پێویستە نەک هەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی داعش نەگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ ناوبژیکردنی ئەو ئاشتییە لەقەی هەیە لەنێوان سوپای سوریای ئازادو حکومەتی سوریادا، هەروەها لەگەڵ تورکیاشدا کە ئەنقەرە سوپای سوریای دیموکرات بەهەڕەشەیەکی دیار دەبینێت.
بەڵام لە بەجێهیشتنی پێشوەختەی سوریا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی دەشۆرێت لەقەیرانێکی ئەمنی گەشەسەندوو: هەزارەها شەڕکەری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان کە لەسەرتاسەری کەمپەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەژین، لەگەڵ ئەگەرێکی کەم بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی.
هێزی هاوپەیمانی بەفەرمی هیچ دەسەڵاتێکی لەو کەمپە ئاوارە ناوخۆییانەدا نییە کە لەلایەن ڕێکخراوی ناحکومی بەڕێوەدەبرێن و چاودێری و پاسەوانیکردنیشیان لەلایەن سوپای سوریای دیموکراتەوە ئەنجام دەدرێت. بەڵام گرینکویچ پەرۆش و نیگەرانە سەبارەت بەکۆمەڵیک شەڕکەری ئافرەتی داعش کەپێیوایە هەوڵدەدەن مێشکی دانیشتوانەکانی تر بشۆنەوە و نەوەیەکی نوێی توندڕەو دروست بکەن. سوپای سوریای دیموکرات بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆمەڵەیە پیاوەکانی ناردووە بۆ زیندان، لەکاتێکدا ئافرەتەکان و منداڵەکان- ئەوانەی وا هەژمارکراون شەڕکەر نین- نێردراون بۆ کەمپی ئاوارەکان وەک کەمپی ئەلهول.
بەڵام لەڕاستیدا هەندێک لەو ژنانەی نێردراون بۆ ئەلهول شەڕیان بۆ داعش کردووەو ئامادەیی ئەوان لەو کەمپەدا دانیشتوانە میانڕەوەکە دەخاتە بەردەم مەترسی تووندڕەویبوونەوە، بەپێی بۆچوونی گرینکویچ.
گرینکویچ دەڵێت، «لەئێستادا، بەشێکی ئەلهول هەیە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو کەسانەی تێدایە کە من پێیان دەلێم هەڵگرانی سەرسەختی ئایدۆلۆژیای داعش کە واڕێکەوتووە ئافرەت بن و منداڵەکانیان لەگەڵ بێت،» کە بەخەمڵاندنی فەرماندەکەی ئەمریکا نزیکەی ٢٠ هەزار گومانلێکراوی «سەرسەختی داعش» بونیان هەیە لە کەمپەکەدا.
بەگوێرەی وتەی گرینکویچ، ئەلهول گەورەترین کەمپەو شوێنی گوزەرانی ٥٠ هەزار منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵە. ژمارەی کەمپەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد دوای ئەوەی ئەمساڵ هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا دوایین ناوچەکانی سوریایان ئازادکرد لەژێر دەستی داعشدا.
بارودۆخەکان لە کەمپەکەدا «بەربڵاوو لەبارن» بۆ بیری توندڕەوی تا پێگەی خۆی قایم بکات، مێلیسا داڵتن وا دەڵێت کە توێژەرە لە سەنتەری توێژینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی.
داڵتن دەشڵێت، «پێموایە ئەگەری ئەوە هەیە ئاسەواری خراپی ئەمنی و مرۆیی بەجێ بمێنێت لەناوچەکەدا».
بەدڵنیاییەوە ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی لەئەلهول و کەمپەکانی تردا قەیرانی مرۆییش دروستدەکات. ئەو کێشانەش دەبێت باس بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا هێزی هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوکارانی تریدا لە هەماهەنگیدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی هاوبەش بۆ ڕووبەرووبونەوەی بیری توندڕەوی لەو کەمپانەدا، گرینکویچ وای وت.
هەروەها فەرماندەکەی ئەمریکا دەشڵێت، «بەدڵنیاییەوە ئەو کێشەیە ئەرکێکی سەربازی نییە تا چارەسەر بکرێت بەڵکو مەترسییەکی ستراتیجییە بۆ هاوپەیمانی».
هاوکاران بەکۆدەنگی چاویان لەکۆمەڵێک بژاردەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بیری توندڕەوی، لەوانە جیاکردنەوەی جەنگاوەرە ئافرەتەکان لەوانی ترو دواتریش راگواستنیان بۆ پرۆگرامی چارەسەری گەڕاندنەوەیان بۆ بارودۆخی ئاسایی و تەندروستی.
بەڵام یەکەمجار هەنگاوی سەرەکی کەمکردنەوەی دانیشتوانی خودی کەمپەکە دەبێت. ئەوە هەنگاوێکی ئاڵۆزە لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نایانەوێت ئەو هاوڵاتیانەیان بۆ بگەڕێتەوە کە لەنێو داعشدا بوون. هەرچەندە سوپای سوریای دیموکرات هەندێک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لەم بوارەدا بەو پێیەی ٨٠٠ ئافرەت و منداڵ لە شاری ڕەققەو تەبقە بەمدواییانە راگوازراونەوتەوە بۆ گوندەکانی خۆیان.
چارلس لیستەر، توێژەری ئینستیوتی میدڵ ئیست ئیدانەی کەمتەرخەمی و کەمی پلانی هێزی هاوپەیمانی کرد بۆ ئەو کێشەیەی کە ئەو ناوی دەبات بە کێشەیەکی پێشبینیکراو - ژمارەی زۆری ئاوارەکان و جەنگاوەرە بیانییەکان کە خزێنراونەتە کەمپەکانەوە دوای ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی.
لیستەر دەشڵێت، «ئەمە مایەی توڕەوبونە کە بەردەوام لە بەرپرسە باڵاکانەوە گوێبیستی دەبین تازە هەست بەوە دەکەن کە ئەمە بوەتە کێشە، لەکاتێکدا دەبوو پێنج ساڵ لەمەوبەر چارەسەری ئەوەمان بدۆزیایەتەوە کاتێک دەستمان کرد بەشەڕ، ئەمە نەدەبوو سەری کەس بسوڕمێنێت، بەڵام وادیاربوو کەس پلانی بۆ دانەنابوو».
فەرماندە گرینکویچ جیاوازییەکی خستەڕوو لەنێوان کێشەکان لە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان وەک کەمپی ئەلهول و بەندینخانەکان لەسەرتاسەری باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کە ١١ هەزار شەڕکەری خەلافەت لەخۆدەگرن. نزیکەی دوو هەزاریان شەڕکەری بیانین.
گرینکویچ داوای لە حکومەتە بیانییەکان کرد بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکانیان بگرنەوە خۆیان تا ئەوەی لەوڵاتی خۆیان دادگایی بکرێن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشڕەوی ئەم هەنگاوە دەکات، مانگی ڕابردوو هاوڵاتییەکی ئەمریکی کە تۆمەتباربوو بەشەڕکردن بۆ داعش لە سوریاوە گەڕێندرایەوە خاکی ئەمریکا تا ئەوەی لەوێ دادگایی بکرێ. هەروەها باکوری مەقدۆنیا، کازاغستان، مەغریب، بۆسنە، کۆسۆڤۆ، ئیتاڵیا، عێراق سەدەها شەڕکەریان گەڕاندوەتەوە.
گرینکویچ دەشڵێت، «ئێمە تەنها دەمانەوێت ئەو وڵاتانە کێشەکە بگرنە ئەستۆی خۆیان نەک بیخەنە ئەستۆی ئەو کەسانەی لە سوریادان، چونکە بەدڵنیاییەوە توانای ئەوەیان نییەو ڕانەهێنراون کە ڕووبەڕووی ئەو کێشەیە ببنەوە لەمەودای درێژخایەندا».
فەرماندەکەی ئەمریکا ئاماژەشی بەوەکرد کە لە مەودای درێژخایەندا پرۆگرامی چارەسەرکردن بۆ گەڕاندنەوە بۆ دۆخی ئاسایی پێویست دەبێت بۆ زۆربەی ئەو شەڕکەرانەی لە زیندانەکاندان.
لەهەمان کاتدا، هێزی هاوپەیمانی کار دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی سوپای سوریای دیموکرات بەدروستی توانای ڕێکخستنی بەندینخانە قەرەباڵغەکانی هەبێت. گرینکویچ باس لەوە دەکات کە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا ٦٠ سەربازی سوپای سوریای دیموکرات لە کۆرسێکی ڕاهێنان دەرچوون کە مەبەست لێی وەرگرتنی ڕاهێنانی پرۆفیشناڵانەیە بۆ پاسەوانەکان. بەوردتر، هێزی هاوپەیمانی «ڕێگەی ناتوندوتیژی بۆ کۆنترۆڵکردنی زیندانییەکان» فێردەکات لەگەڵ جەختکردنەوە لە بایەخدان بە مافەکانی مرۆڤ. لەپاڵ ئەمەشدا هاوپەیمانی هەوڵدەدات گەرەنتی ئەوە بکات زیندانییەکان شوێنی نیشتەجێبوون و خواردنیان هەبێت لەگەڵ ئەو پێداویستییە پزیشکیانەی پێویستیانە بەدەستیان بگات.
لەکاتێکدا گرینکویچ ئەوەی خستوەتەڕوو هێزی هاوپەیمانی «لەکاتی دیاریکراودا» سەرکردەی باڵا دەنێرێت تا ئەوەی بزانن بارودۆخی بەندینخانەکان چۆنە، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکی راستەقینەی نییە تا بتوانێت مامەڵەی گونجاو بچەسپێنێت و جێبەجێی بکات.
هەرچەندە مێلیسا داڵتن هیچ راپۆرتێکی نەبینیوە باس لە «سەرپێچی جدی» سوپای سوریای دیموکرات بکات لە بەندینخانەکاندا، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد کە ڕەنگە ئەو دۆخە بگۆڕێت لەئەگەری کشانەوەی سوپای ئەمریکی.
داڵتن دەشڵێت: «پرسی ئەوە هەیە کە سوپای ئەمریکا تا چەنێکی تر لەوێ دەمێنێتەوە و چەندێک دەبێت ئەم کێشەیە بەجدی سەیر بکرێت».
چارلس لیستەر باس لەوە دەکات کە شارەزایان هیچ چارەسەرێکی باش نابینن بۆ ئەو کێشەیەی کە چۆن مامەڵە بکرێت لەگەڵ ئەو کۆمەڵە زۆرە ئاوارە ناوخۆییانەی کەمپەکان و زیندانەکان- بەتایبەتی ئەگەر سوپای ئەمریکا بکشێتەوە وەک ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوەی کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە ئەوەیە ئەمریکا هێشتا دیدگایەکی ڕۆشنی نەخستوەتەڕوو بۆ ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە بەرەوپێشچوونی سوریادا.
لیستەر ئەوەش دەخاتەڕوو، «ئەگەر ئێمە بمێنینەوە، هەرچەندە ئامادەییەکی کەمیشمان هەبێت، ئەوا دەبێت پلانێکی مەودا درێژ هەبێت کەخەرجکردنی پارەی زیاترو وەبەرهێنانی زیاتری ژێرخان لەخۆدەگرێت بۆ ئەو کەمپانە، بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەگەر پلانی بەجێهێشتنی سوریامان هەبێت، جا دانبنێن بەوەدا بۆ رای گشتی یاخود نا، ئەوکات دەبێت زۆر بەجدی کاربکەین لەپشت پەردەوە تا ئەوەی وڵاتێکی تری ئەستۆگر وەک جێگرەوە بدۆزینەوە».