ژنانی سعودیە بەئازادی دەفڕن
بەپێی بڕیارێکی شاهانەیی ئافرەتانی سعودیە لەئێستادا دەتوانن گەشت بکەن بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ ڕەزامەندی وەلی ئەمر
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرت: بی بی سی
وەرگێڕان: کاکەلاو عەبدوڵا
بڕیارە نوێیەکە هەینی رابردوو ٢ی ئابی ٢٠١٩ ڕاگەیەندرا کە ڕێ بە ئافرەتانی تەمەن سەروو ٢١ ساڵ دەدات داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت بەبێ ڕەزامەندی وەرگرتن، ئەمەش دەیانخاتە خانەیەکی یەکسانەوە بەرامبەر بە پیاوان. هەروەها ئافرەتان مافی تۆمارکردنی لەدایکبونی منداڵەکانیان لەگەڵ هاوسەرگیری و تەڵاقیان پێدراوە.
بەمدواییانە شانشین دەستی سووک کردووە لەسەر سنورە باوەکانی تری کۆمەڵگا بۆ سەر ئافرەتان بەڵام چالاکوانانی وڵات دەڵێن زۆر شت ماوە تا بکرێت بۆ مافی ئافرەتان.
بەشێوەیەکی بەرچاو سعودییە کەوتوەتە ژێر لێکۆڵینەوە لەسەر مامەڵەکردنی لەگەڵ هاوڵاتییە مێیەکانی، ئەو کێشەیەی بەهۆی چەند کەیسێکی باڵای ژنانی سعودیەوە کە هەوڵی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیان داوە بووەتە جێی باس.
بڕیاردەری ڕاستەقینەی وڵات، شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان، هەوڵی زۆریداوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو سنورانەی لەسەر ئافرەت هەن، یەکێک لەوانە لابردنی قەدەغەکردنی شۆفێری ئۆتومبیل بوو لەساڵی ڕابردوو ئەمەش بۆ ئەوەی وڵاتە پارێزکارەکەی زیاتر بکاتەوە. بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا هەڵمەتی پاکتاوکردنی ئەنجامداوە بۆ سەر چالاکوانانی مافەکانی ئافرەتان، کە هەندێکیان لەم چەند مانگەی دواییدا ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
چی لە گۆڕاندایە؟
سیستەمی وەلی ئەمری سعودیە دەسەڵات دەدات بە مێرد و باوک و خزمی نێری نزیکی تر تا ئەوەی بڕیاری هەستیار بۆ ئافرەتەکانیان بدەن. هەتا پێش دەرچوونی بڕیارەکە ئافرەتان لە سعودیە دەبوو داوای ڕەزامەندی ئەو کەسانە بکەن بۆ وەرگرتن یان نوێکردنەوەی پاسپۆرت و ڕۆشتنیان بۆ دەرەوەی وڵات.
بەڵام بڕیارە شاهانەییەکە کە لە هەفتەنامەی فەرمی شانشین «ئوم ئەلقوڕا گازێت»ەوە بڵاوکرایەوە فەرمانی ئەوە دەدات کە پاسپۆرتی سعودی بدرێت بە هەر هاوڵاتییەک کە داواکاری تۆمار دەکات بۆی وە هەر هاوڵاتییەک لەسەروو تەمەنی ٢١ ساڵەوە بێت پێویستی بە ڕەزامەندی نییە بۆ گەشت کردن.
گۆرانکارییەکان ڕێ دەدەن بە ئافرەتان بۆ یەکەمجار لەدایکبونی منداڵەکانیان تۆمار بکەن لەگەڵ مافی تۆمارکردنی هاوسەرگیری و تەڵاق.
گۆرانکارییەکان ڕێنماییەکانی دامەزراندنیش دەگرێتەوە کە دەرفەتی کار فراوان دەکات بۆ ژنان. بەپێی یاساکە، هەموو هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە کار بکەن بەبێ ڕووبەڕووبونەوەی جیاکاری ڕەگەزی، کەمئەندامی یان تەمەن.
ئافرەتان کاردانەوەیان چییە؟
زۆرێک لە ژنانی سعودییە بۆ دەستخۆشی و خۆشی دەربڕین لە تویتەر قسەی خۆیان کردووە، لەنێوانیاندا کەسایەتی بەناوبانگ و ڕۆژنامەنوس «مونا ئەبو سلەیمان» کە نوسیویەتی: نەوەیەک گەورە دەبن کە بەتەواوی ئازاد و یەکسانن لەگەڵ براکانیاندا».
یەکەم ئافرەتیش کە بوبێتە نوێنەری شانشین، باڵیۆزی سعودیە لە ئەمریکا ڕیما بنت بەندەر ئەلسعود گۆرانکارییەکانی بەرز نرخاند:
«ئەم ڕێنماییە نوێیانە دروستکردنی مێژووە. فەرمانی بەشداری هاوبەشی ژنان و پیاوان دەکەن. بڕیارەکە ڕێبازێکی گشتگیرە بۆ یەکسانی ڕەگەزی کە بەبێ گومان گۆڕانکاری راستەقینە دێنێتە کایەوە بۆ ئافرەتانی سعودیە».
کریستین دیوان، ئەندامی ئینستیتوتی وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداو دەڵێت، «ئەگەر جێبەجێبکرێت ئەوا دەبێتە هەنگاوێکی گەورە بۆ ڕێدان بە ئافرەتانی سعودیە لە گرتنی جڵەوی ژیان و گوزەرانی خۆیان».
هەرچەندە هەندێک کەسی تر بەگومانن لە بڕیارەکە. هاوڵاتییەکی سعودی نوسیویەتی: پێش ئەوەی خۆشی دەرببڕین بۆ ئەم چاکسازییانە دەبێت ئەوەمان بیربێت کە حکومەتی سعودی ئەوەندە ئاستی ستانداردی مافی مرۆڤی بە کەم داناوە کە هەر چاکسازییەکی بچووک هەمیشە بە گرنگ و گەورە دەردەکەوێت.
هەروەها هەندێک هاوڵاتی پارێزکار لە وڵاتەکەدا نێگەتیڤانە لە بڕیارەکە دەڕوانن و یەکێک لەو ئافرەتانە دەڵێت: «بیر لەوە بکەرەوە ئەگەر کچەکانت گەورە ببن و بەجێتبهێڵن و نەگەڕێنەوە، ئەوکات دڵخۆش دەبیت؟»
چ سنوردارییەک ماوەتەوە؟
بەپێچەوانەی دواین چاکسازییەکانەوە، لایەنەکانی تری سیستەمی وەلی ئەمر هێشتا کاریان پێ دەکرێت، لەوانە وەرگرتنی ڕەزامەندی لە پیاوی نزیک بۆ هاوسەرگیری کردن یان گوزەران کردن بەتەنها هەروەها بەجێهێشتنی بەندینخانە ئەگەر دەستبەسەرکرابن. ئافرەتان هێشتا ناتوانن خۆیان مافی ڕەگەزنامە بگوازنەوە بۆ منداڵەکانیان و ناشتوانن ڕەزامەندی دەرببڕن بۆ هاوسەرگیری کردنی منداڵەکانیان.
لە هەوڵی زیاتر کردنەوەی وڵاتەکەدا، محەمەد بن سەلمان لەساڵی ٢٠١٦ پلانێکی راگەیاند بەناوی «روئیای ٢٠٣٠» کە مەبەست لێی گۆڕانکاری ڕیشەییە لە ئابوریدا تا ساڵی ٢٠٣٠، کە بەشێکی ئامانج لێی ئەوەیە بەشداری ئافرەتان لە دەستی کاردا زیاد بکات لە ٢٢%ــەوە بۆ ٣٠%.
بەڵام گروپ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕەخنەی توندیان ئاراستەکردووە لەماوەی ساڵی رابردوودا بەهۆی پاکتاوکردنی بۆ سەر چالاکوانە بەناوبانگەکانی وڵات کە کەمپینیان ئەنجامداوە بۆ مافی شۆفێری کردن یا مافی یەکسانی. ئەو ژنە چالاکوانانە، لەوانە چالاکوانی پێشەنگ و بەناوبانگ «لوجەین ئەلهەزلول»، لەئێستادا داداگایی دەکرێن و هەندێکیان دەڵین ئەشکەنجەدراون لەکاتی دەستبەسەربوونیاندا.
کۆمەڵێک کەیسی بەناوبانگ لەمدواییانەدا هەبوون کە کەیسی ئەو ئافرەتانەن هەوڵی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیان داوە لە وڵاتانی رۆژئاوا، وەکو کەنەدا. بابەتەکە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد کاتێک رەهاف محەمەد ئەلقونون لە سعودیە ڕایکرد بەهیوای گەشتن بە ئوستورالیا بەڵام لە فرۆکەخانەی بانگکۆک خۆی بینییەوە بەهۆی دروستبوونی کێشەوە بۆی. دوای داواکاری نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی، کەنەدا داواکەی بۆ مافی پەنابەرێتی قبوڵکرد.
لەمارسی ئەمساڵدا دوو خوشکی گەنجی سعودییە کە لە هۆنگ کۆنگ خۆیان حەشاردابوو ڤیزەی مرۆییان پێدرا بۆ وڵاتی سێیەم. لە کەیسێکی هاوشێوەدا، مانگێک دواتر دوو خوشکی تر ڕایانکرد بۆ جۆرجیا دوای ئەوەی داوای یارمەتی نیودەوڵەتییان کرد لە تویتەردا و پاشان گەیەنرانە وڵاتێکی تر.
چی لە پشت بڕیارەکەوەیە؟
ئەمە گەورەترین هەنگاوە تا ئێستا بۆ لەناوبردنی سیستەمی وەلی ئەمر لە سعودیەدا. ژنە چالاکوانانی سعودیە بەسەختی جەنگاون بۆ لابردنی زۆربەی ئەو سنورداریانەی لەسەر ژیانیان هەیە- سێ ساڵ لەمەوبەر سکاڵایەکیان پێشکەشی بەرپرسانی دادوەری کرد کە تێیدا هاتووە داوای گۆڕانکاری دەکەن. بەڵام ئەو ژنانەی کەپێشڕەوی ئەو کەمپینەیان کردووە لەئێستادا یان دەستبەسەرن یاخود لەدەرەوەی وڵاتن.
لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هەوڵەکانیان ئاوڕی بێپایانی لێ دراوەتەوە بەڵام لە خودی سعودیەدا شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان و ڕاوێژکارەکانی هێشتا سوورن لەسەر نکوڵی کردن لە پێدانی خاوەندارییەتی پێیان سەبارەت بەو گۆرانکارییانە، ئەمەش وادەکات چاکسازییەکان وادەربکەوێت کە لەسەرەرەوە روودەدەن.
بۆ زۆربەی سعودییەکان- هەردوو ڕەگەز لەپیاوو ژن- ئەم گۆڕانکارییانە شازادەی جێنشینی کردووەتە پاڵەوان. لەدەرەوەی سعودیە، ئەم جۆرە بڕیارانە یارمەتی دەدات وێنای خۆی سەر لەنوێ نوێ بکاتەوە کە بەهۆی کوشتنی ڕۆژنامەنووس، جەمال خاشقچییەوە لێڵی تێکەوتووە.
بەڵام هەردوولایەن، چ پارێزکارە سەرسەختەکان و چ چالاکوانەکانی مافەکانی ژنان، یەکگرتوون لەسەر گەڵاڵەبوونی گومانیان سەبارەت بە نیازەکانی محەمەد بن سەلمان و ئەو بۆچوونەیان کە دەڵێن هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە دەسەڵاتی خۆی قایم بکات جا چ سیاسی، دارایی، یان کلتوری بێت.