کورد پۆسته‌کانى که‌رکوک له‌ده‌ست ده‌دات
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی: ئه‌وه‌ى له‌ڕابردوو به‌سه‌ر که‌رکوکدا هاتووه هۆکاره‌که‌ى خۆمانین‌و 100% که‌مته‌رخه‌مین
5 ساڵ لەمەوپێش
پشتیوان سه‌عدوڵڵا
تادێت ژماره‌ى ئه‌و پۆستانه‌ى له پارێزگاى که‌رکووک له کورد وه‌رده‌گیرێنه‌وه زیاتر ده‌بێت، به‌پێى بهدواچوونهکانى هاوڵاتى له‌دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه، نزیکه‌ى 50 پۆستى باڵاى حکومی له کورد وه‌رگیراونه‌ته‌وه.
له نوێترین گۆرانکاریشدا وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق بڕیارى لابردنى (247) ئه‌فسه‌رى پۆلیسى که‌رکووکى له کورد و تورکمان داوه. ڕاوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى عێراق ئاماژه به‌وه‌ده‌کات» له‌رابردودا ئه‌وه‌نده‌ى شه‌ڕ له‌سه‌ر نه‌وتى که‌رکوک کراوه شه‌ڕ له‌سه‌ر خه‌ڵکى که‌رکوک نه‌کراوه«.
وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆسته ئیداریی و ئه‌منییه‌کانى پارێزگاى که‌رکوک له کورد دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌رى 2017 دێت، که له‌و کاته‌وه به‌شێک له به‌رپرسانى ئه‌منى و ئیداری شاره‌که‌یان به‌جێهێشت و تائێستاش نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ئه‌مه له‌کاتێکدایه له‌دوا هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکانى عێراقدا کورد له کۆى 41 کورسى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا، 26 کورسى به‌ده‌ستهێناوه. هه‌روه‌ک له هه‌ڵبژاردنى رابردووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقیشدا له کۆى 12 کورسی، کورد شه‌ش کورسى به‌ده‌ستهێناوه.
ڕێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک:حکومه‌تى عێراق به‌هێز که‌رکوک و چه‌ند ناوچه‌یه‌کى تری کۆنترۆڵ کرد و ئێستاش به‌هێز حکوم ده‌کات.
ڕێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، به‌هاوڵاتى راگه‌یاند»له‌دواى 16ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه سیاسه‌تى حکومه‌تى عێراقیی به‌شێوه‌یه‌که نایه‌وێت مافه یاسایى و ده‌ستوورییه‌کانى که‌رکوک و ناوچه کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بهدهستبهرێت، له‌و کاته‌وه حکومه‌تى عێراق هه‌مان سیاسه‌ته‌کانى حزبی به‌عس په‌یڕه‌وده‌کات».
وتیشى» حکومه‌تى عێراق به‌هێز که‌رکوک و چه‌ند ناوچه‌یه‌کى تری کۆنترۆڵ کرد و ئێستاش به‌هێز حکوم ده‌کات. تائێستاش له که‌رکوک ئه‌حکامى عه‌سکه‌رى حکوم ده‌کات، نه‌ک ئه‌حکامى مه‌ده‌نى و ئیداریی».
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد: ده‌یان پۆستى ئیداریی و ئه‌منى و پۆستى باڵا له کورد سه‌ندراوه‌ته‌وه‌و خه‌ڵکى تر له شوێنیان دانراوه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى راگه‌یاند»حکومه‌تى عێراقیی هه‌وڵده‌دات ئه‌و بارودۆخه عهسکهرتارییهتهى که‌به‌سه‌ر که‌رکوکدا سه‌پێنراوه وه‌کو خۆی بهێڵێته‌وه‌و ئه‌و ناوچانه به‌هه‌ڵواسراوى بهێڵرێته‌وه«.
به بڕواى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، به‌رده‌وامیدان به بارودۆخى ئێستاى که‌رکوک، مه‌ترسی بۆ ئاینده‌ى پارێزگاکه هه‌یه.
یه‌کێتى و پارتى که له ڕابردوودا زۆرینه‌ى پۆسته‌کانى که‌رکوکیان به‌ده‌سته‌وه‌بوو، له ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردوودا ناکۆک بوون و زۆرجاریش یه‌کترییان به‌هۆکارى چاره‌سه‌رنه‌کردنى تۆمه‌تبارکردووه، به‌تایبه‌تى له‌سه‌ر پرسی دانانى پارێزگارى که‌رکوک، که له‌ئێستادا پێکهاته‌ى عه‌ره‌بیی به‌وه‌کاله‌ت به‌ڕێوه‌ى ده‌بات.
جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتیى له که‌رکوک: دانانى پارێزگارى که‌رکوک په‌یوه‌ندی به‌ناوخۆى خۆمانه‌وه هه‌یه نه‌ک حکومه‌تى عێراق
غه‌فور صاڵح، جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتیى نیشتیمانى کوردستان، له‌لێدوانیکیدا به‌هاوڵاتى راگه‌یاند» ئێمه وه‌کو کورد له هه‌موو لایه‌که‌وه فشارمان له‌سه‌ره و پۆست له‌کورد ده‌سه‌نرێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ى گوێ بده‌نه مافى ده‌ستوورییمان».
هه‌روه‌ک وتیشى »هه‌موو کێشه‌کانى که‌رکوک و ئه‌وه‌ى له رابردوو به‌سه‌ر که‌رکوکدا هاتووه هۆکاره‌که‌ى خۆمانین، 100% که‌مته‌رخه‌مین، به‌تایبه‌تى دانانى پارێزگارى که‌رکوک په‌یوه‌ندی به‌ناوخۆى خۆمانه‌وه هه‌یه نه‌ک حکومه‌تى عێراق».
به‌پێى به‌دواداچوونى هاوڵاتى زیاتر له هه‌فته‌یه‌که وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق بڕیارى لابردنى (247) ئه‌فسه‌رى پۆلیسى که‌رکووکى له کورد و تورکمان داوه‌و لیستێکى نوێى ناوى ئه‌فسه‌رانى بڵاوکردووه‌ته‌وه، به‌پێى بڕیاره‌که ژماره‌یه‌ک پۆسته‌کان دراون به عه‌ره‌ب و به‌شێکیشى به تورکمانه‌کان دراون، به‌ڵام ژماره‌یه‌کى زۆر پۆست له کورد وه‌رگیراونه‌ته‌وه، که زۆرینه‌یان به‌ڕێوه‌به‌رى بنکه و به‌شن.
عه‌دنان که‌رکوکى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى (که‌رکوک ـ گه‌رمیان)ى پارتى: دانانى پارێزگارى که‌رکوک له‌م بارودۆخه‌ى ئێستا که‌رکوک پێیدا تێده‌په‌ڕێت، هیچ له بارودۆخه‌که ناگوڕێت و چاره‌سه‌ر نییه
له‌وباره‌یه‌وه عه‌دنان که‌رکوکى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى (که‌رکوک ـ گه‌رمیان)ى پارتى دیموکراتى کوردستان، له‌و باره‌یه‌وه به هاوڵاتى راگه‌یاند» دوایین بڕیاری وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق (247) ئه‌فسه‌رى پۆلیس له‌نه‌ته‌وه‌ى کورد‌و تورکمان ده‌گۆڕدرێن و ئه‌فسه‌رى عه‌ره‌ب شوێنیان ده‌گرنه‌وه، به‌ڵام جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که راگیراوه.ناڕه‌زایه‌تى لێکه‌وتوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن کورد‌و تورکمانه‌وه. ئه‌مه هه‌مووى ده‌ره‌نجامى 16ى ئۆکتۆبه‌ره که له‌و کاته‌وه حکومه‌تى عێراق ده‌ستى واڵابووه بۆ ئه‌وه‌ى دیمۆگرافیاى شارى که‌رکوک بگۆڕن».
عه‌دنان که‌رکوکى، باسى له‌وه‌شکرد: ده‌بێت که‌یسى که‌رکوک نه‌کرێته که‌یسى حزبی، چونکه که‌یسى نێوان هه‌ردوو حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمه« ده‌بێت کورد ڕێ له‌م شاڵاوه عه‌سکه‌رتارییه‌ته بگرێت و ئیداره‌ى مه‌ده‌نى بگه‌ڕێته‌وه بۆ شاره‌که، ئه‌و هێزانه‌ى له‌دواى 16ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه هاتوونه‌ته ئه‌م ناوچانه بڕۆنه‌وه شوێنى خۆیان».
«دانانى پارێزگارى که‌رکوک له‌م بارودۆخه‌ى ئێستا که‌رکوک پێیدا تێده‌په‌ڕێت، هیچ له بارودۆخه‌که ناگوڕێت و چاره‌سه‌ر نییه«
سه‌باره‌ت به دانانى پارێزگارى که‌رکوک، ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى، وتى» دانانى پارێزگارى که‌رکوک له‌م بارودۆخه‌ى ئێستا که‌رکوک پێیدا تێده‌په‌ڕێت، هیچ له بارودۆخه‌که ناگوڕێت و چاره‌سه‌ر نییه، هیچ دهسهڵاتێکیشى نابێت، ئه‌مڕۆ حکومێکى سه‌ربازیی له که‌رکوک هه‌یه، فه‌رمانده‌ى سه‌ربازى حکوم ده‌کات و بڕیارده‌رده‌کات».
گۆڕانکارییه‌که ئیداریى و ئه‌منییه‌کانى پاڕێزگاى که‌رکوک کاردانه‌وه‌ى کورد و به‌شێکى زۆرى تورکمانه‌کانى لێکه‌وتووه‌ته‌وه، چونکه پێیانوایه، ره‌چاوى مافهکانیانى تێدا نه‌کراوه.
نه‌جات حوسێن، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى که‌رکووک له پێکهاته‌ى تورکمان راگه‌یاند «لهگۆڕانکارییهکانى پۆلیسى که‌رکووکدا هیچ هاوئاهه‌نگییه‌ک له‌گه‌ڵ تورکمان نه‌کراوه و ره‌چاوى مافه‌کانمان نه‌کراوه«.
هاوکات له‌گه‌ڵ یهکلایینهکردنهوهو چاره‌سه‌رنه‌کردنى پرسی که‌رکوک و ئاسایینهکردنهوهى بارودۆخى شاره‌که، چه‌ند لیژنه‌یه‌ک پێکهێنراوه بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان. مانگى رابردوو لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق سه‌ردانى شارى که‌رکوکیان کرد‌و دوواتر له ڕێگه‌ى ڕاپۆرتێکه‌وه داوای ئاساییکردنه‌وه‌ى دۆخى که‌رکوکیان کرد.
دیلان غه‌فور، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراکسیۆنى یه‌کێتیى نیشتمانى کوردستان، له‌لێدوانێکیدا به هاوڵاتى راگه‌یاند»پێشێکارى به‌رامبه‌ر به‌مافه‌کانى کورد له که‌رکوک کراوه‌و ده‌یان پۆست له کورد سه‌ندراوه‌ته‌وه، به‌وه‌ش هاوسه‌نگى نێوان پێکهاته‌کان تێکدراوه به شێوه‌یه‌کى نایاسایی».
هه‌روه‌ها وتیشى» ئێمه وه‌کو نوێنه‌رانى کورد له‌ئاستى ئه‌و پێشێلکارییانه‌ى که تایبه‌تن به پۆسته‌کانى که‌رکوک بێده‌نگ نابین و دواى ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى دانیشته‌کانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران قسه‌ى جدییمان ده‌بێت»
به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره، له ئاستى ده‌ره‌کى و ناوخۆییشدا بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ى بارودۆخى که‌رکوک لیژنه پێکهێنراوه‌و چاوه‌ڕوانى ده‌ره‌نجامى گفتوگۆکان ده‌که‌ن.
هه‌روه‌ک وتیشى» لیژنه پێکهێنراوه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان سه‌رپه‌رشتى ده‌کات، ئێمه چاوه‌ڕوانى گفتوگۆکان ده‌که‌ین، دواتر هه‌ڵوێستى خۆمان ده‌بێت».
هاوکات به وته‌ى سالار مه‌حمود: ڕاوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى عێراق، له‌ناو سه‌رۆکایه‌تى کۆمار‌دا لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت بۆ پرسى که‌رکوک دانراوه و په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆیان هه‌یه، بۆ به‌دواداچونى ئه‌و پرسانه.
سالار مه‌حمود ڕاوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى عێراق: له‌رابردودا ئه‌وه‌نده‌ى شه‌ڕ له‌سه‌ر نه‌وتى که‌رکوک کراوه شه‌ڕ له‌سه‌ر خه‌ڵکى که‌رکوک نه‌کراوه
ڕاوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى عێراق، ئه‌وه‌شى به هاوڵاتى وت» به حکومى نه‌بونى یه‌کڕیزیى کورد له‌رابردودا ئه‌وه‌نده‌ى شه‌ڕ له‌سه‌ر نه‌وتى که‌رکوک کراوه شه‌ڕ له‌سه‌ر خه‌ڵکى که‌رکوک نه‌کراوه، بۆیه کێشه‌کان کێشه‌ى بۆماوه‌یین و که‌ڵه‌که‌بوونى ڕوداوه‌کان واى کردووه دۆخه‌که زۆر ئالۆز بێت».
ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند» که‌رکوک به‌م جۆره به‌رده‌وام نابێت و پێویسته چاره‌سه‌ر بکرێت، پێویسته ئه‌نجومه‌نى پاریزگاى که‌رکوک به‌و ئه‌رکه هه‌ستێت و لایه‌نه سیاسیه‌کان کۆتایى به ململانێکانى نێوانیان بهێنن».