حکومه‌تى هه‌رێم ته‌نیا 10 ملیار دۆلار قه‌رزاره
«ئه‌و 24 ملیار دۆلارەى باس ده‌کرێت له‌سه‌دا 40%ی (قه‌رزى ئاجل)ى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کانه‌و به‌قه‌رز هه‌ژمار ناکرێت»
5 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم دواى ده‌ستبه‌کاربوونیان له‌مانگى رابردوودا سه‌ردانى به‌غدادیان کرد و یه‌کێک له‌و ته‌وه‌رانه‌ى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق باسکراوه قه‌رزه‌کانى سه‌ر هه‌رێمى کوردستان بووه تا بخرێته سه‌ر به‌غدا.
حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ساڵى 2014 بودجه‌ى له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه بڕاوه‌و به‌وهۆیه‌وه قه‌رزێکى زۆرى له‌کۆمپانیا نه‌وتیه‌کان کرد که به‌قه‌رزى»ئاجل» داده‌نرێت و ناخرێته لیستى قه‌رزه‌وه.
قه‌رزه‌کان له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا
به‌پێى ئه‌و به‌دواداچونه ورده‌ى که رۆژنامه‌ى هاوڵاتى ئه‌نجامى داوه، حکومه‌تى هه‌رێم له‌گفتوگۆکانیدا له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى باسى ئه‌وه‌یان کردووه که 24 ملیار دۆلار قه‌رزارن، به‌ڵام ورده‌کارى قه‌رزه‌کانیان نه‌خستۆته‌ڕوو، لایه‌نى عێراقیش ورده‌کارى قه‌رزه‌کانیان ده‌وێت که شه‌فافیه‌تى تێدا بێت.
له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا مه‌سرور با‌رزانى، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم به عادل عه‌بدولمه‌هدى راگه‌یاندووه که« 24ملیار دۆلار قه‌رزارین، به‌شێکى ئه‌و قه‌رزه به‌هۆى هاتنى دوو ملیۆن ئاواره‌وه بووه به‌هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه‌و خه‌رجیه‌کى زۆریان هه‌بووه‌و به‌ئامار لامانه چه‌ندیان بۆ خه‌رج کراوه‌و حکومه‌تى عێراق یه‌ک دینارى پێنه‌داوین».
سه‌رچاوه‌یه‌ک له به‌غداده‌وه که ئاگادارى گفتوگۆکان بووه بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد لایه‌نى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت ئه‌و قه‌رزه بگوازرێته‌وه بۆ سه‌ر به‌غداد، چونکه «حکومه‌تى هه‌رێم له‌وه‌دا قه‌رزار بووه که شایسته‌ى دارایى خۆى له‌ساڵى 2014 بۆ نه‌هاتووه و بۆیه قه‌رزار بووه«.
له‌کابینه‌ى هه‌شته‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا رێباز حه‌ملان که وه‌زیرى دارایى و ئابوورى بوو ئه‌وه‌ى ئاشکرا کرد که له‌سه‌ره‌تاى 2018 ساڵى مانگانه برى 250 ملیۆن دۆلار قه‌رز ده‌ده‌نه‌وه.
له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2018وه تا ئێستا مانگانه ئه‌گه‌ر 250 ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه درابێته‌وه، ئه‌وا له‌ساڵى 2018 سێ ملیار دۆلار‌و له 2019 تا مانگى ئابى ئه‌مساڵ دوو ملیار دۆلار‌و تا کۆتایى ئه‌مساڵیش یه‌ک ملیار دۆلارى دیکه بداته‌وه‌و به‌وپێیه بڕى شه‌ش ملیار دۆلار ده‌کات که له 24 ملیار دۆلار ده‌رده‌کرێت 18 ملیار دۆلار ده‌مێنێته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له دۆسیه‌ى دارایى هه‌رێم جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه «که (قه‌رزى ئاجل) تایبه‌ته به کۆمپانیا نه‌وتیه‌کان که‌ئه‌وه هه‌ژمار ناکرێت به‌قه‌رز، چونکه نه‌وت ده‌فرۆشین و مانگ بۆ مانگ ئه‌و قه‌رزانه که‌م ده‌بێته‌وه« هه‌روه‌ها وتیشى» له‌سه‌دا 40ى داهاتى هه‌رێم له‌داهاتى هه‌رێم ده‌درێته‌وه به قه‌رز، مانگ بۆ مانگ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌که جیاوازى هه‌یه و مه‌رج نییه هه‌موو مانگێک 250 ملیۆن دۆلار بده‌ینه‌وه زیادو که‌م ده‌کات».
حکومه‌ت خاوه‌ن قه‌رزه
هه‌ر به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان نزیکه‌ى هه‌شت ملیار دۆلارى لاى هاوڵاتیان و وه‌به‌رهێنه‌رو کۆمپانیا و بازرگانانه.
قه‌رزه‌کان بریتین له پاره‌ى (پێشینه‌ى خانوبه‌ره، پێشینه‌ى هاوسه‌رگیرى، پاره‌ى کاره‌باو ئاو، پێشینه‌ى کشتوکاڵى و پیشه‌سازى، پرۆژه‌ى بچوک).
هه‌روه‌ها له‌کابینه‌کانى رابردووى حکومه‌تدا قه‌رز دراوه‌ته کۆمپانیاکانى وه‌به‌رهێنان و بازرگانان.
ئه‌گه‌ر بێت و حکومه‌تى هه‌رێم قه‌رزه‌کانى له‌هاوڵاتیان و وه‌به‌رهێنه‌ران و بازرگانان وه‌ربگرێته‌وه ته‌نها 10 ملیار دۆلار قه‌رزار ده‌بێت.
سەرچاوە ئاگادارەکەی دۆسیەی دارایی هەرێم بە‌هاوڵاتى وت: حکومەتی هەرێم نزیکەی 10 ملیار دۆلاری پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی لەلایە، ئەگەر بێت‌و قەرزەکانی وەربگرێتەوە زۆربەی پارەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەداتەوە، ئەویش لەڕێگەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران کەقەرزی حکومەتیان لەلایە لەو رێگەیەوە وەریبگرێتەوە.
نه‌وتى هه‌رێم و ته‌سلیم کردنى به‌به‌غدا
حکومه‌تى هه‌رێم له‌زارى جوتیار عادل، وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم له‌دوو رۆژى رابردوو رایگه‌یاند که‌هه‌رێم ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه رۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات.
حکومه‌تى هه‌رێم رۆژانه 435 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه ده‌کات، تا کۆتایى ئه‌مساڵ نزیک ده‌بێته‌وه له 475 بۆ 500 هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه.
حکومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت له‌و رێژه‌یه 250 هه‌زار به‌رمیلى بداته به‌غداو 225 بۆ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت خۆى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه بکات ئه‌وه‌ش له‌پێناوى دانه‌وه‌ى قه‌رزى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان که له‌سه‌رى ده‌مێنێت له 2020دا که نزیکه‌ى پێنج ملیار دۆلارى ده‌مێنێته‌وه‌و نه‌وتیان پێده‌دات له‌جیاتى ئه‌و پاره کاشه‌ى وه‌ک قه‌رزى ئاجل وه‌ریگرتووه.
هاوکات قه‌رزى چه‌ند بانکێکى ناوخۆیى ئه‌هلى و کۆمپانیاى ناوخۆیى قه‌رزاره که بڕه‌که‌ى نزیکه‌ى پێنج ملیار دۆلار ده‌بێت، به‌ڵام به‌شێک له‌و کۆمپانیایانه خاوه‌نى پاڵاوگه‌ى نه‌وتن و له‌ڕێگه‌ى پێدانى نه‌وت به‌پاڵاوگه‌کان قه‌رزه‌کان ده‌داته‌وه.
« هه‌رێم شه‌فاف بێت له قه‌رزه‌کانیدا به‌غدا به‌شێکى چاره‌سه‌ر ده‌کات»
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد هه‌رێم ده‌یه‌وێت قه‌رزه‌کانى بخاته سه‌ر عێراق، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ى قه‌رز له‌عێراقدا به‌یاسا جێگیر ده‌کرێت یا ده‌بێت له‌ناو یاساى موازه‌نه بێت یان به‌پرۆژه‌یاسایه‌کى فه‌رمى بێته په‌رله‌مانه‌وه به‌پێى ده‌ستور.
هه‌روه‌ها وتیشى» هه‌رێمه‌کان و پارێزگاکان ده‌توانن قه‌رز وه‌ربگرن به‌مه‌رجێک ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق رازى بێت، به‌ڵام بۆ قه‌رزه‌کانى هه‌رێم حکومه‌تى عێراق رازى نییه‌و ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم خۆى بیداته‌وه، چونکه نازانرێت چۆن کراوه و فائیده‌و عموله‌ى چه‌نده‌و پێویسته شه‌فافیه‌تى تێدا بێت».
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید باسى له‌وه‌شکرد حکومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت ئه‌سڵى قه‌رزه‌کان بێنێت، به‌ڵام کێشه‌ى هه‌رێم ئه‌وه بووه که یاساى بودجه‌ى نه‌بووه له 2014وه تا ئێستا، وتیشى» ئه‌وانه‌ى قه‌رزیان داوه به‌هه‌رێمى کوردستان موئه‌سه‌ساتى نێودەوڵەتی نین، که‌رتى تایبه‌ت بوون، قه‌رزى که‌رتى تایبه‌ت سوودى زۆره‌و قه‌رزى سه‌ر عێراق هیچى سوده‌که‌ى له‌سه‌دا سێ تێناپه‌ڕێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى هه‌رێم له‌سه‌دا نۆى سودى چۆته‌سه‌ر».
ناوبراو پێیوابوو حکومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ى دانوسانى هونه‌رییه‌وه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بکات و خه‌ڵکى شاره‌زاى بۆ دیارى بکات که باسى ئیحتیاتى نه‌قدى بکات که پشکى هه‌رێمى تێدا بووه‌و بڕاوه، له‌گه‌ڵ 35 ملیار دۆلار له‌ئیحتیاتى نه‌قدى که له‌عێراق که‌مى کردووه، هه‌رێم ده‌توانێت ئه‌مه بجوڵێنێت.