نێرگه‌له له‌نێوان چێژ‌و نه‌خۆشیدا
به‌رپرسانى په‌یوه‌ندیدار له‌ڕێگه‌ى راگرتنى مۆڵه‌تى کافتریاکانه‌وه هه‌وڵى سنوردارکردنى کێشانى نێرگه‌له ده‌ده‌ن
5 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حه‌سه‌ن
هاوکار حاجى ته‌مه‌ن 20 ساڵ، هه‌موو شه‌وێک سێ کاتژمێر له‌کافتریاکاندا ده‌مێنێته‌وه‌و نێرگه‌له ده‌کێشێت، باس له‌وه‌ده‌کات نێرگه‌له ئارامى ده‌کاته‌وه‌و شوێنى زۆر شتى تر‌ى بۆ ده‌گرێته‌وه.
هاوکار خوى به‌چونه کافتریاوه گرتووه‌و ده‌ڵێت هه‌ر شه‌وێک نه‌چێته کافتریا و تۆزێک نێرگه‌له نه‌کێشێت، وه‌ک ئه‌وه وایه ئه‌و شه‌وه‌ى بهڕێنهکردبێت و کات وه‌ستابێت.
رۆژانه هاوکار له‌لایه‌ن که‌سوکارییه‌وه ئاگادارده‌کرێته‌وه له زیانى کێشانى نێرگه‌له، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى خوى پێوه‌گرتووه نه‌یتوانیوه وازى لێبهێنێت «زۆر له‌وه باشتره بسوڕێینه‌وه‌و کێشه بۆ خه‌ڵک دروستکه‌ین و گه‌نجى وایه ئه‌سوڕێته‌وه کێشه بۆ خۆى و خه‌ڵک دروستده‌کات، ئێمه زیانمان به‌س بۆ خۆمان هه‌یه«.
له‌هه‌رێمى کوردستاندا ژماره‌یه‌کى زۆر کافتریاو ڕێستۆرانت هه‌یه نێرگه‌له‌ى تێدا ده‌کێشرێت، به‌تایبه‌ت گه‌نجان به‌شێوه‌یه‌کى به‌ربڵاو ڕویان له‌کێشانى نێرگه‌له کردووه.
زۆربه‌ى نێرگه‌له‌کێشه‌کان درک به‌وه‌ده‌که‌ن کهکێشانى نێرگه‌له روبه‌ڕووى کێشه‌ى ته‌ندروستى جۆراوجۆریان ده‌کاته‌وه، به‌ڵام ده‌ڵێن بۆ چێژ وه‌رگرتن خویان پێوه گرتووه.
به‌پێی ئاماره‌کان، له‌هه‌رێمى کوردستان، زیاتر له 1850 کافتریاو ریستۆرانت هه‌یه، له‌هه‌ولێر، 149 کافتریا هه‌یه کهمۆڵهتى گه‌شتوگوزاریان هه‌یه‌و له‌سلێمانى 315 کافتریا هه‌یه.
سالار سه‌ردار، خاوه‌نى کافتریاى ئه‌ربیل-سپۆرت له‌هه‌ولێر، له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى «کافتریاکه‌ى من تایبه‌ته‌و گه‌نجانى خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ ناتوانن بێن و داواى نێرگه‌له بکه‌ن، چونکه خراپه‌و زیانى ته‌ندروستى زۆره بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه«.
وتیشى «له‌وڵاتانى ده‌ره‌وه ئه‌وه‌ى ته‌مه‌نى منداڵ بوو، ڕێگه‌ى پێ‌نادرێت نێرگه‌له بکێشێت، به‌داخه‌وه لاى ئێمه که‌س هه‌ست به به‌رپرسیارێتى ناکات، مادده بۆته هه‌موو شتێک».
کافتریاکان به‌ڕێگه‌ى جیاجیا هه‌وڵى راکێشانى گه‌نجان ده‌ده‌ن، هه‌ندێکیان به ئۆفه‌رى جۆراوجۆر‌و هه‌ندێکى دیکه‌شیان له‌ڕێگه‌ى دانانى کارمه‌ندى کچه‌وه کوڕان بۆ کافتریاکانیان راده‌کێشن.
کافتریاى ئه‌ربیل-سپۆرت چوار ساڵه له‌شارى هه‌ولێر کراوه‌ته‌وه‌و ڕۆژانه ژماره‌یه‌کى که‌م سه‌ردانى ده‌که‌ن، خاوه‌نه‌که‌ى پێ وابوو، هۆکاره‌که‌ى ته‌نیا ئه‌وه‌یه «کچێک نه‌کراوه به‌کارمه‌ندو کار بکات لهکافتریاکهم».
سالار سه‌ردار، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا زۆربه‌ى زۆرى ئهوانەی سه‌ردانى کافتریا ده‌که‌ن، گه‌نجن و ته‌مه‌نێکى که‌میان هه‌یه، ته‌نیا بۆ نێرگه‌لەکێشان سه‌ردان ده‌که‌ن « گه‌نجى ئێمه، وا ده‌زانن کافتریا به‌س بۆ نێرگه‌له کێشانه، گه‌نجى ئێوه وه‌عى ئه‌وه‌ى نیه کافتریا بۆ جه‌و گۆڕینه، بۆ بینینى هاوڕێکانته«.
له‌م ساڵانه‌ى دواییدا کێشانى نێرگه‌له له‌کافتریاکاندا به‌ڕێژه‌یه‌کى به‌رچاو به‌رزبووه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕاى هۆشداریی به‌رپرسان و شاره‌زایانى ته‌ندروستى له‌باره‌ى زیانه‌کانى کێشانى نێرگه‌له‌وه.
زرنگ محه‌مه‌د، ته‌مه‌ن 23ساڵ، له‌ڕێگه‌ى هاوڕێیه‌کیه‌وه سێ ساڵه فێرى نێرگه‌له‌کێشان بوه‌و وتى» ڕاسته توشى حه‌ساسیه‌تى قوڕگى کردوم، به‌ڵام زۆر قورسه که وازى لێبهێنم».
زرنگ ده‌زانێت کهنێرگهلهکێشان زیانى ته‌ندروستى هه‌یه، به‌ڵام پێی وابوو هه‌موو شتێک ئه‌وه‌نده‌یه تا فێرده‌بیت، که فێر بویت ناتوانى وازى لێبهێنیت.
له‌هه‌رێمى کوردستان ژماره‌ى کافتریاکان تادێت زیاتر ده‌بێت و ئه‌وانه‌شى سه‌ردانى ده‌که‌ن له‌زیادبوندایه، به‌رپرسانى ئیداریش بۆ رێگرى له‌زیادبوونى زیاترى کافتریاکان پێدانى مۆڵه‌تیان راگرتووه.
له‌به‌ر زۆرى ژماره‌ى کافتریاکان له‌سلێمانى، مۆڵه‌تى پێدانى کافتریا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕاگیراوه
یاد نه‌قشبه‌ندى، وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى، له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى»له‌به‌ر زۆرى ژماره‌ى کافتریاکان له‌سلێمانى، مۆڵه‌تى پێدانى کافتریا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕاگیراوه، ئه‌گه‌ر رامان نه‌گرتایه ژماره‌ى کافتریاکان زۆر زیاتر ده‌بوو».
وتیشى «مۆڵه‌ت نیه بۆ نێرگه‌له، به‌ڵکو مۆڵه‌ت ده‌درێت بۆ کافتریاو ڕیستۆرانت، له‌وێدا نێرگه‌له داده‌نرێت، کێشه‌ى سه‌ره‌کیمان ئێستا ئوتێل و ریستۆرانتى پێنج ئه‌ستێره‌ییه که مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرن و دواتر نێرگه‌له‌ى تێدا داده‌نرێت».
«بێگومان بۆ ئه‌و شوێنانه ڕێنماییان ده‌رکردووه‌و ئاگادارمان کردونه‌وه نابێت خواردن و نێرگه‌له له‌شوێنێکدا بێت و پسوڵه‌ى سه‌رپێچیان بۆکراوه‌و ئاگادارکردنه‌وه‌و لیژنه‌کان سه‌ردانى ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌ویش کاتى ده‌وێت و ناتوانرێت به‌ته‌واوى کۆنتڕۆڵ بکرێت»، یاد نه‌قشبه‌ندى وایوت.
له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى، 315 کافتریا مۆڵه‌تیان هه‌یه، له‌کاتێکدا زۆر شوێنى تر هه‌یه به‌ناوى ڕیستۆرانت مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه و نێرگه‌له‌ى تێدا دانراوه.
سه‌روه‌ر جه‌زا، خاوه‌نى یه‌کێک لهکافتریاکانى سلێمانى به‌ناوى شه‌وانى سلێمانى، باس له‌وه‌ده‌کات که شه‌وو ڕۆژێک نزیکه‌ى 100 که‌س سه‌ردانى ده‌کات و هه‌موشى نێرگه‌له ده‌کێشن.
سه‌روه‌ر که خۆشى نێرگه‌له ده‌کێشێت، وتى «ڕاسته زیانى هه‌یه، به‌ڵام تازه بۆته خویه‌ک و ئالوده‌ى بوین، خۆشم به‌رده‌وام نێرگه‌له ده‌کێشم».
له‌باره‌ى موشتهریهکانیهوه، سه‌روه‌ر باسى له‌وه‌کرد زۆربه‌یان ته‌مه‌نى 20ساڵ و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ن، چونکه ئه‌و ته‌مه‌نه زیاتر سه‌ردانى کافتریا ده‌که‌ن و کات به‌سه‌رده‌به‌ن.
لهکافتریاکهى سه‌روه‌ر 35 نێرگه‌له هه‌یه، ئه‌و شه‌وانه‌ى که یارى تۆپى پێ هه‌یه گه‌نجى زیاتر سه‌ردانى ده‌که‌ن.
کافتریاکه‌ى سه‌روه‌ر پێنج ساڵه کراوه‌یه‌و باس له‌وه‌ده‌کات تائێستا هیچ لیژنه‌یه‌ک نه‌هاتون و سه‌ردانیان نه‌کردون بڵێن نێرگه‌له له‌ڕوى ته‌ندروستیه‌وه باش نییه و خراپه، «ته‌نیا ڕێنمایى ئه‌وه‌یان پێداوین که‌منداڵ نێرگه‌له نه‌کێشێت».
به‌پێی رێنماییه‌کان، مۆڵه‌تى کافتریاکان له‌لایه‌ن گه‌شتوگوزارى پارێزگاکانه‌وه مۆڵه‌تیان پێده‌درێت و ئه‌وان به‌رپرسن له‌پێدانى رێنمایی بهکافتریاکان.
نه‌ریمان فازل، به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى گه‌شتوگوزارى هه‌ولێر، له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى»ئه‌و کافتریایانهى که مۆڵه‌تى گه‌شتیاریان لاى ئێمه هه‌یه به‌رده‌وام سه‌ردانیان ده‌که‌ین و له‌ژێر چاودێرى خۆماندان».
وتیشى «پێویسته ئه‌وانه‌ى له کافتریادا کارده‌که‌ن و ئه‌وانه‌ش که ده‌چنه کافتریا ته‌مه‌نیان سه‌روو 18 ساڵ بێت و له‌و ته‌مه‌نه منداڵتر نێرگه‌له به‌کارنه‌هێنن».
نه‌ریمان فازڵ جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که‌ڕاسته نێرگه‌له خراپه، به‌ڵام ناتوانرێت به ته‌واوى ڕێگرى لێبکرێت.
له‌هه‌رێمى کوردستان تائێستا چه‌ندین هه‌ڵمه‌تى هۆشیارى سازکراوه بۆ رێگه‌گرتن له‌ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى کێشانى نێرگه‌له به‌و پێیه‌ى زیانى ته‌ندروستى هه‌یه، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌ساڵى رابردووه‌وه ده‌سته‌و پاراستن و چاککردنى ژینگه هه‌ڵمه‌تێکى نیشتیمانی ده‌ستپێکردوه‌و هاوڵاتیان لهمهترسیهکانى نیرگهلهو جگه‌ره ئاگادارده‌که‌نه‌وه.
زۆر له‌وه نیگه‌رانین که‌ده‌بینین خوار ته‌مه‌نى هه‌ژده ساڵ له‌کافتریاکاندا کارده‌که‌ن یان نێرگه‌له ده‌کێشن و ڕێگریان لێناکرێت
هه‌ندرێن شێخ راغب، وته‌بێژى ده‌سته‌و پاراستن و چاککردنى ژینگه، له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى «وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاگادار بون و هاوکارمان بون، به‌ڵام به‌داخه‌وه بڕیارى پێویست نه‌دراوه تائێستا که‌بتوانن ڕێگرى لێبکه‌ن».
وتیشى «ئێمه زۆر له‌وه نیگه‌رانین که‌ده‌بینین خوار ته‌مه‌نى هه‌ژده ساڵ له‌کافتریاکاندا کارده‌که‌ن یان نێرگه‌له ده‌کێشن و ڕێگریان لێناکرێت