پەرلەمانتاران شەڕی پاسەوانەکانیان دەکەن

پەرلەمانتاران دەڵێن باحکومەت ده‌یان هه‌زاران پاسه‌وانی بەرپرسان ببڕێت کە به‌نایاسایی دامه‌زراون بۆ سەر باخ و ڤێلاکانیان

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

پرۆژه یاسایهک ئاراستهى سهرۆکایهتى پهرلهمانى کوردستان دەکرێت بهمهبهستى کهمکردنهوهو ڕێکخستنهوهى پاسهوانى پهرپرسان کە بە دهیان ههزار کەس مەزەنە دەکرێن و زۆرینەیان شێوهیهکى نایاسایی دامهزراون و پاسهوانێتى بهرپرسانى حزبین لەسەر میلاکی حکومەت.

بهپێى بهدوواداچوونهکانى هاوڵاتى لهههرێمى کوردستان نزیکهى (65) ههزار پاسهوان ههیه که زۆربهی ئهوانهى وهک پاسهوان دامهزراون سهر به (بهڕێوهبهرایهتیی پۆلیسى پاسهوانى وهزارهتى ناوخۆو زێرهڤانى و پۆلیسى بهرگرى و فریاکهوتن و هێزهکانى (70) و (80)ی سەر بە یەکێتی و پارتین).

بهپێى زانیارییهکان سهرۆکى ههرێم و جێگرهکهى و سهرۆکى حکومهت زۆرترین پاسهوانیان ههیه. ئەمە جگە لەوەی ژمارهیهک له بهرپرسانى حکومى و حزبى لیواو فهوج و سریهى پاسهوانییان ههیه، له کاتێکدایه پاراستنى دامودهزگا حکومى و حزبیەکان و بارهگاى ڕێکخراوهکان بهشێوهیهکى فهرمى لهئهستۆی پۆلیسى پاسهوانیدایه.

لهماوهى چهند ساڵى ڕابردوودا لهلایهن چهند فراکسیۆن و ژمارهیهک پهرلهمانتارهوه ههوڵى بهیاساییکردنى پاسهوانیى درا، لهم خولهشدا بۆ ههمان مهبهست پرۆژهیاسا ئاراستهى سهرۆکایهتى پهرلهمانى کوردستان کراوه، بهدهر لهوه بڕیاره حکومهتى ههرێم پرۆژهى چاکسازى ئاراستهى پهرلهمان بکات.

کاوه عهبدولقادر، ئهندامى لیژنهى کاروبارى یاسایى له پهرلهمانى کوردستان، لهلێدوانێکیدا به هاوڵاتى ڕاگهیاند «ئێمه وهکو چهند فراکسیۆنێک پرۆژهیاسامان داوهته سهرۆکایهتى پهرلهمانى کوردستان، بهڵام پرۆژهکهى ئێمه نهخراوهته بهرنامهى کارهوه«.

ههر لهوبارهیهوه عوسمان سێدهرى، جێگرى سهرۆکى لیژنهى پێشمهرگهو ناوخۆو ئاسایش و ئهنجومهنه خۆجێیهکان لهپهرلهمانى کوردستان به هاوڵاتى ڕاگهیاند «بهرنامهمان ههیه یاساى پاسهوانى لهههرێم ههمواربکهینهوه، بهشێوهیهک ژمارهیهکى زۆرى پاسهوانى بهرپرسانى حکومى و حزبى کهمبکهینهوهو ڕێگه لهبهههدهردانى سامانى گشتى بگرین».

یهکنهخستنهوهی پاسهوانى بهرپرسان بۆتە بار بەسەر بودجەی هەرێمەوە بە جۆرێک دهیان بهرپرس ههن هیچ دەوامێک ناکەن و پاسەوانیان هەیە.

کابینهى نۆیهمى حکومهتى ههرێمى کوردستان، له ئێستادا سهرقاڵى ئامادهکردنى پرۆژهى چاکسازییهو داواى لهسهرجهم وهزارهتهکان کردووه پلان و بهرنامهى کارى چوار ساڵى داهاتوو ڕهوانهى حکومهت بکهن. بهپێى بهدوواچوونهکانى هاوڵاتى-ش ڕێکخستنهوهى پاسهوانى بهرپرسان و وهزیرو پهرلهمانتاران بهشێکه له پرۆژهی چاکسازى ئهم کابینهیه.

عوسمان سێدهرى وتی «بهداخهوه زۆرجار تهنها قسه لهسهر پاسهوانى پهرلهمانتاران دهکرێت، لهکاتێکدا پهرلهمانتار نوێنهرى خهڵکهو شهرعیهتى یاسایی ههیه، بهپێى یاساش پهرلهمانتار سێ پاسهوانى ههیه، ناکرێت کهمکردنهوهى پاسهوان تهنها بۆ پهرلهمانتار بێت، دهبێت ئهو کێشهیه بهیاسا چارهسهربکرێت».

وتیشی «تهمهنى پهرلهمانى کوردستان وا دهبێته ساڵێک، بهڵام تائێستا پاسهوان بۆ پهرلهمانتاران دانهنراوه«.

هەروەها وتی «دهیان ههزار پاسهوانى بندیوار ههیهو دهوام ناکهن، سامانێکى زۆر بهههدهردراوهو کێشهیهکى گهورهیه پێویسته چارهسهربکرێت».

 بهپێى یاسا ئهندامانى پهرلهمانى کوردستان سێ پاسهوانى بۆ دادهمهزرێنرێت، لهگهڵ ئهوهى ئهم خولهى پهرلهمان تهمهنى نزیکهى ساڵێک دهبێت، بهڵام تائێستا ئهندامانى پهرلهمان پاسهوانیان بۆ دانهمهزراوه.

هاوڵاتى چهند جارێک پهیوهندى بهوتهبێژى حکومهتى ههرێمهوه کرد، سەبارەت بە هەوڵی کەمکردنەوەی پاسەوانی پەرلەمانتارن لەلایەن حکومەتەوە، بهڵام وهڵامى پهیوهندییهکانی نهدایهوه.

کاوه عهبدولقادر، ئهندامى لیژنهى یاسایی له پهرلهمانى کوردستان، لهلێدوانێکیدا به هاوڵاتى ڕاگهیاند «تاکه شوێنێک کهبهیاسایی پاسهوانى بۆ دانرابێت پهرلهمان بووه، تهمهنى پهرلهمان نزیکهى ساڵێکه، بهڵام تائێستا پهرلهمانتاران هیچ پاسهوانێکیان نییه«.

کاوه وتیشى «جگه له پاسهوانى ئهندامانى پهرلهمان ئهوهی تر ههمووی بهنایاسایی دانراوه. دهیان فهوج و لهشکرى پاسهوانی و دهیان ههزار پاسهوان بهنایاسایی دانراوه، کهبهشێکیان پاسهوانى ماڵ و باخ و ڤێلاى بهرپرسهکانن».

هاوکات لهڕوونکردنهوهیهکى پێشووترى بهڕێوهبهرى دیوانى وهزارهتى ناوخۆى حکومهتى ههرێم، سهبارهت بهپرسى دامهزراندنى پاسهوان بۆ پهرلهمانتاران، ئهوه خراوهتهڕوو «که بیرۆکهى ئهوه لهئارادایه بهشێوهى گرێبهست و بۆ یهک خول پاسهوان بۆ ئهندامانى پهرلهمان دابنرێت».

بهپێى بڕیارە نوێیەکەی حکومەت ژمارهى پاسهوانى ئهندامانى پهرلهمانى کوردستان له سێ پاسهوانهوه کهمدهکرێتهوه بۆ یهک پاسهوان.

سهبارهت بهکهمکردنهوهى ژمارهى پاسهوانى پهرلهمانتاران، کاوه عهبدولقادر، ئهندامى لیژنهى یاسایی لهپهرلهمان وتى «دانانى پاسهوان بۆ پهرلهمانتاران بهیاسا بوەو ههر کهمکردنهوهیهکیش بهبێ ههموارکردنهوهى یاساکه، بڕیارێکى نایاساییه«

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار