کارى ڕێکلامکردن به‌ یاسا ڕێکده‌خرێت

5 ساڵ لەمەوپێش




شاناز حه‌سه‌ن

په‌رله‌مانى کوردستان له‌ڕێگه‌ى لیژنه‌ى ڕۆشنبیرییه‌وه‌ سه‌رقاڵى ئاماده‌کردنى پرۆژه‌ یاسایه‌کى تایبه‌ت به‌ ڕیکلام کردنه‌و په‌رله‌مانتارێکیش رایده‌گه‌یه‌نێت" له‌ڕابردوودا بێسه‌ر وبه‌ره‌یى له‌ کارى ڕێکلامکردندا هه‌بووه‌و بوونى یاسا کێشه‌کان چاره‌سه‌رده‌کات. 

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى لیژنه‌ى ته‌ندروستى په‌رله‌مانى کوردستاندا و به‌مه‌به‌ستى ڕێکخستنه‌وه‌ى کارى ڕێکلامکردن بڕیاردرا کۆنفرانسێک ڕێکبخه‌ن بۆ وه‌رگرتنى راوبۆچوونى شاره‌زایانى میدیا و کۆمپانیاکانى ڕیکلام.

پێشه‌وا هه‌ورامى، ئه‌نداکى لیژنه‌ى ڕۆشنبیرى، له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، له‌ لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى"سه‌رقاڵى ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ن، پرۆژه‌که‌ زۆر ورده‌ و کارى ڕێکلام به‌ته‌واوى  ڕێکده‌خات".

باسى له‌وه‌شکرد: هه‌ندێک جار بێسه‌روبه‌ره‌یى و هه‌ندێک هه‌ڵه‌ ڕویداوه‌و یاسا هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕێکده‌خاته‌وه‌ و چاره‌ده‌کرێن".
ئه‌وه‌ى زۆر به‌لاى ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌وه‌ گرنگ بوو،  به‌کارهێنانى منداڵ له‌ رێکلامه‌کان و ناوزڕاندنی سنبولێکى نه‌ته‌وه‌یى و وتى" به‌کارهێنانى ئاڵایه‌ک یان منداڵ له‌زۆر شتدا که‌ ناگونجێت، پێویسته‌ رێکلام بۆ شتێک نه‌کرێتکه‌ خراپ بێت ".

هه‌ورامى، جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌که‌یاندا، ڕه‌چاوى ژینگه‌و ته‌ندروستى کراوه‌و بابه‌تێکى وردو هه‌قى ئه‌و که‌سه‌ى رێکلامه‌که‌ ده‌کات و ئه‌وه‌ش که‌ بڵاوى ده‌کاته‌وه‌ ده‌یپارێزێت.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕوپاک ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ته‌ندروستى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، باسى له‌وه‌کرد، پڕۆژه‌یه‌که‌یان ئاماده‌ کردووه‌ له‌سه‌ر ڕیکلامى بازرگانى و ئه‌و شوێنانه‌ى ده‌یکه‌ن و ئه‌وانه‌ى لێى بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ کاره‌کانى ڕیکلام ڕێکبخرێن و له‌ 1ى9ى2019 ده‌درێته‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان".

لاى خۆیشییه‌وه‌ فه‌رهه‌نگ  تاهیر گۆمه‌شینى، وته‌بێژى وزاره‌تى ڕۆشنبیرى، له‌ لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى" کارى ڕێکلام به‌شێکه‌ له‌ هه‌یکه‌لى ئیدارى و ڕێکخستنه‌وه‌ى کارى وه‌زاره‌تمان و کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین".

هه‌رچه‌ند به‌ وته‌ى په‌رله‌مانتاران، به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌کردنى پرۆژه‌یاسایه‌ک بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ى بیروڕاى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارو  ڕێکخراوو شاره‌زایان وه‌رده‌گرن، به‌ڵام نه‌قیبى  سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسان،  ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات، په‌رله‌مان هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ نه‌کردوون.

پێویسته‌  فه‌لسه‌فه‌ى میدیا بۆکارى ڕیکلام زۆر ورد و ئاشکرابێت

ئازاد حه‌مه‌ده‌مین، نه‌قیبى ڕۆژنامه‌نوسانى کوردستان،  له‌و باره‌یه‌وه‌  به‌ هاوڵاتى  ڕاگه‌یاند" وتى" کۆبونه‌وه‌ کراوه‌ له‌سه‌ر زۆرشت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگیان نه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ و هیچ ڕوئیایه‌کى په‌رله‌مان و لیژنه‌ى رۆشنبیرى نابینین به‌ چ ئاراسته‌یه‌ک کارده‌که‌ن، چۆن له‌بابه‌ته‌کان تێگه‌یشتون، چۆن کارى بۆده‌که‌ن".

ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌: له‌ خوله‌کانى ترى په‌رله‌مان کار کراوه‌ بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ى کارى ڕیکلام و پێویست بوو له‌م خوله‌شدا، ئه‌و نوسراو وتێبینیانه‌ وه‌ربگیرێت و سودى لێوه‌ربگیرێت. 

نه‌قیبی سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسان، وتیشى" ڕێکلام په‌یوه‌ندى به‌ناوبانگى میدیاوه‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ زۆر وردبن و فه‌لسه‌فه‌ى میدیا بۆکارى ڕیلام زۆر ورد و ئاشکرابێت. نابیت رێکلام به‌شێوه‌یه‌ک رێبکخرێت که‌ رێگربێت له‌ بازاڕى ئازاد".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار