روسیا دەبێتە مۆتەکەی تورکیا
5 ساڵ لەمەوپێش
ڕاپۆرتی: ئەلمۆنیتەر
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
هێرشی هێزە ئاسمانییەکانی حکومەتی سوریا لە ١٩ی ئەم مانگەدا بۆ سەر کاروانە سەربازییەکەی تورکیا لەئیدلیب بووەتە هۆی ئاڵۆزکردن و پەرتکردنی پەیوەندییەکانی مۆسکۆو ئەنقەرە.
لەبەیاننامەی وەزارەتی بەرگری تورکیا سەبارەت بە رووداوەکە، تەنها جارێک ناوی حکومەتی سوریا نایەت بەڵام چوار جار ئاماژە بەناوی روسیا دەکات، ئەمەش روونە کەئەنقەرە ڕووداوەکە لەچاوی مۆسکۆ دەبینێت.
تورکیا رایگەیاند هێرشەکە سێ کەسی مەدەنی کوشت و ١٢ کەسی تری بریندار کردووە بەڵام هیچ زانیارییەکی وردی لەسەر قوربانییەکان نەدا.
دوابەدوای بەیاننامەکەی تورکیا، بەرپرسانی رووسی و میدیا حکومییەکان بێدەنگیان هەڵبژارد، چاوەڕێی کاردانەوەی کریملن بوون، کەئەویش زۆری نەخایاند. هەر ئەو ڕۆژە ڤلادمیر پۆتین سەرۆکی روسیا جەختی لەپشتیوانی مۆسکۆ کردەوە بۆ هەڵمەتی بەرەوپێشچوونی سەربازی حکومەتی سوریا بۆ ناو پارێزگای ئیدلیب.
« دەمەوێت ئەوە بڵێم کەپێش ڕێککەوتنە هاوبەشەکەی «سۆتچی» لەسەر ئەو بەشە چەکداماڵراوەی ناوچەی ئیدلیب، نزیکەی لەسەدا ٥٠%ی ناوچەکە لەژێر دەستی تیرۆریستاندا بوو، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە بووەتە لەسەدا ٩٠%، ئێمە هێرشی بەردەوام لەوێدا هەستپێدەکەین و لەوەش زیاتر، جوڵەی میلیشیاکان لەناوچەکەوە بەرەو بەشەکانی تری جیهان دەبینین کەئەمەش زۆر ترسناکە»، پۆتین وای وت.
هەروەها پۆتین ئەوەشی زیاد کرد، «ژمارەیەک هەوڵ هەبوون بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئاسمانییەکەمان لە حەمەیمیم لە ئیدلیب، بۆیە ئێمە پشتیوانی هەڵمەتەکانی سوپای سوریا دەکەین بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ناوخۆیی تا بتوانێت ئەو هەڕەشە تیرۆریستیانە کۆنتڕۆڵ بکات».
پۆتین هەموو ئەو تۆمەتانەشی ڕەتکردووە کە لەلایەن ڕۆژئاواوە دەکرێنە سەری بەوەی سەرپێچی لەخاڵەکانی ناوچە لەچەک داماڵراوەکە کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە «جەنگ دژی تیرۆریزم بەردەوام دەبێت».
ڕوسیا و تورکیا تەوژمێکی ئەرێنیان بەخۆیانەوە بینیوە لەپەیوەندییەکانیاندا بەوەی کەمۆسکۆ وەک «پێشکەشکەری ستراتیجیەتی ئەمنی» کاری بۆ ئەنقەرە کردووە. مانگی ڕابردوو ڕوسیا بەشەکانی سیستەمی بەرگری ئێس- ٤٠٠ی گەیاند بەتورکیا و چەند پرۆژەیەکی هاوبەشی هەستیار لەنێوان هەردوولاش بەڕێوەیە.
بەڵام بارودۆخی ئیدلیب ماوەیەکە بووەتە هەڕەشە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئەوەی خراپترین پێشهاتەکان لەنیسانی ئەمساڵەوە ڕوودەدەن.
ئەو ڕێککەوتنەی سەرکردەکانی روسیاو تورکیا ساڵی رابردوو پێی گەشتن لەشاری سۆتچی ڕوسیا چاوەڕێدەکرا گێژاوەکە چارەسەر بکات بەڵام لەبەجێهێنانی ئامانجەکەیدا کورتی هێنا. ڕێککەوتنەکە دروستکردنی ناوچەیەکی بێلایەن بوو لەئیدلیب کەتێیدا هەموو ململانێیەک تێیدا قەدەغە بێت و تورکیا چەکە قورسەکانی، کەبەدەست ئۆپۆزسیۆنی سوریاوەیە، وەربگرێتەوە. مۆسکۆ شکستی ڕێککەوتنەکە دەخاتە ملی ئەنقەرە هەرچەندە خۆی بەدووردەگرێت لەبەیاننامەی هەستیاری بۆ رای گشتی لەسەر بابەتەکە. ئەنقەرەش بەهەمان شێوە مۆسکۆ بەوە تۆمەتبار دەکات کەهێرشی بەردەوامی سوریا بۆ سەر ئیدلیب ڕێککەوتنەکەی لەق کردووە. لەلایەکەوە ئەنقەرە پشتیوانی ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانەی سوریا دەکات کەدڵسۆزن بۆی لەگەڵ هەیئەتی تەحریر ئەلشام دەجەنگن، بەڵام لەلایەکی ترەوە هەنگاوی سیاسی و سەربازیش دەنێت بۆ زامنکردنی پێگەی خۆی لەو بەشەی سوریادا.
ڕەنگە روسیا ئەوەی پێ قبوڵ بکرایە ئەگەر ئەو گروپانەی لە ئیدلیبدا کۆبونەتەوە لەدژی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا، هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنیان بۆ سەر سوپای روسیا دروستنەکردبا لەبنکەی حەمەیمیم. سەرکردایەتی سوریا لەلایەکی ترەوە دڵخۆش نییە بەڕەفتارە دوژمنکارییەکانی تورکیا لەئیدلیب و هەبوونی سوپای تورکی لەخاکی سوریادا لەسەروو ئەوەی بۆی دیاریکراوە لەڕێککەوتننامەی سۆتچی. لەکاتێکدا ئەنقەرە ئەسەد وەک لایەنێکی سەربەخۆ هەژمار ناکات لەم دۆخەدا، دەبێت مۆسکۆ کێشەکانی سەرکردایەتی سوریا لەئەستۆ بگرێت ئەگەر تەنها لەبەر خاتری ناوبانگی خۆشی بێت وەک هێزێک کە دڵسۆزی نیشانبدات بۆ هاوپەیمانەکانی.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەم کێشەیە، هێرشە بەردەوامەکان لەسەر بنکەی ئاسمانی روسیا هۆکارێکی باش دەداتە دەستی مۆسکۆ تا پشتیوانی بەرەوپێشچوونەکانی سوپای سوریا بکات لەو ناوچانەی هەڕەشە دروستدەکەن بۆ سوپای روسیا.
بەواتایەکی تر، ئەسەد کێشەی ستراتیجی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە لەئیدلیب لەکاتێکدا پۆتین کێشەیەکی تەکتیکی لەگەڵی هەیە. ئەمە هیچ شتێک ئاسان ناکات بۆ هیچ لایەنێکیان، بەڵام هۆکارێک دەدات بەدەستەوە کە بڕوا بەوە بکرێت ئەگەری دژبەیەک وەستانەوەی روسیاو تورکیا کەمبێت لەسەر ئیدلیب، بەدڵنیاییەوە ئەگەر هیچ رووداوێکی هەستیارو گرنگ روونەدات بۆ گۆڕینی پێگەی هەرلایەکیان دژی ئەوی دیکە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەی جەنگ لە ئیدلیب بەردەوامە، زۆربەی بژاردەکانی بەردەستی روسیاو تورکیا لەمەترسیدایە. خراپترکردنی بارودۆخەکە لەوەدایە هێزەکانی سەر بەحکومەتی سوریا لەبەرەوپێشچوونیان بەردەوامن و پێنجشەممەی رابردوو، واتە ٢٢ی مانگ شارۆچکەی خان شەیخونیی سەر بە پارێزگای ئیدلیبیان گرتەوە دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی سەر بە تورکیا کشانەوە.
تورکیا کاروانە سەربازییەکەی بەمەبەستی پڕچەککردنەوەی خاڵە چاودێرییەکانی لە ئیدلیب ناردبوو کە سەرجەمیان ١٢ خاڵی چاودێرین. تۆم ڕۆوگان، ستوونووسی «واشنتۆن ئێکزامینەر» دەڵێت، «هاوپەیمانی روسیا و سوریا هەوڵی ئەوەیانە تورکیا بپچڕێنن لەخاڵە چاودێرییەکانی تا ئەوەی بتوانن لەپارێزگای حەما وەدەریبنێن، ئەوەش یارمەتی هاوپەیمانیەتییەکە دەدات خۆیان نەخشەی جەنگەکە بکێشن و هەڵمەتی هێرش دەستپێبکەن بۆ ئیدلیب کە ناوچەیەکی گرنگە چونکە دواین پێگەی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنە».
هەروەها ڕۆوگان دەشڵێت: «تورکیا وەڵامی بۆ هێرشە ئاسامانییەکە جوڵاندنی هێزو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بوو بۆ ئەو ناوچە ئاسمانییانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی روسیادایە، ئەمەش هەوڵێکە بۆ سەرنجراکێشانی پۆتین، پیداچوونەوەی بەبڕیاری دەستبەرداربوون لەئەسەد، یان رووبەڕووبونەوەی هێزی تورکی. هەرچەندە پۆتین گریمانەی ئەوە دەکات کە ئەردۆغان بەرگەی ئەوە ناگرێت جەنگ هەڵبگیرسێنێت».
ڕۆوگان پێشییوایە، «ڕوسیا زۆر لەوە بەهێزترە لەوەی خۆیان دەردەخەن لەسوریا، بەڵام هەمان سیستەمی ئێس-٤٠٠ کە ئەردۆغان لە پۆتینی کڕی، لە سوریادا لەلایەن هێزەکانی روسیاوە بەکاردەهێنرێت، ئەوەش باجێکی قورس دەبێت لەسەر هێزی ئاسمانی تورکیا ئەگەر جەنگ هەڵگیرسێت».
لەلایەکی ترەوە باس لەوە دەکرێت پێکدادانی تورکیا و یەپەگە لەباکوری سوریا، کەئەگەرێکە هەلی ڕوودانی هەیە بەو پێیەی ئەنقەرە هێزە کوردییەکان «بەهەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی» دەزانێت، لەبەرژەوەندی روسیا بشکێتەوە.
ڕوسلان مامەدۆڤ، ڕێکخەری پرۆگرام لە ناوەندی توێژینەوەی ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی روسی دەڵێت، «ڕوسیا چەند ڕێککەوتنێکی ئەنجامداوە لەگەڵ تورکیا، لەنێویاندا رێککەوتنیکی نوێ هەیە بۆ جەسپاندنی ئاگربەستێکی کاتی لە ئیدلیب کەهاریکاری تورکیا دەکات تا بتوانێت هەندێک لە هێزەکانی لەئیدلیبەوە بجوڵێنێت بەرەو ناوچەی فوڕات (باکوری سوریا)».
مامەدۆڤ دەشڵێت، «هەر کەتورکیا دەستیکرد بە هێرشەکەی بۆ سەر کوردەکان و ئەمریکا نەیتوانی پشتیوانیان بێت، ڕەنگە کوردەکان پەنابەرن بۆ روسیا ئەمەش پێگەی روسیا بەهێز دەکات تابارودۆخێک دروستبکات بۆ ڕێککەوتنی کوردەکان و حکومەتی بەشار ئەسەد».
بەم پێیەش ڕوسیا سودمەند دەبێت هەم لەوەی کەهێزەکانی تورکیا لەئیدلیب کەمدەبنەوە و هەم لەوەی ئەو ناوچانەی بەدەست کوردەوەیە لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەوێتەوە دەست حکومەتی ئەسەد.