کورد سەرژمێرى لەکەرکوک رەتدەکاتەوە
لایەنەکان سەرژمێری بەبێ جێبەجێکردنى ماددەی 140 رەتدەکەنەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پڕۆسەى سەرژمێرى گشتى دانیشتوان مشتومڕ لەناو پێکهاتەکانى کەرکوک دروستکردووەو کورد ئەنجامدانى ئەو پرۆسەیە لەم بارودۆخەى ئێستاى پارێزگاکەدا رەتدەکاتەوەو داوادەکات رێگەچارەى بۆ بدۆزرێتەوە.
بریارە ساڵى داهاتوو پرۆسەى سەرژمێرى گشتى دانیشتوان لەسەرتاسەرى عێراق و هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ زانینى ریژەى دروستى ژمارەى دانیشتوان لەسەر ئاستى عێراق و پارێزگاکان.
حکومەتى عێراق و وەزارەتى پلاندانان چەند مانگێکە سەرقاڵى ئامادەکاریی چڕن بۆ بەرێوەبردنى پرۆسەکە کە لە هەر لە ئێستاوە لەناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتى پارێزگاى کەرکوک کە چەند پێکهاتەیەکى جیاواز تێیدا دەژین مشتومڕ لەسەرى دەستیپێکردووە.
کورد کە خۆى بە زۆرینە دادەنێت لە پارێزگاکەدا لەگەڵ ئەوەدا نییە لەم کاتەدا سەرژمێرى گشتى دانیشتوان ئەنجام بدرێت، بەهۆى بوونى ئاوارەیەکى زۆرى عەرەب و ئاوارەبوونى خەڵکێکى زۆرى کورد و گۆڕانکاریی دیموگرافى لە شارەکەدا.
لەدواى هێرشەکانى داعشەوە لەساڵى ٢٠١٤ ژمارەیەکى زۆرى ئاوارەى عەرەب لە حەویجە و ناوچە عەرەبنشینەکانى دیکەوە ئاوارەى شارى کەرکوک بوون و تا ئیستاش بەشێکیان نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، هەروەها لەدواى رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ەوە بەهەزاران هاوڵاتى کوردى کەرکوک ئاوارە بوون و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە شارەکە.
جوان حەسەن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بە هاوڵاتى راگەیاند، پرۆسەى سەرژمێرى گشتى بەم شێوەیەى ئێستا بۆ کورد زیانى هەیە و ئەگەر بکرێت عەرەب لەناو شارى کەرکوک دەبێتە پێکهاتەى یەکەم و پێش کورد و تورکمانەکان دەکەوێت.
بەوتەى جوان حەسەن، بوونى ئاوارەیەکى زۆرى عەرەب لەناو شارى کەرکوک، بەتایبەتى ئاوارەکانى حەویجە، لەگەڵ گۆڕینى دیموگرافى لە شارەکە و نەگەڕانەوەى ئاوارە کوردەکان هۆکارن بۆ ئەوەى عەرەب ببێتە زۆرینە و پێویستە ئەو پرسە چارەسەر بکرێت ئەگەر بڕیار بێت سەرژمێرى بکرێت.
لەدواى روخانى رژێمى سەدام حوسەینەوە لەساڵى ٢٠٠٣ هیچ پڕۆسەیەکى سەرژمێرى لە عێراق ئەنجامنەدراوە، بۆ زانینى رێژەى راستەقینەى ژمارەى دانیشتوان، ئەوەى تا ئێستاش پشتى پێدەبەسترێت سەرژمێرى ساڵى ١٩٥٧ کە لەسەرتاسەرى عێراق کرا، لەکۆتایی نەوەدەکانى سەدەى رابردووش پرۆسەى سەرژمێرى لە پارێزگاکانى ژێر دەسەڵاتى ئەوکاتى سەدام حوسەین کرا، بەڵام ئەنجامەکەى پشتى پێنابەسترێت.
جوان حەسەن باسى لەوەکرد، دەکرێت بە دوو شێوە چارەسەرى ئەم پرسە بکرێت، یان ئەوەتا پشت بە سەرژمێرى ساڵى ١٩٥٧ ببەسترێت بەشێوەیەک ئەو هاوڵاتیانەى بەپێی ئەو سەرژمێرییە دانیشتوى ئەو پارێزگایە نەبن بۆیان نەبێت بەشدارى بکەن، کە ئەوەش کارێکى قورسە، یان هەرێم و بەغدا رێککەوتنێک بکەن لەو بارەیەوە تا سەرژمێرى بکرێت.
پرسی سەرژمێرى دانیشتوان بەردەوام پرسێکى ناکۆکى لەسەرى نێوان هەرێم و بەغدا و پێکهاتەکانى ناوچە جێناکۆکەکان بووە، تا ئێستاش وەک سەرجەم پرسەکانى تر بە چارەسەرنەکراوى ماوەتەوە.
نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم بەم دواییانە لەمیانەى کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ شاندێکى نەتەوەیەکگرتووەکان داوایکرد پرسی سەرژمێرى گشتى دانیشتوان لە عێراق بە سیاسی نەکرێت.
پێدەچێت پرسی سەرژمێرى یەکێک لە خاڵەکانى دانوستانى ئەم دواییەى نێوان هەرێم و بەغدا بێت بۆ چارەسەرى کێشە هەڵپەسپێردراوەکانى نێوانیان، بەتایبەت پرسی سەرژمێرى لە ناوچە جێناکۆکەکان.
لایەنە کوردییەکانى کەرکوک رۆژى دووشەممە لە کەرکوک کۆبوونەوە و جەختیان کردەوە، سەرژمێریی بەبێ ماددەی 140 رەتدەکەنەوە.
حزبەکان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، بە یاسا و دەستوور مامەڵە لەگەڵ یاسای سەرژمێری دەکەن، تاوەکو مادەی 140ی دەستوور جێبەجێ نەبێت، بە هەرسێ قۆناغەکانییەوە، هەر یاسایەکی دیکە دەربچێت سەربارەت بە سەرژمێری، پێچەوانەی دەستوورە و رەتیدەکەنەوە.
هەروەها داوایان لە سەرۆک کۆمار و نوێنەرانی کورد لە بەغدا کردووە گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری کەرکوک رابگیرێت، چونکە ئیستا رۆژانە هاووڵاتیان لە شوێنەکانی دیکەوە دەهێندرێن و بە شێوەیەکی فەرمی تەئید سەکەن و فۆرمیان بۆ دروست دەکرێت.
جەمال شکور یەکێک لە نوێنەرانى کەرکوک لە پەرلەمانى عێراق بە هاوڵاتى راگەیاند، بەم بارودۆخەى ئیستاوە لەگەڵ ئەنجامدانى سەرژمێرى دانیشتواندا نین، کە گۆڕانکارى دیموگرافى لە کەرکوک کراوە و جۆرێک لە تەعریب بۆ شارەکە گەڕاوەتەوە.
جەختیشیکردەوە، کە ئەگەر بڕیار بێت سەرژمێرى بکرێت دەبێت دۆخى پارێزگاى کەرکوک بەتەواوى ئاسایی بکرێتەوە، ئاوارەکان بگەرێنەوە و گۆڕانکارى دیموگرافیش رابگیرێت.
جەمال شکور باسى لەوەشکرد، بەم دواییانە فۆرمى خەڵکانێکى زۆرى عەرەب بۆ کەرکوک گواستراونەتەوە، داوامان لەبەغدا کردووە ئەو پرۆسەیە رابگرێت، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە.
یەکەم سەرژمێری گشتى لە عێراق ساڵی ١٩٣٤ ئەنجامدرا ئەوکات ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣ ملیۆن و ٣٨٠ هەزار کەس بووە، لە ئیستاشدا و بەهۆى ئەنجامنەدانى سەرژمێرییەوە پشت بە خەمڵاندن دەبەسترێت بۆ زانینى رێژە و ژمارەى دانیشتوان.
بە پێی ئامارەکانى دەزگای ناوەندیی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دانیشتوانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٣٨ ملیۆن و ١٢٤ هەزار و ١٨٢ کەس بووە، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە شەش ملیۆنیان لە هەرێمی کوردستاندان، ساڵانەش نزیکەی ملیۆنێک زیاد دەکات.
جەمال شکور جەختیکردەوە دەبێت ماددەى ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، ئەوکات سەرژمێرى بکرێت، چونکە ماددەکە هێشتا بەتەواوى جێبەجێنەکراوە و دادگاى فیدراڵیش رایگەیاندووە کە کارکردن بەماددەکە دەبێت بەردەوام بێت.