ســـیــیــەکـــــانــی زەوی گــڕدەگــرێـــت
ئەو شتانەی دەبێت بزانیت دەربارەی ئامازۆن کەلانی کەم ١١ هەزار ساڵە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤە
5 ساڵ لەمەوپێش
ڕاپۆرتی: ئەلجەزیرە
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
چڕە دووکەڵ ئەمازۆنی خامۆش کردووە لەگەڵ ئەوەی ئاگر تەنگی بەچەند بەشێکی دارستانەکە هەڵچنیوە، ئاگرێک کە «سییەکانی هەسارەکە» و بەشێکی زەبەلاحی ژیانی خستووەتە مەترسییەوە.
شەپۆلەکانی دووکەڵەکە، کە لە بۆشایی ئاسمانەوە دیارە، مەترسی نێودەوڵەتی خوڵقاندووە، بانگەوازی ڕەوینەوەی بۆ دەکرێت و پەنجەی تۆمەتەکان زۆرن بۆ سەر چی یان کێ بەرپرسیارە لە سووتانەکە. بەتایبەتی جەیر بۆلزۆنارۆ سەرۆکی بەڕازیل کەوتووەتە ژێر پشکنینی قووڵەوە بۆ ئەو بەرپرسیاریەتییەی هەیەتی لەپشکە زۆرەکەی بەڕازیل لەدارستانەکەدا.
ئاگرەکان لەکوێن؟
ئاگرەکان لەسەرتاسەری چەند ویلایەتێکدان کە دەکەونە بەشی دارستانی ئەمازۆنی بەڕازیلەوە.
باکوری رۆرایما بەرەو ئەمازۆناس، ئاکری، ڕۆندۆنیا، هەروەها ماتۆ گرۆسۆ دۆ سول بەخراپی کاریگەرییان بەرکەوتووە.
پەیمانگەی نیشتمانی بەڕازیل بۆ توێژینەوەی بۆشایی (ئای ئێن پی ئی) بەتەنها نۆ هەزار و ٥٠٠ ئاگری نوێی لە بەڕازیلدا دیاریکردووە لە ١٥ی ئابەوە، لەکاتێکدا ئاژانسەکانی چاودێری ژینگە شوێنەواری دووکەڵیان هەست پێکردووە لە ناوچەی ئەمازۆن کە بە هەزارەها کیلۆمەتر بەدرێژایی ئەمریکای لاتین گەشتی کردووە بەرەو کەناراوەکانی زەریای ئەتڵەسی و شاری ساوپاولۆ، کە بۆ ماوەیەکی کورت ڕۆژی گەورەترین شارەکەی بەڕازیلی گۆڕی بۆ شەو لەدووشەممەی رابردوودا بەدرێژایی سێ هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر.
ئەمازۆناس، گەورەترین ویلایەتی بەڕازیل، لە ٩ی ئابدا حاڵەتی لەناکاوی ڕاگەیاند لەکاتێکدا ئاکری لە ١٦ی ئابەوە لەحاڵەتی ئاگادارکردنەوەی ژینگەییدایە بەهۆی ئاگرەکانەوە.
بەپێی زانیارییەکانی (ئای ئێن پی ئی)، هەندێک لەوڵاتەکانی تری ناوچەی ئەمازۆن، لەوانە بۆلیڤیا و پیرۆ کە هەردووکیان سنوریان لەگەڵ بەڕزایلدایە، پروشکی گەورەی ئاگرەکەی ئەمساڵیان بەرکەوتووە.
بڕی ئاگرەکە
(ئای ئێن پی ئی) نزیکەی ٧٥ هەزار ئاگری تۆمارکردووە لەنێوان کانونی دووەم بۆ ئابی ئەمساڵ کە بەرزترین ڕێژەیە لەو کاتەوەی دامەزراوەکە تۆمارەکانی دەستپێکردووە لەساڵی ٢٠١٣.
لەهەمانکاتدا هەتاوەکو ١٦ی ئاب، شیکردنەوەیەکی ڕێکخراوی ناسا ئەوەی خستەڕوو کە « سەرجەم چالاکی ئاگر لەسەرتاسەری ئەمازۆن نزیکبوەتەوە لە تێکڕای ئاگری ١٥ ساڵی ڕابردوو».
هەروەها شیکردنەوەکەی دەزگای ناسا باس لەوەش دەکات کە «هەرچەندە چالاکی ئاگر وادەردەکەوێت لەسەروو تێکڕاوە بێت لەویلایەتەکانی ئەمازۆناس و ڕۆندۆنیا، بەڵام تائێستا لەخوار تێکڕاوەیە لەویلایەتەکانی ماتۆگرۆسۆو پارا».
چی بووەتە هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکان؟
ئاگر لەم کاتەی ساڵدا لەئەمازۆن، کەوەرزێکی وشکە، حاڵەتێکی سروشتییە، بەڵام ژینگەپارێزان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان تۆماری ئاگرەکەیان داوەتەپاڵ جووتیاران و ئاژەڵ بەخێوکەران کەدارستانەکەیان سووتاندووە بۆ ڕێخۆشکردن بۆ دروستبوونی لەوەڕگا، هەروەها پەنجەی تۆمەت درێژدەکەن بۆ داربڕەکان کە دارستانەکەیان کاول کردووە بۆ کۆکردنەوەی دار، لەگەڵ ئەوەی (ئای ئێن پی ئی) ئەگەری دیاردەی سروشتی وەک هەڵگیرسێنەری ئاگرەکە بەدوور دەزانێت.
ڕەخنەگران دەڵێن لاوازکردنی پێگەی ئاژانسی ژینگەی نیشتمانی (ئای بی ئێم ئەی)ی بەڕازیل، کە بەرپرسە لەبەڕێوبردنی ئەمازۆن و ڕێگەگرتن لەبڕینەوەی دارستانەکە، لەلایەن سەرۆک بۆلزۆنارۆوە و لەگەل هەوڵی زۆری سەرۆکی وڵاتەکە بۆ کردنەوەی ئەمازۆن بۆ کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، کانسازی ئەم کارەکتەرانەی هانداوەو ژینگەیەکی ئازادی بۆیان دروستکردووە تا بەنایاسایی داری دارستانەکە ببڕنەوە.
دواهەمین بەڵگەکان وادەردەکەون کە پشتگیری ئەم بۆچوونە بکەن لەگەڵ ئەوەی زانیارییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن وشکبوون و بڕینەوەی دار لە ئەمازۆنی بەڕازیل بەشێوەیەکی خێراو چاوەرواننەکراو بەرزبوەتەوە لەژێر دەسەڵاتی بۆلزۆنارۆدا.
بەپێی توێژینەوەی پەیمانگەی توێژینەوەی ژینگەیی ئەمازۆن، کاولبوونی دارستانەکە بەڕێژەی زیاتر لەسەدا ٢٧٨% بەرزبوەتەوە لەمانگی تەمموزدا بەبەراورد بەهەمان مانگ لەساڵی رابردوودا. لەماوەی رابردوودا (ئای ئێن پی ئی) ئاستی بڕینەوەی داری دارستانەکەی لەسەدا ٨٨% دانا بۆ مانگی حوزەیران کە بەرزترە لەهەمان مانگ لەساڵی ٢٠١٨.
کریستیان پۆیریەر، بەڕێوبەری پرۆگرامەکانی ڕێکخراوی چاودێری ئەمازۆنی ناحکومی دەڵێت، «ئەم ئامارانە بۆ هەر کەسێک دەدوێن کە لەدەسەڵاتدایەو ئەو (بۆلزۆنارۆ) چی دەکات بۆ لەقکردنی پێگەی پاراستنی ژینگەیی... بووەتە هۆکارێک بۆ کردنەوەی لێشاوی هەڵسوکەوتی نایاسایی و کاولکارانە».
هاوکات حکموتەکەی بۆلزۆنارۆ چەند ڕوونکردوەیەکی خستووەتەڕوو بۆ ئاگرەکە، لەوانەش زیادبوونی وشەکەساڵی، بۆلزۆنارۆ خۆشی بانگەشەی بێ بنەمای بڵاوکردوەتەوە لەسەر ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە ئاگرەکەیان هەڵگیرساندووە لەهەوڵێکدا بۆ لەقکردنی پێگەی ئیدارەکەی دوای ئەوەی کە بودجەکانیانی بڕیوە.
لەهەینی ڕابردوو بۆلزۆنارۆ وتی کە بەکارهێنانی سوپای پەسەندکردووە بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرەکە و وەستاندنی داربڕینی نایاسایی. لەئێستادا ٤٤ هەزار سەربازی بەڕازیل ئامادەکراوە بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرەکە کەبڕیارە بەمزوانە بجوڵینرێن، هەرچەندە بۆلزۆنارۆ کەشوهەواش لۆمە دەکات بۆ هەڵگیرسانی ئاگرەکە.
بۆچی ئەمازۆن گرنگە؟
ئەمازۆن گەورەترین دارستانی خولگەییە لەجیهاندا کەزیاتر لە پێنج ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەی داگیرکردووە بەدرێژایی نۆ وڵات: بەڕازیل، بۆلیڤیا، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر، گیانای فەرەنسی، گەیانا، پیرۆ، سورینەیم، ڤەنزوێلا.
دارستانەکە وەک وەرگرێکی زەبەلاحی کاربۆن کاردەکات، کە بەخەمڵێنراوی زیاتر لە ڕێژەی ١٠٠ ساڵ لە کاربۆن عەمبار کردووە کە لەلایەن مرۆڤەوە بەرهەمهێنراوە، هەروەها وەک قەوارەیەکی زۆر گرنگ دەبینرێت بۆ خاوکردنەوەی خێرایی گەرمبوونی زەوی.
تەنها لەمساڵدا ئاگرەکان ڕێژەیەکی زەبەلاحی دوانەئۆکسیدی کاربۆنیان دەرداوە کە یەکسانە بە ٢٢٨ مێگاتۆن، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لە ٢٠١٠ەوە.
هەروەها بوونەتە دەردانی یەکەئۆکسیدی کاربۆن، ئەو گازەی دەردەرێت کاتێک دار دەسوتێت و توانای دەردانی ئۆکسجینی نییە.
«ئەمازۆن گرنگترین ڕێکخەری ژینگەییە کە هەمانبێت، لەسەدا ٢٠%ی ئەو هەوایە دروست دەکات کەئێمە هەڵیدەمژین و لەسەدا ٢٠%ی ئاوی سازگاری سەرزەوی لەخۆدەگرێت»، پۆیریەر وا دەڵێت.
بە زمانێکی سادەو ساکار، پاراستن و هێشتنەوەی دارستانەکە «گرنگییەکی هەستیار»ی هەیە بۆ ئەو هەرێمەی لەخۆی دەگرێت و بۆ سەرتاسەری جیهانیش، پۆیریەر وای وت.
بەڵام تەنها لە دوایین نیو سەدەدا نزیکەی لەسەدا ٢٠%ی دارستانەکە نەماوە.
زاناکان هۆشیاریان داوە کەئەگەر لەدەستدانی دار لە ئەمازۆن «خاڵێکی مەترسیدار» تێبپەڕێنێت، کە لەنێوان لەسەدا ٢٥%و لەسەدا ٤٠% بێت، ئەوا داربڕینەوەو وشکبونەوە سەری دەخوات کەئەمەش سەردەکێشێت بۆ لەناوچوونی دارستانەکە لەماوەی چەند دەیەیەکدا.
پۆیریەر دەڵێت، «یەکێک لە بەردەکانی بناغەی جێگیرکەری ژینگەیی لەسەر هەسارەکەمان لەمەترسیدایە، ئاکامی ئەمە زۆر زەبەلاحە بۆ بەرگە گرتن».
کێ و (چی) بە ئەمازۆن دەڵێن نیشتمان؟
ئامازۆن لانی کەم ماوەی ١١ هەزار ساڵە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤە و نیشتمانی ٣٠ ملیۆن خەڵکە کە نزیکەی دوو لەسەر سێیان لەو شارانە دەژین کە بەهۆی بڕینەوەی دارستانەکەوە دروست بوون.
لەناو ئەوانەی لە ناوچەکەدا دەژین نزیکەی ملیۆنێکیان خەڵکی ڕەسەنن کە دابەشبوون بەسەر ٤٠٠ هۆز و تیرەدا. زۆربەیان لە گوندەکان دەژین، هەرچەندە هەندێکیان کۆچ و ڕەو دەکەن. هەر هۆزێک خاوەنی زمانی و کلتوری تایبەتی خۆیەتی وهەردوو بەشەکە بەشێوەیەکی نەریتی تێکەڵن لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریاندا.
جۆناسان مازۆوەر، وتەبێژێکی رێکخراوی «سەرڤایڤاڵ ئینەترناشناڵ» دەڵێت هۆزەکان «پشت بەدارستانەکە دەبەستن بۆ هەموو شتێک و توانیویانە بۆ ماوەی هەزارەها ساڵ سەرپەرشتی و چاودێری بکەن، بەڵام زۆربەیان زەوییەکانیان بە بەرچاویانەوە دەسوتێت لەگەڵ ژیانیان، سەرچاوەی خۆراکیان، داو و دەرمان، ماڵەکانیان».
پۆیریەر هاوڕا بوو لەگەڵ ئەو بۆچوونەداو پێیوایە ئاگرەکان «دژی سەلامەتی و یەکگرتووی شێوازی ژیانیانە. خەڵکە رەسەنەکان لە بەرەی پێشەوەی ئەم بەرەنگاربونەوەیەدان- ئەو کارەی دەیکەن بۆ پارێزگاری کردن لەدارستانەکە زۆر گرنگە و پەیوەندییان لەگەڵ دارستانەکە تەواو بایەخدارە بۆ کلتورەکانیان».
هەروەها پۆیریەر ئەوەشی خستەڕوو، «مەترسییەکە تەنها کاولبوونی ژینگەیی نییە بەڵکو جینۆسایدی کلتوریشە».
لەگەڵ هەبوونی مرۆڤ لە ئەمازۆندا، دارستانەکە نشینگەی لەسەدا ١٠%ی هەموو ئەو گیاندارە کێویانە تا ئیستا دۆزراونەتەوە، واتە نزیکەی سێ ملیۆن جۆر گیاندار.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی (سندوقی جیهانی بۆ سروشت) بەتێکڕایی هەموو سێ ڕۆژ جارێک جۆرێکی نوێی رووەک یان گیاندار دەدۆزرێتەوە لە ئەمازۆندا.
کاردانەوەی جیهان چۆن بووە؟
کاردانەوەکان دەربارەی ئاگرەکان بەشێوەیەکی گشتی و گەورە خۆی دەبینێتەوە لەنیگەرانی و ئیدانەکردنی شێوازی بەڕێوبردنی ژینگەیی بۆلزۆنارۆ.
ئیمانیۆل ماکرۆن و لیۆ ڤارادکار سەرۆک وەزیرانی ئێرلەندا لە هەینی رابردوو بەجیا رایانگەیاند کە ڤیتۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانی یەکێتی ئەوروپا و باشوری ئەمریکا دەدەن ئەگەر بەڕازیل هەڵنەستێت بە پاراستنی دارستانەکە.
هەروەها ماکرۆن داوای ئەوەشی کرد ئاگرەکەی ئەمازۆن ببێتە چەقی بەرنامەی کۆڕبەندی جی ٧ (گروپی ٧ وڵاتەکە) کە لەم هەفتەیەدا بەڕێوەچوو. سەرۆکی فەرەنسا ئاگرەکەی ئەمازۆنی بە «قەیرانێکی نێودەولەتی» وەسف کرد.
هەمان کاردانەوە لەلایەن ئەنجێلا مێرکل، سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیاوە هەستی پێکرا کاتێک وتی ئاگرەکەی ئەمازۆن «حاڵەتێکی لەناکاوی جدییە» و دەبێت لەکارنامەی جی ٧دا هەبێت، ئەمە سەڕەڕای ئەوەی بەرازیل ئەندام نییە لە گروپی ٧ وڵاتەکە کە پێکهاتوون لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ئیتاڵیا، یابان، بەریتانیا.
بەڵام کۆمێنتەکەی ماکرۆن بووە جێی لۆمەکردنی بۆلزۆنارۆ، کە کێشەکەی بە «کێشەیەکی ناوخۆیی» وەسف کرد و وتی پێشنیارەکەی سەرۆکی فەرەنسا «بیرێکی داگیرکاری وروژاند کە جێی نابێتەوە لە سەدەی ٢١دا».
ئەم گرژی و ئاڵۆزییە دوای ئەوە دێت کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە نەرویج و ئەڵمانیا کۆمەکی ملیۆنەها دۆلاریان راگرت بۆ سندوقی ئەمازۆن بۆ پاراستنی دارستانەکە، بەتۆمەتی ئەوەی بەڕازیل رووی خۆی وەرگێڕاوە لە رووبەڕووبونەوەی وشک بوون و دار بڕینەوەی ئەمازۆن.
هاوکات، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەرتاسەری جیهاندا بە هاشتاگی (#نزا بۆ ئەمازۆنیا) و (#نزا بۆ ئەمازۆن) بکەن بابەتەکەیان وروژاند و کردیانە یەکێک لە زۆرترین و سەرەکیترین باسکراوەکانی تویتەر لەسەرەتای ئەم هەفەتەیەدا.
سەرەڕای ئەمانەش لە شارە گەورەکانی بەڕازیل خۆپیشاندان ئەنجامدرا لەشەممە و هەینی رابردوو کە درێژکەرەوەی ئەو خۆپیشاندانانە بوو لە پێنجشەممەی رابردوو ئەمجامدرا لە چەند شارێکی سەرتاسەری جیهان، لەوانە لەندەن.
«نیگەرانی و پەستی و توڕەییە بەلێشاوەکەی خەڵک بێهاوتایەو وێنەی نەبووە - ئەوەی ئەم کارەساتە دروستی دەکات هەستێکی قووڵی نەبڕاوەی مرۆڤە کە دەریدەخات ئەمازۆن بەدڵنیاییەوە بەشێکی بنەڕەتی داهاتوومانە و هەموومان ئەرکمان لەسەرشانە بۆ پاراستنی، بەپێچەوانەی هەر قسەیەک کە بۆلزۆنارۆ بیکات». پۆیریەر وای وت.
وتیشی «بەڵام نابێت بهێڵین نائومێد بین، هیچ رێگاچارەیەکی دیکە نییە، دەبێت هەڵوێستمان هەبێت - ئێمە ئەرکێکمان لەسەرشانە بەرامبەر خۆمان و نەوەی داهاتو و ئەو زیندەوەرانەشی لەسەر ئەم هەسارەیە دەژین، ئەو زیندەوەرانەی کە ئێستا ئازار دەچێژن بەهۆی دەرئەنجامی ئەم گێژاوەوە».