باری تەندروستیی بڕیار پێش گیانلەدەستدانی

5 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حهسهن- ئارا ئیبراهیم

بڕیار ئاسۆ ئهو منداڵه چوار ساڵانهى دواى شههیدبوونى باوکی لەکوڵەجۆی گەرمیان بەدەستی چەکدارانی داعش کۆتایی مانگی رابردوو، بارى تهندروستى تێکچوو دواتر لهنهخۆشخانه گیانى لهدهستدا، پێش گهیاندنى به نهخۆشخانه دڵى وهستابوو، بهدرێژایی مانهوهشى لهنهخۆشخانه مێشکى مردبوو.

ئێوارهى یهکشهممه بڕیار کوڕى شەهید ئاسۆ جەلال کە تەندروستى تێکچوو بوو، دواى سێ رۆژ مانەوەى لەنەخۆشخانە گیانى لەدەستدا.

پزیشکەکان دەڵێن، دواى بیستنى هەواڵى شەهیدبوونى باوکى، بڕیار بەڕێژەیەکى زۆر شەکرەى بەرزبووەتەوەو بەو هۆیەوە دۆخى تەندروستى رووى لەخراپى کردووە.

پزیشکەکان بەدرێژایی سێ رۆژ سەرقاڵى رزگارکردنى ژیانى ئەو منداڵە بوونک کە لەهێرشەکەى داعش لهسنورى جەلەولا لە 30ى مانگى رابردوودا باوکى لەدەستدا، بەڵام دواجار چاوەکانى لێکنا.

ئاسۆ جهلال مهسۆیى باوکى بڕیار، لێپرسراوى بهشى ئۆپهراسیۆنى گهرمیان بوو، لهکاتى بهرهنگاربوونهوهى هێرشه کتوپڕهکهى داعش بۆ سهر ناحیهى کۆکس (کوڵەجۆ)ى گهرمیان لهگهڵ چهند پێشمهرگه و کارمهندێکى ئاسایشدا شههیدبوو.

بهوتهى کهسه نزیکهکانى، بڕیار ههر لهگهڵ شههیدبونى باوکى، بههۆى ئهو خۆشهویستیى و هۆگرییهى بۆ باوکى ههیبووه، ڕۆژ بهڕۆژ لاوازتر بووه و نانى نهخواردووه، نه وهک ڕۆژانى تر یاریکردووه، ئهوهش دۆخى تهندروستى رووبهڕووى خراپى کردووهتهوه، تا دواجار گهیهنراوهته نهخۆشخانه.

 سعود سهنگاوى پورزاى شههید ئاسۆ به هاوڵاتى وت «بڕیار پێشتر منداڵێکى زۆر بهجوڵه بووه و بهردهوام پێدهکهنى و دهجوڵا، زۆر هۆگرى باوکى بوو تهنانهت بهدهستى باوکیشى نانى دهخوارد، بڕیار هیچ نهخۆشیهکى نهبووه، تهنیا خهفهتى باوکى واى لێکرد و هیچى تر».

هەروەها وتیشی «ههر لهیهکهم ڕۆژى شههیدبوونى باوکییهوه بڕیار ورده ورده لاواز بووهو تهندروستى بهرهو ناجێگیرى ڕۆیشتووه، چهندینجار کهسوکارهکهى بردویانه بۆ نهخۆشخانه، بهڵام پزیشکهکان دڵنیایان کردونهتهوه که هیچى نییهو تهنیا لهڕوى دهرونییهوه ڕوخاوه و شههیدبوونى باوکى کاریگهریى ههبووه لهسهرى».

سعود وتى «بڕیار بهردهوام دهگریا و نان و ئاوى نهدهخوارد، تکامان لێدهکرد لهگهڵمان بێت بۆ پارک و بۆ یارى و بۆ ئهو شوێنانهى که پێشتر حهزى لێبووه وتویهتى لهگهڵ باوکم نهبێت بۆ هیچ شوێنێک ناچم».

بهرهبهیانى 23ى ئاب کاتێک بڕیار لهخهودا بووه، دایکى دهیبنێت که کهف به دهمیدا هاتووهته خوارهوه، بۆیه بهپهله کهسوکارهکهى ئاگاداردهکاتهوه و دهیگهیهننه نهخۆشخانه.

«دایکى بهگریان پهیوهندى پێوه کردین و وتویهتى فریام کهون بڕیاریشم لهدهستدا، وتى لهناو جێگهکهدا که سهیرم کرد بینیم کهف به دهمیدا هاتۆته خوارهوه«.

بڕیار یهکهمجار رهوانهى نهخۆشخانهى شۆڕش کرا له شارى سلێمانى و دواتر گواسترایهوه بۆ نهخۆشخانهى شار، پاش پشکنین پزیشکهکان بۆیان دهرکهوت که شهکرهى زۆر بهرزبوهتهوه.

سعود وتى «پزیشکهکان وتیان شهکرهى زۆر بهرزبۆتهوه و پهستانى خوێنى زۆر زۆر نزمه و دوو کاتژمێر بوه دڵى وهستاوه ههر لهیهکهم کاتژمێرهوه لهنهخۆشخانهى شار جیهازى لهسهر بووه«.

«پزیشکهکان پێیان وتووه دوو ڕۆژه کاردانهوهى مێشکى وهستاوه، شهکرهى دهگهیشته 600و 700و ههر ئهوهش بوو توشى جهڵتهى کرد و مێشکى وهستا».

بهدرێژایی ئهو چهند رۆژهى بڕیار لهنهخۆشخانه مایهوه، چهند پزیشکێک سهرپهرشتى چارهسهرکردنى بڕیاریان دهکرد، پێش ئهوهى ئێوارهى یهکشهممه بۆ دواجار چاوهکانى لێک بنێت.

یاد نهقشبهندى، وتهبێژى تهندروستى سلێمانى، لهلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى «بڕیار به بێهۆشى هێنراوهته نهخۆشخانه و دڵى وهستاوه، بهجیهاز ڕامان گرتووهو شهکرهکهى  ئهوهنده بهرزبووه که جیهازهکه نهیخوێندووهتهوه«.

وتیشى»لهبهرئهوهى کههێناویانه بێهۆش بووه و دڵى وهستاوه و دڵى هێنراوهتهوه، بهڵام ههناسهى نهبووه بۆیه براوهته چاودێرى ورد».

ئاماژهى بهوهشدا بههۆى دڵ وهستانهکهوه مێشکى توشى مردن بووهو ئهو ماوهیهى لهنهخۆشخانه بووه شهکرهکهى کۆنتڕۆڵ کراوه، بهڵام مێشکى نهگهڕێنراوهتهوه، بۆیه لهماوهى ئهو سێ ڕۆژه که له نهخۆشخانه ماوهتهوه، بههۆى ئهوهى مێشکى وەستاوه، مردووه.

«بێ هۆشیهکهى بههۆى بهرزى ڕێژهى شهکرهکهوه بووه، ئهمه یهکهم جار نیه حاڵهتى وا ههبێت و  له منداڵدا قورستره وهک لهکهسى گهوره«، یاد نهقشبهندى وایوت.

گیانلهدهستدانى بڕیار دهنگدانهوهى زۆرى لهههرێمى کوردستان لێکهوتهوه، خهڵکێکى زۆر له تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان هاوسۆزیان بۆ کهسوکارهکهى دهربڕی.

دواى گیانلهدهستدانى، بڕیار لهتهنیشتى باوکى له گۆڕستانى سهیوان بهخاکسپێردرا. کهسوکارهکهى تهرمهکهیان نهبرده پزیشکى دادوهرى.

یاد نهقشبهندى باسى لهوهشکرد که بڕیار ههموو پشکنینێکى بۆکراوه و لهسهر داواى خێزانهکهى نهنێردراوه بۆ پزیشکى دادوهرى و ڕاستهوخۆ بردویانهتهوه.

بهرزان محهمهد، بهڕێوبهرى پزیشکى دادوهرى سلێمانى، له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى »تهرمى بڕیار نههاتۆته لاى ئێمه، چونکه به مردنێکى خودایى مردووه«.

 وتیشى «ئهو حاڵهتانه گیانلهدهستدانهکهى پێویستى به لێکۆڵینهوه نهبوه، تهنیا ئهو حاڵهتانه دێنه پزیشکى دادوهرى کهپێویستى به لێکۆڵینهوه ههبێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار