لایه‌نگرانى پارتى و یه‌کێتى لاپه‌ره‌ى یه‌کترى هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌

هەندێک لەسەرکردەکانی یەکێتی‌و پارتی کۆکن لەسەر ئەوەی رووداوەکانی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر نەوروژێنرێت‌و بەبڕیارێک قەدەغە بکرێت

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

یه‌کێتى و پارتى وه‌ک دوو لایه‌نى سیاسى مێژویه‌کى دورودرێژ له‌ ململانێ و پێکه‌وه‌ کارکردنیان هه‌بووه‌ له‌دواى دروستبوونیانه‌وه‌، به‌ڵام به‌شێک له‌کادرو لایه‌نگرانی ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ى مێژوو هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ بەڵام هەندێک لەسەرکردەکانی هەردوو حزبەکە کۆکن لەسەر ئەوەی روداوەکانی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر نەورووژێنرێت.

پارتى و یه‌کێتى له‌ کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا هاوبه‌شن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر هه‌ندێک خاڵ ناکۆکیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌دانیشتن و گفتوگۆکان هه‌وڵى چاره‌سه‌رکردانى کێشه‌کانیانداوه‌.

له‌ 16ى ئۆکتۆبه‌رى 2017دا لایه‌نگرانى پارتى و به‌شێک له‌کادره‌کانیان، یه‌کێتى تۆمه‌تبار ده‌که‌ن له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ که‌ که‌رکوک و ده‌وروبه‌رى ته‌سلیم به‌حکومه‌تى عێراقى کرایه‌وه‌،  لایه‌نگران و به‌شێک له‌کاردرانى یه‌کێتیش له‌سه‌ر روداوى 31ى ئابى 1996 پارتى تۆمه‌تبار ده‌که‌ن که‌ رژێمى به‌عسى هێناوه‌ته‌ هه‌ولێر.

سه‌رپه‌رشتیارى مه‌ڵبه‌ندى دووى یه‌کێتى له‌ که‌رکوک ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ى لاپه‌ره‌ى مێژوو هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ به‌«گێره‌شێوێن» ناویان ده‌بات و به‌باشى داده‌نێت مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى به‌بڕیارێک کۆتایى پێبهێنێت.

غه‌فور ساڵح، سه‌رپه‌رشتیارى مه‌ڵبه‌ندى دووى یه‌کێتى له‌ که‌رکوک، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «ئه‌م فایل هه‌ڵدانه‌وه‌یه‌ قازانجى هیچ که‌سێک نییه‌و ته‌نها زه‌ره‌ر له‌ میلله‌ته‌که‌مان ده‌دات... ناکرێت مه‌جالى هه‌ندێ خه‌ڵک بدرێت بۆ گێره‌شێوێنى حه‌ق وایه‌ واز له‌و که‌لتوره‌ بهێندرێت، پێکه‌وه‌ ده‌ژین، زۆرێک له‌ برینه‌کانمان سارێژ بووه‌ و ده‌بێت به‌رنامه‌ى باش پێکه‌وه‌ دابنێین بۆ داهاتوومان».

هه‌روه‌ها وتی «ئه‌م جۆره‌ له‌هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ره‌کانى مێژوو مه‌وزوعێک نییه‌ خۆمانى پێوه‌ خه‌ریک بکه‌ین، شتى گرنگ و چاره‌نوسساز هه‌یه‌ باس بکرێت».

غه‌فور ساڵح، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ مه‌کته‌بى سیاسى پارتى و یه‌کێتى ئاگادارى ئه‌م فایل هه‌ڵدانه‌وه‌یه‌ نین «هه‌ر که‌سێک باسى لاپه‌ڕەى ئه‌وى دیکه‌ بکات که‌واته‌ بێ به‌رنامه‌یه‌ بۆ گێرەشێوێنییه‌، به‌ ره‌سمى مه‌کته‌بى سیاسى ئاگادار نییه‌ له‌م کارانه‌«.

بەتەنها ئەم بەرپرسەی یەکیتی نیە کە داوادەکات فایلی یەکتری هەڵنەدەنەوە، بەڵکو ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى پارتى ده‌ڵێت مه‌کته‌بى سیاسى حزبه‌که‌ى ده‌توانێت رێنمایى ده‌ربکات که‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌کانى مێژوو قه‌ده‌غه‌ بکات. 

ئارى هه‌رسین، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌م کلتوره‌ کۆتایى پێ بهێندرێت و هیچ مانایه‌کى نییه‌، مه‌عقول نییه‌ تۆ له‌سه‌ره‌وه‌ پێکه‌وه‌ بیت و له‌ خواره‌ش لاپه‌ره‌ هه‌ڵبدرێته‌وه‌«.

ئارى هه‌رسین دەشڵێت «مه‌کته‌بى سیاسى ده‌توانێت بڕیارو رێنمایى بۆ ده‌ربکات به‌بروسکه‌ بێت به‌ به‌یانێک ده‌ریبکات یا به‌نوسراوێکى ناوخۆیى که‌ ئه‌م شێوازى ده‌ربڕینه‌ى هه‌یه‌ هه‌ر قه‌ده‌غه‌ى بکات، له‌وه‌ خراپتر ئه‌وه‌یه‌ په‌یج و ئه‌وکانتى بێ ساحێبن ببینه‌ چى به‌ یه‌کتر ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ یه‌کێتى و پارتى و گۆڕان له‌ یه‌ک حکومه‌تدان، ئه‌گه‌ر به‌رانبه‌ره‌که‌ت به‌ نیشتمانپه‌روه‌ر نازانیت بۆ ده‌چى حکومه‌تى له‌گه‌ڵدا پێکده‌هێنیت».

هه‌روه‌ها پێشیوابوو مه‌کته‌بى سیاسى پارتى به‌ «ئیعازێک» بینێرێت بۆ هه‌موو لقه‌کان و ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تییه‌کان «چونکه‌ ئه‌وه‌ى ده‌کرێت له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌موو لۆجیکێکى سیاسییه‌، یه‌کێتیش به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ مه‌ڵبه‌ند و راگه‌یاندنى خۆى بنێرێت تا هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ره‌ى یه‌کتر کۆتایى پێ بهێندرێت».

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌رکردایه‌تى پارتى پێشیوایه‌ میدیاى پارتى و یه‌کێتى ده‌توانن کۆببنه‌وه‌ بۆ رێگه‌ نه‌دان به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ره‌کانى یه‌کتر تا رێنماییه‌کانى حزبه‌کانیان جێبه‌جێ بکه‌ن.

ئارى هه‌رسین ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌ له‌ڕووى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ئه‌مه‌ى ده‌کرێت خراپه‌و هاوڵاتیان متمانه‌یان به‌ سیاسییه‌کان نامێنێت» خه‌ڵک پێمان ده‌ڵێن سه‌یر بکه‌ن چى به‌یه‌کتر ده‌که‌ن؟».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار