مردن بەڕووداوی هاتوچۆ لەکوردستان‌و ئایسلەندا

له‌ماوەی ١٣ ساڵدا لەئایسله‌ندا، ته‌نها ١٩١ که‌س گیانیان لەدەستداوە لەکوردستانیش له‌ ده‌ ساڵدا 7 هه‌زار که‌س

5 ساڵ لەمەوپێش



‌هاوڵاتى 

له‌ چاره‌کى یه‌که‌مى ٢٠١٩دا هیچ رووداوێکى هاتوچۆى کوشنده‌ له‌ئایسله‌ندا ڕووینه‌داوه‌، که‌ ئه‌مه‌ بۆ یه‌که‌مجاره‌ له‌ ٨٠ ساڵى رابردوودا ئامارى وا رووبدات، ئه‌مه‌ش ئاکامى چه‌ند هۆکارێکه‌ که‌ بوونه‌ته‌ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌م ئه‌نجامه‌. ئه‌مه‌ به‌راورد به‌هه‌رێم که‌ له‌ماوه‌ى نزیکه‌ى 10 ساڵدا به‌هۆى روداوه‌کانى هاتوچۆوه‌ زیاتر له‌ 7 هه‌زار که‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌و زیاتر له‌ 80 هه‌زار که‌سیش برینداربوون.

 ئایسله‌ندا یه‌کێکه‌ له‌وڵاته‌ ئه‌سکه‌نده‌ناڤییه‌کان که‌ ده‌که‌وێته‌ باکورى ئه‌وروپاوه‌ و چوارده‌وه‌رى به‌ئاو ده‌وره‌ دراوه‌، واته‌ له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێک سنوورى نییه‌. دانیشتوانى وڵاته‌که‌ ناگاته‌ نیو ملیۆن به‌ڵکو خۆى له‌ ٣٦٠ هه‌زار و ٣٩٠ که‌س ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ته‌نها ١٠٣ کم٢ ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن، که‌ ئه‌مش واى له‌ئایسله‌ندا کردووه‌ به‌که‌م دانیشتوانترین وڵات له‌ قه‌ڵه‌مبدرێت له‌ئه‌وروپادا. وڵاته‌که‌ له‌ ١٠ شار پێکهاتووه‌ و پایته‌خته‌که‌ى «ڕه‌یکڤێک»ـه‌ که‌ دوو له‌سه‌ر سێى دانیشتوانه‌که‌ى تێدا ده‌ژین. 

ئایسله‌ندا یه‌کێکه‌ له‌و وڵاتانه‌ى که‌ دانیشتوانه‌که‌ى به‌زۆرى پشت به‌ئۆتومبیل ده‌به‌ستن و حه‌زیان به‌ گواستنه‌وه‌ گشتییه‌کان نییه‌، به‌جۆرێک که‌ ژماره‌ى ئۆتومبیل له‌ وڵاته‌که‌دا زیاتره‌ له‌ژماره‌ى دانیشتوانه‌که‌ی. به‌پێى ئامارى ساڵى ٢٠١٧، ٣٤٤ هه‌زار ٦٦٤ ئۆتومبیل تۆمارکراون له‌وڵاته‌که‌دا ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئۆتومبیله‌ تۆمارنه‌کراوه‌کان، که‌ به‌هه‌ردوو جۆره‌که‌ ژماره‌یان له‌ ژماره‌ى دانیشتوان زۆرتر ده‌بێت. تێکراى تۆمارکردنى ئۆتومبیل له‌ ئایسله‌ندا له‌ساڵى ١٩٩٥ تا ٢٠١٩ ده‌گاته‌ ١٢٣٨ ئۆتومبیل بۆ هه‌ر مانگێک که‌ به‌رزترین ڕێژه‌ ٥٠٠٥  ئۆتومبیل بووه‌  له‌ئایارى ٢٠١٧ و که‌مترینیش له‌ کانونى یه‌که‌مى ٢٠٠٨. بووە. 

وڵاته‌که‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ که‌مترین که‌س به‌هۆى ڕووداوى هاتوچۆوه‌ گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن. په‌پێى ئامارى ١٣ ساڵى رابردوو، ته‌نها ١٩١ که‌س به‌هۆى رووداوى ئۆتومبیله‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. که‌مترین ژماره‌ى مردووان له‌و ساڵانه‌دا ساڵى ٢٠١٤ تۆمارکراوه‌ به‌ چوار که‌س و زۆرترین ژماره‌ش ساڵانى ٢٠١٦ و ٢٠١٨ بوون به‌ ١٨ که‌س. له‌ چاره‌یه‌کى یه‌که‌مى ٢٠١٩ش هیچ که‌سێک به‌هۆى رووداوى هاتووچۆوه‌ نه‌مردوون که‌ ئه‌مه‌ له‌ساڵى ١٩٤٠ه‌وه‌ ڕووینه‌داوه‌.

که‌مى ڕووداوه‌کانى  هاتووچۆ له‌ ئایسله‌ندا له‌ کاتێکدا که‌ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانى مردن له‌ هه‌رێم ڕووداوه‌کانى هاتووچۆیه‌، به‌گوێره‌ى ئاماره‌کانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌کانى هاتوچۆى هه‌رێم له‌ماوه‌ى نزیکه‌ى 10 ساڵى رابردوودا، 40 هه‌زار و 275 رووداوى هاتوچۆ له‌ هه‌رێم ڕوویانداوه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ 7193 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هاوکات 84 هه‌زار و 36 که‌سیش برینداربوون که‌ زۆرینه‌ى قوربانیان له‌ ڕه‌گه‌زى نێرن.

ئۆگوست مۆنگسن، پسپۆرى بڵاوکردنه‌وه‌ى هۆشیارى هاتوچۆ له‌ئایسله‌ندا، پێیوایه‌ چه‌ند هۆکارێک بوونه‌ته‌ هۆى روودانى ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ ئه‌رێنییه‌، له‌وانه‌ پلانى سه‌لامه‌تى ڕێگاکان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ که‌ بووه‌ته‌ هۆى که‌مکردنه‌وه‌ى به‌کارهێنانى مۆبایل له‌ کاتى لیخوڕیندا، هۆشیارى هاتووچۆو لێخوڕین به‌رزبوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونى مه‌رجى سه‌لامه‌تى ئۆتومبیله‌کان. 

مۆنگسن بڕوایوایه‌ زیادکردنى بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ک سزاى سه‌رپێچى وه‌رده‌گیرێت ده‌رئه‌نجامێکى ئه‌رێنى هه‌بووه‌ چونکه‌ «تێکراى خێرایى له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان که‌میکردووه‌ و به‌کارهێنانى پشتێنى سه‌لامه‌تى زیادى کردووه‌«.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار