لێکترازان لەکۆمەڵگەی ئێزدییەکان پەرەدەسێنێت
سێ کەس خۆیان وەک میری نوێ ناساندووە کەنزیکن لە؛ پەکەکە، حکومەتی هەرێمو یەکێکیشیان پشگیریی ئێزیدییەکانی ئەڵمانیای هەیە
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پاش مردنی دوایین میری ئێزدییەکان، سێ کەس لەشێخان و شەنگاڵ و ئاڵمان خۆیانیان وەک میر یان پێشەوای کۆمەڵگەی ئێزدییەکان ناساند و ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆی لێکترازان و ئینشقاق لە کۆمەڵگەی ئێزدییەکان.
حازم میر تەحسین بەگ ڕۆژی 27ی تەمموزی 2019 پاش وەفاتی باوکی وەک میری نوێی ئێزدییەکان هەڵبژێردرا. ناوبراو لە مەراسیمێکدا کە لەپەرستگەی ئایینیی لالەش لەشاری شێخانی خۆرئاوای دهۆک بەڕێوەچوو وەک میری نوێی ئێزدییەکانی جیهان هەڵبژێردرا.
گۆڤاری ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی بەوە کردوە کەهەموو ئێزدییەکان کۆدەنگ نەبوون لەسەر هەڵبژاردنی حازم میر تەحسین بەگ. پاش ئەوەی میربوونی ناوبراو ڕاگەیەندرا دوو کەسی دیکەش خۆیانیان وەک میری ئێزدییەکان ناوبرد. یەکێکیان لەشنگال کە چەقی ئێزدییەکانی جیهانە و و ئەوی دیکەش لە ئاڵمان. بەو شێوەیەش پرسی هەڵبژاردنی میری ئێزدییەکان پەرەی سەند.
بەگوێرەی ئەلمۆنیتۆر هەڵبژرادنی میری نوێی ئێزدییەکان لە لالش کە بەپشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا لەگەڵ نەریتی ئێزدییەکان بۆ هەڵبژاردنی میری خۆیان یەکناگرێت و زۆرینەی ئێزدییەکان و بەتایبەتی بەرەی نوێ ڕازی نەبوون بەو هەڵبژاردنە.
پاش هەڵبژاردنەکەش نایف بین داوود لە شنگال خۆی وەک پێشەوای نوێی ئێزدییەکانی جیهان ناساند و ژمارەیەک لەسەرۆک عەشیرەتەکان و پێشەوا ئایینییە ئێزدییەکان پشتیگرییان کرد. کەسایەتییەکی بەرجەستەی ئێزدی لەهەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە ئەلمۆنیتۆری وتووە ژمارەیەک لە حزبە کوردییەکان و هەروەها کەسایەتییە ئێزدییەکان لەسەر پشتگیریی پارتی و حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوە نین کە حازم میر تەحسین ببێتە میری ئێزدییەکان کە بەپشتگیریی پەکەکە هەڵبژێردراوە بۆیەش ئەو کەسانە پشتگیریی کەسێکی دیکە دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە میری ئێزدییەکانی جیهان.
ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێزدییەکان لەم هەلومەرجەی ئێستادا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شنگال و لەکەمپەکان یاخود لەوڵاتانی دەرەوە وەک ئەڵمانیا ئاوارەن و ناکۆکی لە سەر میری نوێی ئێزدییەکان دەبێتە هۆی ئینشقاق و لێکترازانی زیاتری کەمینە ئاینییەکانی عێراق.
ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئێزدییەکان بە ئەلمۆنیتۆریان وتووە هەڵبژاردنەکان بۆ دیاریکردنی میری نوێی ئەو کەمینە ئاینییە هەڵبژاردنێکی سیاسییە و لەگەڵ نەریتی ئێزدییەکان بۆ هەڵبژاردنی میری خۆیان ناگونجێت.
نایف بین داوود پشتگیریی تورکمان و مەسیحییەکانیشی لەگەڵە و بە ئەلمۆنیتۆری وتووە لەگەڵ کەمینە ئاینییەکانی دیکەی عێراق هاوپەیمانێتی پێکدێنن و ئەو هاوپەیمانێتییە دەستپێشخەری دەکات بۆ دەستنیشانکردنی چوارچێوەیەکی گونجاوە بۆ چارەکردنی پرسی نێودەوڵەتیی پشتگیری کردنی کەمینەکان لەعێراق.
لەلایەکی دیکەشەوە ئومەیە معاویە لەڕۆژی 9ی ئابی 2019دا لەئەڵمانیا خۆی وەک میری نوێی ئێزدییەکانی دەرەوەی عێراق ناساند.
ئەلمۆنیتۆر لەزاری ئەو کەسایەتییەوە نووسیویەتی هەڵبژاردنی میری ئێزدییەکان لەدەرەوەی عێراق کە سەنتەرەکەی لەئەڵمانیا بێت و بە کاروباری ئێزدییەکاندا بگات ئەرکێکی سەرەکییە و هەڵبژێردرانی منیش لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و گفتوگۆی ئێزدییەکانی ئەڵمانیا و چەند وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا بووە.
ئەلمۆنیتۆر دەڵێت ئەوەی کە دوو کەسایەتیی جیاواز لەدوو ناوچەوە بەتایبەتمەندیی جیاواز ئیدعا دەکەن میری ئێزدییەکانن دەیسەلمێنێت کە لێکترازان لەنێوان ئێزدییەکانی جیهان هەیە لەبەرئەوەی ئەو دوو کەسایەتییە یەکیان لەشنگال بووە کەگۆڕەپانی جینۆسایدکران و کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان و ئەوی دیکەشیان لەشێخانە کە مەکۆی سەرەکیی پەرەستگای ئێزدییەکانی جیهانە.
ئومەیە موعاویە لە ئەڵمانیاوە خۆی بەمیری ئێزدییەکان ناساندووە کە 140 هەزار ئێزدیی پەنابەر لەوێ دەژین. بەوتەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی ئەو مەسەلەیە دەیسەلمێنێت کە قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە و لێکترازان لەعێراق و مێژووی ئێزدییەکان دەستی پێکردووە.
ئەو ئاژانسەی هەواڵ لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی ئێستا کە سێ کەسایەتی خۆیانیان وەک میری ئێزدییەکان ناساندووە سێ بژاردەیان لەبەردەستدایە: یەکەم ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە. دووهەم ئەوەی بگەڕێنەوە شەنگال و سێهەم ئەوەی بەرەو ئەڵمانیا کۆچ بکەن.