ئایا تورکیا دەتوانێت رێککەوتنی روسیا زامن بکاتو باکووری سوریاش بەدەست بهێنێت؟
ئەمریکا تووڕەیە لەتورکیا، کەپێیوایە ناکرێت لەیەک کاتدا سیستمی ئێس - ٤٠٠ و فڕۆکەی ئێف - ٣٥ی ئەمریکی هەبێت
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: زە ئۆرشەلیم پۆست
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
هەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا گەشتە مۆسکۆ بۆ تاووتوێکردنی پەیوەندی سەربازی و توندوتۆڵکردنەوەی هاوڕێیەتییەکەی لەگەڵ پۆتین . لەهەمانکاتدا، ئەنقەرە رووبەڕووی قەیرانێکی هەڵتۆقیو دەبێتەوە لەباکوری سوریا کە تێیدا ڕژێمی سوریا بەرەوپێش دەچن بۆ وەدەرنانی ئۆپۆزسیۆن و گروپە تووندڕەوەکان کە لەژێر سایەی تورکیادا بەئاشتی پێکەوە هەڵیانکردووە لەوکاتەوەی ڕێککەوتنی سۆتچی ئەنجامدراوە لە ئەیلولی ٢٠١٨دا.
لەهەردوو شوێندا وادەردەکەوێت کە روسیا نێوەندگیری سەرەکی بێت، بۆیە ڕەنگە تورکیا پێویستی بەوە بێت فڕۆکەی ڕوسی بکڕێت بۆ ئەوەی ئەوە بەدەستبهێنێت کە لە سوریا پێویستی پێیەتی. یان ڕەنگە روسیا لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەتورکیا بێت، لەوەش زیاتر کەگرنگی بەباکوری سوریا بدات. ئەوە دەزووە ئاڵۆزەکەیە کە لەمۆسکۆ دەدورێتەوە.
ئەردۆغان لەگەڵ ڤلادمیر پۆتین دەم بەخەندە بوو لەکاتێکدا گفتوگۆی کڕینی فڕۆکەی جەنگی روسی ئێس یو-٣٥ و ئێس یو-٥٧ی دەکرد. لەو نێوەندەدا ساتێکی نافەرمی بەدیکرا کاتێک بە پێکەنینەوە ئەردۆغان پرسی فڕۆکەی ئێس-٥٧ەکە ئاخۆ دەتوانێت بفڕێت. ئەنقەرە دەیەوێت ئەم فڕۆکەیە جێگەی فڕۆکەی ئێف-٣٥ی ئەمریکی بگرێتەوە کە وادیارە تورکیا بەدەستی ناهێنێت دوای ئەوەی بڕیاریدا سیستەمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی روسی بکڕێت. مانگی ڕابردوو بەشی یەکەمی سیستەمەکەی پێگەشت و لەنیسانی ساڵی داهاتوودا دەکەوێتە خزمەتەوە.
لە 10 ساڵی ڕابردوودا، نەیاری راستەقینەی تورکیا ڕژێمی سوریا بووە کە پشتگیری ڕوسیای هەیە. بیرتانە کاتیک فڕۆکەی ئێف-١٦ی تورکی لەساڵی ٢٠١٥ فڕۆکەی ئێس-٢٤ی ڕوسی خستەخوارەوە؟ ئێستا ئەوە لەبیرکراوە.
ڕوسیا دڵخۆشە بەم بەرەوپێشچوونانە. ئاژانسی هەواڵی ڕوسیا (تاس) چەند هەواڵێکی لەسەر تورکیا بڵاوکردەوەتەوە لە پێنجشەممەی رابردوودا. یەکێکیان ئەو هەنگاوە مەترسیدارەی ئەنقەرە دەردەخات کە دەینێت. «سەرۆکی تورکیا رایگەیاند کاتێک بڕیارەکە دەدرێت کە کۆتا قسەی ئەمریکا وەردەگرێت لەسەر بەشداریکردنی تورکیا لەپڕۆگرامی دروستکردنی ئێف-٣٥». لەراپۆرتەکی (تاس)دا هاتووە کە تورکیا هەماهەنگییەکەی لەگەڵ ڕوسیا بەکاردەهێنێت بۆ فشار خستنەسەر ئەمریکا.
«پلانەکانی تورکیا بۆ بەرەوپێشبردنی هەماهەنگی بەرگری لەگەڵ روسیا فاکتەرێکی دیکەی فشارە بۆ سەر ئەمریکییەکان تا وایان لێبکات بێنە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەندی بە ناوچەی ئارامەوە هەیە لەباکوری سوریا،» ئەمە وتەیەی (ڤلادیر فیتین)ە، بەرپرسی ناوەندی ئینستیتوتی ڕوسی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان.
ستراتیجییەتی تورکیا چەنێک ڕۆشنە ئەوەندەش ئاڵۆزە. لەلایەکەوە، تورکیا خاڵی چاودێری هەیە لە باکوری سوریا؛ نایەوێت بارودۆخی ئەمنی لەوێ بەرەو خراپتر بڕوات. هەرچەندە تا یەکی ئاب زیاتر لە ٤٥٠ هەزار کەس لە ئیدلیب ئاوارەبوون بەهۆی جەنگەوە. ئێستا ژمارەکە ٧٠ هەزار کەسی دیکەی چووەتەسەر لەکاتێکدا میدیاکانی تورکیا دەڵێن ٧٥٠ هەزار سووری ئاوارەبوون لە ئەیلولی پارەوە.
هەروەها بۆچوونی تورکیا لەگۆڕاندایە دەربارەی ملیۆنەها سوری کەوڵاتەکەی خۆیان بەجیهێشتووەو لەتورکیا بوونەتە پەنابەر. لەکاتێکدا پێشتر بەدڵێکی فراوانەوە قبوڵ دەکران، بەڵام ئێستا چەندین راپۆرت هەیە باس لەوە دەکەن پەنابەرەکان ناتوانن بمێننەوە. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت ٣٤٠ هەزار پەنابەر گەڕاونەتەوە- بۆ ئەو شوێنانەی ئەنقەرە دەڵێت «پاکی کردوەتەوە» لەئۆپەراسیۆنەکانی فورات و چڵە زەیتوون. ئۆپەراسیۆنی دووەم داگیرکردنی عەفرینی بەخۆیەوە بینی، کە ناوچەیەکی ئارامی زۆرینە کوردنشینە لەباکوری ڕۆژئاوای سوریا. لەئێستادا دەنگۆ هەیە کە گروپە توندڕەوەکان و لایەنە نەیارەکانی سوریا هەڵدەکوتنە سەر خەڵکی مەدەنی لەکاتێکدا نزیکەی ١٥٠ هەزار کورد ئاوارەبوون.
کەواتە ئەمە ژمێرکارییە ئاڵۆزەکەیە کە لەسوریا ڕوودەدات. هەتا زیاتر ڕژێمی سوریای پشت قایم بەڕوسیا و ئێران هێرش بکات، سوری زیاتر پەنا دەبەن بەرەو تورکیا. بەڵام ئەنقەرە دەیەوێت پەنابەرەکان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. ئەمەش جۆرێک لە ساندویچ (لەفە) دروست دەکات لەنێوان سنوری تورکیا، ئەو ناوچانەی سوریا کە بەدەستی تورکیایە، و ڕژێمی سوریا. ڕوسیا دەبێت دانایانە ڕەفتار بکات لەوەی کە چەنێک هاوکاری ڕژێمی سوریا بکات چونکە ئەگەر ناوچەکە بەتوندوتیژی بتەقێتەوە ، ئەوا ویستی تورکیا بۆ بەکارهێنانی ئێس-٤٠٠ دژی ئەمریکییەکان بۆ فشارخستنەسەر ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنێکی تر بەهۆی جەنگەوە لە باکوری سوریا لەناودەچێت.
بۆیە تورکیا و ڕوسیا دەبێت لەسەر باکوری سوریا ڕێککبکەون لەکاتێکدا ئەنقەرە مۆسکۆ بەکاردەهێنێت وەک خاڵێکی فشار دژی واشنتۆن. ئەو فشارە چییە کە تورکیا هیوایوایە بەدەستی بهێنێت لەگەڵ ئەمریکا؟ تورکیا پێشتر ئیدانەی پشتیوانی ئەمریکای کردووە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کەسەرەکیترین هاوبەشی ئەمریکایە لە جەنگی دژی داعش. تورکیا دەڵێت هەسەدە سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە و ئەمیش سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، بۆیە هەموویان بە»تیرۆریست» دەبینێت.
ئەمریکا لەمەدا هاوڕا نییە. واشنتۆن پەکەکە بە تیرۆریست ناودەبات و خەڵاتی لەسەر سەرکردەکانی داناوە بۆ گرتن یان کوشتنیان، بەڵام دوو گروپەکەی تر بە تیرۆریست نازانێت. ئەمریکا هێرشی تورکیای ناوێت بۆ نێو باکوری سوریا چونکە خوازیاری سەقامگیرییە. تورکیا دەڵێت پێویستی بە «ناوچەی ئارام»ە لەو شوێنانەی بەدەست هەسەدەوەیە و لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، بۆیە واشنتۆن «میکانیزمێکی ئەمنی» لەسەرەتای ئەم مانگەوە دامەزراند دوای هەڕەشەکانی ئەنقەرە. ئێستا دەنگۆکان ئەوە دەردەخەن کەڕەنگە تورکیا بکشێتەوە لەداواکەی کەقوڵایی ٣٠کم ناوچەی ئارامە بۆ شتێکی بچوکتر. بیرۆکەکە ئەوەیە ئەمریکا بهێنێتە سەر خەت بۆ ڕازیبوون لەئێستاداو ڕەنگە لەداهاتوودا داوای زیاتر بکات.
ئەمریکا تووڕەیە لە تورکیا لەسەر کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی ڕوسی، کە پێیوایە ناکرێت هەم ئێس-٤٠٠ و فڕۆکەی ئێف-٣٥ی هەبێت. لێرەدا تورکیا لە پێگەیەکی باشدایە چونکە توانیویەتی وا لەمۆسکۆو واشنتۆن بکات هەوڵبدەن بەلای خۆیاندا رایبکێشن. بەڵام ڕەنگە ئەنقەرە هەندێک پاڵپشتی ئەمریکای بخاتە مەترسییەوە، لەگەڵ ئەوەی لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد سزا بخاتە سەر تورکیا.
هەروەها داواکەی لیژنەکەی کۆنگرێس ئەوەشی تێدابوو کە بەرژەوەندییەکانی تورکیا بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا بەباشترین شێوە جێبەجێ دەبن نەک لەگەڵ کریملن. پەیوەندی تورکیا لەگەڵ ڕوسیا زیان بەپەیوەندییەکەی دەگەیەنێت لەگەڵ کۆمارییەکان و دیموکراتەکان؛ کەدووەمیان تووڕەیە لەسەر دەنگۆکانی دەستتێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ لەکاتێکدا پشتیوانی بۆ هەسەدە لەهێڵی هەردوولادا هەیە.
بەڵام ئەمریکا شەفافە لەوەی کە دەیەوێت. مارک ئێسپەر، وەزیری نوێی بەرگری ئەمریکا دەڵێت کە هیوای وایە تورکیا سیستەمی ئێس-٤٠٠ فەرامۆش بکات.
لەچەند ڕۆژی داهاتوودا چەند شتێک ڕوودەدەن. بەرەوپێشچوونی زیاتر ڕوودەدات لە «ناوچەی ئارام» و هەوڵێکیش دەدرێت بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکانی ڕژێمی سوریا لەباکوری سوریا. بەڕوونی دیارە روسیا دەیەوێت هاوبەشییەکەی لەگەڵ تورکیادا بەرەوپێش بچێت. دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ڕژێمی سوریا بکات یان هێرشەکانی بەکاربهێنێت بۆ فشار خستنەسەر تورکیا. تێکڕای دۆخەکەی تورکیا-ڕوسیا-سوریا-ئەمریکا-هەسەدە تۆڕێکی ئاڵۆزە کە هەر دەزوویەکی بەوی ترەوە بەستراوەتەوە. ئەگەر دانەیەک رابکێشیت ئەوا هەموو سیستەمەکە کاریگەری بەردەکەوێت.
ئەم تۆڕە بەگشتی ئاکامیشی دەبێت لەسەر تەواوی ناوچەکە. لەم مانگەدا سەرۆکی تورکیا چاوی بەئێرانییەکان و ڕوسیەکان دەکەوێت بۆ باسکردن لەسەر سوریا. تورکیا هاوپەیمانێکی سەرەکی قەتەرەو ئەمەش کەنداو تەمومژاوی دەکات، سەرەڕای پەیوەندییە مێژووییەکەی تورکیا لەگەڵ حەماس لەغەززە.