پەیەدە دانوستان لەسەر گەڕانەوەى پێشمەرگەى رۆژ ناکات
ناوچەیەک بەدرێژایی 100 کیلۆمەترو قووڵایی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر لەڕۆژئاوا دروستدەکرێت
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى رۆژئاواى کوردستان لارى نییە لەدروستکردنى ناوچەیەک لەهەندێک لە ناوچەکانى باکور و رۆژهەلاتى سوریا لەچوارچێوەى میکانیزمى پاراستنى سنورەکانى لەگەڵ تورکیا، بەمەرجێک هێزى تورکیا نەچێتە ناوچەکە.
لەدوو هەفتەى رابردوودا ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان رەزامەندى نیشاندا لەسەر کشانەوەى هێزەکانى پەیەگە لەسەر سنورو روخاندنى سەنگەرەکان لەناوچە سنورییەکانى لەگەڵ تورکیا، ئەوەش وەک نیشاندانى نیازپاکى لەبەرانبەر لێکتێگەیشتنى تورکیاو ئەمریکا بۆ دروستکردنى ناوچەى ئارام.
لەئیستادا هێزەکانی سوریای دیمکورات هەنگاوەکانی ناوچەی ئارام جێبەجێدەکات بەدرێژایی 100 کم لە سەرێکانی تا گرێ سپی و بە قوڵایی 5 کیلۆمەتر هێزی پیادە پاشەکشە پێدەکات و 14 کم چەکە قورسەکانی خۆی لە سنور دوور دەخاتەوە، پاراستنی سنورەکە ڕادەستی هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازی گرێ سپی و سەرێکانی دەکات .
سلێمان عارەب سیاسەتمەداری رۆژئاوای کوردستان کەنوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدەیە لەهەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، ئیدارەى رۆژئاوا لێکتێگەیشتنى تورکیاو ئەمریکا بۆ پاراستنى ئاسایشى سەر سنور بەئیجابى دادەنێت و لەو چوارچێوەیەشدا هەنگاوى خۆى ناوە، وەک کشانەوەى هێزەکان لەسەر سنور.
وتیشى «وەکو هەنگاوى یەکەم ناوچەیەک لەگرێ سپى و سەرێکانى بە درێژیی 100 کیلۆمەتر و قوڵایی پێنج بۆ 10 کیلۆمەتر لەژێر ناوى پاراستنى ئاسایشى سەر سنور دروستدەکرێت، کە لەژێر کۆنتڕۆڵى هێزە خۆجێییەکاندا دەبێت کە پێکهاتوون لەو هێزانەى کە لەخەڵکى ئەو ناوچانە پێکهاتوون.
جەختیشیکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک رازى نابن سوپاى تورکیا بچێتە خاکى سوریاوە یان ئاسمانى ناوچەکەى بۆ بکرێتەوە، بەڵام رەنگە لەو خاڵە چاودێریانەى لەسەر سنور دروستدەکرێن جێگیربن.
هەنگاوەکەى یەپەگە بۆ کشانەوەى لەسەر سنورەکانى رۆژئاواى کوردستان لەگەڵ تورکیا و خاپورکردنى سەنگەرەکان لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە پێشوازى لێکراوە، بەڵام تورکیا دەڵێت ئەو پرسە پێویستى بە پشتڕاستکردنەوە هەیەو پێویستە بەچاوى خۆیان ئەوە ببینن.
31ى مانگى رابردوو هاوپەیمانى نێودەوڵەتى رایگەیاند، هێزەکانى سوریاى دیموکرات –یەپەگە پێکهێنەرى سەرەکییەتى- هەنگاوى ئەرێنى ناوە و پشتیوانى هەنگاوەکانە لەبارەى لێکتێگەیشتنى ئەمریکا و تورکیاوە، بەڵام تورکیا تائێستا هەڵوێستى روون نییە لەو بارەیەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لەچەند رۆژى رابردودا جەختیکردەوە پرسی پاککردنەوەى رۆژهەڵاتى فورات لە «تیرۆر» لەرۆژەفیاندایە.
سلێمان عارەب وتى «هێشتا هەڵوێستى تورکیا لەبارەى هەنگاوەکەى یەپەگەوە زۆر روون نییە، بەڵام ئەوان هەنگاوى خۆیان ناوە و پێیان وایە پرسەکە ئیجابییە».
وتیشى «لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە باش دەزانین کە تورکیا هەمیشە سیاسەتى داگیرکاریی و دەستبەسەرداگرتنى ناوچەکەى هەیە، بەڵام ئێمە لەسەر سیاسەتى خۆمان بەردەوام دەبین».
لەبارەى هەڵوێستى ئەمریکا و هاوپەیمانى نێودەوڵەتییەوە بۆ پاراستنى ئەزمونى رۆژئاواى کوردستان، سلێمان عارەب جەختیکردەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانان بەدواى بەرژەوەندى خۆیانەوەن، نەک لەبەر خاترى رۆژئاواى کوردستان هەڵوێست نیشان بدەن.
«هەڵوێستى ئەوان دەرەنجامى بەرخۆدان و بوونى هێزو رێکخستنى گەلە لە رۆژئاواو رۆڵى هەسەدەیە لەتێکشکاندنى داعش».
لەبارەى دەنگۆى گەڕانەوەى پێشمەرگەى رۆژ بۆ رۆژئاواى کوردستان لەئەگەرى دروستکردنى ئەو ناوچە تایبەتەدا لەباکورو رۆژهەڵاتى سوریا، سلێمان عارەب رەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەک لەو بارەیەوە کرابێت و وتى «هیچ دانوستانێک ناکەین لەسەر گەڕانەوەى ئەو هێزە، ئێمە رێگە بەبوونى دوو هێزى پێشمەرگە نادەین لە رۆژئاوا، ئەگەر ئەوان ئەوەیان دەوێت با بێن لە ریزەکانى هەسەدە خەبات بکەن».