باوکى شادیه بانگهێشتى دادگا ده‌کرێت
5 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حه‌سه‌ن
باوکى ئه‌و ژنه‌ى له‌به‌رده‌م دادگاى هه‌ولێر کوژرا بانگهێشتى دادگا ده‌کرێت له‌باره‌ى ئه‌و قسانه‌ى له‌باره‌ى کوژرانى کچه‌که‌یه‌وه به‌ده‌ستى زاواکه‌ى کردوویه‌تى.
رۆژى یه‌کى ئه‌م مانگه شادیه جاسم ته‌مه‌ن 27 ساڵ له‌لایه‌ن مێرده‌که‌یه‌وه له‌به‌رده‌م دادگاى هه‌ولێر کوژرا، کاتێک ده‌یویست بچێته دادگا بۆ راییکردنى کاروبارى تایبه‌ت به‌جیابونه‌وه‌ى له‌مێرده‌که‌ى.
باوکى کچه‌که دواى کوژرانى کچه‌که‌ى رایگه‌یاندبوو «هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ک باجێکى هه‌یه، کچه‌که‌م باجه‌که‌یدا».
دڵشاد فایز، وته‌بێژى داواکارى گشتى، له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى «بۆ هه‌موو که‌یسێک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نووسراوی لێکۆڵینه‌وه ده‌کرێت و به‌دڵنیاییشه‌وه قسه‌ى که‌سه‌کان وه‌رده‌گیرێت و له‌سه‌ر ئه‌وه بڕیار ده‌درێت».
وتیشى «که باوکى ئه‌و قسانه‌ى کردبێت له ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه، به دڵنیاییه‌وه قسه‌ى وه‌رده‌گیرێت و دادگا بۆى هه‌یه ئه‌و پرسیارانه‌ى لێبکات و بانگ بکرێته دادگا».
دواى رووداوه‌که، تۆمه‌تبارى سه‌ره‌کى رووداوه‌که له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه ده‌ستگیرکرا.
شادیه و مێرده‌که‌ى کهئامۆزاى یه‌کترى بوون له‌ساڵى 2012ه‌وه هاوسه‌رگیریان کردبوو، چه‌ند ساڵێک له‌سه‌ر کێشه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تى کێشه که‌وته نێوانیانه‌وه‌و شادیه ده‌ستگیرکراو دواى ساڵ و نیوێک له‌زیندان ئازادکرا، پێش ئازادبونیشى داواى جیابونه‌وه‌ى پێشکه‌شى دادگا کردبوو.
دڵشاد فایز ئاماژه‌ى به‌وه‌دا له‌کێشه‌ى کوشتندا کێشه‌که گشتییه و کهکهسیش سکاڵا نه‌کات، به دواداچونى بۆ ده‌کرێت و تۆمه‌تبار ده‌گیرێت.
له‌باره‌ى قسه‌کانى باوکییه‌وه، دڵشاد فایز وتیشى «پێویسته دادگاى لێکۆڵینه‌وه ئه‌و قسانه ڕوبه‌ڕووى ئه‌و که‌سه بکاته‌وه که کردویه‌تى».
دواى ئازادبوونى له‌زیندان شادیه ماوه‌ى 20 رۆژ لهشهڵتهر ماوه‌ته‌وه‌و دواتر پاش وه‌رگرتنى به‌ڵێننامه له‌باوکى که توندوتیژى به‌رانبه‌ر ئه‌نجامناده‌ن، ره‌وانه‌ى ماڵى باوکى کراوه‌ته‌وه.
دۆسیه‌ى کوشتنى شادیه له‌ئێستادا لێکۆڵینه‌وه‌ى تێدا ده‌کرێت به‌پێی مادده‌ى 406 له یاساى سزادانى عێراقى تایبه‌ت به‌کوشتن.
فه‌وزیه فه‌قێ ڕه‌شید، ڕاوێژکارى یاسایى، له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى «ئه‌وه تاوانێکى ڕون و ئاشکرایه و به‌رنامه بۆ دانراویشه، بۆیه شایه‌نى قسه‌کردن نییه و تاوانێکى زۆر گه‌وره‌یه، سزاکه‌ى تا ئاستى له سێداره‌دانه«.
جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه، ئه‌گه‌ر دادگا سه‌ربه‌خۆ بێت و له‌کوردستان ڕێکوپێک بێت، پێویسته لێکۆڵینه‌وه له هه‌موو ئه‌و که‌سانه بکرێت که قسه ده‌که‌ن، «چونکه له‌وانه‌یه ئه‌و که‌سه جا باوکى بێت یان هه‌رکه‌سێک بێت، پاره‌ى وه‌رگرتبێت، یان له‌خۆیه‌وه ئه‌و قسانه فڕێبدات، تاوانباره‌که له‌وانه‌یه ئه‌وه ببێته به‌هانه‌یه‌ک بۆى و زۆر شتى زیاتر بداته پاڵ که‌سه کوژراوه‌که«.
فه‌وزیه فه‌قێ ڕه‌شید ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، له‌م که‌یسانه‌دا پێویسته گوێ له‌قسه‌ى که‌س نه‌گیرێت، چونکه له کۆمه‌ڵگه‌ى کوردیداو له‌م جۆره که‌یسانه‌دا هه‌موو جارێک تۆمه‌تى شه‌ره‌ف ده‌خرێته پاڵى.
وتیشى «ئه‌و که‌یسانه زۆر درێژه ده‌کێشێت، که نه‌ده‌بوو وابێت، چونکه که دادگا سه‌ربه‌خۆ بێت، نابێت به درێژه‌کێشانى دانیشتنه‌کان، له سزاکه که‌م بێته‌وه«.