کورد پشت لەعادل عەبدولمەهدی ناکات

فراکسیۆنە کوردییەکان یەکدەنگن بۆ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی، بەڵام لەپرسی گۆڕینی وەزیرەکاندا ناکۆکن

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

جموجۆڵ لە پەرلەمانى عێراق دەستپێکردووە بە ئاڕاستەى گۆڕانکاریی وەزارى لەکابینەى حکومەتدا بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیران، کوردیش تا ئێستا «یەکدەنگ نییە» لەو بارەیەوە، ئەگەرچى سەرجەمیان پشتیوانى لەمانەوەى سەرۆکى حکومەت دەکەن.

جموجۆڵەکان لەدوو ئاڕاستەوەیە، ئاڕاستەیەکیان ئۆپۆزسیۆنن کە دیارترینیان رەوتى حیکمەى عەممار حەکیم و هاوپەیمانى فەتحە بەسەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى پێشوو، ئاڕاستەکەى دیکەش لە لیستى سائیرونى سەر بە رەوتى سەدرەوەیە بەسەرۆکایەتى موقتەدا سەدر کەیەکێکە لەسەرەکیترین پێکهێنەرەکانى حکومەت و خاوەنى پەنجا کورسییە لە پەرلەمانى عێراق.

موقتەدا سەدر سەرۆکى رەوتى سەدر بەم دواییانە چەند جارێک رەخنەى توندى لە حکومەت گرتووە بەوەى نەیتوانیوە خزمەتگوزاریی پێویست بۆ هاوڵاتیان دابین بکات و داوایکردووە حکومەت هەوڵەکانى خێراتر بکات لەو بارەیەوە.

کۆتایی مانگى رابردوو حاکم زاملى سەرکردە لە رەوتى سەدر رایگەیاندبوو، تا ئێستا حکومەت شتێکى روونى بۆ هاوڵاتیان نەکردووە، هەندێک لە وەزیرەکان کارى پێویستیان نەکردووە، هەندێکى دیکەشیان لە تۆمەتى گەندەڵییەوە تێوەگلاون، جموجۆڵ هەیە بۆ لەکارخستنى پێنج وەزیر، ئەوەش یەکەم گۆڕانکاری وەزارى دەبێت و هەنگاوى دواتریشى بەدوادا دێت.

کوتلە سیاسییەکان و ئەو فراکسیۆنانەى هەوڵیان بۆ گۆڕانکاریی وەزارى دەستپێکردووە، ناوى هیچ کام لەو وەزیرانەیان ئاشکرانەکردووە کە هەوڵى لەکارخستنیان دەدەن، بەڵام لە وەرزى پێشووى یاسادانانى پەرلەماندا چەند وەزیرێک لەلایەن پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەکانەوە بانگهێشتکران، لەناویاندا وەزیرى دارایی، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک باس لە ئەگەرى هەوڵدان بۆ گۆڕینى عادل عەبدولمەهدیش دەکەن.

حەسەن ئالى ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى پێیوایە، پرسی گۆڕانکاریی وەزاری و باسکردن لە گۆڕینى عادل عەبدولمەهدى شتێکى قورسە بۆ عێراق و ئەگەرى نزیک نییە رووبدات، چونکە پۆستەکان بەپێی پشکى حزب و پێکهاتەکان دابەشکراون.

 حەسەن ئالى بە هاوڵاتى وت «کورد پشتیى عادل عەبدولمەهدى دەگرێت و لەگەڵ مانەوەیدایە وەک سەرۆکى حکومەت، لەپرسی گۆڕانکاریی وەزاریشدا نابێتە تەرەف».

وتیشى «پرسی پێکهێنانى حکومەت و هەر گۆڕانکارییەک کە تێیدا بکرێت لە عێراق کارێکى قورسە، چونکە لایەنە دەرەکییەکان بەتایبەتى وڵاتانى زلهێز و ئیقلیمى رۆڵی خۆیان تێدا هەیە و پرسەکە تەنها پەیوەست نییە بە لایەنە عێراقییەکانەوە».

حکومەتى عێراق بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى کەمتر لە ساڵێکە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە متمانەى پێدراوە، بەڵام هێشتا بەتەواوى کابینەى حکومەتەکە پڕنەکراوەتەوە بەهۆى کێشمەکێشى کوتلە سیاسییەکانەوە.

رۆژى 24ى ئۆکتۆبەرى 2018 بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق عادل عەبدولمەهدى بۆ سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد، هەمان رۆژ پەرلەمانى عێراق دەنگیدا بە 18 وەزیرى کابینەکە و عادل عەبدولمەهدیش سوێندى یاسایی خوارد، رۆژى دواتر بەفەرمى حەیدەر عەبادى دەسەڵاتى رادەستکرد.

لەناو پێکهاتەکاندا کورد بە بەهێزى پشتیوانى لە عادل عەبدولمەهدى دەکات، هەرچەندە لایەنە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى لەسەر پۆستەکانى حکومەتەکەى لە ململانێی توندا بوون، بەڵام پشتیوانى بەهێزى عەبدولمەهدین کە بە دۆستى کورد دادەنرێت.

هەوڵدان بۆ گۆڕانکاریی وەزارى لە کابینەى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پارێزگاکان لە عێراق کە بڕیارە لەنیسانى ساڵى داهاتوودا بەڕێوەبچێت، کە بەبڕواى جەمال کۆچەر ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکگرتوو، ئەوە هۆکارى سەرەکى پشت وروژاندنى ئەم پرسەیە لە ئێستادا.

جەمال کۆچەر بە هاوڵاتى وت «فراکسیۆنى سائیرون کە پێکهێنەرى سەرەکى حکومەتە هەوڵەکانى لەو بارەیەوە دەستپێکردووە، دەیەوێت لەو رێگەیەوە هەڵبژاردنى پارێزگاکان بباتەوە، هەروەک چۆن هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى بردەوەو زۆرترین کورسی بەدەستهێنا».

وتیشى «پێموایە ئەم رەوشە هەڵبژاردنى پارێزگاکان بەردەوام دەبێت و هەندێک وەزیر دەبنە قوربانى، بەڵام پرسی گۆڕینى عادل عەبدولمەهدى ئاسان نییەو بەدیلى گونجاو نییە کە سائیرون پەناى بۆببات».

فرکسیۆنى سائیرونى سەر بە رەوتى سەدر لە حوزەیرانى ئەمساڵدا داوایکرد عادل عەبدولمەهدى و حکومەتەکەى بانگهێشتى پەرلەمان بکرێن و وەڵامى پرسیارى پەرلەمانتاران بدەنەوە لەبارەى ئەو کارانەى حکومەت کردویەتى، بەرپرسیارێتى تەواونەکردنى کابینەکەى حکومەتیشى خستبووە ئەستۆى سەرۆک وەزیران.

تا ئێستا بەتەواوى روون نەبووەتەوە ئەگەر پرسی گۆڕانکاریی وەزارى بچێتە پەرلەمانى عێراق،  فراکسیۆنە کوردییەکان بەگشتى هەڵوێستیان چۆن دەبێت لەو بارەیەوە، بەڵام بەوتەى جەمال کۆچەر کورد لەو پرسەدا دابەش دەبێت.

«هەندێک پەرلەمانتار هەیە بە قسەى فراکسیۆنەکەشى ناکات، جگە لەوە فراکسیۆنە کوردییەکان هاوهەڵوێست و یەکدەنگ نین لەسەر پرسەکان و بەشێک لە وەزیرە کوردەکان هاوڕایی سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکانى لەسەر نەبووە، بۆیە پێموایە کورد لەو پرسەدا دابەشدەبێت»، جەمال کۆچەر وایوت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، لە پرسی متمانە سەندنەوە لە عادل عەبدولمەهدیدا فراکسیۆنە کوردییەکان یەکدەنگ دەبن، چونکە گونجاوترین سەرۆک وەزیرانە بەلاى کوردەوە، بەتایبەتى لە پرسی ناردنى موچەى فەرمانبەراندا.

بەپێى رێکارەکان هەر وەزیرێک کە پەرلەمان بیەوێت لێپرسینەوەى لەگەڵدا بکات دەبێت سەرەتا بانگهێشت بکرێت و دواتر وەڵامەکانى بخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر پەرلەمانتاران بڕوایان بە وەڵامەکان نەبوو لەکاردەخرێت، ئەگەرنا لەپۆستەکەى دەمێنێتەوە، ئەگەریش سەرۆکى حکومەت لەلایەن پەرلەمانەوە لەکاربخرێت تەواوى کابینەکە هەڵدەوەشێتەوە.

بەهار مەحمود ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەفراکسیۆنى گۆڕان پێشبینى ناکات کاربگاتە سەندنەوەى متمانە لە وەزیرەکان و دەڵێت رەنگە لە چوارچێوەى لێپرسینەوە لە وەزیرەکان تێپەڕنەکات.

وتیشى «ئەو پرسە پەیوەندى بە کێشمەکێشى شیعەکان لەلایەک و کێشمەکێکى شیعە لەگەڵ سوننە و کوردیش هەیە».

لەبارەى هەڵوێستى فراکسیۆنە کوردییەکانەوە، بەهار عەبدولرەحمان باسى لەوەکرد هێشتا هەڵوێستیان یەکنەخستووە لەو بارەیەوە، بەڵام لەسەر پرسی مانەوەى عادل عەبدولمەهدى فراکسیۆنەکان هاوڕان، بۆ وەزیرەکانیش پێویستە فراکسیۆنەکان کۆبنەوەو هەڵوێستیان یەکبخەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار