پەلامارەکانی تورکیا بۆ کوردستان هیچ وەدەست ناخەن

دەتوانێت عەبدوڵا ئۆجەلان سەرکردەی پەکەکە ئازاد بکات لە زیندان و پەکەکەش دەتوانێت پرۆسەیەکی چەک داماڵین جێبەجێ بکات

5 ساڵ لەمەوپێش



 

ستیڤن ستار لەڕۆژنامەی عەرەب ویکلی 

وەرگێرانی: کاکەلاو عەبدوڵا

ئەمڕۆکە ئەنقەرە دەقاودەق لەو شوێنە خۆی دەبینێتەوە کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر تێیدابوو، گیرخواردوو لە ململانێیەکی جەنجاڵدا کە نە ئاسایش بەرقەرار دەکات بۆ هاوڵاتیانی تورکیا و نە بوژانەوە زامن دەکات بۆ هاوڵاتیانی کورد.

ماوەی چەند دەیەیەکە تورکیا هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئەنجامدەدات بۆ سەر کەمپەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زنجیرە چیاکانی قەندیل لەباکوری عێراق. لەئێستاشدا لەسەروبەندی ئۆپەراسیۆنێکی ترە بەناوی «ئۆپەراسیۆنی چنگ».

ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی سەر بەحکومەتی تورکی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە دەرکردنی هێزەکانی پەکەکەیە لە دەڤەری خواکوڕک کە «هاتوچۆی تیرۆریستی ئاسان دەکات لەنێوان قەندیل و پارێزگای سەڵاحەدین کە سنوری هەیە لەگەڵ سوریا».

بەپێی ئاماری گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی، ململانێی نیوان تورکیا و پەکەکە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٤٥٥٠ کەس لە هەردوولا لەچوار ساڵی ڕابردوودا کە ٢٢٣یان لە هەرێمی کوردستان بوون.

بەلەبەرچاوگرتنی مردنی سێ سەربازی تورکی لەئابی ئەمساڵدا و زیاتریش لە مانگەکانی پێشوودا، بە کوژرانی دیپلۆماتکارە تورکەکەشەوە لە هەولێر، دەبێت پرسیاری جدی بکرێت سەبارەت بەوەی بۆچی ئەنقەرە بەردەوامە لە پەیڕەوکردنی رێگایەک لەکاتێکدا بەڵگەکان راشکاوانە  ئاماژە بەوە دەکەن کە سوودی هەستپێکراوی کەمی پێدەگەیەنێت.

هەرێمی کوردستان لەڕووی لەدەستدانی سەربازو خەرجی دارایی بەشێوەیەکی زەبەلاح بوەتە خەسارەت بۆ تورکیا.

کاتێک ئۆپەراسیۆنی چنگ لەمانگی ئایاردا راگەیەندرا، میدیاکانی نزیک حکومەت بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ڕیشەکێشکردنی «هەیمەنەتی پەکەکە»یە لە هەرێمی کوردستان. ئەوە ئامانجێکی گەورەیە بەلەبەرچاوگرتنی سروشتی سەختی ناوچە ساخاوییەکان و ئەو راستییەی کە سنورەکانی عێراق و ئێران دەگۆڕن.

لەگەڵ ئەوەی زۆرجار لەژێر ناوی شەرەفمەندانە و نیشتیمانپەروەری تونددا ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام دەدرێن وەک ئۆپەراسیۆنی پۆڵا و ئۆپەراسیۆنی چەکوش، سوپای تورکیا یەکەم زنجیرە ئۆپەراسیۆنی گەورەی خۆی لەساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٥ جێبەجێکرد بەبەشداری هەزارەها سەرباز بەرەو هەرێمی کوردستان.  ئەنجامەکان لەو ساڵانەدا؟ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، پەکەکە بەردەوامیدا بە شوێنپێی لەناوچەکەدا لەگەڵ مردنی چەندین مەدەنی و سەرباز.

لە مانگی شوباتی ٢٠٠٨، تورکیا هەزارەها سەربازی تری ناردە دەڤەری خواکوڕک لەماوەی هەفەتەیەکدا بە ئامانجی تێکشکاندنی «ژێرخانە ڕێکخراوەکانی» پەکەکە «لە ناوچەکەدا». تورکیا ٢٤ سەربازی لەدەستدا لەگەڵ سێ پاسەوانی گوندەکان و هەلیکۆپتەرێکی ئەی ئێچ-١ کۆبرا. تورکیا چی بەدەستهێنا؟ کۆسپی ستراتیژی.

لەکۆتایی مانگی ئایار، نوێترین هێرشی دەستپێکرد بۆ سەر چیاکان کە بەوتەی وەزارەتی بەرگری تورکیا بێت تا ئێستا بووەتە هۆی «ئاشکراکردنی زانیاری نوێ لەسەر چالاکی تیرۆریستی».

لێرەدا سەیری وێنە گەورەکە بکەن: ئەمڕۆکە ئەنقەرە دەقاودەق لەو شوێنە خۆی دەبینێتەوە کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر تێیدابوو، گیرخواردوو لە ململانێیەکی جەنجاڵدا کە نە ئاسایش بەرقەرار دەکات بۆ هاوڵاتیانی تورک و نە بوژانەوە زامن دەکات بۆ هاوڵاتیانی کورد کە هاوسۆزن بەرامبەر چەمکەکانی پەکەکە. 

ئەم دەستتێوەردان و هێرشانە کۆمەڵیک کێشەی دیپلۆماتی دروست دەکات لەنێوان ئەنقەرە و حکومەتی بەغداد-هەولێر، کە تورکیا بەئارەزووی خۆی سەروەری خاکی پێشێل دەکات سەرەرای بەڵگەی زیندوو لەسەر ئۆپەراسیۆنەکان کە شتێکی وا بەدەستناهێنن.

ئەگەر دوای هەموو ئۆپەراسیۆنێک سوپای تورکیا جاڕی ئەوە دەدات کە ئۆپەراسیۆنەکەی بێگومانانە سەرکەوتوو بووە، کە هەموو ئامانجەکانی بەدەستهێناوە، بۆچی  دوای ساڵێک یان دووان خۆی لەهەمان بارودۆخ ئەدۆزێتەوە و هەمان کار ئەنجام دەداتەوە؟ گەلی تورکیا گەمژە نین، ئەوان دەزانن ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو چییە کاتێک دانەیەک دەبینن. یان هەر بەڕاست دەزانن؟ هەندێک روونکردنەوە هەیە بۆ ئەمە.

بۆ وڵاتێک کە میراتە مێژوویەکەی  بە لەدەستدانی بڕێکی زەبەلاحی زەوی لەکاتی دوا دەیەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی داپۆشراوە، گەلی تورک زۆرتر دڕدۆنگ (نائارام) دەبن کاتێک دێتە سەر بابەتی دانەپاڵی دەسەڵات بەلای جیهاندا. بەشێکی ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە کە تورکەکان لە تەمەنێکی گەنجییەوە دەربارەی دەسەڵات و گەورەیی سەردەمی عوسمانی فێردەکرێن، هەرچەندە هەمووی ڕاستی نییە.  زنجیرە دراما تەلەڤزیۆنییەکان کە بودجەی زەبەلاحیان بۆ خەرجکراوە فانتازیا مێژووییەکە - لەگەڵ هەندێک ڕاستی - سەرکەوتنەکانی عوسمانی پەخش دەکەن دژی دوژمنە دەرەکییەکان هەموو ساڵێک لە ڕەمەزاندا.

دووەم، حکومەتی تورکی دەزانێت کە هیچی لەدەست ناچێت بە رێدان بە جەنەراڵەکانی بۆ ئەوەی کۆببنەوە و تۆپبارانی ناوچە شاخاوییە چۆڵەکانی عێراق بکەن، بەتایبەتی کاتێک ڕووخساری سوپاکەی چەمکی وڵاتێکی بەهێز، بەشانازی، بێترس نیشان بدات.

ڕەنگە گرنگترینیان هەوڵەکانی دەوڵەت بێت بۆ فشارخستنە سەر هاوڵاتیانی تورکی کە هەندێکجار دەبێت قوربانی بدەن بۆ نەتەوەکەیان. زۆربەی بابەتە یەکەمەکانی هەواڵی شەوانە گرتە ڤیدیۆیی خێزانە کۆست کەوتووەکانە کە ئەو کوڕانەیان دەنێژن لەشەڕی دژی پەکەکە کوژراون لە قەندیل. کەس نایەوێت ئەم جۆرە وێنانە ببینێت یان لەراستیدا ئەزمونی لەدەستدانی خۆشەویستێکی بکات بەڵام هیچ تورکێک بوێری ئەوەی نابێت ئامانجی کردەوەکانی سوپا بخاتە ژێر پرسیارەوە؛ ئەگەر ئەوە بکات واتای خیانەت دەگەیەنێت.

پەکەکە هەموو ئەمانە دەبینێت و هەندێک جار وای لە تورکیا کردووە پەلاماری هەرێمی کوردستان بدات وەک ئەوەی ئەنجامیدا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٣. ئەنقەرە ڕێک بەدڵی پەکەکە جوڵایەوە.

ئایا هیچ جێگرەوە (ئەڵتەرناتیڤ)ێک هەیە تورکیا پەیڕەوی بکات؟

دەتوانێت عەبدوڵا ئۆجەلان سەرکردەی پەکەکە ئازاد بکات لە زیندان و پەکەکەش دەتوانێت پرۆسەیەکی چەک داماڵین جێبەجێ بکات کە لەلایەن لایەنێکی سەربەخۆ و پێگەشتووەوە سەرپەرشتی بکرێت. بەڵام دوژمنیاتییە لەمێژینەکەی نێوان هەردوولا و ساردییەکی گشتییان بۆ ئاشتی مانای ئەوەیە کە ئەوە ڕوونادات.

لە هەموو ئەگەرەکاندا، دەنگی تەقینەوەی بۆمبەکان بەردەوام دەبن لەپڕکردنەوەی زنجیرە شاخە چۆڵەکانی هەرێمی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار