سنووری ئیسرائیل‌و لوبنان دەبێتەوە مەیدانی جەنگ

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

گۆڕینەوەی پەلامارو هێرشی سەربازی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا دوای چەندین ساڵ سەریهەڵدایەوە لەسەر سنورو جارێکی تر بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانیان پێشێلکردەوە و وادەردەکەوێت هێرشی تر بەڕێوەبێت

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە حیزبوڵای لوبنانی چەند هێرشێکی مووشەکی کردە سەر بنکەو بارەگاکانی ئیسرائیل لەگەڵ بەئامانجگرتنی ئۆتومبیلێکی زرێپۆشی ئیسرائیلی لەنزیک شارۆچکەی ئەڤیڤمی ئیسرائیل. بەپێی وتەی بەرپرسانی حیزبوڵا، هێرشەکان بوونە هۆی برنیدارکردنی چەند سەربازێکی ئیسرائیلی  و کوشتنی یەکێکی دیکە.

دەستبەجێ دوای هێرشەکەی حیزبوڵا، سوپای ئیسرائیل دەستیکرد بەهاویشتنی تۆپ و بەپێی وتەی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل نزیکەی ١٠٠ تۆپیان ئاراستەی حیزبوڵا کرد.

هەرچەندە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لەهێرشەکاندا بنکەیەکی  سەربازی و ئەمبولانسێک زیانیان پێگەشتووە بەڵام ئەوەشی دووپاتکردەوە کە هیچ سەربازێکیان نەبوەتە قوربانی بەپێچەوانەی بانگەشەی حەسەن نەسروڵا، سەرکردەی حیزبوڵاوە کە هێرشەکانی بە سەرکەوتوو وەسف کرد بەو پێیەی چەند قوربانییەکی لێکەوتوەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی «تایمز ئۆف ئیسرائیل» ئەو وێنەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکرانەتەوە و نیشانی دەدات کەسەربازی ئیسرائیلی برنیدار دەگوازرێنەوە فێڵێک بووە لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل بۆ خۆڵکردنە چاوی حیزبوڵا تا وابزانن کە هێرشەکنایان قوربانی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تری هەمان پێگەی ئیسرائیل، هێزی ئامسانی ئیسرائیل دوای هێرشەکەی حیزبوڵا لەئامادەباشیدابوون بۆ پەلامارێکی چڕ بۆ سەر پێگە مووشەکییەکانی حیزبوڵا لەلوبنان بەڵام کشاونەتەوە دوای ئەوەی هیچ سەربازێکی ئیسرائیلی نەبووە قوربانی. سەرچاوەیەک لە هێزەکانی ئاسمانی ئیسرائیل وتی «ئەو راستییەی کەنەسروڵا نەیتوانی هیچ ئیسرائیلییەک بکوژێت رزگاری کرد لەوەی پێگەی موشەکە ئامانج پێکەرەکانی تێکبشکێت چونکە فرۆکەکان لەئاسماندا بوون.»

بەپێی راپۆرتەکە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەسەر دەریای سپی ناوەڕاستەوە بوون و ئامادەبوون بۆ وەرگرتنی گڵۆپی سەوزی حکومەت تا هێرش بکەنەسەر پێگەکانی حیزبوڵا.

هێرشەکانی حیزبوڵا بۆ سەر سنور لەلایەن ئیسرائیلەوە چاوەڕوانکراوبوو چونکە پێشتر هێزەکانی ئیسرائیل پێشبینیان کردبوو. بەپێی راپۆرتێکی «زە گاردیانی» بەریتانی هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر سنور بەدرێژایی ئەم هەفتەیە چاوەڕێی ئەو هێرشە بوون بەوپێیەی جێگری سەرکردەی حیزبولا هۆشداریدابوو لەهێرشێکی کتوپڕ بۆ سەر ئیسرائیل لەتۆڵەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت و سوریا لەهەفتەی ڕابردوودا.

لەم چەند هەفتەیەی دواییدا ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا بۆ سەر ئەو چەکدارە میلیشیایانەی ئێران کە لەعێراق و سوریا و لوبنانن. حیزبوڵا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەکوشتنی دوو ئەندامی لە سوریا لە هێرشە ئاسمانیەکەدا  لەگەڵ هێرشی دوو فڕۆکەی بێفرۆکەوان بۆ سەر بەیروت. نایم قاسم ، جێگری سەرکردەی حیزبوڵا هەفتەی رابردوو وتی، «ژینگەکە هی ئەوە نییە جەنگێک دروست بێت بەڵام هی ئەوەیە بەرپەرچدانەوەیەکی تێدا بکرێ».

ئیسرائیل تا ئێستا هێرشەکەی بەیروتی لەئەستۆ نەگرتووە بەڵام راپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن ئۆپەراسیۆنەکە بۆ تێکشکاندنی دامەزراندنی کەلوپەلی موشەکی ئاراستەکراو بووە. هەفتەی رابردوو ئیسرائیل رایگەیاند کە زانیاری هەیە ئێران یارمەتی حیزبوڵا دەدات بۆ دامەزراندنی موشەکی ئاراستەکراو لەلوبنان، کە ئەم هەنگاوەی پێ قبوڵناکرێ. هەر ئەمەش وایکرد هێرش بکاتەسەر بنکەی چەکدارەکانی سەر بەئێران لەسوریا و عێراقیش کە پێیوایە ئێران هەوڵدەدات ئەو وڵاتانە وەک بنکەیەک بەکاردەهێنێت بۆ پەلاماردانی.

لەساڵی ٢٠٠٦ەوە هیچ لایەکیان، ئیسرائیل و حیزبوڵا، ئارەزوییان بۆ جەنگ دەرنەبڕیوە کە ئەوکات نزیکەی مانگێکی خایاند و بووە هۆی مردنی  ١٢٠٠ کەس لە لوبنان کە زۆربەیان مەدەنی بوون و نزیکەی ١٦٠ ئیسرائیلیش بوونە قوربانی. بەڵام لەو نێوەندەدا هەریەکیان «هێڵی شین»یان پێشێلکردووە بە هێرشکردنەسەر یەک لەساڵانی ٢٠١٠، ٢٠١١، ٢٠١٣، ٢٠١٥، ٢٠١٨.

دوایین هێرشی دژ بەیەک ئەم ئاڵوگۆڕە موشەکییەی یەکشەممەی رابردوو بوو کە جارێکی تر «هێڵی شین»ی نەتەوەیەکگرتووەکانیان پێشێلکردەوە. هێڵی شین هێڵێکی نەتەوەیەکگرتووەکانە بەدرێژایی سنوری نێوان لوبنان و ئیسرائیل کە لەساڵی ٢٠٠٠ەوە راگەیاندراوە ئەویش بۆ جیاکردنەوەی سنورو کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بوو لەلوبنان کاتێک ساڵی ١٩٧٨ ئیسرائیل لەهێرشێکدا باشوری لوبنانی داگیرکرد ئەویش لەتۆڵەی ئەو هێرشەی ڕێکخراوی ئازادی فەلەستین ئەنجامیداو ٣٧ ئیسرائیلیان کوشت. نزیکەی ١٠ هەزار کارمەند لەم ئەرکەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا بەشدارن لە ٤٥ وڵاتی جیاوازەوە.

لە ١٩ی مارسی ١٩٧٨ نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دەرکرد بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، هەروەها هێزە کاتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی دامەزراند  و هەمان ساڵ هێزەکان گەشتنە سنوری لوبنان بۆ دڵنیابوونەوە لە کشانەوەی ئیسرائیل.

لەسەروبەندی هێرشەکانی ئەم هەفتەیە هێزە کاتییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا داوای دەستبەجێ بنبەستکردنی هەموو چالاکییەکان و راگرتنی هێرشەکانی کرد لەهەردوولا.

لەترسی زیاتر قووڵنەبوونەوەی کێشەکە و سەرنەکێشانی بۆ جەنگ، سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان رایگەیاند کە پەیوەندی بە مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سیاسییە باڵاکانی فەرەنساوە کردووە بۆ تاووتوێکردنی کێشەکە و راگرتنی.

دوابەدوای ئەم پێشهاتانە هێرشی هەردوولا ڕاوەستان بەڵام سەرکردەی حیزبولا دووشەممەی رابردوو رایگەیاند «هیچ هێڵێکی سوور نەماوە، ئەگەر تۆ [ئیسرائیل] هێرش بکەیت ئەوا سنورەکانت، سەربازەکانت، کۆمەڵگە نیشتەجێبونەکانت، ئەوانەی لەسەر سنورن و ئەوانەشی لەناو ئیسرائیلدان دەبنە ئامانج».

نەسروڵا هۆشداری ئەوەشیدا کە ئەو هێرشەی یەکشەممە ئەنجامیاندا بۆ سەر پێگەکەی ئیسرائیل «لەداهاتوودا دووبارە دەبێتەوە بەشێوەیەکی گەورەترو زەبەلاحترو گرنگتر».

هاوکات ئێران پشتگیری هێرشەکەی حیزبوڵای کردو بە هەنگاوێکی بەرپەرچدانەوە ناوزەندی کرد. «سزاکەی ڕژێمی زایۆنی لەلایەن حیزبوڵاەوە پێوەرێکی پەرچەکرداری بوو کە سووربوونی بەرەی بەرهەڵستی نیشاندا کە لەتونایدایە بەرەنگاری هەڕەشە ببێتەوە»، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وای وت.

هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری ئەوەیدا دژی هەر هەڕەشیەک دەبنەوە بکرێتە سەریان بۆ پاراستنی ئیسرائیل «لەدەریا، وشکانی و ئاسمانداو هەروەها بەردەوام دەبین لەکارکردن لەدژی هەڕەشەی موشەکە ئامانج پێکەرەکان».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار