80%ى تاوانه‌کان به‌هۆى پاککردنه‌وه‌ى ناموسه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن
هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر بۆ هاوڵاتى:
هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: ئارا ئیبراهیم
وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پۆلیسى هه‌ولێر ئاماژه به‌وه ده‌دات زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ته‌مه‌نى هه‌رزه‌کاریدان و ده‌شڵێت «له‌سه‌دا 80%ى تاوانه‌کان به‌هۆى پاککردنه‌وه‌ى ناموسه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت».
رائید هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پۆلیسى هه‌ولێر له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه کۆمه‌ڵگا پێویستى به‌هۆشیارکردنه‌وه هه‌یه که ناکرێت خه‌ڵک به‌هۆى پاککردنه‌وه‌ى ناموسه‌وه بکوژرێت.
هه‌روه‌ها باسى ئه‌وه ده‌کات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى کۆنتڕۆڵى بازارى چه‌ک فرۆشتنیان کردووه، به‌ڵام پێشیوایه «چه‌ک هه‌ڵگرتن بۆته که‌لتور به‌هۆى ئه‌و رووداوه نه‌خوازراوانه‌ى به‌سه‌ر گه‌لى کورد دا هاتووه‌و ئاسان نییه له‌ماوه‌ى ساڵێک یان ده ساڵدا ئه‌م که‌لتوره نه‌هێڵدرێت».
هاوکات، ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێکى مه‌ترسیدار ئاشکرا ده‌کات و وتى»گروپ و باند له‌هه‌ولێر و شاره‌کانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستاندا دروستبوون له‌رێگه‌ى سۆشیال میدیاوه بۆ فه‌یسبوک هاکده‌که‌ن و نهێنییه‌کانى خه‌ڵک وه‌رده‌گرن و هه‌ره‌شه‌ى بڵاوکردنه‌وه‌ى ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر له‌به‌رانبه‌ر پاره نه‌درێت».
هاوڵاتى: له‌سنورى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پۆلیسى هه‌ولێر، ئامارى رووداوه‌کان له 2018 زیاتر بووه یا 2017دا؟ ئه‌گه‌ر ئامارى ئهمساڵیشتان هه‌بێت بۆمان باس بکه‌یت؟
هۆگر عه‌زیز: ئێمه ناتوانین ئامارى 2019 باس بکه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ى دواى چه‌ند رۆژێک له‌کۆتایى ساڵ پۆلێن ده‌کرێت و به‌راور ده‌کرێت به‌ساڵى رابردوو ئه‌نجام بڵاوده‌کرێته‌وه ، به‌ڵام به به‌راوردى تاوانه‌کانى ساڵى 2018 و 2017دا، له‌ساڵى 2018 ئه‌نجامه‌کانى تاوانکردن که‌متر بوو که (3) هه‌زارو 653 تاوان بووه، به‌ڵام له‌ساڵى 2017 نزیکه‌ى 400 تاوان زیاتر ئه‌نجام دراوه به‌راورد به‌ساڵى 2018، جیاوازییه‌که رێژه‌یى بووه.
هۆکارى کهمبوونهوهشى په‌یوه‌ندى به‌باشبوونى بارودۆخى دارایى هاوڵاتیانه‌وه هه‌یه که به‌رده‌وام بوونى موچه و نه‌مانى پاشەکهوات واى کرد رێژه‌ى تاوان که‌مببێته‌وه، واتا تاخه‌ڵک بارى گوزه‌رانى باشتر بێت و له‌خۆشگوزه‌رانیدا بژی ئاستى تاوان که‌متر ده‌بێته‌وه.
ئه‌وانه‌ى تاوانه‌کانى وه‌ک قۆڵبرین و فرتوفێل و دزى ده‌ستگیرمان کردوون له‌ساڵى 2017 و 2018 و 2019 شدا زۆربه‌یان هه‌رزه‌کارن، ته‌مه‌نیان له‌نێوان 15 ساڵ بۆ 30 ساڵیدایه
هاوڵاتى: ئه‌وانه‌ى تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌گشتى ته‌مه‌نیان له‌نێوان چه‌ند بۆ چه‌ند دایه؟
هۆگر عه‌زیز: زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى تاوانه‌کانى وه‌ک قۆڵبرین و فرتوفێل و دزى ده‌ستگیرمان کردوون له‌ساڵى 2017 و 2018 و 2019 شدا زۆربه‌یان هه‌رزه‌کارن، ته‌مه‌نیان له‌نێوان 15 ساڵ بۆ 30 ساڵیدایه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى تاوانه گه‌وره‌کان ئه‌نجامده‌ده‌ن زۆرجار له‌ته‌مه‌نى 40 و 45دان وه‌ک تاوانى کوشتن.
هه‌ر کاتێک کورد له‌شه‌ڕو جه‌نگدا بووبێت چه‌کى به‌لاوه گرنگتر بووه له‌هه‌موو کاڵاکانى دیکه، تۆ بته‌وێت که‌لتورێک به‌ساڵێک و پێنج ساڵ و 10 ساڵ له‌ناوى ببه‌یت یا نه‌یهێڵیت بیر‌و هۆشى تاک بگۆڕیت ئه‌وه ئه‌سته‌مه
هاوڵاتى: پێتوایه بوونى چه‌ک بووه‌ته کلتور لاى هاوڵاتیان؟
هۆگر عه‌زیز: چه‌ک خۆشه‌ویسترین کاڵایه له‌ناو کلتورى کوردى، چه‌ک خۆشه‌ویسترین کاڵا بووه له‌دواى خشڵ و زێڕو ئه‌سپ، زۆرجار له‌و کاڵانهش گرنگتر بووه و هه‌ندێ جار له‌مناڵ و که‌سوکاریش چه‌ک خۆشه‌ویستر بووه.
ئێستاش ئه‌و که‌لتوره ماوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕ‌انى سه‌رده‌مدا کاڵبونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه بینیوه، نمونه‌ت بۆ بهێنمه‌وه ، به‌ڵام به‌یاسا رێگرى ده‌کرێت، هه‌رچه‌نده یاساکان هه‌موویان کۆنن، یاساى سزادانى عێراقى تا ده‌گاته ئێستاش له 2003 کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین، یاساى مۆبایل ساڵى 2009 ده‌رچووه که به مۆبایل زۆرینه‌ى تاوانه‌کانى هه‌ڕه‌شه‌و ئابروچون و لهکهدارکردنن ناموس هه‌مووى له‌سۆسیال میدیاوه ده‌رده‌چێت
ئه‌گه‌ر که‌سێک نیه‌تى ئه‌نجامدانى تاوانى هه‌بێت بهچهکیش نه‌بێ بهئالهتى دیکه کارى خۆى ده‌کات، نمونه‌مان هه‌یه که به تالیبهرو بلۆک و چه‌قۆ ئاله‌تى دیکه خه‌ڵک کوژراون، راسته ئه‌و تاوانى کوشتن که ده‌کرێت زۆربه‌ى به چه‌که نه‌ک ئاله‌تى دیکه
هاوڵاتى: چیتان کردووه بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى چه‌کى بێ مۆڵه‌ت وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پۆلیسى هه‌ولێر؟ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى له‌بازارى چه‌ک فرۆشان ده‌ستیان ده‌که‌وێت، ئایا کۆنتڕۆڵى بازارهکهیانتان کردووه؟
هۆگر عه‌زیز: بازاڕى چه‌ک فرۆشه‌کان زۆر له‌مێژه هه‌یه، بازاڕه‌کان دابخه‌یت چه‌ک فرۆشتن ده‌چێته نێو ماڵه‌کان، ئاسته‌نگى زیاتر دروستده‌کات، هه‌ر شتێک مه‌منوع بێت مه‌رغوبه، چاودێرى ئه‌و بازارانه ده‌کرێت له‌لایه‌ن بریارانمان له ئاسایشى هه‌ولێر ئه‌وانه‌ى چه‌ک ده‌کرن و چه‌ک ده‌فرۆشن ناویان تۆمار ده‌کرێت، به‌ڵام ئێمه وه‌ک به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى هه‌ولێر خۆتان ده‌زانن به‌رده‌وام هه‌ڵمه‌ته‌کان ده‌بینن له راگه‌یاندنه‌کان که وا چۆن پشکنینى شوێنه گشتییه‌کان ده‌که‌ین و مه‌فاریزى پۆلیس داده‌نرێت، ئێستا بچیته ناو بازارى هه‌ولێر که‌سێک نا‌بینیت چه‌کى هه‌ڵگرتبێت ئه‌گه‌ر که‌سه‌که له‌ده‌زگایه‌کى ئه‌مه‌نى کارنه‌کات و لهواجبدا نه‌بێت.
توانیومانه له‌شوێنه گشتییه‌کان تاوان که‌مبکه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌و چه‌کانه‌ى هه‌یه زۆربه‌ى لهماڵهکاندایه.
به‌سێ قۆناغ چه‌ک هاته ناو خه‌ڵک دواى راپه‌رینى 1991 و شه‌ڕى براکوژى و دواى 2003 چه‌کى زۆرى حکومه‌تى عێراق که‌وته‌وه ناو خه‌ڵک، چه‌ک هه‌بوو به هه‌رزانى ده‌فرۆشراو خه‌ڵک ده‌یکڕى و له‌ماڵه‌کانى خۆیاندا دایانناوه.
به‌ڵام له 2003 تا 2013 گۆڕانکارى زۆر گه‌وره دروستبوو، پاره زۆر بوو، خۆشگوزه‌رانى که‌وته ناو خه‌ڵک، دائیمه لهرهفاهیهتدا خه‌ڵک بیرى توندڕه‌وى و توند ئاژۆیى و شه‌ڕکردنى نییه، به‌ڵکو چووه بیرى خوێندن و هێنانى ماسته‌رو دکتۆراو خوێندنى ئێواران، دوایى که داعش هات و نزیکبوهیهوه له‌هه‌ولێر که‌ته‌نها 35 کیلۆمه‌ترى مابوو، دووباره کۆمه‌ڵێک چه‌کى سوپاى عێراقى هاته‌وه ناو خه‌ڵک که زۆر به‌هه‌رزان له‌لایه‌ن سه‌ربازانى عێراقى ده‌فرۆشرانه‌وه خواخوایان بوو چه‌که‌کانیان بفرۆشن و پێى بگه‌ڕێنه‌وه ناو ماڵ و منداڵه‌کانیان.
ئه‌مه واى کردووه کهچهکێکى زۆر له‌لاى هاوڵاتیانه‌وه هه‌بێت و له‌ماڵه‌کانیاندا هه‌ڵیبگرن.
زۆرینه‌ى تاوانه‌کانى کوشتن و هه‌ڕه‌شه‌کردن و ئابڕوچون و ترساندن و تۆقاندن له رێگه‌ى ناموسه‌وه بووه
هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر که‌سێک چه‌کى بێ مۆڵه‌ت بکڕێت له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا لێکۆڵینه‌وه ده‌کرێت که چه‌که‌که‌ى پێفرۆشتووه؟
هۆگر عه‌زیز: چه‌ند کۆمه‌ڵه چه‌کێک هاتووه بۆ فلم و دراما به‌کارده‌هێندرێت و کراوه‌ته چه‌ک، وه‌ک چه‌کى تورکى و حه‌شدى شه‌عبی و ئیسرائیلى، کۆمه‌ڵێک له‌و چه‌کانه زۆر هه‌رزانن و که‌سى به‌رانبه‌ر ده‌توانێت بکوژێت ئه‌گه‌ر له چه‌ند مه‌ترێک دوربێت، خه‌ڵکیش ئه‌و چه‌کانه‌ى به‌ئاسانى ده‌ستده‌که‌وت.
ئه‌و که‌سانه‌ى ناونوس کراون له‌بازاڕى چه‌ک فرۆشان ئه‌گه‌ر ناوى ئه‌و که‌سه بهێنێت به‌ڵێ ئیجرائاتى له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. به‌مه‌رجێک که‌سه‌که له‌خوار ته‌مه‌ن 18 و 20 ساڵیدا بێت، به‌ڵام چه‌ک له‌هه‌موو وڵاتێک‌دا هه‌یه، نمونه‌ت بۆ بهێننه‌وه له‌ساڵى 2013 له‌ویلایه‌تى ئۆهایۆ له کلیڤلاند بووم، چوینه نێو ئه‌و شوێنه‌ى چه‌که‌کان ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه تۆمار کراوه‌و ماوه‌ته‌وه، دانیشتوانه‌که‌ى ملیۆنێک و 200 هه‌زار بوو، چل هه‌زار پارچه چه‌ک ده‌ستى به‌سه‌رداگیرابوو که ئاربیجى و ده‌مانچه‌و تاپڕى تێدابوو، چه‌ک هۆکارێکه بۆ کوشتن، به‌ڵام زۆرجارى وا هه‌یه ئه‌گه‌ر که‌سێک نیه‌تى ئه‌نجامدانى تاوانى هه‌بێت بهچهکیش نه‌بێ بهئالهتى دیکه کارى خۆى ده‌کات، نمونه‌مان هه‌یه که به تالیبهرو بلۆک و چه‌قۆ ئاله‌تى دیکه خه‌ڵک کوژراون، راسته ئه‌و تاوانى کوشتن که ده‌کرێت زۆربه‌ى به چه‌که نه‌ک ئاله‌تى دیکه.
هاوڵاتى: کوشتن به‌ناموس زۆر بووه به‌راورد به تاوانه‌کانى دیکه؟
هۆگر عه‌زیز: به راستى ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌ى ناموس به‌ڕاشکاوى قسه‌بکه‌م لهجیههتى ئه‌منییه‌وه یه‌که‌مجاره ئه‌وه باس بکه‌م و واقعێکه نابێت بیشارینه‌وه، زۆرینه‌ى تاوانه‌کانى کوشتن و هه‌ڕه‌شه‌کردن و ئابڕوچون و ترساندن و تۆقاندن له رێگه‌ى ناموسه‌وه بووه، به‌داخه‌وه ئێستاش داواکارم هه‌ڵمه‌تێک سازبکرێت بۆ وشیارکردنه‌وه‌ى خه‌ڵک که‌وا به راستى به‌سه چیتر له‌سه‌ر پاککردنه‌وه‌ى ناموس خه‌ڵک بکوژرێت.
کوشتن به‌بیانوى پاککردنه‌وه‌ى ناموسهو له‌ناو شاره‌کانى هه‌رێم و ته‌نانه‌ت له‌هه‌ولێردا له‌سه‌دا 70 و 80%ى رێژه‌ى تاوانه‌کانه.
هه‌موو تاکێکى کورد پێویسته به‌شدار بێت و ئاماده‌یى تێدا بێت بۆ هۆشیارکردنه‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى گوێیان لێ ده‌گیرێت، مامۆستایانى ئاینى با له‌سه‌ر مینبه‌ره‌کان باسى بکه‌ن ئاخۆ کوشتن به‌ناوى پاککردنه‌وه‌ى ناموس تاوانه یان حه‌ڵاڵه، کوشتنى ئافره‌ت رێگه پێدراوه، به‌ڵام ئه‌و وشیارکردنه‌وه‌ى نه‌بووه.
هاوڵاتى: ئه‌و پیاوه‌ى له‌به‌رده‌م دادگاى هه‌ولێر هاوسه‌ره‌که‌ى کوشت، هۆکاره‌که‌ى چى بوو؟
هۆگر عه‌زیز: ئه‌وه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌مان کردووه کۆمه‌ڵگاکه ده‌ستى تێیدا هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و ئافره‌ته‌ى له‌دادگا کوژراوه دواى ئه‌وه‌ى تاوانباره‌که‌مان هێنا قسه‌مان له‌گه‌ڵ کرد باسى له‌وه‌کرد که« دواى ئه‌وه‌ى خێزانه‌که‌م خیانه‌تى لێکردووم و داواى یاساییم تۆمار کردووه له‌و کاته‌وه له‌ماڵه‌وه نه‌هاتومه‌ته ده‌ره‌وه، له‌به‌ر کۆمه‌ڵگاو ده‌ورو دراوسێ و خه‌ڵک و دۆست و براده‌ر، ته‌نها بیرم له‌وه کردۆته‌وه که بیکوژم»، هه‌ر تاکێک خیانه‌تى به‌رانبه‌ر ده‌کرێت له‌لایه‌ن خێزانه‌که‌یه‌وه بیر له‌جیابونه‌وه ناکاته‌وه بیر له‌کوشتن ده‌کاته‌وه، من ته‌نانه‌ت باسم له‌وه کرد له‌دادگا بوو په‌یوه‌ندى تۆ‌و خێزانه‌کان به‌ڵێننامه‌یه‌که تۆ خیانه‌ت نه‌که‌یت و ئه‌ویش نه‌یکات، که ئه‌و خیانه‌تى کردووه ئه‌و گرێبه‌سته‌ى له‌نێوانتاندا هه‌یه باتڵى ده‌که‌یت و جیاده‌بیته‌وه بۆ خۆت ده‌که‌یته بکوژ، ئه‌وه‌یش کاریگه‌رى کۆمهڵکاى له‌سه‌ر بووه بۆیه وه‌کو باسم کرد له‌بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته هه‌موو کۆمه‌ڵگا لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار پێویسته داخڵ بن که هه‌ڵمه‌تێکى گه‌وره‌ى هۆشیارکردنه‌وه ئه‌نجامبده‌ین تا کوشتن به بیانوى پاککردنه‌وه‌ى ناموس نه‌هێڵین.
تاوانکردنى هاککردنى فه‌یسبوک هه‌یه‌و نهێنى ئه‌و که‌سه وه‌رده‌گرن، بۆیه داوا ده‌که‌م ئه‌وانه‌ى فه‌یسبوکیان له‌سه‌ر (Yahoo،Gmail) هاککرن زۆر بووه له رێگه‌ى ئیمهیلهکانهوه بیکه‌نه سه‌ر ژماره‌ى مۆبایله‌کانیان و ئیمهیل بۆ دانانى فه‌یسبوک به‌کارنه‌هێنن
هاوڵاتى: هه‌ندێک ژن له‌ناو ئوتومبێلى تاکسى داواى پاره‌یان له شۆفێرى تاکسى ده‌کرد له‌ناو هه‌ولێر ئه‌گه‌ر پاره‌کانیان پێ نه‌دات خۆیان روتدهکهنهوه؟ ئه‌م حاڵه‌تانه کۆنتڕۆڵکراون؟
هۆگر عه‌زیز: چه‌ند حاڵه‌تێک هه‌بوو چه‌ند ئافره‌تێک، شۆفێرێکى تاکسى هات و وتى ئافره‌تێک هەڕهشهى لێکردووه ئه‌گه‌ر پاره‌م نه‌ده‌یتێ ده‌ڵێم ده‌ستدرێژیم کراوه‌ته‌سه‌ر، جلى خۆم داده‌ڕم، له‌به‌ر عه‌یبه‌ى خۆى هه‌ستاوه چه‌ندى پاره پێبووه پێى داوه.
ئه‌وه‌مان کۆنتڕۆڵ کردووه، به‌ڵام باندو گروپ له‌هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆک دروستبووه ئیستغلالى بابه‌تى ناموسى خه‌ڵک ده‌که‌ن، له رووى ئه‌و په‌رده‌ى ناموسه‌وه سەدانو هه‌زاران و مه‌لایین دۆلار وه‌رگیراوه، سه‌رده‌مانێک له‌ڕێگه‌ى سکایپه‌وه کچى مه‌غریبى و تونسى و لوبنانى به‌سه‌دان هه‌زار دۆلاریان بۆ چووه، ئێستا له‌هه‌رێمى کوردستان ئه‌و جۆره باندو گروپانه دروستبووه، ئافره‌تمان ده‌ستگیرکردووه چه‌ندین هاوڵاتى ناو هه‌ولێرى روتکردۆتەوهو هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوکردنه‌وه‌ى ڤیدیۆکانى لێکردووه، کۆنتڕۆڵهکهى وشیارکردنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵگاى ده‌وێت.
له‌ژیاندا هه‌موو مرۆڤێک نهێنى خۆى هه‌یه‌و هه‌موو مرۆڤێک نهێنییه‌کانى به‌شاراوه‌یى ده‌مێنێته‌وه، خواى گه‌وره‌ش ده‌یشارێته‌وه، به‌ڵام مرۆڤه‌کانى توشى ئیحراجى کردووه‌و به‌وهۆیه‌وه حاڵه‌تى خۆکوشتن روویداوه.
هاوڵاتى: سۆسیال میدیا هۆکار بووه بۆ ئه‌و جۆره تاوانانه؟
هۆگر عه‌زیز: سۆسیال میدیا واى کردووه ئه‌و جۆره تاوانانه زیاتر بێت، لهحاڵەتهوه بووه‌ته دیارده به‌تایبه‌تى تاوانکردنى هاککردنى فه‌یسبوک هه‌یه‌و نهێنى ئه‌و که‌سه وه‌رده‌گرن، بۆیه داوا ده‌که‌م ئه‌وانه‌ى فه‌یسبوکیان له‌سه‌ر (Yahoo،Gmail) هاککرن زۆر بووه له رێگه‌ى ئیمهیلهکانهوه بیکه‌نه سه‌ر ژماره‌ى مۆبایله‌کانیان و ئیمهیل بۆ دانانى فه‌یسبوک به‌کارنه‌هێنن، چونکه به‌و هۆیه‌وه خه‌ڵک زۆربه‌ى زۆرى تووشى کێشه بۆته‌وه.