خاڵی لێکترازان؛ چۆن ترەمپو بۆڵــتـن لەکـۆتاییدا گەیشتنە بنبەست
5 ساڵ لەمەوپێش
ڕاپۆرتی: گۆڤاری تایم
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
لەگەڵ ئەوەی دۆنالد ترەمپ لەم هەفتانەی دواییدا لە ئامادەکاریدا بوو بۆ بینینی دانوستانکارانی تاڵیبان لەشوێنی حەوانەوەی سەرۆکایەتی (کەمپی دەیڤد) و دواتر لەکۆتایی ئەم مانگەدا چاوی بە حەسەن ڕۆحانی بکەوێت، جۆن بۆڵتن روێژکاری ئاسایشی نیشتمانی زیاتر و زیاتر بێورە و پەست دەبوو. لە دوشەممەی رابردوودا، لەکاتی گفتوگۆیەکی نێوان بۆڵتن و سەرۆک، هەردووکیان گەشتنە بنبەست لەگەڵ یەکدیدا.
لە ٥٢٠ ڕۆژەکەی وەک سێیەم راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ترەمپ، بۆڵتن کە شەڕخوازێکی دێرینە، هەوڵیداوە سەرۆکی ئەمریکا پەلکێشی سیاسەتێکی تووندی دەرەوە بکات. لەگەڵ ئەوەی ترەمپ پێشوازی لە بیرۆکەی بینینی دوو گەورە نەیاری ئەمریکا دەکرد، بۆڵتن زیاتر و زیاتر ڕاشکاوانە دژی ئەو هەنگاوە دەبوەوە، ئەمەش بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئیدارەی ترەمپ کە ئاگاداری گفتوگۆکانیان بوون.
پاشان لە دووشەممەی رابردوودا، ترەمپ و بۆڵتن قسەیان لەگەڵ یەکدی کرد تاهەوڵی ئارامکردنەوەی ڕەوشەکە بدەن. بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە گفتوگۆی نێوانی ترەمپ و بۆڵتنی بۆ گێردراوەتەوە بە (تایم)ی راگەیاند بۆڵتن ئەوەی خستووەتەڕوو کە بانگ نەکراوە بۆ کۆبونەوەیەک لەسەر دانوستانەکانی ئەفغانستان. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە پرسیارەکانی بۆڵتن فراوانترببن دەربارەی ئامادەیی ترەمپ بۆ بینینی سەرۆکی ئێران. «وابڕیاربوو گفتوگۆکە زۆر سنوردار بێت دەربارەی ئەوەی چۆن بۆڵتن بانگ نەکراوە بۆ کۆبونەوەیەک لەسەر ئەفغانستان بەڵام دواتر گفتوگۆکە بووە بە ‹بۆچی چاوت بەڕۆحانی دەکەوێت؟»، بەرپرسە ئەمریکییەکە وای وت.
هەردوولا لەدوای ئەوەوە بەجیاوازی باسی رووداوەکە دەکەن. لە سێشەممەی رابردوودا، ترەمپ لە تویتێکدا وتی لە ئێوارەی دووشەممەدا داوای لە بۆڵتن کردووە دەستلەکار بکێشێتەوە و نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بەیانی رۆژی سێشەممە پێگەشتووە. دواتر بۆڵتن لە تویتێکدا رایگەیاند کەئەوە ئەو بووە ویستویەتی لە ئێوارەی دوشەممەدا دەستلەکاربکێشێتەوە و ترەمپ بەرەبەیانی سێشەممە قبوڵی کردووە.
بەهەر جۆرێکیان بێت، ڕۆشتنی بۆڵتن گوزارشتە لە خاڵێکی وەچەرخان بۆ سەرۆکایەتی ترەمپ. بۆڵتنی ڕاشکاو کە بەسیاسیەکی شەڕکەر ناسراوە، هەندێکجار سەرکەوتوو بووە لە ئاراستەکردنی ترەمپ بەرەو هێڵێکی توندتر لە چەند بەشێکی جیهاندا، لەوانە دژی ئێران. لەوکاتەوەی لە نیسانی ٢٠١٨ەوە هاتە کۆشکی سپی، بۆڵتن زۆربەی پرۆسەی گفتوگۆ تێروتەسەلەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆتایی پێهێناو ڕۆڵێکی بەرچاوی بۆخۆی پێکهێنا. هەژماری تویتەرەکەی بەکاردەهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی ئاگادارکردنەوەی تووند تا نەیارەکانی ئەمریکا لەناهاوسەنگیدا بهێڵێتەوە. لە هەندێک حاڵەتدا، بۆڵتن بە زیندانیکردن یان خراپتر هەڕەشەی لە نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەکرد ئەگەر واز لەدەسەڵات نەهێنێت. یان بەیاننامەی نوسراوی فەرمی بڵاودەکردەوە لەسەر ئاستی سەربازی، دیارترینیان لە ٥ی ئایاردا بوو کاتێک ناردنی هێزەکانی ئەمریکای ڕاگەیاند بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەراست «بۆ ناردنی پەیامێکی روون و بێهەڵە بۆ ڕژێمی ئێران». تەنانەت بۆڵتن کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوریشی بێزارکردبوو کاتێک لە حوزەیرانی ٢٠١٨ پێشنیاری ئەوەی کرد کە ڕژێمەکەی دەبێت پەیڕەوی لە «مۆدێلی لیبیا» بکات لە دەستبەرداربوونی لە چەکی ناوکی لەکاتێکدا کە دەیزانی کیم جۆنگ ئون بەو رێگەیەدا ناڕواتەوە کە قەزافی پێیدا ڕۆیشت.
ئێستا کە کێشەکانی سیاسەتی دەرەوە گەرمن لەڕۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بۆ نیمچە دورگەی کۆریا و بەرەو ئەمریکای باشور، ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک یەکێک لە یاریزانە هەرە بەهێزەکانی لەدەستداوە.
«جۆن گیری خواردبوو لە نێوەندی بڕیارە جەمسەرییەکانی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک»، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی وا دەڵێت کە ئاشنایە بەپەیوەندی نێوان هەردوولا. لەلایەکەوە ئامادەیی بۆڵتن بۆ ڕەچاوکردنی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانی وەک ئێران و کۆریای باکور لەگەڵ خواستی ترەمپ یەکی دەگرتەوە کە وەک پیاوێکی توند ببینرێت، بەرپرسەکە وای وت. «بەڵام غەریزەی ڕێککەوتن ئەنجامدانی ترەمپ سەرکەوتوو بوو»، بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەدا بەڵام نەیویست ناوی بهێنرێت.
هەر لەسەرەتاوە دوو پیاوەکە لەئاستی شەخسیدا نەدەگونجان، بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمریکی وا دەڵێت کە لەو کۆبونەوانەدا ئامادەبوو کە هەردووکیانی تێدا بووە. «بۆڵتن کەسێکی ئایدیۆلۆژی بوو کە هەوڵی بەرەوپێشبردنی دیدگایەکی جیهانی دەدا لەکاتێکدا ترەمپ ترەمپییە - هەموو کاتێک شتەکان دەربارەی خۆیەتی و زۆر هەڵەشەیە. ئەوە (نێوانی ئەو دووانە) هاوسەرگیرییەک بوو کە پێش پێدانی بەڵێنەکانیان بەیەکدی نەفرەتلێکراو بوو»، دەیڤ رۆسککۆف، نوسەری پەرتوکی «بەڕێوبردنی جیهان: چیرۆکی ناوەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی و ئەندازیارانی دەسەڵاتی ئەمریکا» وا دەڵێت.
ئەو راستییەی کە هەردووکیان هەرگیز نەگونجاون پێکەوە لەئاستێکی شەخسیدا کاریگەری بۆڵتنی لەماوەی کارکردنی وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی زیاتر ناوازە کردووە. بۆڵتن بەهێزترین بوو کاتێک کاری لەسەر ئەو کێشانە دەکرد کە ترەمپ وزەی خۆی تێدا سەرف نەدەکرد یان زۆر گوێی پێنەدەدا. بۆڵتن لەگەڵ ئەو هاوپەیمانانەی دروستکی کردبوو لە وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوەی ئاسایشی نیشتمانی، توانی سیاسەتی ئەمریکا بەڕێوە ببات لەسەر ڤەنزوێلا، کە سەپاندنی سزاکان و فشاری نێودەوڵەتی بوو دژی مادورۆ.
بەڵام بەپێی کات ترەمپ بەرە بەرە متمانەی بە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە کرد بەسەر بۆڵتندا. «کەلێنی نێوان بۆڵتن و پۆمپیۆ بەردەامبوو لە گەشەکردن، پۆمپیۆو تیمەکەی سوودیان لەوە وەرگرت، بە پاڵپشتیکردنی ئەو راپۆرتانەی کە باسیان لەوە دەکرد ئەستێرەی بەختی بۆڵتن لە کەوتندایە»، بەرپرسە باڵاکە وای وت. «بۆڵتن پێیوابوو کاری لەیەکەمینی پۆمپیۆ ئەوەیە نەکەوێتە بەرەی دژی سەرۆک چونکە ڕەنگە ئەوە زیان بە مەرامە سیاسەیەکانی بگەیەنێت».
هاوپەیمانەکانی پۆمپیۆ ئاهێکیان بەبەرهاتەوە کە بۆڵتن لەکۆشکی سپی نەما. بۆڵتن «بەبەردەوامی پێگەی سەرۆکی لەق دەکرد» لەهەردوو بابەتی گەشتنی بە کۆریای باکور و تاڵیبان، بەرپرسێکی باڵای کەمپی پۆمپیۆ وا دەڵێت. لەبەر ئەوەی دەرفەتێکی بۆ رەخسابوو بۆ وەلانانی ڕکابەرەکەی، پۆمپیۆ زیاتر و زیاتر وردەکارییەکانی دانوستانەکانی ئەفغانستانی لە بۆڵتن دەبڕی.
لەهەمان کاتدا، پۆمپیۆ کاری دەکرد بۆ ڕێکخستنی هەماهەنگی فرە ئاژانسی لەگەڵ وەزیری نوێی بەرگری مارک ئێسپەر کە هاوپەیمانێکی دێرینیەتی، لەگەڵ جینا هاسپڵ بەڕێوبەری سی ئای ئەی کە پێشتر جێگری بوو، بەرپرسەکە وای وت.
لەکۆتاییدا، بۆڵتن گەشتە بنبەستی خۆی. «بۆڵتن دەربارەی کۆبونەوەکەی تاڵیبان دەیقیژاند،» پسپۆرێکی ئاسایشی نیشتمانی وا دەڵێت کە پەیوەندی نزیکی هەیە لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی. بۆڵتن پێیوابوو کۆبونەوەیەک لەسەر خاکی ئەمریکا شەرعیەت دەدات بە تاڵیبان و پێی باش نەبوو کە کاتی کۆبونەوەکە نزیکی ساڵیادی رووداوی هێرشەکەی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ دانراوە. کۆبونەوەکە بیرۆکەی ترەمپ بوو و تووڕەبوو کاتێک بۆڵتن لەناخەوە دژی بوو، ئەو پسپۆرە و بەرپرسانی تر ئاماژەیان بەوە کرد.
ترەمپ دەمێکەیە ماندووە لەبیرۆکە تووندەکانی بۆڵتن لەسەر ئێران و بەرەنگارییە ناخییەکەی بەرامبەر ئامادەی ترەمپ بۆ بینینی ڕۆحانی، پسپۆرەکە وا دەڵێت. لەکاتێکدا کۆبونەوەکەی تاڵیبان لەکەمپی دەیڤد هەڵوەشایەوە بەڵام ترەمپ هێشتا ئامادەیە ڕۆحانی ببینێت لە نیویۆرک لە کۆتایی ئەم مانگەدا، پلانی سەرەتایی دەستیپێکردووە لەحاڵەتێکدا ئەگەر کۆبونەوەیەکی لەو جۆرە سەربگرێت، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری گفتوگۆکانە.
دواجار، ترەمپ هەستی بەوە دەکرد کە بۆڵتن زۆر دوورە لەو هەنگاوەی ئەو دەینێت بەرەو بینینی سەرکردەکانی ئێران، بەرپرسەکە وای وت. لەناخەوە، بۆڵتن قایل بوو بە بینینەکە بەڵام سووربوو لەسەر ئەوەی سزاکان بەردەوامبن لە زیادبوون. دواین ئاماژە کە ٤ی ئەیلول بوو، بۆڵتن تویتێکی کرد دەربارەی کرداری نوێ بۆ بلۆک کردنی گواستنەوەی نەوتی ئێران کە پارە بۆ سوپای پاسداران و پشتیوانی ئێران بۆ هێزە وەکیلەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەمدەهێنێت.
ڕەخنەگرەکانی سەر ترەمپ ئەم بەرەوپێشچوونە بە نیشانەیەکی تری شێواوی دەبینن لە ئۆپەراسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکی ئەمریکادا. «پاراستنی وڵاتەکەمان زۆر لە خۆپەسەندی و ئەوە زیاترە کە کێ بتوانێت کۆبونەوەی سەرنجڕاکیش رێکبخات»، برێت برون، بەرپرسێکی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە سەردەمی باراک ئۆبامادا وا دەڵێت. «ئێمە سەقامگیری و ستراتیجیەتمان کەمە لە ئاسایشی نیشتمانیماندا، ئەمە ترسناکە و ناسەقامگیرکەرە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانمان چونکە نەیارەکانمان دەتوانن ئەم کێشە و گێژاوە بەردەوامانەی ئەم ئیدارەیە بقۆزنەوە».
برون دەشڵێت، «لەکاتێکدا ڕەنگە من لە زۆر خاڵدا هاوڕای جۆن نەبم بەڵام ئەو هەوڵیدەدا زەبتورەبت و هاوئاهەنگی بچەسپێنێت لەهەنگاوە نامۆکانی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ، ئەگەری زۆرە گەڕانەوەی دیبلۆماسییەتی سەرپێی ببینینەوە، تەنانەت بەشێوەیەکی بەرچاوتر».
لەلایەکی ترەوە جۆن گەرامێندی، ئەندامی لیژنەی خزمەتی سەربازی لەکۆنگرێس پێشوازی لەڕۆشتنی جۆن بۆڵتن کرد بەڵام هۆشداری ئەوەشیدا کە ناسەقامگیری بەڕێوەیە «ئەم سەرۆکە مێشکی خۆی هەیە و زۆرجار بیر دەکەینەوە کەچی روودەدات لەمێشکیدا… پشێوی و ئاژاوە سەرمەشقی رۆژەکەن».
«من جۆن بۆڵتنم بەدڵە بەڵام پەیوەندی شەخسی نێوان سەرۆک و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گرنگە، پێموایە کە باس لەوە دەکرێت بۆڵتن هاوڕا نەبووە لەسەر کۆبونەوەکەی تاڵیبان هەنگاوێکی زیادەڕەوییە»، لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی وای وت.
لەئێستادا جێگرەکەی جۆن بۆڵتن، چارلی کەپەرمان وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەوەکالەت پۆستەکەی وەرگرتووە هەتاوەکو ترەمپ لەم هەفتەیەدا کەسێک بۆ پۆستەکە رادەگەیەنێت. بەپێی وتەی لیندزی گراهام، ئەو کەسانەی کە وەک کاندید ڕەچاو کراون بۆ جێگرتنەوەی جۆن بۆڵتن ئەمانەن: ڕیکی وادێڵ جهنهڕاڵى سوپاى یهدهگى ئهمریکا که ماوهى ساڵێک جێگرى راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى ئهمریکا بوو له ئیدارهى ترهمپدا، برایان هووک نێردهى تایبهتى ئهمریکا بۆ ئێران، کیس کێلۆگ، راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى مایک پێنس، جێگرى سهرۆکى ئهمریکا. “ئەوانە ئەو سێ ناوەن کە سەرۆک پێی وتم، کەسانی تر هەن لە لیستەکەدا بەڵام ئێمە بەدوای کێدا دەگەڕێین؟ کەسێک کە بتوانێت لەگەڵ پۆمپیۆ و وەزارەتی بەرگری کار بکات»، گراهام وای وت.
ئەو بەرپرسانەی کە نەیانویست ناویان بهێنرێت و بۆ «تایم» دووان، کاتێک پرسیاری ئەوەیان لێکرا سیاسەتی دەرەوە لەکوێدا خۆی دەبینێتەوە دوای ڕۆشتنی جۆن بۆڵتن؛ هەمویان هەمان وەڵامیان هەبوو کە هەر لەو شوێنەدا دەبێت کە لێی بووە، لەدەستی ترەمپدا.