حوسییەکان کێن‌و پەیوەندییان بەئێرانەوە چییە؟

ئێران لۆمە دەکرێت لەسەر هێرشێک کەحوسییەکان ئەنجامیان داوە بۆ سەر سعودیە

5 ساڵ لەمەوپێش



ڕاپۆرتی: واشنتن پۆست  

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

زنجیرەیەک هێرشی گوماناوی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەشەممەی رابردوودا کەدامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەی کردە ئامانج بووە هۆی چەندین تەقینەوە، ئەمەش بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک نیوەی هەناردەی نەوتی شانشینەکەی پەکخست. لەئێستادا پرسیار لەسەر مەوداو فراوانی زیانەکان دەکرێت لەگەڵ ئەوەی چۆن هێرشەکە ئەنجام دراوە.

بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کەکێ بەرپرسیارە. حوسییەکانی یەمەن، کە سەروبەندی جەنگێکی ناوخۆییدان لەگەڵ هێزەکانی نزیک سعودییە، لێپرسراویەتی هێرشەکانیان هەڵگرتووە. لە دووشەممەی رابردوو، هەڕەشەی هێرشی دیکەیان کرد.

سەرەڕای ئەمە، بەرپرسانی ڕۆژئاواو سعودیە گومانیان لەو بانگەشەیە هەیە، دەڵێن کەهێرشەکە لەیەمەنەوە ئەنجام نەدراوە. لەجیاتی ئەوە پەنجەی تۆمەت بۆ پشیتوانێکی دیاری حوسییەکان رادەکێشن: ئێران.

«لەسەروبەندی هەموو ئەو بانگەشانەی بۆ هێورکردنەوە دەکرێت، لەئێستادا ئێران هێرشێکی بێهاوتای ئەنجامداوە بۆ سەر بەرهەمی وزەی جیهانی. هیچ بەڵگەیەک نییە کە هێرشەکان لە یەمەنەوە ئەنجامدرابن»، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا وای نوسی.

پەیوەندی نێوان ئێران و حوسییەکان سادەو ساکار نییە، لەمێژە گومانی خراوەتە سەر بەتۆمەتبارکردن و ڕەتکردنەوە، هەروەها گەورە کراوە بەدەنگۆو پروپاگەندە لەلایەن هەموو بەرەکانەوە.

حوسییەکان کێن؟

بنکەی سەرەکییان لەباکوری ڕۆژئاوای یەمەنە. بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠١٥ ناوبانگی نێودەوڵەتییان پەیداکرد کاتێک یارمەتیدەر بوون لە ڕوخانی حکومەتەکەی سەرۆکی یەمەن و هاوپەیمانە هەرێمییەکەی ئەمریکا، عەبدربە مەنسور هادی.

هەرچەندە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی ١٩٩٠کان کاتێک گروپێک کە ناویان (شەباب ئەلمومینین - باوەڕادارانی گەنج) بوو کاریان دەکرد بۆ زیادکردنی هۆشیاری دەربارەی لقی «زەیدی» مەزهەبی شیعە، کە ئەم مەزهەبە ماوەی چەند سەدەیەک باڵادەستبوو لە یەمەندا بەڵام دوای شەڕی ناوخۆ لەساڵی ١٩٦٠کاندا وەلانرا.

حوسەین ئەلحوسی، یەکێک لە سەرکردەکانی گروپی باوەڕادارانی گەنج، دەستیکرد بەڕێکخستنی خۆپیشاندان دژی ئەمریکا دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە بەسەرکردایەتی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٠٣. کاتێک حوسی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە کوژرا، لایەنگرانی ناوی گروپەکەیان گۆڕی و بەناوی ئەوەوە ناویان نا، هەروەها ڕێبازی خۆپشاندانی ئایینیان گۆڕی بۆ یاخیبوونی سەربازی.

لەدوای ٢٠١٥ەوە حوسییەکان بەشدارییان کردووە لە شەڕی ناوخۆ کە یەمەنی داڕووخاندووە، بەشێوەیەکی بەرچاو رووبەڕووی لایەنگرانی هادی دەبنەوە کە ئەمانیش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی سعودیە پشتگیریان لێدەکرێت.

پەیوەندیان چییە بە ئێرانەوە؟

وادەردەکەوێت پشتگیری ئێران بەپێی کات زیاترو زیاتر بووەو دەبێت بۆ حوسییەکان، بەڵام شارەزایانی تۆڕی هێزە بریکارییەکانی ئێران دەڵێن حوسییەکان لەو جۆرانەن کە کەمترین پشتبەستنیان بە تارانە بۆ پشتیوانی دارایی و سەربازی لەگەڵ بڕیاردان.

هەرچەندە حوسییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی وەک بزوتنەوەیەکی ناوخۆیی دەستبەکاربوون، هەروەها ئایینناسی لقی زەیدی مەزهەبی شیعە بەشێوەیەکی بەرچاو جیاوازە لەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پەیڕەوی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا گروپەکە بەشێکە لە تۆڕێکی فراوانی لایەنە سەربازییەکانی پشتگیریکراو لەلایەن تارانەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

بروسکەیەکی دیبلۆماسی ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە یەمەن پێچەوانەی بانگەشەی حکومەتی یەمەنی دەدوێت کە حکومەت پێیوایە گروپەکە لەلایەن ئێرانەوە پڕچەک کراون. «زۆربەی راپۆرتە شیکارییەکان باس لەوە دەکەن حوسییەکان چەکەکانیان لە بازاڕی ڕەشی یەمەنەوە وەدەست دەخەن»، هەروەها لە سوپای یەمەنەوە.

لەساڵی ٢٠١٧، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەز چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسێکی ئێرانی کرد بەبێ ناوهێنانی  کە وتی سوپای پاسداران کۆبونەوەیەکیان کردووە لەسەر ئەو ڕێگایانەی کە بەردەستن بۆ «بەهێزکردنی» حوسییەکان. «لەو کۆبونەوەیەدا، ڕازیبوون لەسەر زیادکردنی بڕی یارمەتی لەڕێی ڕاهێنان، پاڵپشتی دارایی و سەربازییەوە»، بەرپرسەکە وای وت.

ئێران چەندین بەیاننامەی فەرمی دەرکردووە سەبارەت بە نکۆڵیکردن لەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن حوسییەکان پڕچەک دەکات، بەڵام باری چەکی دەستەبسەرداگیراو لە دەریای عەرەبی کە چەک، هەڵدەری موشەک، موشەکی ئاراستەکراوی دژە تانک، هەروەها تەقەمەنی لەخۆگرتووە دەرکەوتووە کە ڕێگای لەئێرانەوە بووە بەرەو یەمەن بۆ گروپە یاخییەکە.

ئایا پێشتر حوسییەکان سعودیەیان بەئامانج گرتووە؟

بەڵێ. لەسەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانی نێو یەمەن، حوسییەکان هەوڵیانداوە سزای سعودیە بدەن بۆ ئەو ڕۆلە بەرچاوەی گێڕاویەتی بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خاکەکەی. ساڵی رابردوو، بەرپرسانی سعودیە ڕایانگەیاند توانیویانە زیاتر لە ١٠٠ موشەکی بالیستی پوچەڵ بکەنەوە کە لەخاکی حوسییەکانەوە هەڵدراوە.

مانگی ئایاری ئەمساڵ هێرشێکی فرۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە سەر وێستەگەی نەوت لەڕۆژئاوای ڕیازو زیانی جدی لێکەوتەوە لەکاتێکدا هێرشێک بۆ سەر فرۆکەخانەی ئەبها لە مانگی حوزەیران لە باشوری سعودیە ٢٦ کەسی بریندارکرد.

بەڵام هێرشەکانی شەممەی رابردوو لە ناوەندی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیەیدا، ئەمەش وایکرد ئۆپەراسیۆنەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کارامەتر دەربکەوێت وەک لەوەی لە رابردوودا حوسییەکانی پێ ناسراوە. تەقینەوەکان لەناوچەی خورەیس و ئەبقەیق ڕوویاندا، کە زیاتر لە ٨٠٠ کم دوورن لەو ناوچانەی بەدەست حوسییەکانەوەن، هێرشی وردیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی گەورەترین زیان بدەن.

ڕەنگە لەهێرشەکاندا هەردوو فرۆکەی بێفرۆکەوان و مووشەک بەکارهاتبێت. فابیان هینز، توێژەر لەناوەندی جەیمز مارتن بۆ توێژینەوەی دامرکاندنی چەکی ئەتۆمی دەڵێت کە وێنەی پاشماوەکانی یەکێک لەمووشەکەکان ئەوە دەردەخات کە چەکێک بووە ئەوەندە کارامەیە ناگونجێت لەناوخۆدا لەلایەن حوسییەکانەوە بەرهەمهێنرابێت و هەرگیز لەئێرانیش نەبینراوە.

«ئایا ئێران بەنهێنی سیستەمی موشەکی دیزان دەکات، تاقی دەکاتەوە، هەروەها بەرهەمی دەهێنێت بۆ بەکارهێنانی تایبەتی لەلایەن هێزە بریکارەکانییەوە؟»، هینز بەسەرسوڕماوییەوە دەپرسێت.

برایان هووک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لە دوانیوەڕۆی دووشەممەی رابردوو قسەی لەگەڵ ستافی گۆنگرێس کردووە لە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لەسەر بارودۆخەکە. کاتێک پرسیاری لێکراوە دەربارەی کاریگەری هێرشەکە لەسەر شانشینی سعودیە، هووک بەوە وەڵامیداوەتەوە کە سعودییەکان ئەم هێرشە وەک «١١ی سێپتەمبەری خۆیان» سەیردەکەن.

چی ئەگەر حوسییەکان ئەنجامیان نەدابێت؟

سروشتی پێشکەوتووی هێرشەکە سەریکێشاوە بۆ ئەو وتانەی کەدەڵێن لە یەمەنەوە ئەنجامنەدراوە، بەڵکو لەلایەن هێزە بریکارەکانی ئێرانەوە لە عێراق یان لەخودی ئێرانەوە ئەنجامدراوە.

دیار نییە بۆچی حوسییەکان بەرپرسیارییەتی هێرشەکە دەگرنە ئەستۆ. ڕەنگە بەشێک بێت لە ستراتیجیەتی هەرێمیی ئێران و هاوپەیمانەکانی کە بیانەوێت تۆوی سەرگەردانی و شێواوی بچێنن، هەرچەندە زۆرێک لەشیکەروان باسیان لەوە کردووە کە لەڕابردوودا حوسییەکان بەهۆی پاڵنەری بەرژەوەندی ناوخۆییەوە سەربەخۆ لەئێران  کردەوە ئەنجامدەدەن هەرکاتێک بیانەوێت.

«بیرتان بێت کاتێک ئێران فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی خستە خوارەوە  کە وتیان لە «ئاسمان»ی ئەواندا بووە لەکاتێکدا کەبەڕاستی هەر نزیکیش نەبوو لەوێوە. بەجدییەوە لەسەر ئەو چیرۆکە بەردەوام بوون کەدەشیانزانی درۆیەکی گەورەیە. ئەوان ئێستا دەڵێن هیچ پەیوەندیان بە هێرشەکەی سەر سعودیەوە نەبووە، بەڵام دەیبینین»، ترەمپ لە تویتێکدا لەدووشەمەی رابردوو وای نووسی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار