پرۆژەى چاکسازی وەکو کیسەڵ دەجوڵێت
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پرۆژەیاساى چاکسازى لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە بۆ پەرلەمانى کوردستانى نەنێردراوە، بەبڕواى هەندێک لەپەرلەمانتاران، پارتى و یەکێتى دەیانەوێت هەیمەنەى پەرلەمان، بکەنە ژێر دەسەڵاتى حکومەت و سەرۆکایەتییەکانەوە و پەرلەمان لاواز بکەن.
لە کۆبوونەوەى ژمارە سێى ئەنجوومەنى وەزیران لە 30-7-2019 بڕیاردرا بەپێکهێنانى لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژەیاساى چاکسازى لەمووچە و خانەنشینى و دەرماڵەکان بەسەرۆکایەتى فرسەت ئەحمەد، وەزیرى دادى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەندامێتى (وەزیرى دارایى و ئابووری، وەزیرى پلاندانان، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پەرلەمان، سەرۆکى دیوانى چاودێریى دارایی، سەرۆکى دەستەى دەستپاکی، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران، بەڕێوەبەرى گشتى ژمێریارى لەوەزارەتى دارایى و ئابووری، نوێنەرى تۆمارى بایۆمەترى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان).
لەوەرزى یەکەمى یاسادانان کۆمەلێک فراکسیۆن چەند پڕۆژەیەکیان پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرد، بەڵام نەخراوەتە بەرنامەى کارەوە.
کاوە عەبدولقادر، ئەندامى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لەپەرلەمانى کوردستان، بە هاوڵاتى وت "دەبوو بخرێنە بەرنامەى کارەوە، بەڵام بە نایاسایى نێردراوە بۆ حکومەت، چونکە لەهیچ بڕگەیەک باس لەوە ناکرێت دەبێت بنێردرێتەوە بۆ حکومەت، ئەوەى تێدا نییە، بۆیە 14پێشنیازى یاسا نێردراوە بۆ حکومەت و زۆربەیان پرۆژەى چاکسازین و ئیمەش پرۆژەى خۆمان هەبوەو بەداخەوە زیاتر لەمانگێکە ئەو پرۆژانە نەنێردراونەتەوە بۆ پەرلەمان و وەڵامیش نەدراونەتەوە".
وتیشى "بەداخەوە پارتى و یەکێتى دەیانەوێت هەیمەنەى پەرلەمان بکەنە ژێر دەسەڵاتى حکومەت و سەرۆکایەتییەکانەوەو پەرلەمان لاواز بکەن، کە ئەوەش کارێکى زۆر خراپە".
ئەوەشى خستەڕوو "تەنیا لیژنەیەک لە فراکسیۆنەکانى دەسەڵات دروستکراون، یەکێتى و پارتى لەسەر ئەوە پێکنایەن، کە بندیواریان زۆر هەیەو نایانەوێت دەستبەردارى بن، بۆیە پێک نایەن کە بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمان و دەبوو بەهەموو پێوەرێک 15ى نۆ بنێردرێتەوەو تائێستا نەنێردراوەتەوە".
لە دوو مانگى رابردوودا لیژنەیەک بۆ مەبەستى ئامادەکردن و تاوتوێکردنى پرۆژەکە لە حکومەت و سەرۆکى فراکسیۆنەکانى لایەنەکانى نێو کابینەى نۆیەم پێکهێنراو پێنج کەس دیارى کران وەک ئەندامانى لیژنەى پەرلەمان و لەگەڵ لیژنەى حکومەت ئامادەکارى بۆ رەشنوسى پڕۆژەکە دەکەن، دواتر دەهێنرێتە پەرلەمان و رێکارە یاساییەکانى دەگیرێنەبەر. هەرچەند دەبوو لەناوەڕاستى ئەم مانگەدا پرۆژەکە رەوانەى پەرلەمان بکرایە، بەڵام تائێستا نەنێردراوەتە پەرلەمان و هیچ وادەیەکیش دیارینەکراوە.
جەمال حەوێز، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لەپەرلەمانى کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى "ئەوەى ئیمە ئاگادارین پرۆژەى چاکسازى لەوانەیە هەفتەى داهاتوو بێتە پەرلەمان و ئامادەباشى باشى بۆکراوە و تیدەپەڕێت و شتى باشى تێدایە بۆ خەڵک و هەموو فراکسیۆنەکان لەسەرى کۆدەبن و تیدەپەرێت".
ئەوەشى راگەیاند "تائیستا لیژنەکە کۆبونەوەمان نەکردووە، بەڵام هەفتەى داهاتوو، لیژنەکە کۆدەبینەوە و را و سەرنجى پەرلەمان لەسەرى دەدرێت و حکومەت هەندێک گۆڕانى تێدا کردووە، لەخولى چوارەم ئەو پرۆژەیە تێپەڕێنرا، بەڵام حکومەت ڕایگرت، هەندێک گۆڕانى تێدا کراو سەرنج و تێبینى خۆمان دەڵێین".
بەپێى چەند زانیارییەک تائێستا یەکێتى و پارتى لەسەر شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ موچەى بندیوارو خانەنیشى سەربازیی رێنەکەوتوون.
لەوبارەیەوە، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى، وتى "پرۆسەى بایۆمەترى کراوەو ئەوانەى دوو مووچەو سێ موچەیان هەیە چاکسازى تیدا کراوە، سەبارەت بەکێشەى بندیوار پێموانیە بەو شێوەیە بێت، بەڵکو گۆڕانکارى تیدایەو خانەنشینى مەدەنى و ئەوانە گۆڕانکارى تێدا دەکرێت لەبەرژەوەندى خەڵک".
مونا قەهوەچی، جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند"بە فەرمى لەلایەن حکومەتەوە رۆژى ناردنەوەى پرۆژەکە بۆ پەرلەمان دیارینەکراوە، بەڵام بەمنزیکانە دەنێردرێتەوە پەرلەمان".
هاوکات عەلى حەمەساڵح، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، "وەک پەرلەمان لێکۆڵینەوەء بەدواداچوونێکى وردمان لەبارەى گەندەڵى لەخاڵە سنوورییەکان کردووە و خستوومانەتە بەردەست لایەنى پەیوەندیدار، ئێستا وەزارەتى دارایى سەرقاڵى لێکۆڵینەوەو ئامادەکردنى پرۆژەن بۆ پێداچوونەوە بەسیستمى باج و گومرگ".
حکومەتى هەرێمى چاکسازیکردنى بە 13 خاڵ لەکارنامەکەیدا چەسپاندوە، پرۆژەیاساى چاکسازى چاکسازیى لە 20 مادەء چەندین بڕگە پێکدێت، بەجێبەجێکردنى پرۆژەکە 120 ملیار دینار بۆ بودجەى گشتى دەگەڕێنێتەوە.
ئەو بوارانەى بڕیارە چاکسازییان تێدا بکرێت بریتین لەخانەنشینى نایاسایی، خانەنشینیى وەزیر، بریکارى وەزارەت، بەڕێوەبەرى گشتی، پلەباڵاکان نامێنێت، هەر حزبییەک پلەى باڵاى پێدرابێت لێى دەسەنرێتەوە، هەڵوەشاندنەوەى یەکە ژمێریارییەکانى هێزەکانى 70 ء 80، بەستنەوەى یەکە ژمێریارییەکان بەوەزارەتى پێشمەرگەوە.
هەروەها بڕینى مووچەى ئەوانەى بە نایاسایى خراونەتە لیستى هێزەکان، خانەنشینى هاوشێوەى عێراق دەبێت، پلەى وەزیفى و تەمەن ء خزمەت دەکرێنە پێوەر بۆ خانەنشینی، پلە تایبەتەکان وەکو فەرمانبەرێکى ئاسایى مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، تەواوى هێزە پاسەوانییەکان رێکدەخرێن بۆ کاروبارى حکومەت، لابردنى پاسەوانى بەرپرسە حزبییەکان لەسەر شانى حکومەت، پاسەوان تەنها بۆ پلەباڵا سەربازییەکان دابین دەکرێت، کۆتاییهێنان بەپاسەوانى بندیوارو خەیاڵی.
بەپێی پرۆژەکە هەروەها پلە لەوانە دەسەنرێتەوە کە بە نایاسایى بەرز کراونەتەوەو هەر کەسێک بەتەزکییەى حزبى پلەى وەرگرتبێت لێى دەسەنرێتەوە.
جێگرى سەرۆکى پەرلەمان، ئەوەشى راگەیاند "رۆژەیاساى چاکسازى لەمووچە و خانەنشینى و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکان یەکێکە لەو پرۆژەیاسا گرنگانەى کە بەلاى پەرلەمانى کوردستانەوە گرنگەو ئامادەین هاوئاهەنگى تەواو لەو بارەیەوە لەگەڵ حکومەت بکەین".