ئایا واشنتن کێشە بۆ پێشمەرگە دروست دەکات؟

5 ساڵ لەمەوپێش



ڕاپۆرتی: زە ناشناڵ ئینترێست         
 وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ئامادەبێت بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی گرنگتر لە کاروبارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- ئەمریکا. بەڵام واشنتن هاوپەیمانە سەرەکییەکەی فەرامشکردووە لەبەرژەوەندی ئەو وڵاتانەی هەژمونی زیاتریان هەیە لە سەکۆی جیهانیدا. 

ڕێگای باکور لە هەولێرەوە بە کەلوپەلی ئاوەدانکردنەوە سەرڕێژکراوە بۆ کارکردن لە پرۆژەیەکی زەبەلاحی مۆدێرن. ڕێگا خۆڵییەکان هەڵکەندراون، چەند پردێک لەسەروبەندی دروستکردندان، هەروە‌‌‌ک رێگا خێرا چەند سایدە نوێکەی کە بە زێی گەورەدا درێژ دەبێتەوە. ئەو ڕێگایە بەشێکە لە شادەمارێکی بازرگانی کە بەرەو باکور دەڕوات بۆ دهۆک و پاشان تورکیا. ئاوەدانکردنەوەکە جیاوازییەک نیشان دەدات لەگەڵ جووتیارە هەژار نشینەکاندا کە ڕیز دەبەستن لەسەر رێگاکە بۆ فرۆشتنی تەماتە، چایی، هەروەها ماسی.

ئەو جیاوازییە؛ سیمبولییە بۆ هەرێمی کوردستان بەگشتی. لە هەولێر ژیانی شەوانەی خرۆشاو و ڕێگا فراوانەکان کە شارەکەیان تۆقداوە گوزارشتن لە وێنەیەکی گەشەسەندن و سەقامگیری لە عێراقی نوێدا کە دوای جەنگی دژی داعش سەریهەڵداوە. بەڵام چەند کێشەیەکی بەردەوام هەن وەک ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغداد لەمەڕ بودجە و چەک بۆ پێشمەرگە. هەروەها بۆشایی بەدی دەکرێت لەنێوان هێڵە بەرگرییەکان کە دەبوو پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق پڕی بکەنەوە و ئا لەو شوێنانەدا پاشماوەکانی داعش شوێنی بێ ڕکێفیان دۆزیتەوە تا بیقۆزنەوە. لەسەروو ئەمانەوە، پێگەی ستراتیجی هەرێمەکە هەیە، کەلەڕووی سیاسییەوە لە واشنتن و ئەنقەرەوە نزیکە و دڕدۆنگە لە دەسەڵاتی هەڵتۆقیوی ئێران و گروپە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران کە چەند بەشێکی عێراقیان کۆنتڕۆڵ کردووە. 

سەردانێکی چەند ڕۆژە بۆ هەرێمەکە ئەو کۆسپ و نشێویانەی خستەڕوو کە حکومەتی هەرێم دوو ساڵە رووبەڕووی دەبێتەوە دوای ئەوەی ڕیفراندۆمێکی سەربەخۆیی ئەنجامدا کە لەلایەن دراوسێکانیەوە ئیدانە کراو بەشێوەیەکی بەرچاو فەرامۆش یان دژیەتی کرا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. لەژێر سەرکردایەتی گەنجتری نێچیرڤان بارزانی و مەرسرور بارزانیدا، هەرێمەکە تەرکیزی لابردووە لەسەر خەونی نەتەوەیی سەربەخۆبوون و زیاتر لەسەر کێشە هەنووکەییەکانی ڕۆژە کە خۆی دەبینێتەوە لە بوژاندنەوەی ئابوری و کارکردن لەگەڵ بەغداد بۆ زامنکردنی داواکارییەکانی هەرێمەکە لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقدا.

لەناوەڕاستی ئەیلولدا، بارزانی چاوی کەوت بە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەروەها سەرۆکی وڵات، بەرهەم ساڵح و چەندانی تر. لە ١٥ی ئەیلولدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ کنسوڵی گشتی چین لە عێراق کۆببوەوە بۆ تاووتوێکردنی پەیوەندی دوولایەنە. ئەمە درێژکراوەی چەند کۆبونەوەیەکی هاوشێوە بوو لە مانگەکانی رابردوودا، بەو پەیوەندییە تەلەفونیەی بارزانیشەوە کە لەگەڵ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامیدا لەکۆتایی ئابدا. لەماوەی پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا، پێنس ستایشی هەوڵەکانی هەرێمەکەی کرد بۆ یارمەتیدان لەجەنگی دژی داعش و لەخۆگرتنی ئاوارەکان. 
هەرێمی کوردستان خۆی دەچەسپێنێت لە سەکۆی نێودەولەتیدا و هەوڵی ئەوە دەدات ئەوە پیشانی بەغداد بدات کە کلیلێکە بۆ سەقامگیری لە وڵاتەکەدا. "خەڵکی ئێرە ئازارێکی زۆریان چەشتووە، ئێمە دەبێت تەرکیز بخەینەسەر بونیادنانەوەی وڵاتەکە و سەیری داهاتوو بکەین، داهاتوویەکی گەش و زامن روونادات ئەگەر سەقامگیری نەبێت"، فەلاح موستەفا، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێم وا دەڵێت. 

لەکاتێکدا وادەردەکەوێت هەرێمەکە سەقامگیر بێت و  بەرپرس و فەرماندەکانی پێشمەرگە وا باسی دەکەن کە دوورگەیەک بێت لە ناوچەیەکی تووشبووی پەتای توندڕەوی و مەزهەبگەرایی، بەڵام ترس هەیە لەوەی کۆمەڵێک هەڕەشە لافاوێکی هەڵتۆقیوبن لەدەوروبەری دوورگەکە. لە رۆژئاواوە داعش خۆی ڕێکدەخاتەوە، کە کاتژمێرێک ڕێگایە بە ئۆتومبیل لە هەولێرەوە. هێزەکانی ئاسایشی عێراق سەرقاڵن و راوێژکارانی هاوپەیمانی ئەمریکا تەنها دەتوانن یارمەتیدەر بن لە هاندانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق کە زیاتر کار لەگەڵ یەکتردا بکەن. حکومەتی هەرێم دڕدۆنگە لە حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەکان کە خاڵی پشکنینیان هەیە لە دەشتاییەکانی نەینەواوە بەرەو کەرکوک، ناوچە کێشە لەسەرەکان کە بەغدادا لە ٢٠١٧ لەژێر دەستی کوردا دەریهێنا. توڕەییەکی درێژەکێشاو و هەستێک هەیە لە هەرێمی کوردستاندا کە ئەمریکا، هاوبەشە گرنگەکەی، ڕووی خۆی وەرگێرا لە هەولێر و وایکرد کە ئاسان بێت بۆ دوژمنەکانی هەرێم تانک و چەکی ئەمریکی بەکاربهێنن دژی هەرێمەکە، ئەوانەی کە تەرخانکرابوون بۆ جەنگی دژی داعش. بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، میکانیزمێکی ئەمنی پێویستە و هەوڵی بنیادنانی متمانە گرنگە، بەرپرسە ناوخۆییەکان وا دەڵێن. 

ڕۆڵی ئێران لە عێراق کێشەیەکی هەستیارە، لە هەولێر - کێشەیەک کە دەبێتە جێی باس لە هەموو گفتوگۆیەکدا. هەندێکجار ئەم گفتوگۆیانە گلەی سادەی تێدایە کە گروپە ئاینییەکانی شیعە هانی ڕەفتاری نایاسایی دەدەن دژی کوردەکان، بۆ نمونە: چەند راپۆرتێکی ناوزڕاندن لە بەغداد لە کۆتایی ئابدا ئاماژەیان بەوە دەکرد کە بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیلی هەیە لە هەرێمی کوردستان ئەمەش وایکرد دەسەڵاتداران بە فەرمی نکۆڵی لێ بکەن.  ئەمە لەکاتێکدا بوو راپۆرتە ڕۆژییەکان باسی هێرشی ئاسمانییان دەکرد بۆ سەر پێگەکانی حەشد لە ناوەند و ڕۆژئاوای عێراق. ئەندامە باڵاکانی حەشد ئەمریکا و ئیسرائیل بەتۆمەتبار دەزانن بۆ هێرشەکان کە لەکۆتایی تەمووزدا دەستی پێکرد و چەک و تفاقی حەشدیان بە ئامانج دەگرت. ئەوە بووە هۆی ئەوەی فەرماندەی حەشد، ئەبو مەهدی موهەندیس پێشنیاری ئەوە بکات حەشد پێویستی بە هێزی ئاسمانییە. هەرێمە کوردییەکە بە گەشەسەندنێکی مەترسیدار لەم لێدوانانە دەروانێت. ئیستا هەندێک لە هەولێر بڕوایانوایە حەشدی شەعبی دەیەوێت ببێتە هاوتا (ڤێرژن)ێکی سوپای پاسداران لە عێراق، جۆرێک لە حکومەتێکی پاراڵێڵ لەگەڵ سوپا و ئابوری خۆی و تەنانەت هێزی ئاسمانیش. 

فراوانبوونی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی، کە ئێستا هیزێکی فەرمییە لە عێراقدا و لەلایەن بەغدادەوە خەرجی بۆ دابین دەکرێت و پێشتریش لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوو بە "هیوای وڵاتەکە و ناوچەکە" وەسفکرا، سەردەکێشێت بۆ ئەو پرسیارانەی بۆچی بەغداد مووچەی پێشمەرگە نادات. 

بەپێچەوانەی حەشدەوە، پێشمەرگە بەشێکە لە دەستووری عێراقی. دانوستانەکان بۆ بودجە درێژەی کێشاوە و بەپێچەوانەی بەڵێنەکانی بەغدادەوە، پێشمەرگە بەشێوەیەکی سیستیماتیکی کەم بودجەیە. سەردانێک بۆ بنکە و بەرەکانیان واقیعەکە دەردەخات. ئەوان زۆرجار چەکی قورس، ئۆتومبیلی سەربازی، سەربازگە و بنکەیان نییە بۆ پیشمەرگەکان. لەکاتی جەنگی دژی داعش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بوون لە ڕاهێنانی پێشمەرگە و هەندێک لیوایان پرچەک کرد. چەند ملیۆن دۆلارێک بۆ تەرخانکردنی خەرجی لە واشنتنەوە وابڕیارە بێت. پێشمەرگە پاڵپشتی دەوێت بۆ چاکسازی لە یەکەکانیاندا، هەروەها حەزیان لە  چەکی دژە تانک، زرێپۆش، دژە فرۆکەی بێ فرۆکەوانییە. بەڵام نیگەرانییەکە ئەوەیە ئەو پشتیوانییە، ئەگەر بشگات، زۆر کەم دەبێت و زۆریش درەنگ دەبێت لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانەکانی ئێران هێزیان فراوانتر دەبێت و لەڕێگەی ئەو دەسەڵاتەیانەوە لە پارێزگا سوونییەکان کە لەژێر دەستی داعشدا ئازادکران ململانێیەکی نوێی توندڕەوی دروست دەبێت. فەرماندەیەکی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا سەربازەکانی تەنها لەسەدا ٢%ی ئەو کەلوپەل و بودجەیەیان بەدەست گەشتووە کە دەبوو پێیان بگات. "هەموو ئەوانەی تر دەکەونە دەست هێزەکانی ئاسایشی عێراق و حەشدی شەعبی"، فەرماندەکە وای وت.

هەندێک لە گرژیەکان بەرەو پێشچوونیان بەخۆیانوە دیوە لەژێر دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی، بەڵام دەسەڵاتی کەمە و ئەو بەرەوپێشچوونانە هاوپەیمانی فەتح ناگرێتەوە کە پەیوەندی هەیە بە حەشدەوە یان پارتەکەی موقتەدا سەدر کە زۆرترین کورسی پەرلەمانی هەیە. بەمدواییانە سەدر سەردانی تارانی کرد لە ١٠ی ئەیلولدا بۆ ئامادەبوون لە بۆنەیەکدا لەگەڵ ئایەتوڵا خامنەیی و قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودس. ئەو سیمبولە لە هەولێردا فەرامۆش نەکرا. "ئەوە ئەوە پیشان دەدات کە گرنگ نییە چەنێک سعودیە و ئەوانی تر پارە بدەنە سەدر، ئەو هەر لەبن دەستی ئەوان [ئێران]دایە". بەرپرسێک وای وت. 
بە هەبوونی سەرۆک وەزیرانێکی دەستەمۆ و دڵ و دەروون باش لە بەغداد، ئێرانێکی بەدەسەڵات، هێزی مەزهەبی لەسەر سنور، هەروەها سەرهەڵدانەوەی داعش، هەرێمی کوردستان ڕوو لە ئەمریکا دەکات بۆ پشتیوانی. "تۆ کێت هەیە وەک هاوڕێ، هاوپەیمان و هاوبەش، لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی کراوە"، ئەوانەی هەولێر وا دەڵێن. دوای چەندین ساڵ کارکردن لەگەڵ واشنتن، هەولێر بەیاننامەیەکی روونتر یان "پەڕەیەکی سپی" دەوێت کە گوزارشت لە نیاز و پابەندییەکانی ئەمریکا بکاتەوە. بەڵام نشێوی ساکار هەیە کە وا لە هەرێمەکە دەکات دوورە دەست بێت، بۆ نمونە: لە نەبوونی سەردانێک لەلایەن سەرکرداکانی بەغدادەوە بۆ واشنتن، سەرکردەکانی هەرێم پێیان وتراوە پرۆتۆکۆل ڕێگەیان پێنادات سەردانی واشنتن بکەن. ئەمە مانای ئەوەیە نزیکترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە عێراق، لە واشنتن میوانداری لێ ناکرێت. 

هەولێر ڕووبەڕووی چەند ئاڵنگاری (چالنج)ێک بوەتەوە. دەیەوێت ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکات لەسەر کەرکوک و شنگال، هەروەها هانی سەقامگیری زیاتر بدات لە دەشتەکانی نەینەوا لەنێوان هەولێر و موسڵ. ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە پەرۆشییەوە باسی ڕۆلی حکومەتی هەرێمی کرد لە لەخۆگرتنی ئەو مەسیحیانەی لەدەست داعش رایانکردووە و لەدروستکردنی بارودۆخێکدایە بۆ گەشەی کۆمەڵگەی مەسیحی. وەزیر باسی لەو کێشانە کرد ئێستا مەسیحییەکان تووشی دەبن لە نەینەوا بەهۆی هێزە مەزهەبییەکانەوە. عەبدولمەسیح پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەمریکا دەتوانێت ڕۆڵێکی هەبێت لێرە، بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی پابەندی ئیدارەی ئێستا بەرامبەر ئازادی ئایینی. ئەو یەزیدیانەی لەدەست داعش رایانکردووە هێشتا لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین لە هەرێمی کوردستان و ناتوانن بگڕێنەوە بۆ شنگال کە ئەمنییەتی تێدا بەرقەرار نییە.

وەزیری گواستنەوە دەڵێت ئێستا دەرفەتێک هەیە بۆ ڕاکێشانی کەرتی تایبەت و دابینکردنی بژاردەی نوێ بۆ گواستنەوە. زۆرجار حکومەتی هەرێم فەرامشکراوە بەتایبەتی لە سەردەمی "چەوساندنەوەی" سەددام حوسەیندا. ئێستا، پرد و رێگا خێرا نوێیەکان کە درێژدەبەنەوە لەباکوری هەولێرەوە بەرەو دهۆک و سنوری تورکیا نمونەی داهاتووەکەن، بەڵام ئەو داهاتووە پێویستی بە بودجەیەک هەیە لە بەغدادەوە. 

ئەو گیرۆدە داراییانەی ڕووبەڕووی کەرتی گواستنەوە دەبێتەوە پەیوەندیان بەو گیرۆدەییانەوە هەیە کە ڕووبەڕووی پێشمەرگە بوونەوەتەوە. پێشمەرگە هەرێمەکە بە سەلامەتی و سەقامگیر دەهێڵێتەوە؛ ئەوان ڕۆڵێکی جەوهەری دەبینن لە ئابووریەکدا کە بەستراوە بە بازرگانی لەگەڵ تورکیادا. دۆخەکە دۆخێکی ئاڵۆز و قورسە بۆ هاوسەنگ کردن. "ئێمە پێویستیمان بە هاوکاری جدی هەیە بۆ پارێزگاری کردنی خۆمان، هەموو خولەکێک لەژێر هەڕەشەداین. دەبێت بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بین"، فەرماندەیەکی کورد وای وت کە بەرپرسە لە سنوری هەرێم و ئێران و تورکیا. "ئێمە لە هەوڵداین بێینەوە سەر سکە و پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی ناوەند بەرەو باشتر دەڕوات، پێموایە سەرۆک وەزیرانی ئێستا تاکە دەرفەتی ئێمەیە، ئەگەر نەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین لەگەڵ ئەوانەی ئێستا سەرکردایەتی عێراق دەکەن ئەوا ئەگەر کەمە بتوانین ئەو کێشانە چارە بکەین لە داهاتوودا"، فەرماندەکە وای وت. 

لێدوانەکەی ئەو و بەرپرسەکانی تریش لە وەزارەتەکان و بەرەکانی پێشمەرگە نیگەرانییە هەڵتۆقیوەکە نیشان دەدەن سەبارەت بە داهاتووی هەرێمەکە، دوو ساڵ دوای دەرکردنی داعش لە موسڵ و هەولێریش تووشی هەرەس بوویەوە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە. سیاسەتی واشنتن ئەوەیە کە دووربکەوێتەوە لە ململانێ لەگەڵ ئێران لەکاتێکدا بەردەوام بێت لە کەمپینی "فشاری باڵا". بەڵام گرژییەکانی کەنداوی فارس کاریگەری دەکەنە سەر عێراق چونکە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، کە هەندێکیان سزایان خراوەتە سەر لەلایەن ئەمریکاوە بەهۆی پەیوەندیان بە سوپای پاسدارانەوە، بونەتە هەڕەشە بۆ هێزەکانی ئەمریکا و داوای ئەوەیان کردووە ئەو هێزانە عێراق بەجێ بهێڵن. ئەمە هێزەکانی ئەمریکای هەڵپیچاوە و  دۆخێکی قەیراناوی دروست کردووە. هەروەها ئەمە مانای ئەوەشە یاسادانەرانی ئەمریکا نیگەرانن دەربارەی گۆشەگیرکردنی عێراق. بۆ هەرێمە کوردییەکە، پەیامی سەرەکی ئەوەیە واشنتن دەبێت هەولێر وەک هاوبەشێکی بنەڕەتی سەیر بکات بۆ سەقامگیری ناوچەیی. ئەمریکا لە ناو پێگەیەکی هاوسەنگکردنی ئاڵۆزدایە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لەکاتێکدا جەنگی دژی داعش دەکەن، چاویان لەسەر ئێرانە، هەروەها کار لەگەڵ تورکیا دەکەن بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام. ئەمە مانای ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ئامادەبێت بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی گرنگتر. ئەوانەی لە هەولێر دەژین بیر لەوە دەکەنەوە ئاخۆ کەی واشنتن شتەکان بەم جۆرە ببینێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار