رێبوار تاڵەبانى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بۆ هاوڵاتى: ریفراندۆم مێژوویەکى پشنگدارەو کورد دەتوانێت وەک کارتێک بەکاریبهێنێت
د.نەجمەدین کەریم پارێزگارى کەرکوکەو منیش سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگام
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: ئارا ئیبراهیم
سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەڵێت بەم دۆخەى ئێستاوە کە "عەسکەرتاریەت" لەناو کەرکوکدا هەیە، کورد یەک لیستیش بێت هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، هەرچەند بە خاڵێکى بەهێزى نێو لایەنە سیاسییەکانى دادەنێت.
رێبوار تاڵەبانى، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى، جەختلەوە دەکاتەوە کە ریفراندۆم رۆژێکى پرشنگدار بووەو کورد دەتوانێت هەر کات بیەوێت دەتوانێت وەک کارتێک بەکاریبهێنێت.
هەروەها ئاماژە بەوەدەدات ئێران و تورکیاو عێراق هەژموونى گەورە و تەداخولیان لەسەر دۆخى کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان هەیەو نایانەوێت کەرکوک بگەڕێتەوە سەر هەرێمى کوردستان.
هاوکات، ئەوەش رووندەکاتەوە چەند جارێک هەوڵیداوە کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کۆبونەوە لەبەغدا بکەن، بەڵام هەندێ لایەنى عەرەب و تورکمان و لایەنى کوردیش ئامادەنەبوون بەشداری بکەن.
هاوڵاتى: کۆبونەوەکان لەگەڵ تورکمان و لایەنى عەرەبى ئەوەندەى زانیاریت هەبێت گەیشتووە بەچى؟
رێبوار تاڵەبانى: ئەوە لیژنەى تایبەتى خۆى هەیە کەنوێنەرى حکومەتى هەرێم کە لایەنى یەکێتى و پارتى تێدابووە لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکان کۆبونەوەیان ئەنجامداوەو ئەوەى راگەیەندراوە ئەوەیە کەهەندێک لە تورکمانەکان و عەرەبەکان دەیانەوێت پارێزگار لەخۆیان بێت تاهەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکان و تەنازولیان لەداواکارییەکانى خۆیان نەکردووەو کوردیش بەوە رازى نییە.
هاوڵاتى: ئیستحقاقى پارێزگارى کەرکوک بۆ کوردە یان تورکمان و عەرەب کە داواى دەکەن؟
رێبوار تاڵەبانى: ئیستحقاقى گەورەى هەڵبژاردن لیستى برایەتییە لەکەرکوکدا، 26 کورسى لەکۆى 41 کورسى ئەنجومەنى پارێزگاکە هەیە، ئەگەر رێکەوتن لەنێو لیستى برایەتى بکەین هیچ کێشەیەک نابێت.
هاوڵاتى: بۆچى دەستپێشخەرى ناکەیت بۆ کۆبونەوەی لیستى برایەتى؟ ئایا دەبێت پارتى و یەکێتى بڕیار بدەن ئینجا دەتوانن کۆبونەوە بکەن؟
رێبوار تاڵەبانى: دەبێت مەکتەبى سیاسى پارتى و یەکێتى و یەکگرتووش وەک سێ حزبى بەشدار لەنێو لیستى برایەتى هەرسێ لایەن رێکبکەون بۆ ئەنجامدانى کۆبونەوە و ئەندامەکانیان راسپێرن من ئامادەم بۆ کۆبونەوەو چەند جارێکى دیکە داواى کۆبونەوەمان کردووە، هەوڵماندا لەبەغداد کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ئەنجامبدەین، بەڵام عەرەب و تورکمانەکان و بەشێک لەکوردەکان قبوڵیان نەکرد لەبەغدا کۆبونەوە ئەنجامبدەین بۆیە نەکرا.
هاوڵاتى: پێتوایە کاتى ئەوە نەهاتووە کورد خۆى یەکلایی بکاتەوە و پرسى پارێزگار بەهەڵواسراوى نەهێڵێتەوە کەئیستحقاقى کوردە ئەو پۆستە؟
رێبوار تاڵەبانى:بەدەیان جار وتومە ئامادەم بۆ کۆبونەوە، خۆت نازانى بارودۆخێکى زۆر قورسى ئیقلیمى لەسەر هەموو کوردو پێکهاتەکان بەتایبەت لەسەر کەرکوک هەیە، کوردو تورکمان و عەرەب لەلایەن ئێران و تورکیاو عێراقیشەوە هەیە، دەیانەوێت کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان هەر وەک ئێستا بمێنێتەوە بەو شێوازەى پەیوەندى نەمێنێت بەهەرێمى کوردستانەوە، هەرچەندە ماددەى 140 مافى لایەنى عێراق و هەرێمى کوردستانى داوە کەپەیوەندییان بەم پارێزگایەوە هەبێت، بەڵام بارودۆخى گشتى لەسەر ئەوەیە کورد لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان دەسەڵاتى نەمێنێت.
هاوڵاتى: تەداخولى تورکیا بۆ کەرکوک تەنها بۆ تورکمانەکانە یان لایەنى دیکەش؟
رێبوار تاڵەبانى: هەموو سوننەى تورکمان و سوننەى عەرەب لەلایەنى تورکیاوەو شیعەى تورکمان و عەرەبى شیعەش لەلایەنى ئێرانییەوە واى کردووە ئەم دوو وڵاتە زائیدەن حکومەتى عێراقیش تەداخول بکات لەدۆخى کەرکوکدا.
حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق خۆى باسى ئەوەى کردووە کە سێ مانگ پێش 16ى ئۆکتۆبەر لەگەڵ ئێران و تورکیا دانیشتنیان کردووە بۆ لەباربردنى هەر پێشهاتێک مافەکانى کوردستان بگەڕێنێتەوە لەکەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، خۆتان دەزانن حکومەتى عێراق لەژێر هەژموونى ئێران و ئەو بارودۆخەیە کەهەیە، ئەم دۆخەى ئێستاى کەرکوک لەبەرژەوەندى عێراقدایە مێژووى عێراق هەر وابووە تائێستا نایانەوێت ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێتەوە سەر هەرێمى کوردستان، بەردەوام کاریان بۆ ئەوە کردووە دووریبخەنەوە لەهەرێمى کوردستان.
هاوڵاتى: بارگرژییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى لەم چەند رۆژەى رابردوو واى کرد کۆبونەوە بۆ یەک لیستى کورد لەکەرکوک یەکلانەکرێتەوە، تاچەند یەک لیستى کورد گرنگە؟
رێبوار تاڵەبانى: یەک لیستى و یەکڕیزى خاڵى بەهێزە بۆ هەموولایەک و بۆ حزبە کوردستانییەکان، دەکرێت لەپێناوى بەرژەوەندى گشتى میللەتى کورددا بڕیار لەسەر یەک لیستى بدەن و تەنازول لەسەر داواکارییە شەخسییەکان بکرێت لەپێناو خەڵکى کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکاندا.
هاوڵاتى: پێتوایە یەک لیستى کورد وا دەکات کورد سەرکەوتوو بێت لەهەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى پارێزگادا؟
رێبوار تاڵەبانى: بەم بارودۆخەى عێراق بەبێ ئاساییکردنەوەى دۆخەکەو بوونى عەسکەرتاریەت ئەوا ئەگەر یەک لیستیش بن ناتوانن سەرکەوتوو بن، ئەگەر بارودۆخ ئاساییکرایەوەو وەک پێشترى لێکرایەوە کورد سەرکەوتوو دەبێت.
کورد هیچى پێناکرێت تاعەسکەرتاریت لەشارەکەدا هەبێت و هەژمونى ئێران و تورکیا بەردەوام بێت، بەم دۆخەوە یەک لیستیش بین هیچمان پێناکرێت.
هاوڵاتى: ئەوەندەى ئاگادار بیت هیچ لایەنێکى کوردى هەیە بایکۆتى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى کەرکوک بکات؟
رێبوار تاڵەبانى: تا ئێستا کەس ئیعلانى نەکردووە بەفەرمى بەشدارى نەکات و بایکۆت بکات.
هاوڵاتى: نەجمەدین کەریم باسى ئەوەى کردووە کە لیستى دەبێت بۆ هەڵبژاردن لەکەرکوکدا؟
رێبوار تاڵەبانى: بیستومە کە دکتۆر نەجمەدین کەریم لیستى دەبێت لە کەرکوکدا، هەر مانگێک ماوەتەوە بۆ ئەوەى لیستەکان لە کۆمسیۆن جێگیر بکرێن و ناویان تۆمار بکەن، بۆ ئەم قسانە هەر ئەو ماوەیەى ماوە لیستى دەبێت یان نا، تەبیعیشە لیستى هەبێت و بەشدارى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بکات.
هاوڵاتى: پەیوەندیت چۆنە لەگەڵ دکتۆر نەجمەدین کەریم؟
رێبوار تاڵەبانى: پەیوەندمان بەردەوامە لەگەڵ دکتۆر نەجمەدین، ئەوەش بە حوکمى ئیشەکەیە ئاگامان لەیەکترى بێت، دکتۆر نەجمەدین کەریم پارێزگارى کەرکوکەو منیش سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگام تائێستا.
هاوڵاتى: پێتانوایە ریفراندۆم کاریگەرى نەرێنى هەبووە لەسەر دۆخى کەرکوک؟
رێبوار تاڵەبانى: ریفراندۆم نەکرابوو لەساڵى 1988 خەڵکى کورد ئەنفالکراو پێنج هەزار کەس لەهەڵەبجە بەکیمیایى شەهیدکران و ئەنفالى بارزانییەکان کرا، میللەتى کورد هەرکاتێک داواى مافى خۆى بکات کارەساتێکى بەسەردا دەهێنن.
ریفراندۆم تازە دەبێتە رۆژێک و مێژوویەکى پرشنگدار بۆ 200 ساڵى تریش بێت کورد دەتوانێت وەک کارت بەکاریبهێنێت کە بڕگەیەکى یاساییەو لەسەدا 93ى هاوڵاتیان دەنگیان بەسەربەخۆیى داوە، کورد ویستى ئاوا بووە جیاببێتەوە لەعێراق.
هاوڵاتى: بەڵام بەشێکی زۆریش لەهاوڵاتیان دەڵێن ریفراندۆم لەسەدا 51ى خاکى کوردستانى لەدەستداو هەزاران پێشمەرگە شەهیدو برینداربوون، پێچەوانەى بۆچوونەکەى ئێوە، وەڵامت چیە؟
رێبوار تاڵەبانى: خەڵک خۆى بۆ دەنگی دا؟ نەیدەزانى داواکردنى ماف قوربانیدانى دەوێت، کورد لە رابردوودا هەزاران شەهیدی داوە بەخەباتى شاخ، هەموو مافێک شوناسێکى هەیە، ئیلا دەبێت قوربانى بۆ بدەیت.
هاوڵاتى: تا چەند گرنگە پارتى و یەکێتى پەلە بکەن لەدانانى تەیب جەبار وەک کاندیدى لیستى برایەتى بۆ پارێزگارى کەرکوک؟
رێبوار: ئێمە تەمەنا دەکەین هەرچۆنێک بێت نزیکبونەوەى یەکێتى و پارتى وا بکات دۆخەکەو کێشەکان چارەسەر بکات، بەتایبەت نزیکى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان دەبینەوە، پارێزگارێک بەزۆر بەسەر کورددا سەپێندراوە چارەسەر بکرێت، تا بەرەو ئاقارێکى دیکە نەروات و کورد بگەڕێتەوە سەر بارودۆخى پێش 16ى ئۆکتۆبەر.
هاوڵاتى: پێتانوایە ئەگەر سەرکردایەتى کورد داوا لە عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق بکات، دۆخى کەرکوک ئاسایى ببێتەوە؟
رێبوار تاڵەبانى: عادل عەبدولمەهدى، پیاوێکى رۆشنبیرە لەناو جەنگەڵستانى عێراقدا، تەنها خۆیەتى و حزبێکى سیاسى نییەو کورسى هەبێت لەپەرلەمانى عێراقدا، بۆیە لەوە زیاترى پێناکرێت و رێز لەکوردو داواکارییەکانى دەگرێت، هەژموونى وڵاتانى ئیقلیمى رێگانادەن دۆخى کەرکوک چارەسەر بکرێت.