ئایا ناوچە ئارامەکەی ئەردۆغان دادەمەزرێت لەسوریا؟

5 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: ئاژانسی فرانس پرێس 

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا هیوایوایە بەبەردێک دوو چۆلەکە بکوژێت کە بەردەکە «ناوچەیەکی ئارام»ی نوێیە لەباکوری سوریاو چۆلەکەکانیش کەمکردنەوەی بارگرانی پەنابەرو  دوورخستنەوەی چەکدارە کوردییەکانە لەسنوری باشوری وڵاتەکەی.

لەم مانگەدا هێزەکانی تورکیاو ئەمریکا دەورییەی هاوبەشیان ئەنجامداوە بەئامانجی دمەزراندنی «ناوچەی ئارام». بەڵام شیکەرەوان دەڵێن پلانەکە ناواقیعییە.

ناوچەی ئارام چییە؟

لەوتارەکەیدا لە کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەفتەی رابردوودا، ئەردۆغان نەخشەیەکی ئاشکراکرد کەپلانەکە فراوانخوازییەکی تێدایە بۆ ناوچەکە، کە خۆی دەبینێتەوە لە ٣٠ کم قوڵایی و ٤٨٠ کم بەدرێژایی باکوری سوریا. سەرۆکی تورکیا وتی دواجار ئەو پلانە رێدەدات بە دوو بۆ سێ ملیۆن پەنابەری سوری بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

ئەم پلانە بووەتە کارەی لەیەکەمینی ئەردۆغان کەڕووبەڕووی رەخنەی توند بووەتەوە لەئاستی گشتیدا لەسەر لەخۆگرتنی سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار پەنابەر لەتورکیادا - زۆرترین ژمارەیە لەجیهاندا.

تەلەفزیۆنی تورکی (TRT) لەهەینی رابردوودا رایگەیاند یەکەم قۆناغی پلانەکە ئامانجی نیشتەجێکردنی یەک ملیۆن سورییە لە ١٤٠ گوندو ١٠ شارۆچکە.

هەروەها پلانەکە بەربەستێکیش دروستدەکات دژی چەکدارانی کوردانی سوریا کەزۆربەی ناوچەکەیان بەدەستەوەیە.

چی روودەدات؟

شارەزایان بەگومانن لەوەی پلانەکە خۆی بگرێت، سەرەڕای دەورییەی هاوبەشی زەمینی و ئاسمانی تورکیاو ئەمریکا لەم مانگەدا.

ئەمریکا لەململانێدایە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان تورکیاو هێزەکانی یەپەگە.

«تەنانەت ئەگەر هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ‹ناوچەیەکی ئارام› سەرکەوتووبن - کە هیچ ئاماژەیەک نییە سەرکەوتووبن- سەرچاوە نادیارەکانی گرژی و ئاڵۆزییەکان دەمێننەوەو لەگەڵیدا ئەگەری هەڵمەتی پەلاماری سەربازی تورکیا هەیە بەوپێیەی کە یەپەگە بەهەڕەشە دەزانێت»، دارین خەلیفە شیکەرەوەی باڵای ئاسایش، سیاسەت، ململانێی سوریا لەگروپی قەیرانی نێودەوڵەتی وا دەڵێت.

هەروەها خەلیفە ئاماژەی بەوەشکرد  ئەمریکا دووپاتی کردوەتەوە واشنتۆن «ئیمزای لەسەر هیچ رێککەوتنێک نەکردووە کە گواستنەوەی بەزۆری سوریەکانی تێدابێت بۆ باکورو رۆژهەڵاتی وڵاتەکە».

سەرەڕای بەربەستەکان، واشنتن بە ناچاری دەیەوێت پەلامارێکی تاکلایەنانەی دیکەی تورکیا بوەستێنێت کە پێشتر دوو پەلاماری سنور تێپەراندنی ئەنجامداوە دژی خەلافەتی ئیسلامی و یەپەگە لەساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٨.

پێش ئەوەی سەردانی نیویۆرک بکات بۆ کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەردۆغان هۆشداری ئەوەیدا پلانیان ئامادەیە بۆ ئۆپەراسیۆنی تاکلایەنی ئەگەر بەرەوپێشچوونی بەرچاو روونەدات لەسەر «ناوچەی ئارام» تاکۆتایی مانگی ئەیلول.

«پەلامارێکی تاکلایەنی لەلایەن ئەنقەرەوە بەئەگەرێکی زۆرەوە لێکەوتەو زیانی دەبێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو تورکیاش. ئەگەر تورکیا بیەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری دارایی ئەم پلانەی بکات ئەوا دەبێت رێبازێکی گشتگیری هەبێت، تاکلایەنانە گۆڕینی بەزۆر لەدیمۆگرافیادا نابێتە زامن کردن و سەقامگیرکردنی سنوری تورکیا-سوریا»، جۆو ماکرۆن توێژەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەناوەندی «عەرەب لەواشنتۆن» وا دەڵێت.

ئایا پەنابەرەکان دەگەڕێنەوە؟

بەپێی وتەی فابریس باڵانچ شارەزا لەبواری جوگرافیای سوریا، ناگونجێت سێ ملیۆن کەس بنێردرێت بۆ ئەو ناوچەیەی پێشنیارکراوە.

«شوێنی ژیان لەناوچەکەدا سنوردارە چونکە بەشی زۆری نیمچە بیابانە و هەرێمی رۆژهەڵاتی رووباری فورات زۆر دواکەوتووە».

ئەم پلانە مانای گۆڕانێکی گەورەی دانیشتوانزانی (دیمۆگرافی)یە، چونکە ناوچەکە زۆربەی زۆری کوردەو لەسەدا ٩٠%ی پەنابەرە سوریەکانی تورکیا عەرەبن.

«ئەردۆغان ئەو راستییە دەشارێتەوە کە پلانی ئەم ناوچە ئارامە پێویستی بەئاوارەکردنی ئەو خەڵکانەیە کە ئێستا خۆیان لەو ناوچەیەدا نیشتەجێن»، نیکۆلاس هێراس توێژەری ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ناوەندی «ئاسایشی نوێی ئەمریکی» بەپێگەی «عەرەب نیوز»ی وت.

«نزیکەی پێنج ملیۆن کەس لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریادا هەن، لەگەڵ لانیکەم ملیۆنێک کەس ئاوارەن لە ناوچەکانی تری سوریا. لەئێستادا پێویستی گرنگ و گەورە هەیە کەدەبێت باسیان لێوە بکرێت سەبارەت بەو خەڵکەی لە باکورو رۆژهەلاتی سوریادا دەژین، چ جای ئەوەی ملیۆنێکی تریش زیاد بکرێت»، هێراس وا دەڵێت

بەبۆچوونی هێراس، پلانەکەی تورکیا بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام «ئەسپی تەڕوادەیە [وتەیەکە بۆ گوزارشت کردن لەلەناوبردنی نەیارەکان بەنهێنی] بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی دیمۆگرافی لەسەر حسابی دانیشتوانی کورد لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا».

حەسەن ئوناڵ، شیکەرەوەی سیاسەتی دەرەوە لەزانکۆی مەڵتیپی ئەستەنبوڵ دەڵێت پلانەکە بۆ هەردوولا قورس دەبێت.

«ئایا هەموو ئەو کەسانە خەڵکی ئەو بەشەی سوریان؟ ئەگەر وانەبێت لەوانەیە بڵێن: ‹نامانەوێت بچینە نێو زەوی کەسێکی دیکەوە»، ئوناڵ وای وت.

ئەردۆغان رایگەیاند دەبێت ناوچەکە پەلبکێشێت بۆ رۆژهەڵاتی دێرەزوورو رەققە، بەڵام باڵانچ ئاماژەی بەوەدا هیچ یەکێک لەو هەرێمانە ئامادەی ئەوە نین ئەو لێشاوە پەنابەرەیان بۆ بچێت.

رەققە هێشتا پێویستی بە بنیادنانەوە هەیە دوای ئەوەی کوردەکان رێبەری جەنگێکی جەرگبڕیان کرد بۆ گرتنەوەی شارەکە لەدەستی داعش لەساڵی ٢٠١٧.

بەپێی وتەی ئوناڵ، باشترین چارەسەر بۆ رادەستکردنەوەی پەنابەرە سورییەکان هەماهەنگییە لەگەڵ حکومەتی سوریا دوای ئاسایی بونەوەی پەیوەندی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق.

«بەلەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ناتوانیت بەزۆر بیانگوازیتەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار