گۆڕان لیژنه‌ى باڵا بۆ ئاشتکردنه‌وه‌ى زویربووه‌کان پێکده‌هێنێت

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر ئاستى خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى گشتى و نیشتمانییه‌وه‌ چه‌ندین لیژنه‌ى جیاوازى پێکهێناوه‌ بۆ ئاشتکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌ ناڕازیى و زویربووه‌کانى و ده‌یانه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بیانبه‌نه‌وه‌ بۆ گرده‌که‌.

پاش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق و کوردستان له‌ساڵى رابردوودا که‌بزوتنه‌وه‌که‌ توشى شکستى گه‌وره‌ بوویوه‌و زیاتر له‌ 200 هه‌زار ده‌نگى که‌مى کرد، به‌راورد به‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى 2013 بووه‌ مایه‌ى دوورکه‌وتنه‌وه‌ى چه‌ندین سه‌رکرده‌و گۆڕانخوازى دیارى ناو بزوتنه‌وه‌که‌.

هه‌ریه‌ک له‌ قادر حاجى عه‌لى و عوسمان حاجى مه‌حمود دوو له‌و سه‌رکردانه‌ن که‌ده‌یان ئه‌ندامى جڤاتى گشتى و نیشتمانیان له‌گه‌ڵدا بووه‌و چوونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ دانیشتوون.

هاوکات سه‌دان هه‌ڵسوڕاوى دیکه‌ له‌مه‌کۆکان و ژوورو ئه‌ندامانى جڤاتى گشتى و نیشتمانى ده‌ستیانله‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌و وه‌ک ده‌نگى ناڕازى خوار گرده‌که‌ ناویان ده‌هێندرێت.

پاش ئه‌وه‌ى له‌ 14ى ئه‌یلولدا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌ندامانى خانه‌ى راپه‌ڕاندن و رێکخه‌رى گشتى هه‌ڵبژارد، به‌رنامه‌و پلانى چڕ دانراوه‌ له‌ڕێگەى چه‌ندین لیژنه‌وه‌ له‌سلێمانى و هه‌ولێرو دهۆک و هه‌ڵه‌بجه‌ تاده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان ئاشتبکه‌نه‌وه‌و بیانبه‌نه‌وه‌ گرده‌که‌ى زه‌رگه‌ته‌.

ئه‌ندامێکى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت هێماى ئیستفهام له‌سه‌ر هیچ یه‌کێک له‌هه‌ڵسوڕاوه‌ نیگه‌رانه‌کان نییه‌و له‌گه‌ڵیاندا داده‌نیشن.

شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا، ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى باسى له‌وه‌کرد نیگه‌رانیەکان دوو جۆرن، یه‌کێکیان په‌یوه‌ندى به‌ جڤاتى گشتییه‌وه‌ هه‌یه‌و ئه‌وه‌ى تریشیان په‌یوه‌ندى به‌تێکڕاى بزوتنه‌وه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، وتیشى» ئێمه‌ پێکه‌وه‌ ده‌ژین، له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌کێتى و لایه‌نه‌کانى دیکه‌ له‌ په‌رله‌مان پێکه‌وه‌ین که‌وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کى بچوک وایه‌، زۆر ئاساییه‌ دانیشین پێکه‌وه‌ کۆبونه‌وه‌ بکه‌ین بزانین کێشه‌مان چییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى نیگه‌رانن».

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد بۆچى بتوانین له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌کێتى لایه‌نه‌کانى دیکه‌ هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین، بۆ نه‌توانین لەگەڵ ئه‌و براده‌رانه‌  گفتوگۆ بکه‌ین؟، وتیشى» بۆ نه‌توانین سه‌رنجه‌کانیان به‌ گرنگ وه‌رنه‌گرین!، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ لاى من به‌و شێوه‌یەیه‌و لاى من که‌س نیه‌ نیشانه‌ى پرسیارى له‌سه‌ربێت و لاى بزوتنه‌وه‌که‌ش نیه‌و ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى توندمان لێده‌گرێت و ئه‌وه‌ى سه‌رنجى هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووى هه‌قى خۆیانه‌«.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى به‌شێک له‌نیگه‌رانییه‌کان په‌یوه‌ندى به‌کوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ هه‌یه‌ که‌ده‌وترێت ته‌ده‌خولى بڕیارى سیاسى ده‌که‌ن، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى گۆڕان جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندى به‌ سه‌ر کوڕه‌کانى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ نیه‌« خانه‌ى راپه‌ڕاندن خاوه‌نى په‌یڕه‌وى خۆمانین که‌ دامانڕشتۆته‌وه‌، وه‌ک تیمێک کارى پێکه‌وه‌یى ده‌که‌ین، به‌پێى ده‌ستورى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ پرس و راو راوێژ که‌ له‌سه‌ر پرسێک نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌نجام، ده‌یکه‌ینه‌ ده‌نگدانه‌وه‌«.

ئه‌ندامێکى جڤاتى گشتى ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات له‌سه‌ر ئاستى خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى گشتى و نیشتمانى بۆ پارێزگاکانى هه‌ولێرو سلێمانى و دهۆک لیژنه‌یان بۆ ئاشتکردنه‌وه‌ى هه‌ڵسوڕاوه‌ ناڕازییه‌کان پێکهێناوه‌.

نه‌سرین جه‌مال، ئه‌ندامى جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت» ئێمه‌ له‌جڤاتى گشتى لیژنه‌یه‌کمان پێکهێناوه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌و هاوڕێیانه‌مانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌که‌ین، که‌ ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌یان پێشکه‌ش کردبێت یان به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان چووبنه‌ ماڵه‌وه‌، پێشتر په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین و ده‌چین بۆ سه‌ردانیان».

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد لیژنه‌که‌یان له‌ سێ که‌س پێکهاتووه‌و لیژنه‌ له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاکانى هه‌ولێرو دهۆک و سلێمانى هه‌یه‌.

ده‌رباره‌ى ئه‌وانه‌ى سه‌ردانیان کردوون، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى جڤاتى گشتى ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه‌ که‌نزیکه‌ى پێنج رۆژه‌ لیژنه‌که‌یان پێکهاتووه‌ و سه‌ردانیان کردووه‌و هه‌ندێکیان  چاوه‌ڕوانى به‌ره‌وپێشچونى بزوتنه‌وه‌که‌ ده‌که‌ن و هه‌ندێک وتویانه‌ خۆیان دێن و سه‌ردانیان ده‌که‌نه‌وه‌ و هه‌ندێکیشیان پێیان راگه‌یاندوون که‌ راسته‌ له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتوون به‌ڵام هه‌ر ده‌نگى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانن.

نه‌سرین جه‌مال ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو سه‌ره‌تا له‌ئه‌ندامانى جڤاتى گشتیه‌وه‌ ده‌ستیان پێکردووه‌ دواتر هه‌نگاو ده‌نێین بۆ ده‌ره‌وه‌ى جڤاتى گشتى،» بێگومان بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و خانه‌ى راپه‌ڕاندنیش لیژنه‌یان هه‌یه‌«.

ده‌رباره‌ى بڕیاردان له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا که‌تێبینى له‌سه‌ر هه‌بووه‌ له‌لایه‌ن ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کانه‌وه‌و کوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا تۆمه‌تبار ده‌کرێن به‌وه‌ى بونه‌ته‌ رێکخه‌رى گشتى سێبه‌ر به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌که‌وه‌، نه‌سرین جه‌مال وتى»  به‌ راى خۆم رێکخه‌رى سێبه‌ر نیه‌و عومه‌رى سه‌ید عه‌لى رێکخه‌رى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌و کوڕانى کاک نه‌وشیروان هه‌م له‌بزوتنه‌وه‌که‌ش و له‌حکومه‌تیشدا زۆر به‌ئاسانى ده‌یانتوانى پۆست وه‌ربگرن، به‌ڵام ئه‌وان ته‌نها پشتیوانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار