له‌کۆى 70 باڵیۆزى نوێ، کورد 12 دانه‌ى به‌رده‌که‌وێت

«پارتىو یه‌کێتى قۆرغى پشکى کوردیان له‌باڵیۆزه‌کانى عێراقدا کردووه‌»

5 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حهسهن

حهفتا باڵیۆزى نوێ لهعێراقدا زیاددهکرێت کهنیوهیان لهلایهن پهرلهمانى عێراقهوه بهپێى کورسییهکان دیارى دهکرێن و ئهوى دیکهى لهلایهن وهزارهتى دهرهوه دهستنیشان دهکرێت.

پهرلهمانى عێراق بهپێى ژمارهى کورسییهکان کهژمارهیان 328 کورسیه 35 باڵیۆز بهههڵبژاردن دیارى دهکات و کورد لهو ژمارهیه کهخاوهنى 58 کورسییه شهش باڵیۆزى بهردهکهوێت، لهئێستادا گفتوگۆی چڕ لهنێو فراکسیۆنه کوردییهکاندا سهریههڵداوهو داواى بهرکهوتهى خۆیان دهکهن.

کورد لهپهرلهمانى عێراق 58 کورسیى ههیهو فراکسیۆنى پارتى 25 کورسى و یهکێتى 20 و بزوتنهوهى گۆڕان 5 و نهوهى نوێ 4 و کۆمهڵ و یهکگرتوو ههریهکهیان دوو کورسیان ههیه.

ههروهها حکومهتى عێراق 105 سیڤى بۆ 35 باڵیۆز وهرگرتووهو یهکلایى کراوهتهوهو نازانرێت ئهو شهش باڵیۆزه کوردهى ناویان دهرچووه سهر به چ لایهنێکى سیاسین.

سهرۆکى لیژنهى پهیوهندییهکانى دهرهوه لهپهرلهمانى عێراق دهڵێت ئهو کهسانهى کهحکومهت دایاندهنێ بهباڵیۆز چاوپێکهوتنیان لهگهڵدا کراوهو ههڵسهنگاندنى سیڤیهکانیان تهواو بووه.

شێرکۆ میروهیس، سهرۆکى لیژنهى پهیوهندیهکانى دهرهوه لهپهرلهمانى عێراق، لهلێدوانێکدا به هاوڵاتی وت» ئهو لایهنهى که دوو باڵیۆزى بهردهکهوێت پێویسته شهش کاندید بنێرێت لهکۆى ئهو 35 باڵیۆزهى لهپهرلهمانهوه دهنێردرێت».

شێرکۆ میروهیس ئاماژهى بۆ ئهوهشکرد  بهرکهوتهى کورد لهو باڵیۆزهى حکومهت دایدهنێت بهپێى ئامادهیى کورده لهناو وهزارهتهکان و وتى»لهئێستادا چاوپێکهتنیان لهگهڵدا کراوه و کۆى ههمویان 125 کهسن و 35کهسیان ههڵبژێردراون، بهڵام ناویان ئاشکرا نهکراوه«.

پهرلهمانتارێکى نزیک لهبهرههم ساڵح پێیوایه کهپارتى و یهکێتى داواى یهکڕیزى دهکهن دهبێت بۆ دابهشکردنى پۆستهکانیش بۆ لایهنهکان ههمان ههڵوێستیان ههبێت.

رێبوار کهریم مهحمود، پهرلهمانتارى عێراق، لهلێدوانێکدا به هاوڵاتی وت»دابهشکردنهکه بهپێى کورسى فراکسیۆنهکان و مهرجهکانى ئهو کهسهیه بۆ کاندید کردن و ئهو فراکسیۆنانهش که باڵیۆزیان نیه ههقى زیاتریانه وهریبگرن».

 رێبوار دهشڵێت یهکێتى و پارتى ههریهکهیان داواى دوو باڵیۆز دهکهن لهکۆى ئهو شهش باڵیۆزهى لهپهرلهمانى عێراق بهر کورد دهکهوێت، بهو پێیه دوو باڵیۆز دهمێنێتهوه بۆ گۆڕان و نهوهى نوێ و کۆمهڵو یهکگرتوو وتیشى» ئهو لایهنانهى باڵیۆزیان زۆره، یهکێتى و پارتى بهتایبهتیش پارتى دهبێت ئهوه بسهلمێنن که داواى یهکڕیزى دهکهن بیدهن بهلایهنهکانى تر».

سهرۆکى فراکسیۆنى نهوهى نوێ دهڵێت پارتى و یهکێتى داواى یهکڕیزیمان لێدهکهن، بهڵام بۆ پۆستهکان خۆیان لهپێشهوهن.

یوسرا رهجهب، سهرۆکى فراکسیۆنى نهوهى نوێ لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتی وت»  ئێمه نیگهرانى خۆمان پیشاندا ناعهدالهتیهکى تێدابوو زۆر بهئاشکرا و بهڕونى، ئهو کوتلانه (پارتى، یهکێتى) زۆرجار خۆیان داواى یهکڕیزى دهنگى کورد دهکهن، بهڵام بهداخهوه بۆ مهسهلهى ئیمتیازات خۆیان ههمیشه لهپێشهوهن».

ههروهها بهمافى فراکسیۆنهکهى دادهنێت یهکێک لهپۆستى باڵیۆزهکان بهر جوڵانهوهى نهوهى نوێ بکهوێت.

هاوکات سهلیم شوشکهیى، پهرلهمانتارى کۆمهڵ لهپهرلهمانى عێراق، لهلێدوانێکدا به هاوڵاتی وت» تائێستا یهکێتى و پارتى بهتهنیا چوون بۆ دانوستان و وابڕوات له 35 باڵیۆزهکه پێنج باڵیۆز بهر کورد دهکهوێت، لهوکاتهدا ههقى کورد دهفهوتێت کهههموو کوتلهکان پێکهوه یهکڕیزبن 6 باڵیۆزمان بهردهکهوێت».

جهختى لهوهشکردهوه یهکێتى و پارتى زۆر پۆستى تریان بهرکهوتووه، که لایهنهکانى تر بهشدارن لهحکومهتداو هیچ پۆستێکیان نیه، وتى» پێمان وایه زیاتر بهرکهوتهى ئێمهو لایهنهکانى دهرهوهى پارتى و یهکێتییه«.

بهپێى بهدواداچونى هاوڵاتی تائێستا زیاتر له شهش کۆبونهوه کراوه بۆ یهکلاکردنهوهى بهرکهوتهى فراکسیۆنهکان لهشهش باڵیۆزى عێراق و یهکهم کۆبونهوه لهگهڵ جێگرى دووهمى سهرۆکى پهرلهمانى عێراق بووه کهکوردهو دووهم کۆبونهوه لهناو فراکسیۆنهکان و دواتر لهگهڵ سهرۆک کۆمار ئهو پرسه باسکراوه و نهگهشتوون به رێکهوتن.

جهمال کۆچهر، پهرلهمانتارى یهکگرتوو، لهلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی وتى» لهههموو دانیشتنهکاندا نهگهیشتوینه هیچ ئهنجامێک».

باسى لهوهکرد ئهو شهش باڵیۆزه پارتى داواى سێ باڵیۆز دهکات، یهکێتیش داوا دهکات دوو باڵیۆز وهربگرێت و بهو پێیه یهک باڵیۆز بۆ پێنج حزبهکهى تر دهمێنێتهوه.

جهختى لهوهشکردهوه« لهکۆتا کۆبونهوهدا باس لهوهکراوه ههر یهک لهپارتى و یهکێتى دوو بهدوو باڵیۆزیان ههبێت و پێنج لایهنهکهى تر دوو باڵیۆزیان ههبێت پێکهوه بهپێى کورسیهکانیان لهپهرلهمان کاندیدهکانیان بنێرن و بهپێى تواناو لێهاتوویى کاندیدهکان ههر حزبێک لهو پێنج حزبه باڵیۆزهکه وهردهگرن».

جهمال کۆچهر ئاماژهى بۆ ئهوهکرد لهکۆتا کۆبونهوه یهکێتى وتویهتى که پارتى رازى بێت به ئهو رێکهوتنه، ئێمهش رازین و وتى»پارتیش خهریکه بهدۆخهکه رازى دهبێت و بهو شێوهیه باڵیۆزهکان دابهش بکرێت».

ڤیان سهبرى، سهرۆکى فراکسیۆنى پارتى لهپهرلهمانى عێراق، له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ئاماژهى بۆئهوهکرد ئهو 35 باڵیۆزهى که لهپهرلهمانى عێراق دهنگى لهسهر دهدرێت بهپێى کورسیهکان دابهشى کوتلهکانى ناو پهرلهمان دهکرێت، وتیشى»وهک فراکسیۆنه کوردییهکان 58 کورسیمان ههیهو بۆ ههر 10 کورسییهک باڵیۆزێک دیارى کراوه، کورد شهش دانهى بهردهکهوێت».

ناوبراو جهختى لهوهکردهوه لهگفتوگۆو راوێژداین لهگهڵ فراکسیۆنه کوردییهکاندا بۆ ئهوهى بگهینه رێکهوتن.

ده‌رباره‌ى 35 باڵیۆزه‌که‌ى دیکه‌ که‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق داده‌نرێت و کورد شه‌ش باڵیۆزى ده‌بێت، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ بۆ ئه‌وه‌شیان ده‌بێت کوتله‌ کوردییه‌کان گفتوگۆ بکه‌ن و رێکبکه‌ون، وتى» گرنگ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ک کورد 12 باڵیۆزمان به‌رده‌که‌وێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار