بەندکردنم لەگرتووخانەکانی کوردستانی عێراق
چیرۆکى "فێران باربهر"ى ڕۆژنامهنووسى ئیسپانى که نزیکهى 30ڕۆژ له بهندیخانهى پارتیدا مایهوه
فێران باربهر ڕۆژنامهنووسى ئیسپانى
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: ئێل مۆندۆ
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
ئەم چیرۆکەم ٢٠ جار لەمێشکمدا نووسی کاتێک لەبەندیخانەیەکی کوردستان لەهەولێر دەستبەسەربووم. یەکێک لە جۆری چیرۆکەکان بەوە دەستپێدەکات کە ئیمام عیماد دەستمدەگرێت بۆ سوچی زیندانەکە بۆ ئەوەی تیشکدانەوەی مانگم نیشان بدات کە لەهەرمێیەکی خاڵاوی دەچێت. تەنها ١٢ کاتژمێر لەزینداندا بووم و دەمێک بوو لەژماردنی پاکەتە پسکیتەکانی زیندانییەکان تەواو بوبوم کە لەباکێشە گیراوەکانی ژووری چواردا هەڵیانگرتبوو.
«بەدڵنییایەوە خودا هۆکارێکی هەیە کەتۆی هێناوە بۆ ئێرە»، مەلاکە دڵنەوایی دەدامەوە. «ئێستا دەزانیت چی روودەدات و چۆن ئەوانە سەرکوتمان دەکەن». ئەو خوێنڕێژێکی بێبەزەیی بوو بەڵام لەهەمانکاتیشدا مەلایەکی راستگۆو هاوزیندانییەکی بەڕێز بوو. پەرداخێک ئاوت پێدەدات و لەهەمان کاتدا باسی رقی خۆیت بۆ دەکات لەبەرامبەر شیعەکان کەدەبێت بکوژرێن.
کاتژمێری ژوورەکە دەریدەخست کە ٨ی ئابەو کەناڵەکانی تەلەڤزیۆنیش پێشنیاری ئەوەیان دەکرد پلەی گەرمی دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی. ئەو شەوە لەژوورەکەدا دەسوتاین. ئەوەندەی نەمابوو لەهۆش خۆم بچم ئەوکاتەی رێم دەکرد بەو رێگا پیس و چەپەڵەی گوندە ئاشوریەکانی دۆڵی نەهلا (نزیک دهۆک) پەیوەست دەکات پێکەوە، تاکە پێگەی سەلامەتی مەسیحییەکانی عێراقە کە یەکێکە لەو شوێنانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست چەقەڵەکان هەموو شەوێک تێیدا دەلورێنن و هەمووشتێک دەیەوێت بتکوژێت.
دواجار بیرم رۆشت بۆ ئەوەی کە دەبێت چ هەڵەیەکم کردبێت گەشتەکەم بۆ عێراق بگاتە دەستبەسەربوونم لەگەڵ ٦٠ زیندانی داعش، چەکدارانی تۆمەتباری تیرۆریستی کورد، پێشمەرگەی هەڵگەڕاوە، نەیارانی رژێمی بارزانی، ئالودەبوانی ترامادۆڵ، بازرگانانی تلیاک، هەروەها کۆمەڵیک رێگری پیاوکوژ.
دەبێت دانی پێدا بنێم. تەنها هەفتەیەک پێشتر پارەم دەدا تا دزە بکەمە نێو ئەم بەندیخانەیە بەمەرجی ئەوەی تەنها چەند کاتژمێرێک بمێنمەوە تێیدا بەڵام بە نەفرەت بێت وانەبوو. وام لێهات رقم دەبوەوە لە هەرچی چرکەیە لەو گرتووخانە قەرەباڵغەدا بەسەرم دەبرد. بیرم دێت بە بیرکردنەوەی زۆر تێکشکابووم بەهۆی کەمی پشووەوە.
ئەو بەندیخانەیەی تێیدا دەستبەسەربووم یەکێکە لەو بەندیخانانەی جیهانی سێیەم کەکەسی ئەشکەنجەدراو پێویستی بەکەسانی ئەشکەنجەدەر نییە، چونکە دۆخی ژیانی زیندانییەکان زۆر خراپترە لەهەرچی ئەشکەنجەدانە. تەنها دوو موبەریدەی کۆن و دەنگ بەرز ژوورەکان فێنک دەکەنەوە؛ کەشوهەوای زیندانەکە بە هەزارەها جگەرەی زیندانییەکان ئەوەندە پیس بوو بوو کە زۆر هەژار بوو لەئۆکسجین و لەهەندێک شوێنی بەندیخانەکەدا زیندانییەکان لەهۆش خۆیان دەچوون. زیاتر لە ١٢ کاتژمێر دەبوو ئێمە لەسەر یەک لا پاڵبکەوین، لەعارەقدا بخوسێین و بەتەواوی بێ جوڵە بین. لانیکەم نیوەی بەندکراوەکان نەیاندەتوانی لەشەودا بخەون. ئەگەر بتویستبا لەڕۆژدا بخەویت ئەوا لەلایەن پاسەوانەکانی بەندیخانەکەوە لێت دەدرا.
نەتدەتوانی هیچ بکەیت؛ هیچ شوێنێک نەبوو بۆی بچیت و خەمی ژیانت بڕەوێنیتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا رەتم دەکردەوە ئەو کاتژمێرانە بژمێرم کە دەبێت بەسەری ببەم لەبێبەشبونم لەهەناسەم. پێم باشتربوو تەرکیز بخەمەسەر رێگای دەرچوون و پێویست بوو دڵنیاببمەوە کە کەسێک لەدەرەوە ئاگای لەچارەنوسمە. نازانم چی منی پەلکێشی ئەم گرتووخانەیە کرد. ئەو هەفتەو مانگانەم فەرامۆش دەکرد کەدەبوو لەوێدا بمێنمەوە، بەڵام بیرم دەیگەڕاندمەوە بۆ «دەیژا ڤو»یەک [حاڵەتێکە کە وا هەست دەکەیت پێشتر ڕووداوێکێت بینیوە یان ئەزمونت کردووە و بەسەرت هاتووە] چونکە چەند ساڵێک لەمەوبەر راپۆرتێکم نووسی دەربارەی هەمان ئەزمونی سێ چەکداری ئیسپانی کە فڕێدرابوونە ئەم هۆڵە قێزەونەوە.
تەنانەت ئەو وادانەم بیرە کە لەباڕەکاندا هەمبوو چونکە بیری ئەو وێنەیەم دێتەوە کە (مارکۆس دەلیل) کێشابووی دوای ئازادبوونەکەی. ئێمە هەردووکمان هەمان هەڵەمان کرد: سەرەڕۆیی کردن لەڕێگایەکی ناوچەیەکی سەر بەکێشە.
مانگی پێشوو بەگەشتێک هاتم بۆ عێراق کە لەلایەن تەلەفزیۆنێکی ئەڵمانییەوە بەکرێگیرام بۆ دەرخستن و پیشاندانی ژیانی کۆمەڵیک چەکداری ئیسپانی و ئەڵمانی کە لەنێو ریزەکانی گروپێکی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا بوون لەناوچەی شنگال. [ نووسەر مەبەستی یەپەگەیە.]
کارەکەم کردو لەجیاتی ئەوەی بەردەوامبم لەگەشتەکە لەگەڵیان بەرەو رۆژاڤا، هەندێک کاتم بەسەربرد لەدۆڵی نەهلا. ماوەی ٥ رۆژم لەو ناوچە مەسیحیەدا بەسەربرد و هاورێی دێرینم بینی پێش ئەوەی تەلەفونێکم بۆ بێت لەباکوری سوریاوە. پێیانوتم دەتوانیت چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانی جیهادییەکی داعشی ئیسپانیدا بکەیت کە تائێستا هیچ رۆژنامەنوسێک قسەی لەگەڵ نەکردووە. ئۆڤەرەکە سەرنجراکێش بوو. دەمزانی ئەوە ئەو جۆرە چیرۆکە هەواڵانەیە کە لەڕۆژنامەی «ئێل موندۆ» جێی دەبێتەوە.
هیچ ئۆتومبیلێک نەبوو لەگوندەکاندا. بڕیارمدا بەپێ بڕۆم بەهیوای ئەوەی ئۆتومبیلێک بدۆزمەوە بمگەیەنێت بەنزیکترین شارۆچکە. بەڵام کێشەیەک هەبوو. ئەو ناوچە مەسیحی/ئاشورییە لەلایەن پەکەکەوە داگیرکراوە لەکاتێکدا پێشمەرگەکانی بارزانی (سەربازانی حکومەتی هەرێمی کوردستان) دژیانن. لەبەر هەمان هۆکار، تورکەکان دوودڵ نین لەوەی بۆمبارانی ناوچە مەدەنییەکان بکەن. لەدوانیوەڕۆدا، یارمەتی پێشمەرگەیەکم قبوڵ کرد کەهات بۆ بینینم.
«من دەتوانم بتگەیەنم ئەگەر تەکسیت ئەوێت»، پیشمەرگەکە وتی هەرچەندە گومانیشی لێم هەبوو بەڵام چوومە نێو ئۆتومبیلەکەیەوە. ئەو شوێنەی کە بردمی قەراغ رێگایەک بوو کەئۆتومبیلیک خۆی پێداکردو سێ پیاوی چەکدار لێی هاتنە دەرەوە کە خۆیان بە پاسەوانی سەر سنور ناساند. «ئێمە حکومەتین و خەڵکانی پەکەکە، کۆمەڵێک تیرۆرستن»، ئەفسەرەکە بەو وتەیە سڵاوی لێکردم.
یەکەم شەوم لە زیندانێکدا بەسەربرد لەئاکرێ کە لێکۆڵینەوەیەکی گاڵتەجاڕییانەم لەگەڵ کرا. نە ئەوان ئینگلیزیان دەزانی و نە منیش لە کوردی یان عەرەبی تێدەگەشتم. رۆژیک دواتر لە ئاکرێوە گوازرامەوە بۆ چاکسازی هەولێر. کاتێک فڕێدرامە بەندیخانەکەوە، گومانم لەوە نەبوو کە شتەکان لەوە خراپتر نابن. هەر کە گەشتم، دەبوو ژوورەکە بەش بکەم لەگەڵ ١٣٧ بەندکراوی دیکە. لەکاتی ئازادبوونم. ریکۆردی گرتووخانەکە شکا چونکە ١٦٠ زیندانی ٥٠ مەتر چوارگۆشەیان بۆ دابینکرابوو.
وەک ئەوە وابوو ١٢ کەس لەسەر دوو سیسەم پاڵبکەون. یان وەک ئەوەی ناچارت بکەن لەگەڵ دوو کەسی تر لەناو تابووتێکدا بنویت. تاکە رێگاچارە بۆ ئەوەی دەست و قاچت بڵاو بکەیتەوە لەسەر زەوییەکە ئەوەبوو لەسەر لایەک پاڵبکەویت بەگوێرەی پرۆتۆکۆلێک لەلایەن پاسەوانی ژوورەکەو سەرپەرشتیارەکەی. «ئای خوایە!»، ئەم رستەیە هەموو شەوێک بەهاوار دەوترایەوە. ئەو پیاوەی ئەوەی دەوت پەکەکە بوو کەزیاتر لەگیرۆدەی ژوری زیندان دەترسا وەک لەوەی لە بۆمبارانەکانی تورکەکان بترسێت.
پرۆتۆکۆلەکە بەم جۆرە بوو: سەرت لەپێشی پێی هاوزیندانییەکی تەنیشتت و سنگت لەبەردەم لاقی. ئەوان بەزۆر چەند پەرداخێک لەچاو و شەکرو کافوریان دەدایتێ بۆ دامرکاندنەوەی هەستی سێکسی. ئەو فشارەی دەتچەشت و لەهەمان کاتیشدا زۆر لەخۆکردنت ئەوەندە ئاشکرابوو کە زۆرجار جەستەت شین دەبوەوە، زیبکەو کێمی لێدەهات.
خواردنەکەیان پیس بوو. زۆرجار زیندانییەک لەڕۆژێکدا تەنها قاپێک برنج و نۆکاو هەیە بیخوات. ئەو بەرپرسانەی بەندینخانەکە بەڕێوە دەبەن ئەو بڕە پارەیە، کە بۆ هەر زیندانییەک 10 بۆ ١٢ دۆلارە لەڕۆژێکدا، بۆخۆیان دەبەن کە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە تەرخانکراوە. ئەو پارەیە پێویستییە بۆ هێشتنەوەی ڤێلاو ئۆتومبیلە ئەمریکییە گرانبەهاکانی گەندەڵی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان.
هەرزەکارێکی کوردی خەڵکی شەنگال قۆڵی بەجگەرەیەکی کۆری دەسوتاند. لێمی پرسی: “هەرگیز شتێکی لەو جۆرەت بینیوە؟». منیش سەرم لەقاند. “تۆ بەمزوانە لێرە دەڕۆیت، ئینشەڵا! سوێندم بۆ بخۆ کە منت بیرنەچێتەوە»، هەرزەکارەکە وای پێوتم. زیندانییەکانی ئاسایشی هەولێر خەون بەگوانتانامۆو ئەبوغرێبەوە دەبینن و لەهەمان کاتیشدا زانیارییەکانی دەستبەسەکردنیان لەسەر کاغەزی جگەرەی میلانۆ دەنووسن : “شەش ساڵ و چوار مانگ لەژوورێکی بەندیخانەیەکی شاراوە، رووتەختێکی یەک مەتری سێجاو دوو کەسی تریش لێرەن. نازانم بەچی تۆمەتبارکراوم، پێشم نەوتراوە کە چەنیک لێرە ئەمێنمەوە»، ئەوەی ئەمەی نووسی فەرماندەیەکی پێشووی پێشمەرگەیە.
گۆڕینەوەی شەق و ئانیشک لێدان زۆرجار تاکە رێگەچارەبوو کە بۆشایی خۆتت بەدرێژایی شەو دەستبکەوێت. ئەوە کاردانەوەیەکی مرۆڤانەو ماقوڵە. ئەگەر یەکێک لەپاسەوانەکانی گرتووخانەکە بزانن کە لەکەسێک دەدەیت، ئەوا دەستبەجێ بۆ کەسێک دەخۆیت بۆ ناو دەموچاوت لەلایەن کەسی تەنیشتتەوە. رەنگە یاساکە بێ بەزەییانە بێت بەڵام بەسوودە بۆ دامرکاندنەوەی تەقینەوەی توندوتیژی.
هیچ جیاوازییەکیش لەگەڵ بەندکراوەکانی داعش ناکرێت. ئیمام عیماد یەکەم بەندکراو بوو کە چاوم پێی کەوت کاتێک گوازرامەوە بۆ بەندیخانەی هەولێرو یەکێک بوو لەو کەسانە حەزی بەقسەکردن بوو چونکە لەو بەندکراوە کەمانە بوو کە بەئینگلیزی پاراو قسەی دەکرد. ١٠٤ جار قورئانی خوێندبووەوە. لەگەڵ ئەندامەکانی تری داعش رۆژەکەیان بەخوێندنەوەی چەند سورەتێک بەسەردەبرد. کوردەکانیش نوێژ دەکەن بەڵام لە بێهیوایداو بەبێ هەمان زەبت و رەبت.
تەنانەت سێ رۆژ تێپەڕنەبوبوو لەو کاتەوەی گەشتبومە بەندیخانەکە کە شایەتی تێهەڵدانی بەندکراوێک بووم. لەڕۆژی ئازادکردنمدا گۆرانیبێژێکی ناسراوی هەولێر چووە نۆرینگەی گرتووخانەکە و داوای چارەسەری کرد بۆ کاردانەوەی «وازهێنان لە ئالودەبوون». دوو یاریدەدەرە پزیشکیەکە و ئەفسەرێک بەدار لەهونەرمەندەکەیاندا هەتا لە پەلوپۆیان خست.
هیچ شتێک نەمابوو سەرم بسوڕمێنێت. دەستم کەلەپچەکرابوو لەتەنیشت پزیشکێکی موسڵ لە فڕۆکەخانە کە بەنیازی ئەوە بوو چەندڕۆژی داهاتوو لەگەڵ خێزانەکەی لەتورکیا بەپشوو بەسەرببات. ئەو وەک من رفێنرابوو چونکە ناوو نازناوی وەک جیهادیەکی داعش بوو کە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە داواکرابوو. لەکوردستانی بارزانییەکاندا، هیچ بەڵگەیەک پێویست نییە بۆ وەستاندن یان ئەشکەنجەدانی کەسێک. یان هەمویان بکوژن یان بەندیان بکەن.
هەروەک ئەوەی بۆی چووم، باڵیۆزخانەی ئیسپانیا دەربارەی رفاندنەکەم زانیبوی و ستافی ئاگادارکردبوەوە بۆ کارکردن لەسەر کەیسەکەی من. بەڵام، ئازادکردنم دواکەوت و هانزی ئیسکۆبار، باڵیۆزی ئیسپانی خۆی پەیوەندی کرد بەوەزیری دەرەوەی هەرێمی کوردستان تا پشتڕاستی بکاتەوە کە من «تەنها رۆژنامەنوسێکم».
دواتر زانیم دەستەیەکی بچوک لەهاوڕێیانم لەدەرەوە بوون، زۆربەیان رۆژنامەنووس بوون کە ئاشنابوون بەناوچەکە و لەو میدیایە کاریان دەکرد کە من زۆرجار کاریان بۆ دەکەم. ئەوە باشترین دیارییە. بەهۆی پەیوەندییەکانیانەوە، هەموو میزۆپۆتامیا گەڕان بۆ کۆکردنەوەی هەندێک زانیاری کە روونی بکاتەوە چی روویداوە. لە ٤ی ئەیلول، جارێکی دیکە بەشەقامەکانی عەنکاوەدا گەڕام و چەند رۆژێک دوای ئەوە لەقاهیرەوە گەڕامەوە بۆ بەرشەلۆنە.