هونەر وەك ئامرازێك بۆ بنەبڕکردنی هەژاریی

ڤیستیڤاڵی میوزیکی "گڵۆباڵ سیتیزن" یەکێکە لەو کەمپینانەی ساڵانە ئەنجامدەدرێت بۆ نەهێشتنی هەژاریی

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس لەمەیدانی "سێنتراڵ پارک"ی نیویۆرك کۆبونەوە بۆ فیستیڤاڵی میوزیکی "گڵۆباڵ سیتیزن" لەشەممەی رابردوودا، ئەو فیستیڤاڵە ساڵانەیەی گۆرانی جۆراوجۆری تێدا دەوترێتەوە و وەك کەمپینێکی چالاکوانی سوودی لێدەبینرێت بەهیوای نەهێشتنی هەژاری  لەسەرتاسەری جیهاندا تاساڵی ٢٠٣٠.

چەندین هونەرمەندی بەناوبانگ بەشدارییان لەم چالاکییە خێرخوازییەدا کرد لەوانە، ئادەم لامبێرت، ئەلیشا کیز، فێرڵ ویلیامز، هەروەها وەن ریپەبڵیک و چەندانی تر کەماوەی پێنج کاتژمێری خایاند. ڤیستیڤاڵەکە هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ مانگرتنی جیهانی بۆ کەشوهەوا بەسەرکردایەتی چالاکوانی سویدی تەمەن ١٦ ساڵان، گرێتا سەنبێرگ و لوتکەی کەشوهەوا لە ٧٤ەمین کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەگرتووەکان لەنیویۆرك.

هەندێك لەهونەرمەندەکان سەکۆی ڤیستیڤاڵەکەیان قۆستەوە بۆ قسەکردن لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا.

"ئێمە داوا لەهەوادارەکانمان دەکەین کۆدەنگ بن و داوا لەحکومەتەکانیان بکەن تا بەشداربن لەپاراستنی زەریاکانمان، ماسی و گیانەوەرەکانی دیکە لەزەریاکاندا بەهۆی پارچە پلاستیکەوە دەخنکێن و دەمرن"، لامبێرت وای وت.

لەمیانەی ڤیستیڤاڵەکەدا ئەکتەری بەناوبانگ، لیۆناردۆ دیکاپریۆ وتارێکی پێشکەشکردو تێیدا سەرزەنشتی دۆناڵد ترەمپی کرد دوای ئەوەی  سەرۆکی ئەمریکا بەشێوازێك لەشێوازەکان گاڵتەی بەگرێتا سەنبێرگ کرد لەتویتێکدا و نوسی "ئەو کچێکی زۆر بەختەوەر دیارە کە بەتامەزرۆییەوە دەڕوانێتە داهاتوویەکی گەش و ناوازە".

ئەمەش دوای وتارەکەی سەنبێرگ هات لە ٢٣ی ئەیلولدا لەلوتکەی گۆڕانی کەشوهەوا لەکۆبونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کەتێیدا ئیدانەی سەرکردەکانی جیهانی کرد بۆ فەرامۆشکردنی کەشوهەوای جیهان و دواکەوتن بەدوای سەروەت و سامانی گشتی و پیسکردنی ژینگە.

"لەگەڵ ئەوەی کەسانی گەنج بەرگری لەمافەکانیان دەکەن بۆ رزگاربوون، بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هەندێك بەتویتی سەرزەنشتکەر وەڵامی ئەم بزوتنەوەیەیان دایەوە، ئەو کەسانەی کەزیاتر گرنگی دەدەن بەبەرژەوەندیییە تایبەتییەکانی خۆیان وەك ئەوەی گرنگی بدەن بەداهاتووی ئێوە، بەڵام ئێمە دەزانین بزوتنەوەی گەنج بۆ رزگارکردنی کەشوهەوا زۆر گرنگترە لەهەر ساتێکی مێژووی مرۆڤایەتی. ئایا دەبێت کاردانەوەمان بۆ ئەم بزوتنەوەیە بە پۆستی بێڕێزانە بێت؟"، لیۆناردۆ دیکاپریۆ وای وت.

ڤیستیڤاڵی ''گڵۆباڵ سیتیزن" لەکۆتاییەکانی  ئەیلولی هەموو ساڵێکدا ئەنجامدەدرێت کە یەکەم کۆنسێرتی ساڵی ٢٠١٢ دەستیپێکرد. ئەم ڤیستیڤاڵە لەلایەن رێکخراوی "پرۆژەی هەژاری جیهانی- Global Poverty Project" بەڕێوە دەبرێت. ئەم پرۆژەیە لەلایەن چالاکوان  و خێرخواز هیو ئیڤانس و سایمۆن مۆس ساڵی ٢٠٠٨ دامەزرا بۆ زیادکردنی کەسانی خێرخواز بۆ بنەبڕکردنی هەژاری باڵا. بۆ گەشتن بەم ئامانجە رێکخراوەکە هێزی پەروەردە، پەیوەندی، داکۆکیکردن، کەمپین کردن، هەروەها میدیا بەکاردەهێنێت.

ڤیستیڤاڵی "گڵۆباڵ سیتیزن" بەشێکە لەڕێکخراوەکە کەتاکەکان هۆشیار دەکاتەوە بۆ بەخشین بە رێکخراوە خێرخوازییەکان لەسەر وێبسایت و ئەپڵیکەیشنی رەوتەکەوە. هەروەها رەوتەکە ئامانجی ئەوەیە فشار بخاتەسەر سەرکردەکانی جیهان بۆ کۆتایهێنان بەهەژاری باڵا تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠.

ساڵانە لەڤیستیڤاڵەکەدا چەندین هونەرمەند، باند، گۆرانیبێژ، ئەکتەری بەناوبانگ بەشداری دەکەن بۆ هاندانی خەڵک تا لەکەمپینی رەوتەکەدا بەشداردەبن. بلیتی ڤیستیڤالەکە بێ بەرامبەرە بەڵام بۆ چوونە نێو ڤیستیڤاڵەکەوە کەسانی بەشداربوو دەبێت بەڵگەیان پێ بێت کەبەشدارییان لە کەمپینەکانی رابردوودا کردووە یاخود بەشداربووبێتن لەکاری خێرخوازیدا.

بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری تایم ساڵی ٢٠١٧ بەماوەی دوو مانگ نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کردەی خێرخوازی ئەنجامدراوە لەلایەن خەڵکەوە کە بەشداربوون لەکەمپینەکانی رەوتەکەدا، ئەو ژمارەیەش بەهای سێ ملیارو ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە کەسوودی گەیاندووە بە ٢٢١ ملیۆن کەس.

هیو ئیڤانس، دامەزرێنەری رێکخراوو رەوتەکە لەڤیستیڤاڵی ئەمساڵدا رایگەیاند، "بە راستی ئەمە گرنگترین ١٠ ساڵی رەوتەکە بووە بۆ ریشەکێشکردنی هەژاری باڵاو دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا".

هەژاری باڵا یاخود هەژاری تەواو لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە لە راپۆرتی ساڵی ١٩٩٥ لەلوتکەی جیهانی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بەو شێوەیە پێناسەکراوە کە "حاڵەتێکە بریتییە لە بێبەشبوونی جدی لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ وەك، خۆراك، ئاوی خواردنوەی پاك، دامەزراوەی پاکوخاوێن، تەندروستی، پەناگە، پەروەردەو زانیاری. هەژارییەکە تەنها سەرچاوەی نەگرتووە لەداهاتی تاکەکانەوە بەڵکو دەست گەشتنیشیان بەخزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەك پێوەرێك دادەنرێت".

ساڵی ٢٠١٨ مەبەست لەهەژاری باڵا ئەوەبوو کەداهاتی تاکەکەس کەمتر بێت لەهێڵی هەژاری نێودەوڵەتی کەدوو دۆلارو ١٢ سەنتە بۆ رۆژێك، ئەم پێوەرەش لەلایەن بانکی جیهانییەوە دانرا. زۆربەی ئەوانەی لەهەژاری باڵادان لەباشوری ئاسیا، ئەفریقای نیمچە بیابان، کاریبیان، رۆژهەڵاتی ئاسیاو وڵاتەکانی ئاسیای نزیك زەریای هێمنن. ئاماری ساڵی ٢٠١٨ دەریدەخات نێجیریا یەکەم وڵاتە دانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن بە ٨٦ ملیۆن کەس.  بەپێی ئاماری رێکخراوی هەژاری جیهانی زیاتر لە ٥٩٢ ملیۆن کەس لەئێستادا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین کەدەکاتە لەسەدا ٨%ی ژمارەی تەواوی دانیشتوان.

بەپێی وتەی بەرپرسانی رەوتی "گلۆبال سیتیزن"، ساڵی داهاتوو پرۆژەکەیان گەورەتر دەبێت کەڤیستیڤاڵەکە درێژدەکەنەوەو بە راستەوخۆ لە پێنج کیشوەرەوە پەخش دەکرێت. ڤیستیڤاڵەکە لە نیویۆرک، لاگۆس، نێجیریا، چەندین شاری ئەوروپا، ئاسیاو ئەمریکای لاتین پەخش دەکرێت.

ساڵی داهاتوو ڤیستیڤاڵەکە داوا لەدەوڵەتەکان و گەورە بازرگانەکان دەکات کۆمەکی دارایی بکەن بۆ کۆکردنەوەی ملیۆنەها دۆلار بۆ نەهێشتنی پیسبوونی پلاستیکی، بەهێزکردنی ژنان، بەرەنگاری نەخۆشییە پەتاییەکان، دابینکردنی سیستەمێکی باشی پەروەردەو فێرکردن بۆ سەرکردەکانی داهاتوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار