ئەو گروپانەی بەشدارن لەداگیرکاریی سەر ڕۆژاڤا ئیسلامین
5 ساڵ لەمەوپێش
ڕاپۆرتی: VOA
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
لەلەشکرکێشییەکەی تورکیا بۆسەر چەکدارە کوردەکان لەباکوری سوریا، سوپای تورکیا پشتی بەستووە بەچەند گروپە چەکدارێکی ئۆپۆزسیۆن کە لەلایەن خۆیانەوە راهێنانیان پێکراوە.
لەشکرکێشییەکە، کەناوی نراوە «کانی ئاشتی»، ئامانجی ئەوەیە یەپەگە وەدەربنێت لەناوچەکانی نزیک سنوری تورکیا-سوریا، بەپێی وتەی بەرپرسانی تورکیا.
سوپای نیشتمانی سوری، گروپێکی نەیاری پشت ئەستوور بەتورکیا، سەرەکیترین گروپە کە لە لەشکرکێشییەکەی تورکیادا بەشدارە بۆ سەر باکوری سوریا.
یوسف حەموود، وتەبێژی سوپای نیشتمانی سوریا لەسەرەتای دەستپێکردنی لەشکرکێشییەکەوە بەمیدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی راگەیاند کەجەنگاوەرە ئۆپۆزسیۆنەکان نزیک ئەو ناوچانەی سوپای تورکیا دەیەوێت دەستیان بەسەردابگرێت لە لەشکرکێشیەکەیدا جێگیرکراون.
سەلیم ئیدریس، فەرماندەیەکی سوپاکە لەپێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا وتی کەگروپەکەی «بەهێز و پشتگیرییەوە هاوشانی برا تورکەکانیان دەوەستن» لە هێرشەکەیان بۆ نێو سوریا.
لەکاتێکدا هێزە تایبەتییەکانی تورکیا رێبەری هێرشەکە دەکەن، بەڵام نزیکەی ١٤ هەزار چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوری پاڵپشتی دەکەن لەبەرەکانی پێشەوەو سێ بۆ چوار بەرەیان کردووە بەئامانج. ژمارەی سوپای نیشتمانی سوریا لەنێوان ٨٠ هەزار بۆ ١٠٠ هەزارە.
«هەندێک چەکدار لەسەر سنوری تورکیاوە جوڵێندراون و هەندێکی تر لەسوریاوە چوونەتە بەشێکی باکوری سوریا»، ئەحمەد رەحاڵ، شیکەرەوەی سەربازی لەئەستەنبوڵ وای وت.
چەکدارە نەیارەکانی وەک لیوای سوڵتان موراد، لیوای حەمزە، هەروەها یەکەی ئەحرار ئەلشەرقیە (پیاوە ئازادەکانی رۆژهەڵات) لەگەڵ چەند یەکەیەکی بچوکتری دیکەدا رۆڵێکی گەورە دەگێڕن لەگرتنی ئەو شارانەی بەدەست هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدەوە)یە، رەحال وای وت.
لیوای سوڵتان موراد ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە. شارەزایان باس لەوە دەکەن پشتیوانی راستەوخۆی دارایی، سەربازی، لۆجیستی سوپای تورکیای پێدەگات. زۆربەی شەڕکەرەکانی لەنەژادی تورکمانن. ناوی گروپەکە بەناوی سوڵتان مورادی دووەمی سوڵتانی عوسمانییەوە ناونراوە. ئایدۆلۆجیای ئەم گروپە عوسمانیزمی نوێ و ناسیۆنالیزمی تورکییە. ژمارەیان نزیک دەبێتەوە لە دوو هەزار بۆ سێ هەزار شەڕکەر. بەشێوەیەکی بەرفراوان بنکەیان لە حەلەب بوو پێش ئەوەی رژێمی سوریا لەساڵی ٢٠١٦ شارەکە بگرێتەوە.
لیوای حەمزە کە نیسانی ٢٠١٦ لەتورکیا دامەزرا یەکێک بوو لەیەکەمین گروپە نزیکەکانی تورکیا کەچوونە نێو شارۆچکەی جەرابلوسی سوریا لەساڵی ٢٠١٧ هاوشانی سوپای تورکیا. ژمارەیان لەنێوان سێ هەزار بۆ چوار هەزاردایە. ئەم لیوایە یەکیک بووە لە بەشداربوانی داگیرکردنی هەرێمی عەفرین لەساڵی ٢٠١٨ لە لەشکرکێشی سوپای تورکیادا.
لیوای ئەحرار ئەلشەرقیە (پیاوە ئازادەکانی رۆژهەڵات) ساڵی ٢٠١٦ بنیادنرا لەلایەن ئەو کەسانەی دەرکراوو ئاوارەبوون لەپارێزگای دێرەزوور. ئایدۆلۆجیای گروپەکە ئیسلامی توندڕەوە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی عەرەبی و دژە ئەمریکا. ژمارەیان لەسەروو دوو هەزار چەکدارەوەیە. زۆربەی شەڕکەرانی ئەم گروپە ئەندامانی پێشووی بەرەی نوسرە و (ئەحرار ئەلشام)ن کەگروپێکی ئیسلامی توندڕەوی بەهێزە لەسوریادا.
رەحاڵ بە دەنگی ئەمریکای وت کەتورکیا لە پلانیدایە ئەم گروپانە جێگیربکات بۆ پاسەوانی ئەو شوێنانەی لەدەست هەسەدە دەریدەهێنێت لەنزیک سنوور بەدرێژایی ١٦٠کم.
لەکاتێکدا کەدیارنییە هەسەدە چەند چەکداری جوڵاندووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای تورکیاو ئەم گروپە ئۆپۆزسیۆنانە، بەڵام بەرپرسانی ئەوەیان بەدەنگی ئەمریکاى راگەیاندووە لانیکەم ٨٥ هەزار چەکداری راهێنانپێکراوی ئەمریکایان هەیە. هەسەدە ئەوەی نەخستوەتەڕوو ئاخۆ هەموو هێزەکانی بەشداریدەکەن لە بەرگریکردنی هەرێمەکە دژی لەشکرکێشیەکەی تورکیا.
هەسەدەی فرەنەژاد، چەند گروپێک لەخۆدەگرێت لەوانە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، ئەنجومەنی سەربازی سریانی (گروپێکی چەکدرای مەسیحییە)، سوپای شۆڕشگێڕانی دێرزوور، یەکەی یەپەگەی نێودەوڵەتی، یەکەی سەلجوق، یەکەی شەهیدانی تورکمان، یەکەی دژە تیرۆر، هەروەها یەکەی هێزە تایبەتییەکان.
شیکەرەوان دەڵێن زۆربەی ئەو گروپە نەیارانەی سوریا کە لە لەشکرکێشییەکەی تورکیادا بەشدارن سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن بۆ جوڵاندنی پاڵپشتەکانیان و پاساو هێنانەوە بۆ هاوپەیمانیەتییەکەیان لەگەڵ سوپای تورکیا.
«زۆربەیان گروپی توندڕەون کەپێشتر لەشەڕی دژی هەسەدە بەشداریانکردووە»، سەدرەدین کینۆ، توێژەری سوری لەسەر گروپە چەکدارەکانی سوریا وادەڵێت.
کینۆ بە دەنگی ئەمریکای وت ئامانجی سەرەکی ئەم گروپانە ئەوەیە دڵنیاببنەوە لەوەی هێزە دیاریکراوەکانی پاڵپشت بە ئەمریکا «وەک هەسەدە هیچ رۆڵێکیان نەبێت لەداهاتووی سوریادا».
سوپای نیشتمانی سوریا ئەم مانگە دامەزرا دوای تێکەڵکردنی چەند گروپێکی تر لەگەڵ سوپای سوریای ئازاد، بەپێی راپۆرتی میدیا تورکی و سورییەکان.
کینۆ ئاماژەی بەوەشکرد، «تورکیا سوپای نیشتمانی سوری دامەزراند بۆ ئەوەی وەک هیزێکی بەزەبت و رەبت دەریبخات دوای ئەوەی چەندین پێشێلکارییان ئەنجامداوە لەناوچە جیاوازەکانی سوریا وەک عەفرین».