صاڵەنسا لەبەشێک لەئۆتۆمبیلەکانى هه‌رێمى کوردستان دەردەهێنرێت

شارەزایانى بوارى میکانیک دەڵێن دەرهێنانى ئەو فلتەرە هۆکارى دووکەڵکردنى ئۆتۆمبیلەو دەستەى ژینگەش دەیەوێت رووبەڕووى ببێتەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



لاڤین مەحمود

بەشێک لەشۆفێران لەبەرانبەر دەستکەوتنى پارە فلتەرى تایبەت بە نەهێشتنى دوکەڵى ئۆتۆمبیلەکانیان دەردەهێنن و دەیفرۆشنەوە، ئەوەش بەهۆکارى سەرەکى دوکەڵى ئۆتۆمبیلەکان دادەنرێت، کە بەهۆکارێکى سەرەکى پیسبوونى ژینگە دادەنرێت.

هەرچەندە بەرپرسانى هاتوچۆ نەهێشتنى دوکەڵیان کردووە بەمەرجى توندوتۆڵى ئۆتۆمبیل، بەڵام هێشتا بەشێک لەئۆتۆمبیلەکانى سەر شەقامەکان دوکەڵى زۆر دەردەدەن، کە بەهۆکارى چەندین نەخۆشى دادەنرێت.

بەپێی بەدواداچوونى هاوڵاتى، بەشێک لەشۆفێران بەردى صاڵەنسای ئۆتۆمبیلەکانیان دەردەهێنن کە رێگرى سەرەکییە لەوەى ئۆتۆمبیل دوکەڵ نەکات.

زرنگ محمود شارەزا لەبوارى میکانیک بە هاوڵاتى وت «دوو جۆر دوکەڵ هەیە، دوکەڵى سپى و دوکەڵى رەش، دوکەڵى سپى بەهۆى ئەوەوە دروستدەبێت کە مەکینەى ئۆتۆمبیل رۆن سەرف ئەکات یان بەهۆى خراپى رۆنەکەیەوەیە، دوکەڵى رەش بەهۆى خراپبونى کابرێتەرو بەخاخ یاخود بەنزینى خراپ یان چەورەوە دروستدەبێت».

وتیشی «هۆکارێکى ترى دوکەڵکردن دەرهێنانى بەردى صاڵەنسایە کە لەناو صاڵەنسا دەریدەهێنن دەبێتە هۆى دروستبونى غاز، ئە و بەردە وەکو پاڵاوگەیەک بەکاردێت، بەدەرهێنانى ئەو بەردە غاز دروستدەبێت».

بەردى صاڵەنسا پێکهاتووە لەشەبەکەیەکى کون کون و هاوشێوەى فلتەر بەر بەدوکەڵى ئۆتۆمبیل دەگرێت و ناهێلێت دروستبێت و بچێتە دەرەوە.

سامان ئەحمەد یەکێکى تر لەشارەزایانى میکانیک بە هاوڵاتى وت «هەندێک لەخاوەن ئۆتۆمبێلەکان بەردەکە دەفرۆشنەوە بەبڕە پارەیەک، زۆر جار پێیان وتم وەستا ئەو بەردە پارە ئەکات ٢٠ هەزار تا ٥٠ هەزاریشیان وتووە، فرۆشتنى بەپێى جۆرى سەیارەکەو گەورەو بچوکى صاڵەنسا دەگۆڕێت».

وتیشى «ئەو بەردە هەندێ کات ئەشکێ و ئەگیرێت ئەبێت بگۆڕدرێت، بەڵام هەندێ کەس بۆى دانانێتەوە، هەندێ کات ئەو بەردە دەگەڕێننەوە بۆ شەریکەکە بۆ ئۆتۆمبێلى تر دادەنرێت».

زۆربوونى ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە لەشەقامەکاندا هاتوچۆ دەکەن و دوکەڵ دەردەن، دەستەى ژنیگەى هەرێمى کوردستانى ناچارکردووە، بەرەنگاربوونەوەى دوکەڵ بکاتە چوارچێوەى پلانى کارى ئەمساڵییەوە

هەندرێن شێخ غالیب وتەبێژى دەستەى ژینگە بە هاوڵاتى وت «ئێمە زیاتر لە چوار مانگ پێش ئێستا بەفەرمى نوسراوێکمان ئاڕاستەى ئەنجومەنى وەزیران وەزارەتى ناوخۆو بەڕێوبەرایەتى گشتى پۆلیسى هەرێم کردوە، لە مەودوا لەگەڵ پشکنینى ئۆتۆمبێل، پشکنینى دوکەڵیش بکرێت».

باسى لەوەشکرد، ئەوە یەکێکە لەپلانە ژینگەییەکانى ئەمساڵ «ئێمە رووبەڕووبونەوەى دوکەڵى ئۆتۆمبێل لەهەرێمى کوردستان وەک پلانى ٢٠١٩ کارى لەسەر دەکەین و پڕۆژەیەکى فەرمیمان پێشکەش کردوە».

وتیشی»لەوڵاتانى تر ئامێرى تایبەت هەیە پشکنینى دوکەڵ دەکات و داوامان کردوە ئەمەش جێبەجێ بکرێت، رێنمایى ئێمە ئەوەیە کە بەجۆرێک بێت قورسایى نەخاتە سەر شۆفێران بە تایبەتى لە ڕووى ماددییەوە» .

بەوتەى هەندرێن شێخ غالیب، دوکەڵێکى زۆرى ئۆتۆمبێلەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ هەوا تێکەڵدەبێت، بۆیە چاوەڕوانى ئەوەن ئەو پڕۆژەیەى ناردویانە قۆناغەکانى رێنمایى و یاسا ببڕێت وردە وردە ئیشى لەسەر دەکرێت تا دەچێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە.

بەپێی یاساکانى هاتوچۆ لەهەرێمى کوردستان، هەموو ئۆتۆمبیلێک شەش مانگ جارێک دەبێت پشکنینى توندوتۆڵى بکات، یەکێک لەمەرجەکانى پێدانى مەرجى توندوتۆڵى ئەوەیە ئۆتۆمبیلەکە دوکەڵ نەکات، بەڵام هێشتا ئەو رێوشوێنە کۆتایی بەو گرفتە نەهێناوە.

لیوا رزگار عەلى، بەڕێوبەرى گشتى هاتوچۆى هەرێمى کوردستان بەهاوڵاتى وت «ئەو ئۆتۆمبێلانەى مەکینەى تەواو نەبێت و دوکەڵ بکات شەهادەى پشکنینى نادرێتێ، هەتاکو مەکینەکەى چاک دەکاتەوە».

هەروەها وتیشی «ئەگەر ئەوەى لە تاقیگەکان رەزامەندى پێنەدرێت، لەکاتى سەنەوى تازەکردنەوە یان لە کاتى مەفرەزە ئیجرائاتى بەرامبەر ئەکەن، چونکە یەکێکە لەمەرجەکانى توندوتۆڵى ئۆتۆمبێل و لەکاتى بونى ئەو ئۆتۆمبێلانە لەسەر شەقامەکان بەپێى یاسا غرامە دەکرێن».

سەبارەت بەدەرهێنانى بەردى صاڵەنسا، لیوا رزگار عەلى وتى «ئێمە هیچ ئاگادار نین، بەڵام لەکاتى پشکنیندا ئەو ئۆتۆمبێلەى دەنگە دەنگى تێدا بێت لەکاتى کارکردنیدا وەک سەرپێچى هەژمار دەکرێت».

لاى خۆیەوە، کاروان محەمەد، وتەبێژى بەڕێوبەرایەتى هاتوچۆى سلێمانى بە هاوڵاتى وت  «ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لەمەرجى توندوتۆڵى ئۆتۆمبێل دەرنەچێت و رادەگیرێت یاخود بەبڕى ٤٠ هەزار غرامە دەکرێت، ئەگەر هاتوو شۆفێرەکەى چاکى نەکرد ئۆتۆمبێلەکەى حیجز ئەکەین تابزوێنەرەکەى چاک دەکات».

دوکەڵى ئۆتۆمبیل کە تێکەڵى هەوا دەبێت، بە یەکێک لەهۆکارەکانى توشبوونى مرۆڤ بە نەخۆشى دادەنرێت، بەوتەى پسپۆڕانى تەندروستى زیانى بۆ ئەوانە زیاترە کە نەخۆشى رەبۆو کۆئەندامى هەناسەیان هەیە.

زانیار نورى ئاغا، پسپۆڕى نەخۆشیەکانى هەناوو دڵ وتى «هەندێ ماددە هەیە لەناو هەوادا ئەگەر مرۆڤ بەشێوەیەکى بەرچاو هەڵیمژێت دەبێتەهۆى مەترسى بۆى، یەکێک لەو ماددانە کە زۆر باوە پێیدەوترێت کاربۆنە بچوکەکان کە یەکێک لەهۆکارەکانى لەئەنجامى سوتاندنى ئەگزۆزو دوکەڵى ئۆتۆمبێلە».

پێشیوایە، بەکارهێنانى ئەم ماددانە دەبێتەهۆى هەندێ نەخۆشى و کۆمەڵێ نەخۆشى زیاد دەکات

 بەتایبەت لەمنداڵاندا، زیاتر تووشى هەوکردنى بۆریەکانى هەناسە دەبن، کە  رێگەخۆشدەکات بۆ ئەوەى تووشى نەخۆشیەکانى رەبۆ، هەوکردنى سییەکان و حەساسیەت بن.

ئەم پسپۆڕە ئاماژەى بەوەشدا، ئەو کەسانەى خۆیان نەخۆشى رەبۆیان هەیە زیانى زیاترى هەیە بۆیان و چارەسەرکردنیشى قورسترە لەکەسێکى ئاسایی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار