ئەردوغان دەڵێ پەکەکە لەداعش خراپترە؛
5 ساڵ لەمەوپێش
نووسینی توونا بەکلەڤیچ -
واشنتۆن پۆست
وەرگێڕان لەئینگلیزییەوە:
ئەحمەد ئەسکەندەری
من تورکم و خەڵکی ئەدرنەم. هەموو ژیانی خۆم خەریکی سیاسەت کردن بووم بۆ وڵاتەکەم. چەند ساڵ لەسەر ئەو باوەڕە بووم کەحزبی دەسەڵاتداری دادو گەشەپێدان دەتوانێ بەو ئامانجە سەرەتاییانەی خۆی بۆ چاکسازی ئابووری و ئاوەدانیی بگات، من لەدەوڵەتی سەرۆککۆمار رەجەب تەییب ئەردوغاندا کارم کردووە.
بەڵام سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتەی ئێستا کەوتوەتە سەر رەوتێک کە من ناتوانم چاوی لێ بنووقێنم. ئەردۆغان پێگەی دەسەڵاتی خۆی لەڕێگای داپڵۆسین و توندوتیژی و بەبەهای ژیانی رۆژانەی خەڵک پتەو دەکات. ئەو نە خزمەت بەبەرژەوندی خەڵکی تورکیا دەکات و نە تەنانەت بەدەوڵەتی تورکیاش، بەڵکو تەنها بۆ خۆیەتی. ئەو ئاڵوگۆڕانەی چەند ساڵێک لەمەوبەر پێم وابوو دەگونجێت ئەنجامبدرێن، ئێستا بەهۆی ئەو رەفتارانەی ئەوەوە بەربەست کراون.
ئەم شتە لەهیچ شوێنێک بەئەندازەی ئەو توندوتیژی و شاڵاوە بێمانایەی بۆ سەر باکووری رۆژئاوای سووریا روون و ئاشکرا نییە. ئەردۆغان لەبەرامبەر ئابوورییەکدا کەدەشەلێ و ئۆپۆزیسیۆنێکدا کە فووی تێکراوە جارێکی تر لەڕێگای بەرپاکردنی شەڕەوە دەسەڵاتی خۆی دەنوێنێت. پێشڕەوییەکانی ئەرتەشی تورکیا جگە لەسەدان کوژراوی مەدەنی و ناچارکردنی هەزاران کەس بەژیانی ئاوارەیی و بەجێهشتنی خانەو لانەیان و بۆمبارانی بێبەزەییانە هیچ دەستکەوتێکی تری لێ نەکەوتووەتەوە. ئەوانەی لەناوخۆی تورکیا دژ بەم کردەوەیە راوەستاون و تەنها لەبەرئەوەی ئەمەیان بەشەڕ زانیوە، کەوتوونەتە زیندان. ئاکامەکانی ئەم کارە ئەوەیە کەئاشتی، سەقامگیری و دیموکراسی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو لەناوچەکەدا دەکەونە مەترسییەوە.
من بەردەوام لەسەر ئەو باوەڕەبووم کە قسەکردن دژ بەم دەستدرێژییە زۆر گرنگە. ساڵی ٢٠١٨ من زیاتر لەهەزار کیلۆمەتر لەئەنکەرەوە بەرەو دیاربەکر بەپێیان رۆیشتم و داواکاری رێگاچارەیەکی ئاشتیخوازانە بووم بۆ کێشەی نێوان دەوڵەت و خەڵکی کورد. ئێستا کە ئەو ئەزموونەی خۆمم وەبیردێتەوە، تێ دەگەم کە بۆ تێکشاندنی ئەو گریمانەیە کە بناغەکەی لەسەر شەڕ دانراوە، هێشتایش دەتوانم کاری لەوە زیاتر بکەم.
من کەسێکی تورکم. من لەکاربەدەستانی پێشووی دەوڵەتم. من لەسەر ئەو باوەڕەم کە پارتی کرێکارانی تورکیا واتە پ ک ک – کەسەرۆککۆمار ترامپ بەخراپتر لەداعش وەسفی کردووە – رێکخراوەیەکی تێرۆریستی نییە.
دەیان ساڵە رێبەرانی تورکیا بۆ رەوایی دان بەهەموو ئەو دڕندەییانەی دەوڵەتێک دەتوانێ بەرامبەر بەگەلێک بیکات، باس لەهەڕەشەکانی «تێرۆریسمی پ ک ک» دەکەن. هەروەها کەڵک لەهەموو چەشنە پێشێلکردنی سەرەتاکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکان وەردەگرن. ئێمەیان فێڕ کردووە کەهەموو کوردێک لەبەر هەبوونی پ ک ک دەبێ حیسابی هەڕەشەی بۆ بکرێت و ئەگەر ئەوانە [واتە پ ک ک] نەبن ئیتر شتێک بەناوی پرسی کورد لەئارادا نییە.
ئەوەی کە قەت بەئێمەیان نەگوتووە ئەوەیە کەبزووتنەوەکە کاتێک بناغەی داڕێژرا کە سیاسەتەکانی دەوڵەت بریتی بوون لەوەی کوردەکان وەکو گەلێک واتە ملیۆنەها پیاوو ژن و منداڵ خاوەنی هیچ چەشنە پێناسەیەکی خۆیان نین.
ئێمە قەت لەوە تێنەگەیشتین کەخەباتی چەکدارانەی ئەوان تەنها ئەو کاتە دەستیپێکرد کە یەکەم رێبەرەکانیان گیران، خزێندرانە نێو زیندان و ئەشکەنجە دران و لەڕاستیدا بڕیار بۆ دانانی رێکخراوێکی سیاسی تەنها پاش چەند دەیە قەڵاچۆکردن و داپڵۆسین لەلایەن دەوڵەتەوە دەستیپێکرد. ئێمە قەت قبووڵی ناکەین کەهەر هەوڵدانێک بۆ تێکشکاندنی ئامانجەکانی کوردەکان بەزەبری هێز، تواناییەکانی بزووتنەوەکەیانی زۆر زیاتر کردووە نەک کەمتر.
دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا لەبەرئەوە دەستیان داوەتە بژاردەی لەشکریی و تۆقاندنی بیروڕای گشتی کەئامادە نین قبووڵی بکەن ئەوە دەسەڵاتە سیاسییەکانن کە دەبنەهۆی دۆخی خۆلێلانەدەری تێکهەڵچوون. پیاوان و ژنانی گەنج ئەگەر لەسەر ئەو باوەڕە بن کەبژاردەیەکی تریان هەیە، دەست لەماڵ و حاڵی خۆیان هەڵناگرن بۆ خەباتکردن لەشەڕێکی درێژماوەدا. ئەوان کاتێک ئەو کارە دەکەن کەدەبینن لادێکانیان دەسووتێنن، نوێنەرانی هەڵبژێردراویان لەکار دەردەکەن و دەیانخەنە زیندانەوە، زمان و فەرهەنگیان بەتاوان دەژمێردرێن. لەم روانگەیەوە هیچ کەسی تر نییە جگە لەخودی دەوڵەت کە لەئێستادا بەزیندانی کردنی هەزاران کەس لەشارۆمەندان بەهۆی «پڕوپاگەندەی تێرۆریستیی» بووە بەگەورەترین بانگەشەکارو یارمەتیدەر کەخزمەت دەکات بەپەیوست بوون بەڕیزەکانی پ ک کـوە.
لەلایەکی ترەوە، خودی ئەم گرووپە [پ ک ک] بەردەوام خوازیاری گەیشتن بەڕێگاچارەیەکی ئاشتیخوازانە بووە. هەر لەسەرەتای دەیەی ١٩٩٠ـەوە چەندین جار ئاگربەسی راگەیاندووەو یەک لەدوای یەک داوای لەدەوڵەت کردووە ڕێگا خۆشبکرێت بۆ گفتوگۆ. رێبەرانی ئەوان تێدەگەن کەوەڵامی نای رێبەرانی ئێمە چییە: ئەو پرسە کە باسی لێوەدەکرێت بریتییە لە مافەکان و بەڕەسمیی ناسین کەهێزەکانی ئەرتەش ناتوانن ئەوە چارەسەر بکەن.
بە ئێمە گوتراوە کە لەوانە بترسین و رقمان لێیان بێت چونکوو ئەوانە «جیاوازیی خوازن». من ئێستا بە دڵنیاییەوە دەتوانم وەکو تورکێک بڵێم ئەوە سیاسەتەکانی دەوڵەتە کەسەرچاوەی رق و نانەوەی جیاییە لەناو گەلانی جیاوازی ناوچەکەی ئێمەدا. ئامانجەکانی بزووتنەوەی کورد بریتییە لەفەرچەشنی و ناناوەندگرایی [عدم تمرکز] و ئەمانەن ئەو شتانەی کەدەتوانن دیسانەوە ئەم وڵاتە بەدەوری یەکەوە کۆبکاتەوە.
ئێستا ساڵانێکە کۆمەڵگای نێونەتوەیی خۆی بووە بەبەشێک لەکێشەکە نەک ئەوەی رێگاچارە بێت. ساڵانێکە بێ ئەملاوئەولا پشتگیری دەکەن لەشەڕ دژ بەبزووتنەوەی کوردستان. پشتیوانییە نێونەتەوەییەکان لەشەڕی تورکیا دژ بەداخوازە سیاسییەکانی کوردەکان بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە، تەنیا ئەوانە بەهێز دەکات کەشەڕ بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆیان بەکاردەهێنن و هەروەها ئاشتیخوازەکان بێ دەسەڵات دەکات. هەر بۆیەشە من داوا دەکەم لەدەوڵەتی ئەمریکا پ ک ک لەلیستی رێکخراوە تێرۆریستییەکان بهێنێتە دەر.
دەستهەڵگرتن لەم چوارچێوە بەرتەسکەی دژی تێرۆریسم و پێداگری لەسەر تێگەیشتنێکی راستەقینە لە هۆکارەکانی ئەم تێکهەڵچوونانە تاقە رێگایە بۆ گەیشتن بە دیموکراسی، ئاسایش و لەڕاستییدا کۆتایی هێنانە بەم شەڕە. ئەگەر من بتوانم گێڕانەوەی ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا لەدایکبووم و ئەو دەوڵەتەی سەردەمانێک کارم بۆی کردووە فڕێ بدەم، هیچ هۆکارێک نییە کە خەڵکانی تر لەسەرانسەری جیهان نەتوانن رێک ئەو کارەی من بکەن. وڵاتەکەی من و تەواوی خەڵکەکەی ئیتر ناتوانن و لەدەستیان نایە جگە لەوە کارێکی تر بکەن.