عه‌بدولمه‌هدى؛ شه‌ڕى مانه‌وه یان ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه؟
"ئه‌گه‌ر نامه‌ى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى له گیرفاندا بوایه وه‌ک هه‌ندێک باسى ده‌که‌ن، مانگێک له‌مه‌وبه‌ر وازى ده‌هێنا؟"
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فشاره‌کان له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق چڕبوونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستله‌کاربکێشێته‌وه، ئه‌ویش به‌کارتى چاکسازى و گۆڕانکاریی شه‌ڕى مانه‌وه ده‌کات، له‌سه‌ر ئه‌و کورسییه‌ى کهخۆپیشاندانهکان پایه‌کانیان له‌رزۆک کردووه.
ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کانى به‌غداو چه‌ند شارێکى دیکه‌ى عێراق له‌ڕۆژى هه‌ینییه‌وه، فشاره‌کانى سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدى زیاتر کردووه، له‌کاتێکدا ته‌نها ماوه‌ى ساڵێکه وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران ده‌ستبه‌کاربووه.
چه‌ند کاتژمێرێک پێش خۆپیشاندانه‌که‌و به‌ره‌به‌یانى رۆژى پێنجشه‌ممه، عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ڕێگه‌ى وتارێکه‌وه که‌تێیدا چه‌ند بڕیارێکى چاکسازى راگه‌یاند، وه‌کو گۆڕانکاریی وه‌زاریی و که‌مکردنه‌وه‌ى موچه‌ى پله باڵاکان بۆ نیوه، هه‌وڵیدا رێگه له‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کان بگرێت، به‌ڵام ئه‌وانه به‌س نه‌بوون بۆ رازیکردنى خۆپیشانده‌رانى توڕه له‌گه‌نده‌ڵى و پشک پشکێنهى حزبى و بێکارى.
جه‌مال کۆچه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق پێیوایه، ئاماژه‌کان به‌ره‌وئه‌وه‌ن که‌ئه‌م کابینه‌یه کۆتایی بێت «پێده‌چێت ته‌مه‌نى ئه‌م کابینه‌یه ته‌نها ئه‌وه‌نده بێت و چیتر عادل عه‌بدولمه‌هدى تواناى ئه‌وه‌ى نه‌بێت که‌به‌رگرى بکات بۆ مانه‌وه‌ى».
وتیشى «ئێستا هاوکێشه‌که گۆڕاوه، پێشتر بۆ لابردنى سه‌رۆک وه‌زیران و دانانى که‌سێکى دیکه له‌شوێنى، پێویست بوو لایه‌نه جیاجیاکان و شیعه‌و کورد‌و سوننه رازى بکرانایه، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌که چووه‌ته ده‌ستى شه‌قام، چیتر ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ى پێشوو کاریگه‌ریى نییه«.
به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره، پێشتر عادل عه‌بدولمه‌هدى سێ جار داواى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى پێشکه‌ش کردووه، به‌ڵام به‌فشارى ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌پشت دانانییه‌وه بوون پاشگه‌زبووه‌ته‌وه «به‌ڵام ئێستا پێناچێت چیتر تواناى مانه‌وه‌ى مابێت، به‌تایبه‌ت که‌خه‌ڵک له‌خۆپیشاندانه‌کاندا کوژران».
باسى له‌وه‌شکرد، ئێستا بژارده‌ى ئه‌وتۆ له‌به‌رده‌م سەرۆک وه‌زیران نه‌ماوه، به‌تایبه‌ت که پێشتر باسى لایه‌نى سێیه‌مى ده‌کرد که‌ده‌ستى له‌کوشتنى خۆپیشانده‌راندا هه‌بووبێت، به‌ڵام دواى بڕیاره‌کانى خۆى بۆ ئه‌وه‌ى پارێزگارى له‌خۆپیشاندان بکرێت و دیسان خه‌ڵک کوژرایه‌وه، هه‌ڵوێستى لاواز بووه‌و پێناچێت بمێنێته‌وه.
له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى کورده‌وه، جه‌مال کۆچه‌ر پێیوایه، ده‌بێت کورد به‌یه‌کده‌نگى له‌و باره‌یه‌وه هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، نه‌ک لایه‌نه‌کان به‌جیا له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌کان کۆبنه‌وه، هه‌روه‌ها کورد به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خۆى دیاری بکات و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه مامه‌ڵه بکات.
له‌خۆپیشاندانه‌کانى رۆژانى هه‌ینى و شه‌ممه‌دا زیاتر له (40) که‌س کوژراون و زیاتر له‌سێ هه‌زار که‌سیش برینداربوون، له‌کاتێکدا حکومه‌ت پێشتر به‌ڵێنى پاراستنى گیانى خۆپیشانده‌رانى دابوو. هه‌ر له‌خۆپیشاندانه‌کاندا زیاتر له (50) باره‌گاى حزبى و حکومى سوتێنران.
هه‌رچه‌نده ئه‌و ره‌وشه بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدى هه‌واڵێکى باش نه‌بوو، به‌ڵام وتاره‌که‌ى مه‌رجه‌عیه‌تى باڵاى شیعه‌کان له‌نه‌جه‌ف هیواى مانه‌وه‌ى له‌پۆسته‌که‌ى پێبه‌خشییه‌وه، کاتێک باسى له‌ئه‌نجامدانى چاکسازى کرد، هاوشێوه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى.
عه‌بدولمه‌هدى له‌وتاره‌که‌یدا که‌پێش ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کان پێشکه‌شیکرد رایگه‌یاندبوو، هەفتەی داهاتوو گۆڕانکاری وزاری دەکەن دوور لەپشک پشکێنەو جەخت لەسەر توانا‌و سەربەخۆیی وەزیرەکان و ئامادەیی ژنان و گەنجان دەکەنەوە، پشتگیری لەدامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دامەزراندنی دادگای باڵا دەکەن بۆ دادگایی‌کردنی گەندەڵکاران، موچەی پلە باڵاکان بۆ نیوە کەمدەکەنەوە.
هەروەها عەبدولمەهدی کەربەلائی، نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لەوتاری هەینیدا لەکەربەلا جەختیکردەوە، چاکسازیی لەحکومەت و دامودەزگاکاندا بەڕێگای ئاشتیدانە دەکرێ و داواش لەعێراقییەکان دەکات ریزەکانیان یەکبخەن و داواکانیان بگەیەنن.
میران محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌فراکسیۆنى یه‌کێتى پێیوایه، عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌رگرى ده‌کات بۆ مانه‌وه‌ى له‌پۆسته‌که‌ى و ده‌توانێت بمێنێته‌وه، به‌تایبه‌ت کهخۆپیشاندانهکان به‌و شێوه فراوانه نه‌بوون که چاوه‌ڕوانده‌کرا، هه‌روه‌ها مه‌رجه‌عیه‌ت پشتیوانى بۆ ده‌ربڕى و بۆ یه‌که‌مجار له‌م ره‌وشه‌دا باسى پاراستنى خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌کان ده‌کات که رۆڵیان هه‌بووه لهتێکشکاندنى داعشدا.
عادل عه‌بدولمه‌هدى شه‌ڕى مانه‌وه ده‌کات، ئه‌و ئێستا خۆى وه‌زیره‌کان ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ى بمێنێته‌وه
میران محه‌مه‌د به هاوڵاتى وت «عادل عه‌بدولمه‌هدى شه‌ڕى مانه‌وه ده‌کات، ئه‌و ئێستا خۆى وه‌زیره‌کان ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ى بمێنێته‌وه، ره‌نگه گۆڕانکاریی وه‌زاری و چاکسازیش که‌مێک دۆخه‌که هێوربکاته‌وه، به‌ڵام گرنگ چاکسازیی ریشه‌ییه«.
له‌کاتێکدا ته‌نها ساڵێک به‌سه‌ر کابینه‌که‌یدا تێپه‌ڕیوه چه‌ند مانگێکه پرسی گۆڕانکاریی وه‌زارى هاتووه‌ته ئاراوه‌و باس له‌ئه‌گه‌رى گۆڕینى پێنج وه‌زیر ده‌کرێت، به‌ڵام هێشتا هه‌نگاوى کرداریی له‌و باره‌یه‌وه نه‌نراوه.
هه‌رچه‌نده عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌وه ناسراوه که له‌کاتى هه‌ر فشارێکدا ده‌ستله‌کارده‌کێشێته‌وه، به‌ڵام میران محه‌مه‌د پێیوایه کاتێک عه‌بدولمه‌هدى ده‌ستله‌کارده‌کێشێته‌وه که به‌ته‌واوى بێ پشت و په‌نا بمێنێته‌وه‌و مه‌رجه‌عیه‌ت و هێزه‌کان پشتیوانى نه‌که‌ن «ئه‌گه‌ر نامه‌ى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه له‌گیرفانیدا بوایه وه‌ک ئه‌وه‌ى هه‌ندێک باسى ده‌که‌ن، مانگێک له‌مه‌وبه‌ر وازى ده‌هێنا».
پێشتر عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌ستى له‌چه‌ندین پۆستى جیاجیا کێشاوه‌ته‌وه، که له‌دواى رووخانى رژێمه‌که‌ى سه‌دام حوسه‌ینه‌وه به‌ده‌ستیهێنابوو، به‌ڵام ئاماژه‌کانى ئێستا ده‌ریده‌خه‌ن که پێناچێت بیه‌وێت مل بۆ فشاره‌کانى ئێستا بدات و ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و پۆسته‌ى بێت که نه‌یاره‌کانى چاویان تێبڕیوه.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش هێشتا هیچ لایه‌نێک به‌فه‌رمى پشتیوانى داواى خۆپیشانده‌رانی نه‌کردووه بۆ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى سێ سهرۆکایهتییهکە له‌سه‌رووى هه‌مویانه‌وه عادل عه‌بدولمه‌هدى که له‌لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردندایه.
کورد دیارترین ئه‌و لایه‌نانه‌یه که‌پشتیوانى له عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌کات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رپرسه‌کانى باس له ره‌وایی داواى خۆپیشانده‌ران ده‌که‌ن و دیار نییه هه‌ڵوێسته‌که‌یان تاچه‌ند بڕ ده‌کات بۆ پشتیوانى ئه‌و سه‌رۆک وه‌زیرانه نوێیه که‌هیچ کوتله‌یه‌کى به‌هێزى نییه که له‌په‌رله‌مان پشتیوانى بکات.
له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى کورده‌وه له‌م دۆخه‌دا، میران محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه، کورد ئه‌وه‌نده پشتیوانى سه‌رۆک وه‌زیران بکات کهقهزیهکهى خۆى له‌ده‌ستنه‌دات و مه‌ترسی نهخاتهسهر، چونکه هه‌ر که‌سێک له‌دواى ئه‌ویش ببێته سه‌رۆک وه‌زیران هه‌ر ده‌بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان بکات، هه‌رچه‌نده به‌وته‌ى ئه‌و ره‌نگه سه‌رکردایه‌تى سیاسی کورد هه‌ڵوێستى به‌شێوه‌یه‌کى تر بێت له‌و باره‌یه‌وه.