ئەو گروپە چەکدارانەی رابەرایەتی داگیرکارییەکەی تورکیا دەکەن لەلایەن ئەمریکاوە هاوکاری کراون
لە ٢٨ گروپی چەکداری سوپای نیشتمانی سوریا، ٢١ گروپیان هاوکاری دارایی و سەربازی «واشنتۆن»یان پێگەیشتووە
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: زە گرەی زۆن
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا هێرشی تووند دەکەنە سەر هێزە بەکرێگیراوەکانی تورکیا لە «میلیشیا عەرەبەکان» لەبەرامبەر کوشتن و سەربڕینی کوردەکان لەباکوری سوریا. ئامارێکی نوێ لەتورکیا دەریدەخات کە بەنزیکەیی هەموو ئەو میلیشیایانە لەپێشتردا لەلایەن «سی ئای ئەی» و پنتاگۆنەوە راهێنانیان پێکراوە و پڕچەک کراون.
لەسەرەتای دەستپێکی داگیرکارییەکەی تورکیا بۆ باکوری سوریا، گرتە ڤیدۆیەک بڵاوبویەوە کە ئەندامانی هێزە بەکرێگیراوەکانی تورکیا لە «سوپای نیشتمانی سوریا» دیلە کوردەکان دەکوژن، ئەمەش بەگژداچوونی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بووە پاڵنەر بۆ بەرپرسە حکومییەکان، شارەزاو ئەکادیمییەکان، سیاسەتمەدارە دیارەکانی ئەمریکا تاتووڕەیی خۆیان دەرببڕن دژی دڕندەییەکەیان.
لەپێگەی واشنتۆن پۆست، بەرپرسێکی ئەمریکی ئیدانەی ئەم میلیشیایانەی کردو بە «شێت و متمانەپێنەکراو» ناوزەندی کردن. بەرپرسێکی دیکە بە «بە خوێنڕێژ و رێگر و چەتە» وەسفی کردن «کە دەبێت لەسەر رووی زەوی ریشەکێش بکرێن». هاوکات هیلاری کلینتۆن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا دیمەنەکەی بە «تۆقێنەر» ناوزەند کردو بەتایبەتی سەرۆک ترەمپی تۆمەتبارکرد بۆ ئەو دڕندەییە.
بەڵام ئەو شەڕکەرانەی لە دڕندەییەکەی باکوری سوریادا بەشدارن تەنها پیاوە خێڵەکییەکان نین کە هەڕەمەکییانە لە سوپایەکی تایبەت بەئۆپەراسیۆنێک کۆکرابێتنەوە. لەڕاستیدا زۆربەیان ئەندامی پێشووی سوپای سوریای ئازاد بوون، ئەو هێزەی کاتی خۆی لەلایەن سی ئای ئەی و پنتاگۆنەوە پڕچەککران و وەک «یاخیبوو (دژەحکومەت)ی میانڕەو» بانگەشەیان بۆ دەکرا.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوە بۆ توێژینەوەی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی سەر بەحکموتی تورکیا لەم مانگەدا بڵاوکراوەتەوە، «لە ٢٨ بەرەی [هێزە بەکرێگیراوەکانی تورکیا] ٢١ بەرەیان پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی کراون، سێ بەرەیان لەڕێی پرۆگرامی پنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمریکا)وە بۆ رووبەڕوبوونەوەی داعش. ١٨ بەرەیان لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و رێکخستنی پشتیوانییەکانەوە لەتورکیا، کە کورتکراوەکەی «MOM”ە، کەرەستە و هاوکاریان بۆ دابینکراوە، کەژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی «هاوڕێکانی سوریا» بوو بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپۆزسیۆن. هەرەوەا ١٤ بەرە لە ٢٨ بەرەکە مووشەکی دژە تانکیان «TOW”ی ئەمریکیان وەرگرتووە».
بەواتایەکی تر، بەنزیکەیی سەرتاسەری دامەزراوە نەیارەکەی دژی ئەسەد کە لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە پڕچەک و هاوکاری کراوە، ئێستا لەلایەن سوپای تورکیاوە ئاراستەی گۆڕاوە تا ئەوەی سەرکردایەتی داگیرکارییە دڕندەییەکەی باکوری سوریای پێ بکات. سەرکردەی ئەم هێزە سالم ئیدریسە، ئێستا «وەزیری بەرگری حکومەتە کاتییەکەی» سوریایە بەپاڵپشتی تورکیا. سالم هەمان کەسایەتی بوو کە میوانداری لە «جۆن مەکین»ی ئەندامی ئەنجومەنی پیران کرد کاتێک لەشکرکێشییەکەی سوریای دەستپێکرد لە ٢٠١٣.
سەلیم ئیدریس کاتی خۆی بەڵێنیدا، «ئێمە دەجەنگین دژی هەموو ئەو رێکخراوە تیرۆرستیانەی لەلایەن پەکەکە و پەیەدەوە رابەرایەتیان دەکرێت».
ساڵی ٢٠١٣ سەلیم ئیدریس وەک پاڵەوان لەواشنتن دەناسێنراو بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرا کە سەرکردەی داهاتووی سوریا دەبێت.
کاتێک سیناتۆر جۆن مەکین لەئایاری ٢٠١٣دا سەردانە لەپڕەکەی ئەنجامدا بۆ سنوری تورکیا-سوریا بەو هیوایەی هانی لەشکرکێشی سوپای ئەمریکا بدات، لەلایەن سەلیم ئیدریسەوە بەگەرمی پێشوازی لێکرا.
“ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لەحکومەتی ئەمریکا ئەوەیە کە بڕیار بدات پاڵپشتی شۆڕشی سوریا بکات بەچەک و تفاق، موشەکی دژە تانک، چەکی دژە فڕۆکە»، سەلیم ئیدریس ئەمەی بە (جۆش رۆجین)، پەیمانێرو بانگەشەکەری گۆرانکاری رژێم لەسوریا وت.
هەرچەندە سەلیم و هاوپەیمانەکانی هەرگیز ئەو لەشکرکێشییە فراوانەی دەیانویست بەدەستیاننەهێنا بەڵام چەندەها باری چەکی قورسیان بەدەست گەشت، لەوانە سەدەها موشەکی دژە تانک.
ئەو «دیمەنە تۆقێنەرانەی» ئەم کۆمەڵە توندڕەوانە ئەنجامی دەدەن دژی کوردەکان نوێ نین و لەڕاستیدا لە حەوت ساڵی رابردوودا هەمان کاریان ئەنجامداوە لەسەرتاسەری سوریادا. پێشتر کاتێک ئامانجیان گۆڕینی رژێم بوو لەسوریا، پاڵپشتی تەواوەتی و رەزامەندی واشنتنیان هەبوو. بەڵام ئێستا کە ئەندامانی هێزێکی بریکاری زیاتر دڵسۆزی ئەمریکا کوشتوبڕ دەکەن، دابینکەرو بەخێوکەرەکانیان لەهەڵوەداندان بۆ سەرکۆنەکردن و ناوزەندکردنیان بە «چەتە و ڕێگر».
سوپای سوریای ئازادو کڵاو سپییەکان بوون بەسوپای بەکرێگیراوی تورکیا
بۆ یەکەمجار لەمارسی ٢٠١٨ تورکیا شۆرشگێرانی دژە ئەسەدی لەدژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی کوردی بەکارهێنا کاتێک کەشاری عەفرینی داگیرکرد لەئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون. ئەو پەلامارە زنجیرەیەک دڕندەیی بەخۆیەوە بینی، هەر لەشێواندنی لاشەی ژنە کوردێکی شەڕەڤان تا تاڵانکردنی عەفرین. ئەو تاوانانەی جەنگ بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن شەڕکەرانی سوپای سوریای ئازادەوە ئەنجام دەدران – کۆکراوەی ئەو «یاخیبووە میانڕەو»انەی لەلایەن (سی ئای ئەی)ەیەوە پێشتر چەکیان بۆ دابینکراوە.
هەروەها رێکخراوی کڵاو سپییەکانیش ئامادەییان هەبوو لەعەفرین، ئەو رێکخراوەی بە فەرمی بە «بەرگریکاری مەدەنی سوری»ناسراوە و پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی نۆبڵ، هەروەها لەلایەن میدیای رۆژائاواوە بە رزگارکەری مەدەنی پیایانهەڵدەدراو بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و بەریتانیاوە بودجەیان بۆ دابیندەکرا. کڵاو سپییەکان وەک یاریدەدەری هێزە بەکرێگیراوەکان هاتنە شارەکەو خۆشیان وەک بریکاری تورکیا کاریان دەکرد.
دوای ئەوەی تورکیا و هێزە نەیارە بریکارەکانی زۆرینەی دانیشتوانی کوردی شارەکەیان پاکتاوی نەژادی کرد، کڵاو سپییەکان بەڵێنیاندا «بنیادی بنێنەوە»، بۆ «گەڕاندنەوەی شارەکە بۆ جوانیەکەی پێشووی خۆی». تەنانەت لەهەڵمەتێکی وێنەییدا ناوی عەفرینیان بە عەرەبی نەخشاند بە خۆبەخشەکانیان.
ئەم مانگە، کاتێک شەڕکەرە پشتئەستوورەکان بەتورکیا گەڕانەوە بۆ باکوری سوریا، دەستبەجێ دڕندەیی دەستی پێکردەوە.
هەڤرین خەلەف، سیاسەتمەدارێکی کوردی سوریاو هاوسەرۆکی پارتی ئایندەی سوریا، لە ئۆتۆمبیلەکەی بەڕاکێشان دەرهێنرا لەلایەن میلیشیکانەوە و لەگەڵ شۆفێرەکەیدا کوژرا. کوردانی تر، لەوانە دوو دیلی بێ چەک لەکاتی ڤیدیۆ گرتنیان لەلایەن بریکارەکانی تورکیاوە دەکوژرێن. دواتر چەتە بەکرێگیراوەکان بەئەنقەست دەستیانکرد بە ئازادکردنی دیلە داعشەکان لە بەندیخانە بێ پاسەوانەکاندا، ئەمەش ئازادکردنی هاوڕێ هاوفکرەکانیان لێکەوتەوەو رەوانەیانکردن بەرەو مەیدانی جەنگ.
هیچ یەکێک لەمانە ئەگەری روودانی نەدەبوو ئەگەر واشنتن چەندین ساڵ و ملیارەها دۆلاری خەرج نەکردایە لەپاڵپشتیکردنی سوپای ئۆپۆزسیۆنی سوریا.