شه‌پۆلى بایکۆتى کاڵاى تورکى ده‌په‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێرو دهۆک

5 ساڵ لەمەوپێش



 

شاناز حهسهن

شهپۆلى بایکۆتى کاڵاى تورکى کە لهسنورى سلێمانییهوه دەستیپێکرد، پهڕیوهتهوه ههولێرو دهۆک و ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستانیش و بهرفروانتر دهبێت.

لهدواى دهستپێکردنى ئۆپهراسیۆنهکهى تورکیا بۆ سهر رۆژئاواى کوردستان، کهماوهى (20) رۆژه بهردهوامى ههیه، خهڵکى ههرێمى کوردستان بایکۆتى کاڵا و بهرههمى تورکییان کرد.

جونهید موراد، خاوهنى مارکێتى لاس لهههولێر، ماوهى ههفتهیهکه بایکۆتى کاڵاى تورکی کردووهو بهرههمى ناوخۆو سعودى و ئیماراتى دههێنێته مارکێتهکهیهوه.

پێشتر مارکێتى لاس مانگانه بهبڕى نیو ملیۆن دۆلار کاڵاو بهرههمى تورکى هێناوهته مارکێتهکهیەوه.

خاوهن مارکێتهکه وتى «بهدیل زۆرهو هیچ کێشهمان نابێت، بگره قازانجى زۆریش دهکهین کهبهرههمى تورکى بهکارنههێنین، چونکه بهبهراورد بهبهرههمى تورکى بهرههمى وڵاتهکانى تر زۆربهیان نرخیان کهمتره«.

وتیشى «تورک زۆر بهزیرهکى ئیرادهى کوردیان والێکردووه کهتهنیا بهرههمى تورکى باشهو بهکاریبهێنن».

نمونهشى بهوه هێنایهوه کهکۆمپانیایهکى تورکى کاتێک دهچنه مارکێتهکان، «که بهرههمهکهشیان لێنهکڕیت، (20) پاکهتت بهههدیه بۆ دادهنێن و بۆ جارى دووهم واتلێدهکهن بهزۆر بیکڕیت».

ئێستا لهههولێردا بایکۆتى سهرتاسهرى کراوهو ههموو کهس و ههموو مارکێت و شوێنهکان بایکۆتیان کردووه، هێنانى کاڵاو بهرههمى تورکى زۆر کهمبووەتهوه.

جونهید که (10) ساڵه مارکێتى ههیه باسى لهوهشکرد، پێشتر تهنیا خواست لهسهر کاڵاى تورکى بوو، بۆیه دهیانهێنا، بهڵام لهئێستادا خهڵکهکه خۆى نایهوێت  «بۆیه ئێمهش دهتوانین بایکۆتى بکهین و نهیهێنین».

جهختى لهوهشکردهوه ئێستا لهههولێردا بایکۆتى سهرتاسهرى کراوهو ههموو کهس و ههموو مارکێت و شوێنهکان بایکۆتیان کردووه، هێنانى کاڵاو بهرههمى تورکى زۆر کهمبووەتهوه.

مارکێتهکهى جونهید لهسهدا (80)ى بهرههمى تورکى بووه، لهئێستادا هیچ بهرههمێکى تورکى نییه.

فهرمان رهشاد، چالاکوانى مهدهنى، لهشارى ههولێر، لهلێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى»بهو پێیهى سنورمان بهسنورى تورکیاوهیه بهرههمى تورکى لهههولێر و دهۆک زیاتره، چونکه لهسهدا (80) ههناردهى تورکیا  دێته ههولێرو دهۆک، بهڵام خهڵک بهگشتى بایکۆتى کردووهو بۆته پرۆسهیهکى میللى  کهههموو ئاستێک بایکۆتهکهى کردووه«.

ئاماژهى بۆ ئهوهکرد بهردهوام رێنمایى خهڵک دهکهن و  بهپێی بهدواداچوونهکان خهڵک زۆر بایکۆتى کردووه.

تائێستا بهتهواوى دیار نییه قهبارهى بایکۆتهکه چهندهو کاریگهرى ههبووه، بهڵام بایکۆتهکه گهیشتووهته سنورى پارێزگاى دهۆکیش کههاوسنوره لهگهڵ تورکیا.

سۆران نامت، خاوهنى مارکێتى هوژین لهدهۆک ماوهى ههشت رۆژه بایکۆتى کاڵاى تورکی کردووهو هیچ بهرههمێکى تورکی نییه لهسۆپهرمارکێتهکهى.

سۆران وتى «خهڵکى داواى چی بکات ئێمه دهتوانین ئهو بهرههمه بهێنین، چونکه خواستى خهڵک بۆ ئێمه گرنگه، لهئێستادا زۆر شوێن بایکۆتیان کردووهو خهڵکى دهۆکیش وهک بهرپرسیارێتى  بهرامبهر خهڵکى خۆیان بایکۆتى کاڵاى تورکى دهکهن».

محهمهد ئهلموفتى، دانیشتوى شارى دهۆکهو ههر لهیهکهم رۆژى ئۆپهراسیۆنى تورکیاوه بایکۆتى بهرههمى تورکى کردووه، وتى» ئهو ناههقیهى بهرامبهر کوردانى رۆژئاوا دهکرێت قبوڵ ناکرێت و حهیفه پاره بهشتى تورکى بدهین».

وتیشى»دهۆک بهشێکى زۆرى بایکۆتى کردووه، بهڵام کهلوپهل و خواردنى تورکى زۆره لهناو دهۆکدا بۆیه بهتهواوى بایکۆتى تورکى کاتى دهوێت».

باسى لهوهشکرد کۆمپانیاو بازرگانهکان زۆر دهکهوێت لهسهریان تا لهئێران و وڵاتانى ترهوه بهرههم بهێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار